ڕاگەیاندنی هاوبەشی
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
و هیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)
ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی ئیسلامی، پێکهاتوو لە تیمێکی زانیاریی سپای زاهیدان، بە فەرماندەیی کەسێک بە ناوی «حاجی حامید » و بە هاوکاری یەکێک لە بەکرێگیراوە خۆجێییەکانی سپا بە ناوی «ڕەزا یەلکزەهی» ناسراو بە «ڕەزووک شیرازی» کە تۆمەتبارە بە کوشتن و کرداری جینایەتکارانەش، هێرشیان بردە سەر گوندی گونیچ لە شارستانی خاش. ڕاگەیەنەرە پەیوەندیدارەکانی ڕژیم بڵاویانکردەوە کە ئەم هێرشە بە مەبەستی ڕاوەدوونانی پێنج «سیخوڕی ئیسرائیلی» بەڕێوە چووە کە دەیانەویست لە سنوورەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتەوە خۆیان دەرباز بکەن. بەڵام بەهۆی شەڕ و ناکۆکییەکی خوێناوی کە ساڵەهایە لە نێوان هۆزی بامڕی و هۆزی یەلکزەهی لە ئارادایه، دەوترێت کە ڕەزووکی شیرازی لەم بارودۆخە سیاسییەدا دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوەی تائیفی، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕژیمی ئیسلامی هانداوە کە ئەو هێرشە بکەن.
وەبیرهێنانەوەی ئەم خاڵە گرنگە کە ناکۆکییەکانی نێوان هۆزی بامڕی و یەلکزەهی دوای ئەوە دەستی پێکردووە کە ڕەزووکی شیرازی و مامی (سەر بە هۆزی یەلکزەهی) یەکێک لە ئەندامانی هۆزی بامڕییان کوشت. دوای ئەم تاوانە، هۆزی بامڕیش مامی ڕەزووکیان کوشت. ئێستا ئەم ناکۆکی و تۆڵەسەندنەوە دوولایەنە، گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار. لەم ڕووداوەی دواییدا، ئەم هێرشە خوێناوییە بووە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ ژنانی گوندەکە و تەقەکردن لێیان، دوو ژنی بەلووچ بە ناوەکانی «خان بی بی بامڕی و لال بی بی بامڕی» کوژران و لانیکەم ١٠ ژنی دیکەش لە هۆزی بامڕی بریندار بوون.
بارودۆخی بەلوچستان لە یەک مانگ و نیوی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە سەرەتای شەڕی ١٢ ڕۆژەوە، شایەتی چەندین قەتڵی گوماناوی، ڕفاندن و بەبارمتەگرتن بە مەبەستی باجگیری لە شارەکانی زابول، زاهیدان، خاش، ئێرانشار، نیکشار و هەروەها هێرشی چەکدارانە بۆسەر فرۆشگا و چێشتخانەکان لە زاهیدان و ئێرانشار و کردەوەی چەکدارانەی گرووپە نیمچە نیزامییەکان بووە. پەرەسەندنی ئەم کردەوە چەکداریانە لە پارێزگایەکدا کە ماوەی یەک ساڵی تەواو بە خەبات و ناڕەزایەتی مەدەنی و ئاشتیانە و هەروەها خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی هەینی، شێلگیرانە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا هەنگاوی هەڵدەگرت، زۆر جێگەی سەرسوڕمانە. پەرەسەندنی ئەم کردەوانە لە کاتێکدا کە دیاریکردنی پارێزگاری خۆجێیی لە شارستانی خاش، کۆمەڵێک چاوەڕوانی نوێی لە کەشی ئەو پارێزگایەدا دروستکردووە و مەولەوی عەبدولحەمید بۆ یەکەمجار دوای چواردە ساڵ ڕێگەی پێدراوە بچێت بۆ حەج، واتایەکی تایبەتی بەخۆیەوە گرتووە. لەم نێوەندەدا، پەرەسەندنی ناکۆکی و کێبڕکێ تائیفییەکان، جموجۆڵی هەڵخڕێنەرانەی فاشیستەکانی سەر بە ڕژیم بەهۆی ناڕازیبوونیان لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەو پارێزگایە، دەبێتە هۆی نائارامی و بشێوی نوێ لە پارێزگاکە.
سەرەڕای ئەم ئەگەرانە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەو پارێزگایە، هێرشی چەکدارانە و جینایەتکارانەی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ سەر گوندی گونیچ لە شارستانی خاش و تەقەکردن لە ژنان، لەگەڵ کاردانەوە و تووڕەیی و بێزاریی هۆزەکانی بەلووچ ڕووبەڕوو بووەتەوە. ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەکانی بەرپرسانی هۆزە جیاوازەکانی بەلووچ لە ئیدانەکردنی ئەم کردەوە تاوانکارانە، بەتایبەتی لەلایەن ڕێبەران و ڕیش سپی و سەرۆک هۆزەکانەوە کە لە پێکهاتەی کۆمەڵگای عەشیرەیی ئێستای «سەرحد»ی بەلوچستاندا، هێشتا ژن وەک «نامووسی» پیاو دادەنرێت، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم هەڵوێست و کاردانەوە توندوتیژانە دەتوانێت ئاستی ناکۆکییەکان لەو پارێزگایە بەڕادەیەکی زۆر بەرز بکاتەوە و ئاگری شەڕێکی نوێی نێوان هۆزەکان یان شەڕی تائیفی و هێزە چەکدارەکانی ڕژیم خۆش بکات.
ئێمە هێرشی جینایەتکارانەی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ سەر گوندی گونیچ لە شارستانی خاش، لەژێر هەر پاساو و ئامانجێکدا، بەتوندی ئیدانە دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمی ئەو بنەماڵانە دەزانین کە لەو ڕووداوەدا ئازیزانیان لەدەستداوە. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە بزووتنەوەی مەدەنی و ئاشتیانەی خەڵکی بەلوچستان وەک هاوپەیمانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، هیچ پەیوەندییەکی بە کردەوە چەکداریەکانی گرووپە نیمچە نیزامییەکانەوە کە خاوەن ئامانج و پاڵنەری جیاوازن، نییە. لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئەم کردەوە چەکدارییە زیانبەخشانە، زیانێکی گەورە و لەقەرەبوو نەهاتوو بە بزووتنەوەی مەدنی خەڵکی بەلوچستان و هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدنیی پارێزگاکە دەگەیەنێت. ئێمە بڕوامان وایە کە ناکۆکییە تائیفییەکان دەتوانرێت لە ڕێگەی ئاشتیانەوە چارەسەر بکرێن. هێزە گەنج و وشیارەکانی هۆزەکان دەتوانن کۆتایی بەم پڕۆسە خوێناویانە بهێنن و قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هۆزەکان دەستپێبکەن. ئەوان دەتوانن ڕێگر بن لەوەی کە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی یان هێزە دژە خەڵکییە خۆجێییەکانی تر، لەم ناکۆکییانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە دزێوەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن. لە ڕوانگەی ئێمەوە، بەلوچستان وەک ستراتێژیکترین پارێزگای وڵات لە دەیەکانی داهاتوودا، دەتوانێت ببێتە نموونەیەکی تەواو لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان هۆزە جیاوازەکان و نەتەوە جۆراوجۆرەکانی وڵات.
بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
و هیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)
یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بەرامبەر لەگەڵ ٦ی جولای ٢٠٢