هاوکات لەگەڵ بەرز بوونەوەی بێ ڕاوەستانی نرخی دراو لە ئێران، رۆژی سێ شەممە ناوەندی ئامار لە تازە ترین ڕاپۆرتیدا باسی لە ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران کرد و وتی:” نرخی تەوەڕومی نوقتەیی لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠١ دا گەیشتە ڕەقەمی ٤،٥٣ لەسەد؛ واتە بنەماڵەکانی وڵات بە شێوەی مامناوەند ٤،٥٣ لەسەد زیاتر لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠ بۆ کڕینی کۆی کالا و خزمەتگوزاریەکان هەزینەیان کردوە.” بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نرخی تەوەڕوم ی ١٢ مانگە ٧،٤٧ لەسەد بەراورد کراوە. ئەمە هەشتەمین مانگی بەردەوامە کە هەڵاوسانی ساڵانە لەسەروی ٤٠ لەسەدەوەیە. زیاترین بەرز بوونەوەی نرخ لە گوروپی خۆراکیەکان و خواردنەوەکاندا بووە، جێگایەک کە کالاکان ٦٨ لەسەد بەراورد بە ١٢ مانگ پێشتر گرانتر بوون. گومانی تێدا نییە کە ئاماری ڕاستەقینە لە ڕێژەی تەوەڕوم و گرانی زۆر لە ئاماری ڕاگەیەندراو بەرز ترە.
ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردو” ئێحسان خاندوزی” وەزیری ئابووری لەم پێوەندیەدا کۆنفڕانسێکی مەتبوعاتی لەگەڵ هەواڵنێران هەبوو تا وێڕای دانی ڕاپۆرتی دارایی ١١ مانگەی دەوڵەت، وڵامی پرسیاری هەواڵنێرانیش بداتەوە. بێ گومان یەکێک لە سەرەکی ترین پرسیارەکانی ئەمڕۆژانەی خەڵک سەبارەت بە بۆچی گران بوونی دۆلارە. هەرلەم بارەوە کاتێک هەواڵنێرێک پرسیاری لە وەزیری ئابووری کرد سەبارەت بە دۆلاری ٥٠ هەزار تمەنی و گۆشتی ٥٠٠ هەزار تمەنی، وڵامی دایەوە کە: جوابێکی بۆ ئەم پرسیارانە نییە.
رۆژنامەی ئافتاب ی یەزد کە لە ئیسلاح خوازانی حکومەتی نزیکە، لە ڕاپۆرتێکدا لەم بارەیەوە لە هەوڵ دایە، خەتاکان بخاتە ئەستۆی وەزیری ئابووری و بەڕێوەچوونی خراپی ئابووری وڵات و ڕاستی مەسەلەکە واتە وەرشکست بوونی سەرجەم ئابووری کۆماری ئیسلامی بە هۆی بوونی گەندەڵی، ڕانت خۆری و سیاسەتە دەژی خەڵکیەکانی ئەم ڕژیمە بشارێتەوە. ئەم رۆژنامەیە دەنووسێ:” ئاغای خاندوزی! ئێوە وەزیری ئابوورین و ئەم کۆنفڕانسەتان بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارانەیە کە ژیانی خەڵکی گەیاندۆتە سنوری فەلاکەت، واتە بۆچی خۆتان بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارانە ئامادە نەکردوە؟” ئاغای وەزیر! مەگەر ژیانی خەڵک بازیچەی دەستی ئێوەیە کە خۆتان لە بێ خەیاڵی داوە و وڵامێکتان نییە.” ئاشکرایە کە وەزیری ئابووری وڵامێکی بۆ ئەم پرسیارە نییە، لەبەر ئەوەی ماڵەکەی کۆماری ئیسلامی لە بناغەوە وێرانە. ئەگەر مودیران و کاربەدەستانی حکومەتی نالایەق و کار لێنەهاتون، ئەگەر هەموویان کەم و زۆر نوقمن لە گەندەڵیدا، ئەگەر لە ڕاستای مەوقعیەتی پۆستیی خۆیاندا ژیانی خەڵکیان بەرەو نابوودی بردوە، ڕوون و ئاشکرایە کە وڵامێکیان نییە، بەڵام هەڵەیە کە کێشەکە لە بنەڕەتدا بگێڕینەوە بۆ ئەم وەزیر و ئەو بەڕێوەبەری دەوڵەتی و وڵامی بۆچیە کان لە زمانی ئەوانەوە ببیستین. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کێشەکە گەلێک لە خراپ بەڕێوەبردنی ئەم یان ئەو وەزیر واوەترە. کێشەکە خودی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیە. حاکمیەتێک کە بە هۆی بێگانە بوونی بە ئاشکرای لەگەڵ داخوازی و داواکاری خەڵکی ئێران بۆ بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی شیاوی ئینسان، لە لایەن زۆربەی خەڵکەوە کەوتۆتە بەر هێرش. ئەم زۆرینەیە دەزانن کە لەمڕۆدا دوای چل و چەند ساڵ بۆ ڕزگار کردنی ژیانیان لە بارمتەی کۆماری ئیسلامی ڕێگایەکیان بێجگە لە تێکەوە پێچانی ئەم حاکمیەتە لەبەر دەمدا نییە، ئەوە تەنیا ڕێگای مومکین و وڵامە بۆ کۆتایی هێنان بە لەبەین چوونی ژیانی ئینسانەکان لەم وڵاتەدا. لەم ڕوەوە داخوازی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، لە قوڵایی ئەم کۆمەڵگایەدا، لە شوێنی کار و ژیانی ئینسانەکان، لە نێو ژنان، لاوان، کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان و پەڕاوێز نشیناندا بەرچاوە و لەمڕۆدا بەرز تر لە هەموو کاتێک لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بانگەواز و داوای دەکرێت.
حاکمیەتێک کە لەمڕۆدا بەسەر چارەنووسی خەڵک لە ئێراندا حاکمیەت دەکات بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان نانی سەر سفرەی خەڵکیان بە بارمتە گرتوە و بە قیمەتی لەنێوچوونی ژیانی ئەوان و بێبەش بوونی خەڵک لە سەرەتایی ترین مافەکانیان، سەروەت و سامانی کۆمەڵ سەرفی زیاد بوونی کۆگای چەک و زەڕاتخانەی نیزامی هێزە سەرکوتگەرەکان و پەرەدان بە تیرۆریزم و دامودەزگای تەبلیغاتی خۆیان دەکەن. حاکمیەتێک کە مانەوەی خۆی لە پەرەدان بە نا ئەمنی و فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵدا دەبینێ، وەزیران و مودیرەکانی ناتوانن لەمڕۆدا وڵامێکی ڕۆشنیان بۆ گەلێک پرسیار سەبارەت بە ژیانی خەڵک پێبێت.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لەم حاکمیەتەدا لە هەموو شوێنێک کەوگیر گەیشتۆتە بنی مەنجەڵ و دەسەڵات نە ڕێگای بەرەو پێش چوونی هەیە و نە گەڕانەوە بۆ دواوە، زۆربەی خەڵکی ئێران، ستەم دیتوان و بێبەشان کە باری قورسی هەڵاوسان و گرانی کەوتۆتە سەر شانیان بە ئاخێزی شۆڕشگڕانەی خۆیان عەزمیان جەزم کردوە کە بە ڕوخاندنی وەها حاکمیەتێک ژیانی خۆیان لە بارمتەی ئەم ڕژیمە ڕزگار بکەن.