کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كانوتاری ڕۆژ

خەڵاتی نەخڵی زێڕین “ڕووداوێکی سادە”، ڕێزگرتن لە ماراسۆنی نافەرمانی مەدەنی خەڵکی ئێران

kordi

ڕاگەیاندنی هاوبەشی هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

 

 

جەعفەر پەناهی، دەرهێنەر، فیلمنامەنووس و دابەشکاری بوێری ئێرانی، بۆ فیلمی “ڕووداوێکی سادە”، چیرۆکی ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی ئێران، خەڵاتی نەخڵی زێڕینی فێستیڤاڵی فیلمی کەنی ئەمساڵ (٢٠٢٥)ی پێ بەخشرا. ناوبراو بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە، لەگەڵ ورچی زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بڕلین بۆ فیلمی “تاکسی” (٢٠١٥) و شێری زێڕینی فێستیڤاڵی فیلمی وێنیز بۆ فیلمی “بازنە” (٢٠٠٠)، چوارەمین فیلمسازە کە توانیویەتی خەڵاتە سەرەکییەکانی هەر سێ فێستیڤاڵە گەورەکانی سینەمای جیهان بەدەست بهێنێت. (سێ کەسەکەی تر بریتین لە: هانری-ژۆرژ کلوزۆ، میکێڵ-ئانجلۆ ئانتۆنیۆنی و ڕۆبێرت ئاڵتمان).

ئەم دەرهێنەرە ناودارە، دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران لە ساڵی ٨٨، دەستگیر کرا و بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری، ٢٠ ساڵ بێبەشبوون لە فیلمسازی، نووسینی فیلمنامە، گەشت بۆ دەرەوەی ئێران و قسەکردن لەگەڵ میدیاکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، مەحکووم کرا. جەعفەر پەناهی بەهۆی ڕۆڵی بەرچاوی لە سینەمای ئێران، کەسایەتییەکی ناسراوە لە ئاستی جیهاندا.

 

فیلمی “ڕووداوێکی سادە”، چیرۆکی ماراسۆنی نافەرمانی مەدەنی خەڵکی ئێرانە. خەلێک کە چل و چەند ساڵە لەژێر دەسەڵاتی فاشیزمی ئایینیدا، خەبات و خۆڕاگرییەکی بەردەوام و شێلگیانەی بەرەوپێش بردووە. دروستکردنی ئەم فیلمە، بەبێ مۆڵەتی حکوومەتی، دوور لە چاوەدێری بەردەوامی بەرپرسانی ئەمنی ڕژێم، چیرۆکی شێوازەکانی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە لەژێر سەرکوتێکی توند، سانسۆری جێگیر و دەستتێوەردانی بێ شەرمانەی دەسەڵاتداران لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی هاووڵاتیان. پەناهی بە مل نەدان بە بڕیار و فرمانی دام دەزگا سەدە ناوەڕاستییەکانی تەفتیشی بیروباوەڕی دەسەڵات، لە پەنای ناودارانی تری هونەر و سینەمای ئێران، پشتیوانی خۆی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” و پەیڕەویی لە نموونەی درەوشاوەی نافەرمانی مەدەنی خەڵکی ئێرانی، نمایش کردووە.

بەشێکی بەرچاو لە ناودارانی هونەر و سینەمای ئێران، لەوانە کاتایوون ڕیاحی، هەنگامە قازیانی، پانتەئا بەهرام، ترانە عەلیدوستی، دونیا مەدەنی، شەونم فەرشادجو، باران کەوسەری، ویشکا ئاسایش، فاتیمە موعتەمەد ئاریا، گوڵاب ئادینە، ئەفسانە بایگان، پێگاه ئاهەنگرانی، مەریەم بوبانی، ڕوناک یوونسی، پەردیس ئەفکاری، ئایان عەسگەری، سوهەیلا گوڵستانی، چەکامە چەمەن ماه، شەقایق دێهقان، شیوا ئیبراهیمی و ئانتاهیتا هیمەتی، لە تەواوی ماوەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا دا، بە مل نەدان بە فەرمان و بڕیارە حکوومییەکان، بە بەهای دەستهەڵگرتن لە داهاتێکی زۆر، بە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێرانەوە پەیوەست بوون و ئێستا لەگەڵ قەدەغەی کارکردن بەرەوڕوون. ئەوان وازیان لە یارمەتی و پشتیوانییە حکومییەکان هێنا، بوێرانە لە پەنای جەماوەردا ڕاوەستان و گیانێکی تازەیان بە هونەری بەدەروەست، هونەری خەڵکی، هونەری جەنگاوەر و هونەری بەرخۆدان بەخشی.

 

جەعفەر پەناهی لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نەخڵی زێڕینی “فێستیڤاڵی فیلمی کەن”، لە پەیامێکی کورتدا بە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەڵێت: “من لە سەرجەم گروپەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، هەموو ئەو ئێرانیانەی کە لە پێناو ئازادی و گەیشتن بە پلەی مرۆڤایەتی و گەیشتن بە دێموکراسی بە هەر بیروباوەڕێکەوە، تێدەکۆشن، داوا دەکەم کە هەموو جیاوازییەکان بخەنە لاوە، ئێستا کاتی یەکگرتووییە. بەو هیوایەی کە هەرچی زووتر بگەین بە ئازادی. بگەین بەو جێگایەی کە چیتر کەس پێمان نەڵێت چی بپۆشە و چی مەپۆشە، چی بکە و چی مەکە و سینەما کە خۆشەویستی ئێمەیە، کەس پێمان نەڵێت چی دروستبکە و چی دروستمەکە، بە هیوای ئەو ڕۆژە”. ئەو لەم پەیامە کورتەدا، لەسەر سێ دروشمی “ئازادی”، “پێگەی مرۆڤایەتی” و “دێموکراسی” وەک هەوێنی لێک نزیکبوونەوەکان جەختی کردەوە. ئاشکرایە کە خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی، هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی بێسنوور و بەتەواو مانا و بەبێ شەرت و مەرجەکانی گرووپە خۆبەخاوەنزان و دەوڵەتەکان.

هەروەک چۆن خەبات بۆ دێموکراسی، خەباتە بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی وڵات بۆ ئاڵوگۆر و بنیاتنانی سیستەمێکی نوێ، بۆ داڕشتن و پەسەندکردنی یاسای بنەڕەتی نوێ و بۆ ڕێزگرتن لە دەنگی گشتی، یەکسان، راستەوخۆ و تاکەکەسی هەموو خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی خۆیان لە هەموو ئاستەکانی ژیان لە گەڕەکەکانەوە بگرە تا سەرانسەری وڵات. “پێگەی مرۆڤایەتی”ش جەختکردنەوەیە لەسەر کەرامەتی مرۆڤ، ژیانێکی شیاوی مرۆڤایەتی کە بەبێ ڕێکخستنەوەی ئابووری و سەرچاوەکانی وڵات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی زۆرینەی زۆری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران مومکین نابێت.

 

بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە جەختکردنەوە لەسەر سێ دروشمی “ئازادی”، “پێگەی مرۆڤایەتی” و “دێموکراسی” وەک هەوێنی لێک نزیکبوونەوەکان، ناتوانێت ببێتە هەوڵێک بۆ لێک نزیکبوونەوەیەکی “هەمەلایەنە”، واتە دروشمی “هەموو بەیەکەوە” کە ئاکامە کارەساتبارەکەیمان لە شۆڕشی بەهمەندا بینیوە.

 

هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکانی وەک (سەڵتەنەتخوازان، مجاهیدین) و هەموو ئەو هێزانەی کە ئازادییەکانیان بە شەرت و مەرجەوە دەوێت و دێموکراسی بە واتای دەسەڵاتی تایبەتی ڕەوتی خۆیان بەسەر جەماوەردا بەکاردەهێنن، ناتوانن لەو لێک نزیکبوونەوانەی کە لەپێناو ئازادی، دێموکراسی، یەکسانی و ڕزگاری ڕاستەقینەی خەڵکی ئێراندا شکڵ دەگرن، هیچ جێگایەکیان هەبێت. جەختکردنەوە لەسەر یەکپارچەیی خاک، لە وڵاتی فرە ڕەنگ و فرە نەتەوەیی ئێراندا، تەنها بە سەلماندنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی وڵات و خەبات بۆ یەکگرتوویی دڵخوازانەی ئەوان مومکین دەبێت. ئێمە وەرگرتنی خەڵاتی نەخڵی زێڕین و خەڵاتی هاوڵاتیبوونی فێستیڤاڵی کەن بە جەعفەر پەناهی، لە هەموو هونەرمەندان و سینەماکارە بەدەروەست و جەماوەرییەکان، بە هەموو زیندانیانی سیاسی کە بوونەتە هۆی ئیلهامی ئەم فیلمە، بە هەموو خەباتکارانی دژی سانسۆر و دەستتێوەردانە حکوومەتییەکان لە کار و ژیانی خەڵک و بەرەوپێشبەرانی نافەرمانی مەدەنی ئیلهامبەخش و جێگای ستایشی خەڵکی ئێران، پیرۆزبایی دەکەین.

ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە خەبات بۆ ئازادی، دێموکراسی و کەرامەتی مرۆڤایەتی، لە ڕاستای جێبەجێکردنی ئامانجەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”دایە. خەباتی شکۆداری خەڵکێک کە لە شەڕێکی بەشێنەیی و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ فاشیزمی ئایینی دەسەڵاتدار، هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری و سیاسی وڵاتی، بەرەو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ئاراستە کردووە.

 

بڕووخێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

بژی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران 

هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ بەرامبەر بە ٢٥ی مەی ٢٠٢٥