کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەبات لەسەر دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەست

وتووێژەکانی پێوەندیدار بە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ٩٧ لە ١٨ ی مانگی ڕەزبەر واتە لە ٤ مانگ لەوە پێشەوە لە بەرەکانی سەربە وەزارەتی کاری ڕژیم و خاوەنکاران و کەرتی تایبەتەوە دەستی پێکردوە، بەڵام هێشتا بە ئاکام نەگەیشتوە. ئەحمەد موشیریان جێگری وەزیری کاری ڕژیم رۆژی چوار شەممە ١٨ ی ڕێبەندان لە تووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێریی مێهر، لەم بارەیەوە وتی:” ئەمساڵ دوو کۆمیتەی خوارەوەی شوڕای باڵای کار لەژێر ناوەکانی ” کۆمیتەی کار” و ” کۆمیتەی حەقدەست” پێکهاتوه‌ و تا ئێستا چەندین كۆبوونه‌وه‌ بە شێوەی دوو حەوتو جارێک لە شوێنی وەزارەتی کار بە بەشداری نوێنەرانی هەر سێ گوروپی کرێکاری، خاوەنکاران و دەوڵەت بەڕێوەچوە و دەستی کردوە بە هەڵسەنگادنی ئەو بابەتە”. ئەو لە درێژەدا وتی:” بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە لە لایەحەی بوجەی ٩٧ دا زیاد کرانی حەقوقی کارمەندانی دەوڵەت بە شێوەی ناجێگیر پێش بینی کراوە بە چەشنێک کە حقوقی کەمتر لە ٥ ملیۆن تمه‌ن بە شێوەی پلیکانی لە نێوان ١٥ تا ١٨ لەسەد زیاد دەبن، بەم جۆرە لە ئەگەری پەسەند کرانی ئەم تەبسەرەیە لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، ئەم سیناریۆیە دەتوانێ لە شێوەی دیاری کردنی حەقدەستی کرێکاراندا دەوری هەبێت بە شێوەیەک کە ڕێژەی زیاد کراوی حەقدەست بۆ ئاستی جۆراو جۆری موزدی یەک ئاستی سابتی نەبێت بەڵکو ئەو کەسانەی حەقدەستی لانیکەم وەردەگرن زیاتر لە باقی ئاستە موزدیەکانی تر زیاد بکرێت.”

ڕژیم لە بارودۆخێکدا کە بابەتی حەقدەستەکان و خەبات لە پێناویدا بۆتە بابەتی رۆژی بەشە جۆراو جۆرەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و بە تایبەت لە ئاخێزی سەرتاسەری ئەم دواییەدا دەیەوێ وای پیشان بدات کە دەنگی کرێکارانی بیستوە و لە بیری چارەسەر دایە. دەوڵەتی روحانی هەوڵ ئەدات لەم ڕێگایەوە کرێکاران لە چاوەروانی ئاکامی هەنگاوێک لەسەرەوە و چەنە لێدانی ناوەندە دژی کرێکاریە ئابڕو چووەکانی وەک شوڕا ئیسلامیەکانی کار، ئەنجومەنە ئیسلامیەکان و خانەی کارگەر لەگەڵ نوێنەرانی خاوەنکاران و دەوڵەتدا ڕابگرێت و خەباتی کرێکاران بۆ زیاد کرانی حەقدستەکان بە لاڕێدا بەرێت. شوڕای باڵای کاری ڕژیم پارەکە بە خستنە بواری جێبەجێ کردنی سیناریۆیەکی هاوشێوە سەرئەنجام لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ٩٦ ی بە زیاد کرانی ١٤،٥ لەسەد لە ٨١٢ هەزار تمەنەوە بۆ ٩٣٠ هەزار تمەن زیاد کرد و به‌م جۆره‌ حەقدەستی كرێكارانی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاری هێشته‌وه‌. ئەمساڵیش هەر وەک ئەوەی کە لە وتەکانی جێگری وەزیری کاری ڕژیمدا دیارە شوڕای باڵای کار دەیەوێ لە باشترین حاڵەتدا حەقدەستی کرێکاران ١٥ تا ١٨ لەسەد زیاد بکات، کە بە لەبەرچاو گرتنی زیاد بوونی هەزینەکانی ژیان، لانیکەمی حەقدەستی دیاری کراو هەروا چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا دەمێنێتەوە.34

ئەمە لە حاڵێکدایە کە سەندیکای کرێکارانی ئوتوبوسرانی تاران و دەوروبەر، سەندیکای کرێکارانی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری هه‌فت تەپە و گوروپی یەکێتی خانەنشین کراوان لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا کە بە تاریخی ١٥ ی ڕێبەندان بڵاو بۆتەوە، لانیکەمی حەقدەستی پێویست بۆ دابین بوونی ژیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسیان لە ساڵی ١٣٩٧ دا ٥ ملیۆن تمەن لە مانگدا بەراورد کردوە. ئەم سێ ڕێکخراوە کرێکارییە لە بەیانیەکەیاندا جەختیان کردۆتەوە کە:” بەپێی سەنەدی هەڵسەنگاندنی هەزینەی بنەماڵەی بانکی ناوەندی بۆ ساڵی ١٣٩٥، مامناوەندی هەزینەی بنەماڵەیەکی شاری بە مامناوەندی سێ و ٣٣ لەسەدی “کەس” بەرابەری ٣ ملیۆن و ٢٧٥ هەزار تمەن لە مانگدا ڕاگەیەندرا. ئەم بڕە بۆ بنەماڵەیەکی شاری ٤ کەسی لە مانگدا دەگاتە ٣ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەن. بە ئامانجی بەراورد کردنی موزد و حەقوقی پێویست بۆ دابین بوونی ژیانی بنەماڵەیەکی شاری ٤ کەسی لە ساڵی ٩٧دا، دەبێ تەورومی ساڵەکانی ٩٦ و ٩٧ بە یەکەوە بەراورد بکرێن. بەم شێوەیە لانیکەمی حەقدەستی پێویست بۆ دابین بوونی ژیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی لە ساڵی ٩٧دا دەگاتە زیاتر لە ٥ ملیۆن تمه‌ن له‌ مانگدا” ئەم تەشەکولە کرێکاریانە لە درێژەدا ڕایانگەیاندوە کە ” ئابووری ئێران سەرەڕای هەموو نابەسامانی و ئەو کەم و کوڕیانەی هەیەتی توانایی دانی وەها حەقدەستێکی هەیە و پاساوی کاربەدەستانی دەوڵەتی لە پێوەند لەگەڵ بێتوانایی دانی ئەم مەبلەغە بێجگە لە فرێوکاری هیچی تر نییە.”

خەباتی کرێکارانی ئێران بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکان لە بادرودۆخێکدا درێژەی هەیە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری دا کە خەباتی چینی کرێکار قۆناغێکی کامڵ بوو تری بڕیوە، کرێکاران بە هێزی ڕێکخراوی خۆیان حەد و سنورێکیان بۆ سەرمایەداران و دەوڵەت لە هێرش کردنەسەر ئاستی بەڕێچوونی کرێکاران و لە خوارەوە ڕاگرتنی حەقدەستەکانیان داسەپاندوە. دیاری کرانی لانیکەمی حەقدەستەکان و دیاری کرانی حەد و سنورێک بۆ سەرمایەداران بۆ لە خوارەوە هێشتنەوەی حەقدەستەکان بەم ئامانجە بەڕێوە چووە کە کەم داهات ترین بەشی چینی کرێکاریش بتوانێ بە لەبەرچاو گیرانی ئاستی ئاوسانی ڕاستەقینە و زیاد بوونی نرخەکان، ژیانی خۆیان دابین بکەن. کرێکار بەپێی مەوقعیەتێک کە لە مناسباتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هەیەتی نە تەنیا دەبێ بتوانێ بە وەسیلەی حەقدەست و نرخی رۆژانەی هێزی کارەکەی ئیمکانی ئەوەی هەبێت کە هەموو رۆژێک ئەم هێزە ببوژێنێتەوە تا دیسان بیفرۆشێتەوە، بەڵکو بتوانێ نیازەکانی ژیانێکی ئینسانی دابین بکات. دەبێ کرێکاران بتوانن کە فرۆشتنی ئەم تەنیا سەروەتەیان بە شێوەیەک مودیریەت بکەن کە تەمەنێک لە ڕێگایەوە بژین. لە نیزامی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا ئەم لانیکەمانە، رۆژانە پێشێل دەکرێن.

لە ئێران و لە کێشمەکێشی نێوان دوو چینی سەرەکی کۆمەڵگادا، سەرمایەداران، خاوەنانی پیشەسازیەکان و دەوڵەت وەک کڕیارانی هێزی کار بە پشت بەستن بە بوونی ئەڕتەشی بەرینی بێکاران هەوڵئەدەن تا حەقدەستی کرێکاران تا ئەو جێگایەی دەکرێت کەم بکەنەوە و دیفاع لە هەرچی سودئاوەری زیاتری سەرمایەکانیان بە مافی بێ ئەملا و ئەولای خۆیان دەزانن. کرێکارانیش بە مافی خۆیانی دەزانن کە لە بەرانبەر فرۆشتنی هێزی کاریاندا حەقدەستێک داوا بکەن کە بە سەرنجدان بە نرخی تەوەڕومی واقعی لە کۆمەڵگادا و پێویستی دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی لە سەرەتای سەدەی ٢١ دا بتوانن پێداویستییه‌كانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن. لێرەدا لە نێوان مافی سەرمایەداران و مافی کرێکاراندا ناکۆکیەکی ئاشکرا و هەمیشەیی بوونی هەیە و ئەوە زۆر و هێزە کە حوکم دەکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا و لە هاوسەنگی هێزی ئێستادا بە زەبری قانون و بە پشت بەستن بە هێزی سەرکوت ئەم ناکۆکیەی بە قازانجی سەرمایەداران چارەسەر کردوە. لەبەر ئەوەی بەبێ تەشەکولی چینایەتی و سەربەخۆی کرێکاری، کرێکاران ناتوانن ئیرادەی چینایەتیان لە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستەکاندا بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیاندا بسەپێنن. لە ڕاستیدا دیاری کرانی ڕێژەی لانیکەمی حەقدەستەکان بەرهەمی هاوسەنگی هێزی چینایەتیە. ناڕەزایەتی کرێکاران لەپێناو داخوازی زیاد کرانی حەقدەستدا دەتوانێ پاشکەشەی کاتی خاوەنکاران و دەوڵەتی لە هێرش کردنەسەر ئاستی بەڕێچوونی کرێکاران و زیاد کرانی کاتی حەقدەستەکانی بەشوێنەوە بێت، بەڵام سەرئەنجام ئەوە پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتیەکانی سەربەخۆی کرێکارانە کە دەتوانێ، هاوسەنگی هێزی چینایەتی بە قازانجی کرێکاران بگۆڕێت. لەوێوە کە خەباتی کرێکاران درێژەی هەیە و رووی له‌ پەرە سەندەنە، بێ گومان کرێکاران بە چەکی مانگرتن و بەرپا کردنی تەشەکولە چێنایەتیەکانیان ئەم بارودۆخە بە قازانجی خۆیان ئاوەژو دەکەنەوە.