ماڵپەڕی هەواڵی– سیاسی پەیام ڕۆژی پێنجی بەفرانبار بڵاوی کردەوە کە شۆڕای باڵای کار، دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی، بە ئامانجی سەپاندنی حەقدەستی کەم بەسەر کرێکاراندا، بۆ کۆتا هەفتەکانی ساڵ دواخستووە. وەزیریتەعاونوکاروچاودێریکۆمەڵایەتی،ڕۆژێکبەرلەکۆتاییمانگیخهزهڵوهربەڵێنیدابووکەکۆبونەوەیشۆڕایباڵایکاربەمەبەستیدیاریکردنیحەقدەستی
ساڵی ١٤٠٤، بەم نزیکانە بەڕێوە دەچێت. ئەو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵدەدەن ساڵی داهاتوودا ڕاوێژ و گفتوگۆ بۆ دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست، لەگەڵ کۆمەڵگەی کرێکاری، زووتر لە ساڵانی پێشوو دەست پێ بکات. ئیعتماد ئۆنلاین ڕۆژی ٢٧ی دێسامبر ڕایگەیاند، ڕێژەی زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا ٢٠ لەسەد دیاریکراوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجەی کە ئاماژەی پێکرا و هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێژەی هەڵاوسانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ڕاگەیەندراوە، کە(٣٦.٣%)، چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا حەقدەستی کرێکاران پتر لە 30% زیاد بکات. جگە لە ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامە ڕیفۆرمخوازە، بانکی ناوەندیش ئیدیعای کردووە کە هەڵاوسان لە مانگی سەرماوەزدا، بە بەراورد بە چوار ساڵی ڕابردوو، لە کەمترین ئاستدا بووە. ئەم ئامارە ناڕاستە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و هەڵاوسانی ئەم دواییەی لەبەرچاو نەگرتووە، بەڵام دابەزینی توانایی کڕینی کرێکاران بەجۆرێکە کە تەنانەت بەناو نوێنەرەکەیان لە شۆڕای باڵای کاریش ناچار بووە بڵێت کە حەقدەستی ئێستای کرێکارانی کرێنشین، تەنیا ژیانی سێ ڕۆژیان دابین دەکات و زۆربەی کرێکاران بە پشتبەستن بە کاری لاوەکی یان داهاتی هاوسەر و منداڵەکانیان، دەتوانن ژیانێکی مەمرە و مەژی بۆ خۆیان و بنەماڵەکەیان دابین بکەن.
ویستی زیادکردنی حەقدەست لە ئێران، لە زومرەی سەرەکیترین داواکارییە پیشەییەکانی کرێکارانی خەباتگێڕ و مانگرتووە. ئەم زیادکردنە خۆی لە شێوازی جۆراوجۆردا دەبینێتەوە کە یەکێک لەوانە بریتییە لە سەپاندنی لانیکەمی حەقدەستێکی گونجاو بەسەر خاوەنکاران و دەوڵەتدا. بەڵام زیادکردنی حەقدەست، خۆی لە داواکاری بۆ جێبەجێکردنی دروستی تەرحی تەبەقەبەندی کار، زیادکردنی یارمەتییەکان، خەبات لە دژی دزی و تاڵان و بڕۆ، ڕانتخۆری و گەندەڵی، چاوەدێری گشتگیر و بێ بەرامبەر و زۆر شتی دیکەی لەم چەشنەشدا دەبینێتەوە. بێگومان کرێکارانی لەسەرکار، لەپەنای ویست داواکارییە پیشەییەکاندا، داخوازی سیاسیی گرنگیشیان هەیە و هەندێک جار لە دووتوێی داخوازییە پیشەییەکاندا دەیهێننە کۆڕێ، کە ئەمەش خۆی نیشانەی گەشە و پێگەیشتوویی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانە. بۆ نموونه کرێکارانی شیرکەتی نەوت و گازی گەچساران، ئەو داواکاریانەیان کە دەتوانێت لە زومرەی ویست و داواکاری سەرجەم کرێکاران بێت، بەمجۆرە خستووەتەڕوو: مافی ڕێکخراوبوون، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی، نەهێشتنی بەتەواوەتی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، گەڕانەوەی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی کرێکارانی دەرکراو بۆسەر کارەکانیان و کۆتاییهێنان بە هەڵسووکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ کرێکارانی ناڕازی و هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا خواستی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادی زیندانیانی سیاسی و شتی لەم چەشنەش هاتۆتە ئاراوە.
گومان لەوەدا نییە کە باشتربوونی ئاستی ژیان و گوزەرانی کرێکارانی ژن و پیاو و ڕزگارکردنی بنەماڵەکانیان لە چنگ هەژاریی، یەکێکە لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران لەگەڵ خاوەنکاران و دەوڵەتدا. بەڵام وەدیهاتنی ڕاستەقینە و درێژخایەنی ویست و داخوازییە سیاسی و پیشەییەکانی کرێکاران و جێگیربوونی دەستکەوتەکان، پێویستی بە ڕێکخراوی سیاسی و چینایەتی هەیە. بۆرژوازی ئێران و کۆماری ئیسلامی، بە هەموو باڵەکانییەوە وەک خزمەتکارێکی هار و ستەمکاری بەرژەوەندییەکانیان، ساڵانێکی زۆرە نەک هەر وەڵامی داخوازییە ئابوورییەکانی کرێکارانیان نەداوەتەوە، بەڵکوو لەم دواییانەدا دەستیان کردووە بە دەرکردنی هەڵسووڕاوان و وتەبێژە ڕاستەقینە، مافخواز و خەباتکارەکانیان. ئەم ڕێژیمە جینایەتکار و کۆنەپەرستە، بەردەوام بە خستنەژێر چاوەدێری و زیندانیکردنی هەڵسووڕاوانی خەباتگێڕی کرێکاریی، لەدژی هەر چەشنە ڕێکخستنێکی کرێکاری وەستاوەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە جگە لە سەرکوتی ڕاستەوخۆ، بە گونجاندنی کۆمەڵێک شەرت و مەرجی نادێموکراتیک لە یاساکانیشدا، بەربەستی لەسەر ڕێگای ڕێکخراوبوونی کرێکاراندا دروست کردووە. هەربۆیە کرێکاران و هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی ڕێکخراوبوون، خەباتی ئێستای دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بۆرژوازی ئێران، تا ئاستێکی بەرزتر پەرەپێبدەن.
گومان لەوەدا نییە کە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە، بە دیاریکراوی لە ئەستۆی هەڵسووڕاوانی خۆجێییە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دەسەڵاتدارانی ئێستا، بەهۆی ئەو قەیرانە چارەهەڵنەگرەی کە تێیدا گرفتارن و هەروەها بەهۆی خەبات و ناڕەزایەتییە گشتییەکانەوە، لە دۆخێکی زۆر لاوازدا بەسەر دەبەن. بێتوانایی ئەوان لە درێژەدان بە دەسەڵاتەکەیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێ و هەموو بەڵگەکان ئاماژەن بۆ پێویستی گۆڕانکارییەکی حەتمی لە پایە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا. بەهۆی ئەم هەلومەرجەوە، لایەنە نەیارەکانی ئەم ڕێژیمە، گەلێک زۆر و بەربڵاون. بەڵام ئەوە تەنیا کرێکاران و هاوپەیمانەکانیانن کە لە پێناو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دەسەڵاتی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامیدا خەبات دەکەن. هاوکات ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتیش هەوڵ دەدەن بە پێکهێنانی هەندێک گۆڕانکاری ڕواڵەتی و خوازراوی خۆیان، ڕژیم لە قەیرانەکان ڕزگار بکەن. ئەوان بۆ ئەم مەبەستە چاویان بڕیوەتە ئەو سەرمایەگوزاریانەی کە گۆیا ئابووری داڕماوی ئێران دەخاتەوە سەرپێ. سروشتییە کە ئەوان دەیانەوێت هێزی کار بە قازانجی سەرمایە، لەوەش کە ئێستا هەیە زۆر هەرزانتر بێت. لە ڕاستیدا لەقاودانی ئەم سیاسەتەی ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتیی، خۆی یەکێکە لە ڕێگاکانی گەشەکردنی ئاستی خەباتی سیاسیی کرێکاران لە دژی ڕێژیم. بەڵام جگە لە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانە، خەبات لە دژی بەرهەڵستکاری ڕێکخراوبوون و بێ هەڵوێستی سیاسیش کە لە لایەن کەسە ناسراو و نەناسراوەکانی ڕیفۆرمخوازانی حکومەتییەوە پەرەی پێدەدرێت، دەبێ لە بەرنامەی کاردا بێت. بە پێکهێنانی ڕێکخراوە سیاسییەکان، ئیمکانی هەرچەشنە باشتربوونێک لە بارودۆخی کار و ژیانی کرێکاران و هاوسەنگی هێزی نێوان ئەوان و بۆرژوازی و کۆماری ئیسلامیدا، زیاتر دەبێت. پێویستە ئەم خەباتانە لە قۆناغێکدا بەرەو بنیاتنانی حکوومەتێکی یەکسانیخواز، دژ بە چەواسانەوە و خوازیاری دێموکراسی ڕاستەقینە هەنگاو بنێن کە تیایدا بەرژەوەندی سیاسی، پیشەیی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی سەرجەم هاووڵاتیان مسۆگەر بکرێت. ئەوەش مومکین نابێت مەگەر ئەوەی کە کرێکارانی پێشڕەو و ڕێبەرانی کرێکاریی، خۆیان لە ڕێکخراو یان ڕێکخراوە سیاسییەکانی خوازیاری ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە بناغەکانی نیزامی سەرمایەداریی ئێراندا ڕێکبخەن.