کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەباتی یەکگرتوانە بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکان، پێویستیەکی چینایەتی

قسە و باسی سەبارەت بە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٣٩٧ دوو حەفتەیە کە لە ناوەندە دژی کرێکاریەکانی دەوڵەتی ئیسلامی سەرمایەدارانی ئێراندا دەستی پێکردوە. ئەم باسانە زیاتر لە شوڕای باڵای کاردا کە پێکهاتەیەکە لە نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی خاوەنکاران و نوێنەرانی ڕێکخراوە کرێکاریەکانی سەربە ڕژیم و ناوەندەکانی سەر بەوان لە جەریاندایە. ئەم جارە شوڕای باڵای کاری ڕژیم، بە ئامانجی بەرەوپێش بردنی بەناو کارناسانە تری بابەتەکانی پێوەندیدار بە سێ کۆمیتەی ” حەقدەست”، ” پێوەندی کار” و ” گۆڕینی پێکهاتە” لەژێر چاوەدێری ڕاستەخۆی خۆیدا پێکهێناوە. ئەم پرۆسە بەرنامە ڕێژیکراوە بۆ دیاریکرانی حەقدەستەکان بەپێی ڕەواڵی هەموو ساڵێک بەکردەوە بۆتە مەیدانی مانۆڕدانی خانەی کارگەری ڕژیم، شوڕا ئیسلامیەکانی کار و کانونی باڵای ئەنجومەنە سینفیەکانی تا لەم ڕێگایەوە خەباتی کرێکارانی ئێران بۆ زیاد کردنی حەقدەستەکان بە لاڕێدا بەرن.

لە درێژەی باسەکانی تا ئێستادا، ” مودیرکوللی ڕەوابتی کار و قەرەبوی خزمەتگوزاری وەزارەتی کار” ی ڕژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە کاریگەری هەزینەی سەبەدی بەڕێچوون کە پارەکە لە لایەن شوڕای باڵای کارەوە بۆ بنەماڵەیەکی ٣ کەس و نیوی، ٢ ملیۆن و ٤٨٩ هەزار تمەن دیاری کرا، لەسەر ئاستی حەقدەستەکان وتی:” لە ساڵی ڕابردودا سێ گروپی کرێکاران، خاوەنکاران و دەوڵەت لە چوارچێوەی کۆمەڵێک جەلەسەی کارناسیدا لەسەر فۆرمۆلی سەبەدی هەزینەی بەڕێچوون پێکهاتن و لەسەر ئەو بنەمایە نرخی هەزینەی بەڕێچوون بە دەست هات.” بەڵام ئەم کاربەدەستەی وەزاڕەتی کار لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە بە سەرنجدان بە دیاری کرانی هەزینەی سەبدی بەڕێچوون، چ سازوکارێکیان بۆ کەم کردنەوەی مەودای نێوان حەقدەستی ساڵانە لەگەڵ هەزینەی بەڕێچوون خستۆتە دەستوری کارەوە وتی:” لەسەر بنەمای ئەوەی کە شەخسی وەزیری کار بڕوای پێیەتی نرخی حەقدەستی ساڵانە زیاتر لە نرخی تەوەڕوم بەرز دەبێتەوە تابەرە بەرە ئەم کەلێنە تا هەزینەی سەبەدی بەڕێچوون لە ماوەی چەند ساڵدا بگاتە لانیکەمی خۆی.”

کاربەدەستانی وەزارەتی کاری کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا باس لە زیادکرانی حەقدەستەکان لەسەر بنەمای نرخی تەوەڕوم دەکەن کە ئەگەر لانیکەمی حەقدەتی مانگانەی ٩٣٠ هەزار تمەنی ساڵی ١٣٩٦ تا ٣٠٠ لەسەدیش زیاد بکرێت نە تەنیا توانایی کڕینی کرێکاران قەرەبو ناکاتەوە بەڵکو ناشگاتەەوە ‌ئاستی هێڵی هەژاری ڕەسمی. بەم جۆرە مقامی باڵای وەزارەتی کار ئیعتیڕاف دەکات کە حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٣٩٧ دا تەنانەت لەگەڵ هەزینەی سەبەدی بەڕێچوونی ٢ ملیۆن و ٤٨٩ هەزار تمەنی دیاریکارویش لە لایەن شوڕای باڵای کارەوە گەلێک مەودای دەبێت. ئەمانە لە حاڵێکدایە کە رێکخراوە سەربەخۆکان لە دەوڵەت پارەکە بە لەبەر چاو گرتنی هەزینەی سەبەدی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی کرێکاری و ” بەپێی ئیستانداردە مۆدێڕن و ئاساییەکان و سەروی هێڵی هەژاری، ٤ ملیۆن تمەن وەک لانیکەمی حەقدەستی مانگانەیان بۆ ساڵی ٩٦ داوا کرد.

بەڵام حەقدەست چییە و بۆچی دەوڵەتی روحانی و سەرمایەداران دەیانەوێ ئەو چەند پلە بێننە خوار هێڵی هەژاریەوە؟ حەقدەست، پارەیەکە کە خاوەنکار رۆژانە، حەفتانە یان مانگانە ئەیدات بە کرێکار تا کرێکار کاری بۆ بکات. کرێکار ئەم پولە سەرفی پۆشاک، خۆراک و کرێ ماڵ و شتی دیکە دەکات. واتە ئەوەیکە کرێکاران کار دەکەن، بەرهەمدێنن و چینی سەرمایەدار هەموو بەرهەمی کاری چینی کرێكار دەخاتە گیرفانیەوە و تەنیا بەشێکی کەم لە بەرهەمی کار بە شێوەی حەقدەست ئەدات بە کرێکاران. واتە حەقدەست بەشێکە لە بەرهەمی کاری کرێکار کە دەیگێڕنەوە بۆ خۆی، تا کرێکاران وەک چینێک بتوانن دەرێژە بە ژیان بدەن، و دیسانیش سەروەت بۆچینی سەرمایەدار بەرهەم بێننەوە. ئەمە یەکێک لە پایەکان و ئەساسی نیزامی سەرمایەدارییە. واتە کرێکاران ناچارن بۆ دابین کردنی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، بۆ دابین کردنی نان و جل و بەرگ و مەسکەن، پێیەکانیان بە ماشێن و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە کە لە ئیختیار سەرمایەداران دان زنجیر بکەن.

بەڵام ڕێژەی حەقدەت چۆن دیاری دەکرێت؟ ڕێژەی حەقدەست بە تەواوەتی بەستراوەتەوە بە بارودۆخی ڕقابەت و زۆرەوانی نێوان کرێکاران و سەرمایەدارانەوە. لێرەدا کرێکار خاوەنی کاڵایەکە کە هەمان هێزی کارەکەیەتی، و کاڵاکەی دەفرۆشێ. ئێستا ئەویکە هێزی کاری کرێکار لە بەرانبەر چ حەقدەستێکدا دەکڕدرێت، گرێدراوی دوو هۆکاری گرنگە. یەکەم ئەوەیکە بارودۆخی بازاڕ چۆنە، لە حاڵی ڕەواج دایە یان کزە، داخوازی بۆ ‌هێزی کار زۆرە یان کەم؟ بەڵام هۆکاری دووهەم لە دیاریکردنی حەقدەستدا کە ئەساسی ترینە ڕادەی یەکێتی و هاوپشتی و توانایی خۆڕاگری و خەباتی کرێکارانە. ئەوەیکە ئایا کرێکاران بە باشی یەکگرتوون تا لە بەرانبەر هەوڵەکانی سەرمایەداران و دەوڵەوتی پشتیوانیاندا کە ئەیانەوێ تا بۆیان ئەکرێ حەقدەستی کەمتر بدەن، بتوانن خۆڕابگرن یان نا؟ ئەگەر هەموو شتێک بە دڵی کرێکاران بێت واتە هەم داخوازی بۆ هێزی کار زۆر بێت و هەم کرێکاران یەکگرتوو توانایی خۆراگری و خەباتیان هەبێت، تازە کرێکاران شانسی ئەوەیان دەبێت کە حەقدەستێک وەربگرن کە ئیمکانی ئەوەیان ئەداتێ، لە چوارچێوەی هەمان کۆمەڵگای سەرمایەداری و ژیانێک کە بۆ کرێکاران بە مەعمول و ئاسایی دەناسرێت، کرێکار هێزی کارەکەی نۆژەن بکاتەوە و لە نێو بنەماڵەشدا کرێکاری سبەی رۆژ پەروەردە بکات. تازە لەم حاڵەدا کە باشترین حاڵەتە، حەقدەستی کرێکار لەگەڵ ئەرزشی کارەکەی واتە بەرابەری ئەو بڕە وەسایلەی بەڕێچوون و زەروریاتی ژیانە کە کرێکار بۆ توانایی کار کردن و مانەوەی نەسڵەکەی پێویستی پێیەتی.

بەڵام ئەم دوو هۆکارە کە ئیمکانی ئەوە ئەدا کە کرێکار حەقدەستی یەکسان لەگەڵ کارەکەی بەدەست بێنێ، لە دنیای واقعدا و بە کردەوە بەردەوام لە حاڵی هەڵکشان و داکشان دایە و زیاتر بە زیانی کرێکارانە. و ئەمە بەشێکە لە زاتی سەرمایەداری کە لەگەڵ هەر دەورەیەک لە بووژانەوەدا دەکەوێتەوە نێو دەورەیەک لە قەیران و کەسادیەوە و لەگەڵ زیاتربوونی بێکاری و هیتردا ڕقابەت لە نێوان کرێکاراندا پەرە پێئەدات و هێزی خۆڕاگریان تێدا لاواز دەکات و حەقدەستەکان دادەبەزن. لەم بارودۆخە قەیراناوی و هەرەج هەرەجەی سەرمایەداری ئێراندا، کە هەموو بابەتەکان لەسەر شەڕی چێنایەتی و خەباتی کرێکاران لەدژی سەرمایەداران داندراوە، ئەوەیکە کرێکاران بتوانن تەنانەت هەمان ئەرزشی هێزی کاریان وەربگرن و پێداویستیەکانی ژیانێکی ئینسانی دابین بکەن، سەرفی وزە و خەباتێکی بەرینی گەرەکە. لەم شەڕە چێنایەتیەدا، کرێکاران بە هەمان ڕادە کە هێزی چینایەتی خۆیان یەکگرتوو بە یەکەوە گرێدراو و ڕێکخراو بێننە مەیدان، دەتوانن دەرەقەتی چینی سەرمایەدار و دەوڵەتی پشتیوانیان بێن و حەقدەستێکی گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانیدا بەسەر سەرمایەدارندا بسەپێنن. ئەوەیکە ڕێژەی حەقدەست تا چ ئاستێک دەبێت و ئەوەیکە ئایا کرێکاران بە ڕاستی ئەرزشی هێزی کاری خۆیان بە یەکسان بۆ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی وەردەگرن، لە کردەوەدا و لە دنیای واقعدا زیاتر لەهەر شتێکی تر بەستراوەتەوە بە هێزی چینی کرێکار و تواناییەکانی خەبات و تێکۆشانی لەدژی دەوڵەت و سەرمایەداران.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-