کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەبات لە پێناو زیادکردنی لانیکەمی حەقدەست، خەباتێکی چینایەتی

یەکەمین کۆبوونەوەی شۆڕای باڵای کار دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەممە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی شۆڕای ئیسلامی کار و خاوەنکاران و دەوڵەت، لە وەزارەتی کار بەڕێوەچوو. نوێنەرانی دەوڵەت پرسی فریوکارانە و بێ بنەمای دادپەروەری حەقدەستیان هێنایە ئاراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوڵەت خۆی لە کاتی ڕادەستکردنی بودجەی ١٤٠٣ بە مەجلیس تەنها بە ڕێژەی ٢٠٪ی مووچەی کارمەندانیان زیاد کرد، کە بە شێوەیەکی ئاسایی هەر ئەو ڕێژەیەش لەلایەن شۆڕای باڵای کارەوە پەیڕەو دەکرێت. لەم دانیشتنەدا وەزارەتی تەندروستی سەبەتەیەکی نوێی خۆراکی خستەڕوو. بە وتەی یەکێک لە نوێنەرانی شۆڕای ئیسلامی، سەبەتەی بژێوی، تەواو بە شێوەیەکی لانیکەمیی دیاری کراوە. ئەو هەروەها جەختی کردەوە کە کرێکارێکی ئاسایی ڕۆژانە پێویستی بە دووهەزار و ٨٠٠ کالۆری هەیە، ئەم بڕە بۆ کارە سەخت و قورسترەکان بەلایەنی کەمەوە دەگاتە پێنج هەزار کالۆری لە ڕۆژێکدا، کە ئەم ڕێژەیە لەم سەبەتەدا زۆر کەم بووەتەوە و ئەم کەمبوونەوەیەش لە سەبەتەی بژێوی ژیاندا بە ڕوونی خۆی دەردەخات. نوێنەرانی دەوڵەت دیسان پرسی سەبەتەی بژێوی ناوچەییان هێنایە گۆڕێ. ئەم باسە تەنانەت بۆ خۆیان و نوێنەرانی خاوەنکارەکانیش جێگەی بەرگریکردن نەبوو. لە کۆتاییدا دۆخەکە بە جۆرێک بوو کە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی گشتی پرسی لاوەکی حەقدەستی ناوچەییشیان خستە ئەولاوە.

نوێنەرانی شۆڕای ئیسلامی کار ڕایانگەیاندووە کە بە گوێرەی ئەو کارناسییەی لە لایەن گرووپی کاری شۆڕا ئیسلامییەکانی کار لە سەرانسەری وڵات ئەنجام دراوە، ئاستی سەبەتەی بژێوی ژیان ئێستا ٢٤ ملیۆن و ٥٠٤ هەزار تمەنە و هەربەم پێیەش، کرێکاران لەسەر زیادکردنی حەقدەست پێداگری دەکەن. ئەڵبەتە کرێکاران بە پێی ئەزموون دەزانن کە ئەم بەناو نوێنەرانەی کرێکاران لە شۆڕای باڵای کار، هەروەک ساڵانی ڕابردوو، سەرەتا ئامار گەلێکی لەو شێوەیە دەخەنە ڕوو بەڵام دواجار تەسلیمی بڕیاری دەوڵەت و خاوەنکارەکان دەبن. ئەمە سیناریۆیەکی دووبارەبووەوەیە هەموو ساڵێکە. لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو بە درێژایی تەمەنی ڕژیمی ئیسلامی، بەردەوام لە نێوان سێ بۆ پێنج هێندە لەژێر هەڵاوسان و سەبەتەی بژێوی ژیان و سەرەنجام هێڵی هەژاریدا بووە. لە نزیک بە تەواوی ساڵەکانی دەسەڵاتی جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامیدا، توانایی کڕینی کرێکاران بەردەوام ڕوو لە کەمبوونەوە بووە. لانیکەمی حەقدەست لە نەبەردێکی چینایەتیدا دیاری دەکرێت. خەباتی کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران و سەرجەم موچەخۆران، چەندین ساڵە لە شێوەی مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدا بەردەوامە. کرێکارانی خەباتکار کۆمەڵێک داواکارییان هێناوەتە گۆڕێ کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پرسی حەقدەستەوە هەیە. بۆ نموونە کاتێک ئەوان جگە لە هێنانە ئارای ڕاستەوخۆی خواستی زیادکردنی حەقدەست، لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان، کەمکردنەوەی باجی ناڕاستەوخۆ، یەکسانکردن، دوورخستنەوەی پەیمانکارەکان و گرێبەستی ڕاستەوخۆ و هیترپێداگری دەکەن، مەبەستیان هەمان زیادکردنی حەقدەستە لە فۆرمەکانی تردا.

بەڵام ئەم خەبات و تێکۆشانە بەیەکەوە گرێ نەدراون و ئەمەش کرێکارانی لە بەرامبەر شۆڕای باڵای کاردا کە نوێنەرایەتی هێزی ڕێکخراوی دەوڵەت و خاوەنکاران و شۆڕای ئیسلامی کار دەکات، لاواز کردووە. هەڵبەت خودی کرێکاران و ڕێکخراوە سەربەخۆکان زۆر جار لەسەر پێویستی یەکگتوویی و هاوپشتی کرێکاریی جەختیان کردووەتەوە. چوار ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاریی، لەوانە سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە، گرووپی یەکێتی خانەنشینان، کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدان به پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و کرێکارانی خانەنشینکراوی خوزستان لە بەیاننامەیەکدا کە لە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا بڵاویان کردەوە، سەرلەنوێ لەسەر پێویستی یەکگرتووکردنی خەباتی کرێکاریی بە تایبەت لەپێناو زیادکردنی حەقدەستدا پێداگرییان کردەوە. ئەوان کە بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسانی ساڵی داهاتوو، داوای لانیکەم ٤٥ ملیۆن تمەن حەقدەستی مانگانەیان کردووە، لە بەشێکی بەیاننامەکەیاندا نووسیویانە: “لە پرسی خەبات بۆ زیادکردنی حەقدەست، وەک بوارەکانی دیکەی خەباتی چینایەتی کرێکاران، یەکێتی و یەکڕیزی چینی کرێکار و پێکهێنانی ڕێکخراو گەلێکی بەردەوامی ئابووری و کۆمەڵایەتی، (سەندیکا یان ڕێکخراوەکانی هاوشێوە) گرنگییەکی سەرەکییان هەیە“. خەباتی کرێکاران لە بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بەتەنها ناتوانێ دەستکەوتێکی ئەوتۆ بەدەست بهێنێت. هەربۆیە پێویستە هاوکات لەگەڵ خەبات و تێکۆشان لەپێناو داواکارییە ئابوورییەکاندا، پێشخستن و پەروەردە و چالاکییە کردارییەکانیش بەمەبەستی دانانی بناغەی خەباتی سیاسی سەربەخۆی چینی کرێکار و ڕێکخراوەکانی، بەڕێوەبچێت، چونکە خەباتی چینایەتیی کرێکاران تەنیا لە حاڵەتێکدا شانسی سەرکەوتنی دەبێت کە بە شێوەیەکی یەکگرتووانە و ڕێکخراو و لەسەر بنەمای ئامانجە درێژماوە و هەنووکەییەکانی چینی کرێکار و بە بەشداریی بەربڵاو و چالاکانەی جەماوەر، بەڕێوە بچێت.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-