ئەو ئامارانەی لە ساڵانی ڕابردوودا سەبارەت بە تەندروستی دەروونی لە ئێران بڵاوکراوەتەوە، وێنەیەکی نیگەرانکەر لە پەرەسەندنی خەمۆکی لە کۆمەڵگادا نیشان دەدەن. بەگوێرەی ئەم توێژینەوەیە، ئێران ئەمڕۆ نەک هەر لەگەڵ قەیرانی ئابووری و سیاسی، بەڵکوو لەگەڵ قەیرانێکی قووڵی تەندروستی دەروونیش بەرەوڕووە، قەیرانێک کە تەنانەت ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتیش ناتوانن نکۆڵی لێبکەن. خەمۆکی و ناشادی لە ئێران دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئاوێتەبوونی هەژاری، سەرکوت، قەدەغەکردنی شادی و خۆشی و تێکشکاندنی کەرامەتی ئینسانییە. بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ڕۆژنامەی “تۆجارەت نیوز” چاپی تاراندا بڵاوکراوەتەوە، نزیکەی ٢٥ لەسەدی دانیشتووان بەدەست جۆرێک لە نەخۆشییەکانی دەروونییەوە لەوانە(خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، تێکچوونی ڕەفتار و هتد) دەناڵێنن، واتە لە هەر ٤ کەس لە خەڵکی ئێران، کەسێک گیرۆدەی یەکێک لەو نەخۆشیانەیە. ڕێژەی خەمۆکی جیهانی نزیکەی ٧ لەسەدە، بەو پێیە ڕێژەی خەمۆکی لە ئێران زیاتر لە ٣ هێندەی ستانداردی جیهانییە.
بە وتەی ئەو کارناسانەی کە ئەو ئامارانەیان ئامادە کردووە، “پەرەسەندنی کێشە ئابوورییەکان، بێکاری، نائەمنی کار و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان” لە زومرەی گرنگترین هۆکارەکانی پەرەسەندنی نەخۆشییە دەروونییەکان لە ئێرانن. ئەم ڕەوتە تەنها مەترسی نییە بۆسەر تەندروستی تاک، بەڵکوو خەمۆکی چارەسەرنەکراو دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی بنەماڵەیی، زیادبوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و تەنانەت پەرەسەندنی هەستی توڕەیی و بێهیوایی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی. لەمڕووەوە ئێمە تەنیا لەگەڵ زیانێکی تاکەکەسی بەرەوڕوو نین، بەڵکوو لەبەردەم زنجیرەیەک قەیرانی کۆمەڵایەتیداین. یەکەم هۆکار و گرنگترین بزوێنەری خەمۆکی، بریتییە لە گوشارە ئابوورییەکانی وەک بێکاری، گرێبەستی کاتی، سپی ئیمزا و پەیمانکاریی. زیاتر لە ٨٠ لەسەدی کرێکارانی ئێران بە گرێبەستی کاتی، سپی ئیمزا، یان لە ڕێگەی شیرکەتە پەیمانکارییەکانەوە کار دەکەن. لە ئاوا دۆخێکدا، یەکەم ڕۆژی بێکاری بۆ بنەماڵەیەکی کرێکاریی، واتا کتوپڕ کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری موتڵەق، سەرەتای زنجیرەیەک کارەسات و مەینەتی، دڵەڕاوکێی بەردەوام، هەستکردن بە بێ بەهایی و بێ ناسنامەیی، هەستکردن بە شەرمەزاری بەهۆی بێتوانایی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بنەماڵە، تێکچوونی باری دەروونی و خەمۆکی. بێکاری لە ئێران واتا سەپاندنی مەرگی بەشێنەیی. دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوەکەی بریتییە لە لەبەریەک ترازانی شیرازەی بنەماڵەکان، پەنابردنە بەر ماددە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی ناچاری، زیادبوونی خۆکوشتن و پەرەسەندنی زیانە کۆمەڵایەتییەکانی تر. هەربۆیە خەمۆکی کاردانەوەیەکی نەخۆشی ئاسا نییە بەرامبەر بە بارودۆخێکی تەندروست؛ بەڵکوو وەڵامێکی لۆژیکی و ئینسانییە بە بارودۆخێکی لەڕادەبەدر نامرۆڤانە و ستەمکارانە.
ڕێژیمی ئیسلامی شادی و خۆشی خەڵک بە مەترسییەکی گەورە بۆسەر خۆی دەزانێت. ئەم دەسەڵاتە حەز بە ڕووخساری شادی خەڵک ناکات. خەمۆکی و کەسەر و نائومێدی مانەوەی کۆماری ئیسلامی گەرەنتی دەکات. کۆماری ئیسلامی خوازیاری کۆمەڵگایەکی ملکەچ و گوێڕایەڵە کە تیایدا مرۆڤەکان لە بەرامبەر ئەو چارەنووسەی کە ڕژیم بۆی دیاریکردوون، سەری تەسلیم دابنەوێنن. حکوومەتی ئیسلامی شادی و خۆشی بە هەڕەشەیەکی سیاسیی بۆ سەر خۆی دەزانێت. ڕژیم دەزانێ جەماوەرێکی کە پێدەکەنن، سەما دەکەن، لە شەقامەکاندا کۆدەبنەوە و چێژ لە ژیان وەردەگرن، یەکگرتووتر و چاونەترس ترن و کەمتر لە مردن دەترسن. کۆمەڵگای شاد و بەختەوەر کۆمەڵگایەکە کە تیایدا هیوا و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بوونی هەبێت، کۆمەڵگایەکی لەو شێوەیە، ئەگەری ناڕەزایەتی و شۆڕش و گۆڕانکاریی تیایدا ئاسانترە. ماتەمینی ئامرازێکە بۆ گوێڕایەڵ بوون. بنەمای فەرهەنگی فەرمی بریتییە لە ماتەمین و فرمێسک، شیوەن و ڕۆڕۆ و سنگکوتان و ڕەشپۆشین. ئەم فەرهەنگە بەردەوام مرۆڤ لەگەڵ مردن، گوناه، عەزاب و خۆبەکەمزانین لەبەرامبەر هێزێکی پیرۆزدا بەرەوڕوو دەکاتەوە. مرۆڤی ماندوو، تاوانبار، ترسنۆک و خەمبار، گوێڕایەڵترە. هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە خەمۆکی لە ئێراندا هەم بەرهەمی سیستەمی زاڵە و هەم لەلایەن ئەو سیستەمەوە سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنرێتەوە. خەمۆکی لە ئاوا ئاستێکدا، گرنگی نەدان بە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و بێ هیوایی و هەروەها ئەو تێڕوانینەی کە پێیوایە ئەو“چارەنووسە، چارەهەڵنەگرە پەرەپێدەدات و لەم ڕێگەیەوە تەمەنی ڕێژیم درێژ دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا دەبێ لەوە تێبگەین کە بۆچی زەماوەند و ڕێوڕەسمەکانی هاوسەرگیری بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجاب و تێکەڵبوونی ژن و پیاو تێکدەدەن، کۆنسێرتەکان هەڵدەوەشێننەوە، گەنجەکان بە تاوانی سەماکردن دەستبەسەر و سووکایەتییان پێدەکەن. سەما بە “کردەوەیەکی حەرام” و “وروژێنەر” ناودەبەن و لە چوارچێوەی هونەری فەرمی، دووری دەخەنەوە. ئەمانە بە ڕێکەوت نین، بەڵکوو سیاسەتێکی وشیارانەیە بۆ بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی خەمۆک، گوێڕایەڵ، ترسنۆک و گۆشەگیر.
بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بە پرۆسەی چارەسەرکردنی خەمۆکییەوە هەیە لەسەر ئاستی تاکەکەسی، دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری دەروونی بۆ زۆر کەس ئیمتیازێکی داراییە نەک مافێکی تەندروستی، واتە تەندروستی دەروونی، لەبری ئەوەی مافێکی گشتگیر بێت، بووەتە کاڵایەک کە تەنها چین و توێژە دارا و دەوڵەمەندەکان دەتوانن لێی بەهرەمەند بن. خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری دەروونی، بە تەواوی بیمە نایانگرێتەوە. چاوپێکەوتنی ڕاوێژکاری و دەوا و دەرمان زۆر گرانە، لە پارێزگا بێبەشەکان ژمارەی پزیشکانی پسپۆڕ زۆر کەمە، واتە تەنانەت ئەگەر ئیرادەیەکیش هەبێت بۆ سەردان و هەوڵی چارەسەر، بە کردەوە دەستڕاگەیشتن بەشێوەی فیزیکی ئیمکانی نییە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئێمە ناتوانین وێنەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئێران ببینین، ئەگەر دیوەکەی تریشی واتە خۆڕاگریی لە بەرامبەر فەرهەنگی مردن و شادی و خۆشی وەک کردەیەکی سیاسی، لەبەرچاو نەگرین. سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە بۆ ڕەشپۆشکردنی کۆمەڵگا، خەڵک لە پڕوپاگەندەی ماتەمینی و لەخۆدان بێزار بوون. هەر کە دەرفەتێکیان بۆ دەڕەخسێت، بە سەما و مۆسیقا و پێکەنین و شادی و خۆشی دەچنە شەڕی ئەم فەرهەنگە. مۆسیقا و هونەر و سەما لە حەشارگەکان هاتوونەتە دەرەوە، بە تایبەت لە دوای ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی“، ئەم خۆڕاگرییە شێوازێکى بەربڵاوتر و بوێرانەتری لەخۆگرتووە. ڕێوڕەسمە شکۆدارەکانی نەورۆزی ئەمساڵ بۆ ماوەی دوو مانگ لە سەرجەم شار و گوندەکانی کوردستان، نموونەیەکی ئومێدبەخش بوون لەم خۆڕاگرییە کە مەبەست و ئامانجی سیاسییان لەپشت بوو. لێرەدا چیتر شادی تەنها لە پێناو باشترکردنی حاڵ و هەوای مرۆڤدا نییە، بەڵکوو شادی و خۆشی، سەما و گۆرانی و پێکەنین بوونەتە کردەوەیەکی وشیارانەی خۆڕاگریی.
کاتێک ژنان لەسەر شەقامەکان بە پرچی ڕوت و پەرێشانەوە سەما دەکەن، کاتێک خەڵک دوای سەرکەوتنی تیپێکی تۆپی پێ دەڕژێنە سەر شەقام، کاتێک گەنج و لاوەکان لە ماڵەوە، لە پارک، لەسەر شاخ و لە هەر شوێنێکی تر سەما دەکەن و گۆرانی دەڵێن، ئەمە تەنها چێژوەرگرتن نییە، بەڵکوو ڕاگەیاندنی ئەو ڕاستییە کە ئێمە ژیان هەڵدەبژێرین نەک فەرهەنگی مردن. هەربۆیە ڕێژیمی ئیسلامی شادی و خۆشی خەڵک بە مەترسییەکی گەورە بۆسەر خۆی دەزانێت. لە بەرامبەر فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی زاڵ دا، فەرهەنگێکی پێشڕەوی خۆڕاگریی سەریهەڵداوە. کۆماری ئیسلامی لە شەڕ لەگەڵ شادی و خۆشی خەڵکدا سەری لە بەرد دراوە. ئەم سۆز و خۆشەویستییە بۆ ژیان، هەمان ئەو هێزەیە کە دەسەڵات لێی دەترسێت. لە ڕاستیدا هەر سەمایەک، هەر شادی و پێکەنینێکی بەکۆمەڵ، هەر مۆسیقایەکی بەرزی سەر شەقام، “نا”ێکی کاریگەرە بە سیستەمی پەرەپێدەری خەمۆکیی کۆماری ئیسلامی.
