کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەونە وەدی نەهاتووەکانی خامنەیی

239

خامنەیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی مانگی ڕەزبەر لە بانگەوازێکدا داوای لە شوڕای ئەمنییەتی نەتەوەیی، دەوڵەت، مەجلیس، شوڕای ئینقلابی فەرهەنگی، شوڕای باڵای فەزای مەجازی و حەوزە عیلمییەکان کرد تا بۆچوونی ڕاوێژکاری سەبارەت بەوەی کە ئەو” ئۆلگوی بنەمای ئیسلامی لە ئێران”ی ناونا پێشکەش بکەن. ئەو خوازیاری ئەوە بوو تا لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا نوسخەی کۆتایی ئەم ئیسلاحییە ئۆلگوە ئامادە و ڕابەگەیەندرێت. لە خەیاڵی خامنەییدا ئەم سەنەدە دەبێ ئاسۆیەک بنێتە بەردەم وڵات کە لە ساڵی ١٤٤٤ دا ئێران ببێتە یەکێک لە ١٠مین ئابووری بەهێزی دنیا. یەکێک لە ٥ وڵاتی پێشکەوتوی دنیا لە بواری بەرهەمهێنانی ئەندیشە، زانستی تێکنولۆژی، یەکێک لە ٤ وڵاتی بانتری ئاسیا لە بواری” پێشکەوتنی دادپەروەری و ڕیشەکێش کردنی هەژاری، گەندەڵی هەڵاوارەدن” و لەم ئاڕاستەیەدا ئێران وەک ” سەرچاوەی تەمەدونی نوێی ئیسلامی” بناسرێت.

ئەمە یەکەمین جار نییە کە خامنەیی بانگەوازی لەم جۆرە دەردەکات. بانگەوازی کۆمەڵێک ناوی پڕ زریقە و بریقە دەرکردن، ماوەیەکە بۆتە خۆراکی تەبلیغاتی جیرەخۆران و ئاوێتە بووان لە ویلایەت دا و لەبەر ئەوەی سەمەرێکیان نەبووە بە بایەگانی دەسپێردرێن. خامنەیی ساڵی ١٣٨٠ فەرمانێکی ٨ مادەیی بۆ” ڕیشەکێش کردنی هەژاری، گەندەڵی و هەڵاواردن” دایە سەرانی هەرسێ قووە. دوای ئەوە لە ساڵی ١٣٨٢ جارێکی دیكه‌ “سەنەدی دیمەنگای کۆماری ئیسلامیی لە ئاسۆی ١٤٠٤”ی بە سەرانی هەرسێ قووە ئیبلاغ کردبوو. ئێستا کە ١٥ ساڵ بەسەر ئەو سەنەدەدا تێپەڕیوە، کەشتی ڕژیمیش لەقوڕ چەقیوە، خامنەیی خۆی بە ناچار دەزانێت کە ٤٠ ساڵی دیكه‌ بە ئاسۆکەیەوە زیاد بکات و گەیشتن بە ” ئۆلگوی بنەمای ئیسلامیی ئێرانی پێشکەوتوو” بۆ ساڵی ١٤٤٤ درێژ بکاتەوە. هەڵبەت خامنەیی لە ماوەی نێوان ئەم بانگەوازە دوور مەودایانەدا، پرۆژەگەلی میان دەورەیشی وەک” ئابووری خۆڕاگرانە”ی پێشکەش کردووە. ئەگەرچی هیچکام لەم پرۆژانە نانێکیان بە سفرەی خەڵکەوە زیاد نەکردووە، بەڵام لانیکەم کیسەی ژمارەیەک لە سەدان ژێر مەجموعەی ئەم دەبیرخانەیەدا بۆ بە کرداری کردنی ئەم ئاسۆ و پرۆژانە کۆببونەوە، پڕ کردووە. ژوورەکانی فکر دروست کران، ئەندیشەکەدەکان پێکهاتن، بەناو ئەندیشمەندانی حەوزە دەستیان کرد بە ڕا گۆڕێنەوە، گەلێک کۆنگرەی هاوبەشی زانکۆ و حەوزە بەڕێوەچوون و لە کۆتاییدا دەرکەوت کە تەنیا لە مەودای ساڵانی ٩٥ و ٩٧دا ئەم دەبیرخانەیە زیاتر لە ٢٠ میلیارد تمەن بودجەی وەرگرتووە.

بێجگە لە قسەی زل و چەنەبازیەکانی خامنەیی، هەر دوو سەنەدی” دیمەنگای کۆماری ئیسلامیی لە ئاسۆی ١٤٠٤” و سەنەدی” ئۆلگوی بنەمای ئیسلامیی ئێرانی پێشکەوتوو” یەک ئامانجی هاوبەشیان هەبووە کە قەرار بوو” بەرەو پێش چوونی عەدالەت، ڕێشەکێش کردنی هەژاری، گەندەڵی و هەڵاواردن” بە دیاری بێنن. ئەوەندە بەسە چاوێک بە بارودۆخی فەلاکەتباری کۆمەڵگادا بگێڕین تا ببینین ١٥ ساڵ دوای تێپەڕ بوونی ئیبلاغیەی سەنەدی یەکەم کام یه‌ک لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکان لەو سەنەدەدا بەکرداری بوون. ئەوەی کە پێوەندی بە دادپەروەریەوە هەیە دەبێ بوترێت کە قووەی قەزاییە ناوەندی قوڵترین نا دادپەروەریە. جێگایەک کە عەدالەت بە واتای ڕاستەقینەی وشە، قوربانی دەکرێت. دەوترێت کە تەنیا لە حەوزەی زەوی و ماڵ و مەسکەن دا ئاماری ئەو پەروەندانەی هەن ڕەقەمێکی نوجومی ١٥ ملیۆنی ناوەتە پشت سەر. بەشی زۆری ئەم پەروەندانە پێوەندیان بە دەستێوەردانی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی ڕژیمەوە وەک ئەوقاف و ناوەندە ئاینییه‌کانەوە هەیە. ئەم بێزاریەی خەڵک لە قووەی قەزاییە بووه‌تە هۆی ئەوەی کە ئەحمەدی نیژاد بۆ بەرەو پێشبردنی بەرژەوەندیە جەناحییەکانی و جێ پێ قایم کردن لەنێو خەڵکی ناڕازیدا، زۆرترین هێرش بکاتە سەر قووەی قەزاییە. لە بواری” بەره‌وپێش چوون، ڕیشەکێش کردنی هەژاری، گەندەڵی و هەڵاواردن” بارودۆخەکە تەنانەت خراپترە لە حەوزەی عەداڵەت. کاتێک کە بە شێوەی ڕەسمی ڕادەگەیەندرێت کە زیاتر لە ٥٢ لەسەدی کارخانەکان بە ٣٠ لەسەدی زەرفیەتیان کاردەکەن، کاتێک کە هاوردەکردنی مادەی خۆراکی لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا ٣٠٠ لەسەد زیادی کردووە و تەنیا لە ساڵی ١٣٩٥ دا ٣٠ هەزار ئاوایی چۆڵ دەبن، کاتێک کە گومانەکان باس لە ٦ تا ١٠ ملیۆن بێکار دەکەن، کاتێک کە نوێنەری بەناو کرێکاری لە شوڕای باڵای کار دەڵێ کە ٨٠ لەسەدی کرێکاران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، کاتێک کە باس لە بوونی ٢٤ ملیۆن کەسی زاخەنشین دەکرێت، کاتێک کە ڕۆژانە هەواڵی ئیختیلاسە میلیاردییەکان لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو دەبنەوە، کاتێک کە عەلی ڕەبیعی وەزیری ولانراوی تەعاون، کار و ریفاهی ئیجتماعی دەڵێ کە ٩٠ لەسەدی سەرچاوەکانی وڵات لە لایەن یەک دەهەکی کۆمەڵگاوە مەسرەف دەکرێت، کاتێک کە سەرۆکی کومیتەی ئیمداد ژمارەی شارۆمەندانی لەژێر هێڵی هەژرای بە تەواوەی لە نێوان ١٠ تا ١٣ ملیۆن بەراورد دەکات، دەر دەکەوێ کە فەرمانی هەشت مادەیی خامنەیی لە ساڵی ١٣٨٠ دا و سەندەی” دیمەنگا” کەی لە ساڵی ١٣٨٢ سەبارەت بە ” بەرەوپێش چوون، ڕیشەکێش کردنی هەژاری، گەندەڵی و هەڵاواردن” کام ئاکامیان هەبووە. بێ گومان بانگەوازی ٢٢ ی مانگی خەزەلوەری خامنەییش گیرۆدەی هەمان چارەنووسی فەرمانەکانی پێشوتری دەبێت.

خەونی مالیخولیایی خامنەیی بەڵام لە بەرخورد لەگەڵ ڕاستییە سەختەکاندا، کاڵ دەبێتەوە. لێکهەڵوەشانی ئابووری، هەژاری مه‌رگ هێنه‌ر، نا دادپەروەری، گەندەڵی دەزگا حکومەتییەکانی ڕژیم بە گشتی ئەو هۆکارانەن کە بەستێنی عەینی ئاخیزی مانگی بەفرانباری ڕابردوو و درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، مۆعەلیمان، زه‌ره‌رمه‌ندان و ناڕەزایەتیی جەماوەریان درووست کردووە. ئەگەر بە گشت ئەمانەوە شکستی بەرزە فڕیەکان ڕژیم لە دەرەوەی سنوورەکان و هەزینە میلیاردیەکانی ئەم بەرزە فڕیانە و ئەو تەحریمە نوێیانەی کە لە مانگی خەزەڵوەردا دەست پیدەکەن، زیاد بکەین بە تێڕادیوی دەتوانین بڵێین کە بەرەوڕوو بوونەوەکانی خامنەیی وڕێنەی کەسێکی نەخۆشن کە تەمەنی خەریکە کۆتایی دێت.

ئەگەر بانگەوازەکەی خامنەیی خەونێکی دوورە دەستە بە پێچەوانە، ڕووخانی ڕژیم بووه‌تە بابەتێکی واقعی لە کۆمەڵگادا و ئەمەش سەرجەم هێزە سیاسی و چیانیەتییەکانی کێشاوەتە نێوەڕاستی کۆمەڵگاوە. ئێستا باس لەسەر ئەوە نییە کە ئایا ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامیی دەڕووخێت یان نا. ئێستا پرسیاری سەرەکی چلۆنایەتی ڕووخاندنی ئەم ڕژیمەیە. وڵامدانەوە بەم پرسیارە بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەت بزوتنەوەی کرێکاری دەبێ بیدەنەوە.

نابێ بۆ ساتێکیش لەبیر بکرێت کە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی بەبێ دخاڵەتی چینی کرێکار و لەسەروی جەماوەری خەڵکەوە بێت، ئەوە تەنیا دیسان بەرهەمهاتنەوەی مناسباتی بەهرەکێشی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، هەژاری و نا دادپەوروەری و قوڵ بوونەوەی کەلێنی چینایەتی لە کۆمەڵگا دایە. نابێ بەم ڕێگا چارەیە ڕزای بین.