پەرسەندنی بزوتنەوەی ڕزگاری ژن لەم دەورەی دواییدا و ئاستەنگ دروست کردن بۆ یاسا پرتوکاو و کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان کە ژنانی لە مافە ئینسانیەکانیان بێبەش کردوە، بۆتە هۆی ترسی زۆری کۆماری ئیسلامی. ڕژیم لە بەرانبەر حەرەکەتی ناڕەزایەتیی ژنانی تێکۆشەردا کە هەر رۆژە و بە شێوەیەک و لە جێگایەک سەر هەڵئەدات، گەلێک توڕە و نیگەران و لە هەمانحاڵدا داماو و بێتوانایە. سەرەڕای ئەویکە کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردودا گەلێک گەڵاڵەی دژ بە ژنی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی خەبات و ناڕەزایەتیی ئەوان بە کردەوە دەرهێناوە، بەڵام نەیتوانیوە ژنان لە بەدواداچوونی مافەکانیان سارد بکاتەوە و ژنان و پیاوانی تێکۆشەر تەرحەکانی ڕژیمیان بەرەو ڕووی شکست کردۆتەوە. بەم حاڵەشەوە لەوێوە کە ڕژیم لە بەرانبەر گەشەی رۆژ لە رۆژ زیاتری خەباتی ژناندا بێجگە لە سەرکوت ڕێگایەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە، جارێکی تر دەیەوێ شانسی خۆی بە پەسند کردنی تەرحێکی سەرکوتگەرانە و دژی ژن و کۆنەپەرستانەی تر تاقی بکاتەوە.
لەم پێوەندەدا “مینو ئەسڵانی” سەرۆکی “سازمانی بەسیجی جامیعەی ژنانی ئێران” کە هەمان “سازمانی خاهەرانی زەینەب”ی بەدنێو و نەفرەت لێکراوی پێشو و ژێر مەجموعەی سپای پاسدارانە، لە سەرودەمی بەناو “رۆژی عیفاف و حەجاب” دا باسی لە پێکهاتنی”ستادی مەردومی عیفاف و حیجاب بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ بهناو بێ ئابڕویی” کرد. کۆماری ئیسلامی لە ڕاستای هەوڵدان بۆ زەوت کردنی ئازادی و مافەکانی ژنان، رۆژی ٢١ی مانگی پوشپەری هەموو ساڵێکی وەک رۆژی “عیفاف و حیجاب” ناو لێناوە.
مینو ئەسلانی ئەم ژنە دژه ژنەی ڕژیم، لە پێوەند لەگەڵ ئامانجی پێکهێنانی ئەو ستادە وتی: “لابردنی حیجاب هێڵی نفوزی دوژمنە و لە هێرشی فەرهەنگی دوژمندا ئەوەی بۆ ئەوان ئەولەویەتە باسی نەهێشتنی ئابڕووە.” ئەو ئاماژەی بە ئامانجی واقعی پیکهاتنی ئەم ستادە و ئەرکەکانی و ئیختیاراتی نەکرد. بەڵام وتی “یەکێک لە بەرنامەکانی ئەمساڵیان ناردنی کچانە بۆ مزگەوتی جەمکەران و پیادە ڕەوی لەوێوە تا حەرەمی مەعسومەیە. هەڵبەت باسەکانی قەناعەت پێهێنانیش بەڕێوەدەچن. “ئەم کاربەدەستەی ڕژیم لەوپەڕی بێ ئابڕوییدا وتی : “لە ئێران حیجاب ئیجباری نییە بەڵکوو قانونیە. ئێمە لایەنگری توندووتیژی نین بەڵام هێزی ئینتیزامی بەهێزمان یاسا مەندە و بەرەو رووی کەسانێک دەبێتەوە کە یاسا پێشێل دەکەن.” هاوکات هێزی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی (ناجا) لەم پێوەندەدا بە دەرکردنی بەیانیەیەک هەڵوێستی گرت و ڕایگەیاند “یەکێک لە مێحوەرەکانی بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ نیزامی ئیسلامی هەوڵدانە بۆ گۆڕینی شێوازی ژیانی ژنانی ئێرانی لە بابەتی حیجابدا کە ئاکامەکەی لاواز بوونی بنەماکانی بیر و باوەڕی لاوانی موسڵمانە.” لە کۆتایی بەیانیەکەشدا بە هەڕەشەوە لە ژنان رایانگەیاند کە لەگەڵ کەسانی یاسا شکێن تەعاروف ناکەن و سەرکوتیان دەکەن.
روون و ئاشکرایە پێکهاتنی وەها ستادێکی سەرکوت لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لەم دەورەیەدا کە ناڕەزایەتیی و خەباتی ئازادی خوازانەی ژنان لەگەڵ خەباتی کرێکاران و باقی توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگا تێکەڵ بووە و کۆماری ئیسلامی زیاتر لەپێشو خستۆتە ژێر مەنگەنەوە و نیگەرانی کردوە، هەوڵێکی ترە لە لایەن ڕژیمەوە بۆ پاشە کشە کردن بە ناڕەزایەتیی و داخوازیەکانی ژنان. ڕێبەران و بەرپرسانی ڕژیم دەزانن کە لەم قۆناغەدا داخوازیەکانی ژنانی ئێران تەنیا لە داخوازی یەکسانی جنسیەتیدا کورت نابێتەوە بەڵکوو داخوازی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە کە ڕژیم توانایی وڵامدانەوە پێیانی نییە.
ڕژیم تا ئێستا لە بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتیی ژناندا گەلێک تەرح و کرداری هاوشێوەی بەکردەوە دەرهێناوە. لە وەڕێخستنی گەشتی ئیرشادی هەوسار پچڕاو بۆ ئیجرای تەرحی بەناو “بەرز کردنەوەی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی”گرتویەتی تا ئیجرای “تەرحی کۆنەپەرستانەی دژی ژنی” ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر”، تەرحی “پشتیوانی لە ئامرانی ئەمر بە مەعروف و ناهیان لە مونکەر” و هیتر. بەڵام لە ئیجرای گشت ئەمانەدا شکستی خواردوە و نەیتوانیوە ژنان وادار بە پاشەکشە بکات. لە هەموو ئەم تەرحانەدا ئەرازل و ئەوباشی بەسیجی و پاسدار و حیزبۆڵاییان بۆ ئازاردان و ترساندن و تێزاب کردن بە ژناندا و کوشتنیان خستۆتە گیانیان تا بەڵکوو بتوانن سیاسەتی ئیسلامی لە دژایەتی لەگەڵ ژناندا بەرەو پێش بەرن و بەر بە پەرە گرتنی ناڕەزایەتیی و داخوازیەکانی ژنان بگرن. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانە و بودجەیەکی کەڵاندا کە بۆ ئەم تەرحانە تەرخان کراوە، بەپێی نەزەر سەنجیەکانی وەزاڕەتی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی لە ساڵی ١٣٩٦ دا، نزیک بە ٨٠ لەسەدی خەڵکی ئێران دژی جل و بەرگی ئیجباری بوون. تویژینەوەکانی ناوەندی هەڵسەنگاندنی ستراتیژیکی خودی کۆماری ئیسلامی لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٦شدا دەرخەری گەشە و پەرەسەندنی دژایەتی خەڵکە لەگەڵ حیجابی ئیسلامی و دەخاڵەتی حکومەت لە دیاری کردنی پۆشینی ژناندا. ئەمە بەو واتایەیە کە ڕژیم دەبێ بزانێت کە نە بە فریو و شگرد و وەعدە و وەعیدی بەهەشت لەو دنیای خەیاڵی و فەرزیدا و نە بە دامودەزگای سەرکوتی ناتوانێ لە سەدەی ٢١دا یاسای پرتوکاوی سەدەی ١٤ بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ و بە کردەوەی دەربێنێ.
ئەم ڕژیمە کۆنەپەرستە دژی ژنە ٤٠ ساڵە سوکایەتی بە کەرامەتی ژنان دەکات. لە عەلی خامنەییەوە گرتویەتی کە ژنانی ناڕازی بە فریو خواردو و بێ ئەرزش ناوبرد تا مینو ئەسڵانی بەکرێ گیراو کە دۆلاری ئەمریکایی بە ئەنگیزەی ژنانی تێکۆشەر بۆ دژایەتی کردنی ڕژیمی ئیسلامی دەزانێت، هیچکامیان لە دەژایەتی کردنی ژناندا دەستی کەمیان لەوی تر نییە. ژنانی ئێرانی دەزانن کە بە داوا کردنی هەر بەشێک لە ماف و حقوقی چینایەتی، جنسیەتی، نەتەوەیی و مەزهەبیان لەگەڵ دامودەزگای نیزامی و ئەمنیەتی ڕژیمدا بەرەو روو دەبنەوە کە هەم پارێزەری وەحشیگەری نیزامی سەرمایەدارییە و هەم لە مەزهەب بۆ توند کردنەوەی مناساباتی دژی ئینسانی و درێژەی حاکمیەتی کەڵک وەردەگرێت. دەزانن هیچ بەشێک لە داخوازیەکانیان لە چوارچێوەی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا شیاوی دەستەبەر بوون نییە. بەم هۆیەوە خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاری بەخشی ژنان ناتوانێ لە خەباتی باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا جیاواز بێت و ناتوانێ لەدژی کولیەتی ڕژیمی ئیسلامی نەبێت و ئەوی نەکردبێتە ئامانج.