کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەبات لەدژی وەدوا خرانی دانی حەقدەستەکان

لە ماوەی ئەم حەفتانەی دواییدا، مانگرتن و کۆبونەوەی کرێکاری لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی حەقدەستەکان لە ژمارەیەک لە واحیدەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا لە ئارادا بوو، کە هەواڵی پێوەندیدار بەو ناڕەزایەتیانەوە لە ڕاگەیەنەرە جۆراو جۆرەکاندا بەشێوەیەکی بەرین بڵاو بونەتەوە. مانگرتنی کرێکارانی شارەداری دێهدەشت لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی ٤ مانگ حەقدەست، مەزایا و مافی بیمە؛ مانگرتنی کرێکارانی کاشی خەزەر بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکانیان؛ کۆبونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی کارخانەکانی کاشی ئیسفەهان و نیلو ی نەجەف ئاباد لەبەردەم فەرمانداری لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی چەندین مانگ حقوق و هەروەها نەبوونی ئەمنیەتی پیشيی رۆژی ١٩ ی مانگی بەرافرانبار؛ مانگرتنی ٣ رۆژەی کرێکارانی سازمانی پارک و فەزای سەوزی شارەداری نەزەر ئاباد لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی ٥ مانگ حقوق، و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی کارخانەی نەساجی قائیم شار رۆژی ٢٣ ی ئەم مانگە، تەنیا چەند نمونەیەکن لە مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان بۆ وەرگرتنی حەقدەستە وەدواخراوەکان لەم ماوەیەدا.633

پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە، ئەگەرچی لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری بە ئامانجی وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکان وەک خەباتی کرێکارانی دەرکراو بۆ گەڕانەوە بۆ سەرکار، و یان خەبات لە ڕاستای زیاد کرانی حەقدەاستدا، بەردەوام لە جەریاندا بوون، بەم حاڵەشەوە لە زۆرێک لە ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنانی وڵاتدا هەر ئەم حەقدەستانەی کە چوار تا پێنج جار لەژێر هێڵی هەژاریدان، بۆ چەندین مانگ پەرداخت نەکراون. خاوەنانی سەرمایە و خاوەنکاران بەبێ ئەوەی کە لەهیچ شتێک سڵ بکەنەوە، حەقدەستی کرێکاران بە بیانوی جۆراو جۆر بە بارمتە دەگرن و ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی و قانونە دژی کرێکاریەکانیشی ڕێگایان بە تەواوەتی بۆ هێرشێ هەرچی بەرین تری ئەوان بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران، کردوەتەوە. کاتێک کرێکار کەوتوەتە مناسباتێکەوە بۆ بەڕێچونی خۆی و بنەماڵەکەی، چارەیەکی بێچگە لە فرۆشتنی هێزی کاری نییە، لانیکەم چاوەڕوانیەکی کە لە خاوەنکار و کڕیاری هێزی کارەکەی هەیەتی، ئەوەیە کە لە کاتی دیاریکراودا حەقدەستەکەی بدرێتێ. بەڵام سەرمایەداران بە بیانوگەلێک لەوانە نەبوونی قازانج و وەرشکستە بوونی کارخانە، حەقدەست و داواکاری کرێکاران لەکاتی خۆیدا نادەن و چەندین مانگی بەردەوام، ژیانیان دەخەنە باردۆخێکی دژوارەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەبات بۆ وەرگرتنی حەقدەستە وەدواخراوەکان ببێتە گرفتێکی ئەساسی بزوتنەوەی کرێکاری و یەکێک لە مەیدانەکانی بەرەو روو بوونەوەی کرێکاران لەگەڵ خاوەنی کارخانەکان.
هەرچەند نەدرانی حەقدەستەکان و تێکۆشان بۆ وەرگرتیان بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام پەرەسەندنی رۆژ لە رۆژ زیاتری خەباتی کرێکاران بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکانیان دەرخەری بارۆخێکی فەلاکەتباری ئابووری و بێ متمانەیی کرێکاران بە وەعدە و وەعیدەکانی خاوەنانی پیشەسازی و کاربەدەستانی حکومەتیە. ئەگەر تا بەر لە تەوافوقی هەستەیی ڕژیم لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ ، سەران و دەست ئەندەرکارانی حکومەتی سەرجەم موشکلات و گرفتەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگایان سەرچاوە گرتوو لە تەحریمەوە بە خەڵک دەناساند و دیانوت لەگەڵکو گەمارۆکان کۆتاییان بێت، ئێران بەرەو گەشە کردن و بوژانەوەی ئابووری دەچێت و بەم جۆرە کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشان لە موسیبەتەکانی ئێستا واتە تەوەڕوم و گرانی، هەژاری، بێکاری و هیتر ڕزگاریان دەبێت؛ بەڵام سەرەڕای باش بوونێکی ڕێژەیی لە مناسباتی ڕژیم لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاواییدا هیچ دیمەنگایەک بۆ باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی کرێکاران و خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا بوونی نییە. دەوڵەتی رۆحانی نە تەنیا بەرنامەیەکی بۆ باشتر بوونی بارودۆخی کار و بەڕێچونی کرێکاران و خەڵکی هەژاری ئێران نییە بەڵکە هەموو هەوڵەکانی لەم دەورەیەشدا، دروست کردنی جەزابیەتی پێویست بۆ سەرمایەگوزاری و یان ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە ئێران لە ڕێگای هەرزان ڕاگرتنی هێزی کار، وەدواخستنی حەقدەستەکان، و داسەپاندنی بێ مافی هەرچی زیاتر بەسەر کرێکاراندایە تا شایەد بەشێوەیەک ئابووری سەرمایەداری ئێران لە قەیرانی << ڕکودی- تەوەڕومی>> ڕزگار بکات.
بەم هۆکارانەی سەرەوە خەباتی کرێکاران بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکانیان و دەستەبەر بوونی باقی داواکاریەنیان دیسانیش پەرەدەستێنێ. بەڵام پێشڕەوی لەم خەباتەدا و هاتنەدی هەر جۆرە باشتر بونێک لە بارودۆخی ژیان و کاری کرێکاراندا، و بێ کاریگەر کردنی سیاسەتی سەرکوت و گرتن و زیندانی کردنی کرێکارانی ناڕازی و رێبەرانیان کە ئاخرینیان گیرانی ١٠ کەس لە کرێکارانی پەیمانکاری فازەکانی ٢٢، ٢٣، و ٢٤ ی عەسەلویە، و هەروەها ١٢ کەس لە کرێکارانی ناڕازی کارخانەی سیمانی دورود بوون، لە گرەوی بەیەکەوە پەیوەست بوونی خەباتی پڕژوبڵاوی کڕیکاران، موعەلیمان، پەرستاران، و باقی موزدبگیران لە ناوەندە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدایە. بە واتایەکی تر سەرکەوتنی کرێکارانی مانگرتو، بەستراوەتەوە بە پشتیوانی کرێکارانی پیشەسازیە گرنگ و کلیدیەکان، و هەروەها کرێکارانی ناوەندە گرنگەکانی خزمەتگوزاریەوە لە شارێک، ئوستانێک، و یان سەرتاسەری وڵاتەوە. کەوایە ڕەمزی سەرکەوتن و دەست ڕاگەیشتنی کرێکاران بە داواکاریەکانیان، یەکێتی و هاوپشتیانە. هەروەها ئەوان دەبێ بنەماڵەکانیشیان لەم خەباتەدا بەشداری بدەن، لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆر لە گوشارەکانی ژیان لەسەر شانی ئەوانە. پەیوەست بوونی بنەماڵە کرێکاریەکان بە ڕیزی ناڕەزایەتی کرێکارانەوە هێزی خەباتکارانەی ئەوان بەهێز تر دەکات. بە گرتنە پێشی ئەم شێوەیە لە خەبات، و ئیپتیکاراتی تر دەکرێت خاوەنکاران و دەوڵەتەکەیان لە کێشمە کێشێکی چێنایەتیدا کە لە ئارادایە ناچار بە پاشەکشە بکرێن. هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی ڕادیکاڵی بزوتنەوەی کرێکاری دەتوانن بە حوزوری چالاکانە لە خەباتی ئێستای کرێکاراندا و پەرەدان بەم خەباتە زەمینە و بواری گونجاو تر بۆ تەشەکولیابی چینایەتی کرێکاران و پێشڕەوی بزوتنەوەی کرێکاری فەراهەم بکەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-