ڕۆژنامەی گاردیەن چاپی بریتانیا ڕۆژی سێشەممە لە وتارێکدا کە یەکێک لە ڕووناکبیرانی بە ناوبانگی تورکییە نووسیویەتی، وێڕای ئاماژە کردن بە ئاکامی گشتپرسی ئەم دواییەی گۆڕینی یاسای بنهڕتهی تورکییە دەڵیت، کە ” کۆمارییەت لە تورکییە نەخۆش بوو و دوای گشتپرسییەکە مرد، تورکییەیەک کە دەمان ناسی کۆتایی پێهات و چووە مێژوەوە.” ئەم بۆچوونەی ڕۆژنامەی گاردیەن ئەگەرچی لە ڕووی بێ هیواییەوە بەشێک لە ڕاستییەکە دەردەبڕێت، بەڵام ئەوەی کە لە ناخی کۆمەڵگەی تورکییەدا لە ئارادایە نوێنهرایهتی ناكات. کۆمەڵگهی تورکییە زیندوتر لەوەیە کە دەستکەوتە دێمۆکراتییەکانی خەباتی سەنگەر بە سەنگەری خەڵک بکرێ بەم گشت پرسییە بە هاسانی لێی بسەندرێتەوە. دەوڵەتی ئهردۆغان لەمە بەدواوە توشی كۆمهڵێك کێشەی دیکەی نوێ دەبێتەوە. لە ئێستاوە یەکێتییە کرێکارییەکان، ڕووناکبیران، هونەرمەندان، ڕۆژنامە نووسانی پێشڕەو، کانونە جۆراو جۆرە سێنفی و سیاسییە پێشکەوتوەکان لە شارەکانی تورکییە، بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی دواتر لهگهڵ سیاسهتهكانی دهوڵهتی ئهردۆغان خەریکی خۆ ئامادە کردنن.
دوای ڕاگەیەنرانی ئاکامی ڕێفڕاندۆمی ئەم دواییەی تورکییە بە هەزاران کەس لە شارەکانی ئیستانبۆل و ئانکاڕا ڕژانە سەر شەقامەکان و لەدژی ئهردۆغان و ئاکامی ڕێفڕاندۆمەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی. نەیارانی دەوڵەتی تورکییە لە خۆپیشاندانی بەرینی ڕۆژی دووشەممەدا، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئاکامی گشتپرسی گۆڕینی یاسای بنەڕەتی بوون و ناوەندە نێو نەتەوەییەکانی چاودێر بەسەر ئەم گشتپرسیەشدا شێوازی بەڕێوەچوونەکەیان بە پێچەوانەی پێوانە نێونەتەوەییەکان و ستانداردەکانی یەکێتیی ئۆرووپا هەڵسەنگاندوە. لە بەرانبەر ئەم بارودۆخەدا جێگری سەرۆک وەزیری تورکییە ڕایگەیاند، بارودۆخی نائاسایی لەم وڵاتەدا ٣ مانگ درێژ کراوەتەوە و بەڕێوەچونیشی لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەست پێدەکات. لە کاتی کودتای سەرنەکەوتوی مانگی ژوئیەی ساڵی ڕابردوەوە لە تورکییە، ئەوە سێهەمجارە کە بارودۆخی نائاسایی لەم وڵاتەدا درێژ دەکرێتەوە.
قەیران و تەنگوچەڵەمەکانی پارتی ئیسلامی “داد و گەشەپێدان” قوڵتر لەوەیە کە دەوڵەتی ڕەجەب تەیێب ئهردۆغان بتوانێ بە پشت بەستن بە سەرکەوتنێکی گوماناوی و لاواز لەم ڕێفڕاندۆمەدا کۆنترۆڵیان بکات. ئەم ڕێفڕاندۆمە ئەگەرچی بەڕواڵەت بۆ ئهردۆغان وەک سەرکەوتنێک بە ئەژمار دێت، بەڵام بێ گومان قەیرانە سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی وا لەم وڵاتەدا لە ئارادان، توندتر دەکاتەوە. زۆربەی دەنگدەران لە شارە گەورەکان دەنگیان “نا”یان بە گۆڕینی یاسای بنهڕهتی داوه. واتای ئەم حەڕەکەتە ئەوەیە کە ئهردۆغان لە کانونەکانی خەبات لە تورکییەدا، واتە لە شارەکان بەرەوڕوو بوونەوەی جیددی لەبەر دەمدایە. سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتە، کەلێنی چینایەتی لەم وڵاتەدا قوڵتر کردۆتەوە، ئەمنییەتی لە خەڵک زەوت کردووە. پیشەسازی تورسیم کە شاڕەگی ئابووریی ئەم وڵاتە بوو، بەرەو وەرشکستەگی بردووە، دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ خەڵکی کوردستان قوڵتر و بەرین تر کردۆتەوە، دەروازەی چوونی تورکییەی بۆ نێو یەکێتیی ئۆرووپای کە ساڵانێک بوو هەوڵی بۆ ئەدا، ههتا داهاتویەکی نادیار، بەڕووی ئەو ولاتەدا داخستووە. بۆتە یەکێک لە دۆڕاوە سەرەکییەکانی مهیدانی نەبەرد لە سوورییە. بەم پێشینەیەوە دەوڵەتی ئهردۆغان خاوەنی کەمترین پێگەی مادییە بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتیی ڕوو لە زیاد بوونی خەڵک دوای ئەم گشتپرسییە.
لە تورکییە چەند بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی بەهێز بوونیان هەیە کە لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە بەرانبەر دیکتاتۆڕی حاکمدا ڕیزیان بەستووە. یەکەم، بزوتنەوەی کرێکاری، ئەم بزوتنەوەیە یەکێک لە بزوتنەوە بەهێزە کرێکارییەکانە لە ئاستی دنیادایه. ئەگەرچی ئەم بزوتنەوەیە هێشتا خاوەنی ڕیبەریەکی ڕادیکاڵی خۆی نییە، بەڵام لە هەمانحاڵدا هیچ كات نەبۆتە ئامرازی دەستی هەیئەت حاکمەی ئەم وڵاتە. ئەم بزوتنەوەیە لە ڕووداوە سیاسییەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا دەور و نەخشی خۆی لە گۆڕینی هاوسەنگی هێزدا بە قازانجی بەرەی خەڵک چەندین جار پیشانداوە. دووهەم بزوتنەوەیەکی ئازادی خوازانە و ڕادیکاڵ، کە کاکڵە ناوەندییەکەی لە بزوتنەوەی خوێندکاری پێکدێ و گرایشە چەپ و کۆمۆنیستییەکان تێیدا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە. ئەم بزوتنەوەیە قەت سەر شەقامی تورکییەی لە شارەگەورەکانی ئەم وڵاتە، بۆ پاراستنی ئهو ئەرزشانەی کە بە قیمەتێکی گران بەدەستی هێناون، چۆڵ نەکردووە. سێهەم بزوتنەوەی بەهێزی خەڵکی کورد لە کوردستانی تورکییەیه، نە پیلانێکی فریوکارانە کە دەوڵەتی ئهردۆغان لەژێر ناوی پرۆسەی ئاشتیدا بەشوێنیەوە بوو و نە خەڵتانی خوێن کردنی چەندین شار لە کوردستان، نە کودتای پاڕلمانی لەدژی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان، هیچکامیان نەیانتوانی، هەستی شکست و بێ هیوایی لە نێو خەڵکدا پەرە پێبدەن و بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان لە حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی بەهێزی جەماوەرییەوە، بەرتەسک بکهنهوه بۆ خۆڕاگریەکی تەنها چەکدارانە. ئەم بزوتنەوەیە توانی بەربەستی شۆوینیستەکان لە تورکییە تێکبشکێنێ و بەشە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگهی تورکییەش بێنێتە پاڵ خۆی. کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز لە تورکییە لە بەرانبەر دیکتاتۆڕی ئیسلامیدا بە چۆکدا نایەن.