کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەباتی سەنگەر بە سەنگەر بۆ دروست کردنی ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی کۆماری ئیسلامیی

بارودۆخی ئابووری و هەلومەرجی ژیانی خەڵک لە ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خراپتر دەبێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تونایی وڵامدانەوە بە ساده‌ترین و سەرەتایی ترین داخوازیە ئابووریەکانی کرێکاران و خەڵکی ناڕازای نییە. لەمرۆدا تەنانەت دانی حقوقە دواخراوەکانیش بوونەتە گرفتێکی چار هەڵنەگر بۆ ڕژیم. جگە لە گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ بەرتەسک کردنەوەی زێدەخوازیە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئابووری سەرمایەداری ئێران بەگشتی، بەر لە تەحریمەکانیش ئاسۆیه‌ك بۆ دەرچوون لەو قەیرانە نەبووە و نییە.

لەسەر ناوەرۆکی بارودۆخێکی قەیراناوی کە کۆبوونەوە و مانگرتنەکانی خەڵکی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لەدژی بارودۆخێکی فەلاکەتباری کۆمەڵایەتی کە بەسەر کار و ژیان و بەڕێچوونی ئەواندا داسەپاوە لیکەوتۆتەوە، لە ئاستێکی کەم وێنەدا پەرەیسەندووە. گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانیش نەیتوانیوە جەماوەری خەڵکی ناڕازی لە بەدوادا چوونی داخوازیەکانیان پەشیمان بکاتەوە.

لە حاڵێکدا کە ئەو هۆکار و فاکتۆڕانەی دەخیلن لە بارودۆخی ئێراندا، دوورە دیمەنی کۆماری ئیسلامیی لێڵ و تاریک تر کردووە، هیچکام لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی ئێران ڕێگاچارەیەکی کردارییان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیران و مەترسی فەلاکەتی ئابووری نییە. ئەم هێزانە ڕێگا چارەیان بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانە ئابووریە لە باشترین حاڵەتدا سپاردنی ئیدارەی ئابووری وڵاتە بە دەست مودیرانی تێکنوکرات، ئاسایی کردنەوەی مناسبات لەگەڵ ڕۆژئاوا و لابردنی کۆسپە سیاسیەکان لەسەر ڕێگای ئاوێتە بوونی زیاتری سەرمایەداری ئێرانە لەگەڵ بازاری جیهانیدا و لە کۆتاییدا ئیجرای بەرنامە ئابووری نیئۆلیبڕاڵیەکان. ئەم جۆرە نوسخەیە بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووری سەرمایەداری لە حاڵێکدایە کە سیاسەتە نیئۆلیبڕالیستیەکان لە ئاستی دنیادا توشی بونبەست هاتوون و ئاسەوارەکانی ئیجرای ئەم سیاسەتانە هۆکاری سەرەکی شکڵدانن بە قەیرانی جیهانی سەرمایەداریه‌.

لە بەرانبەر ئەم بارودۆخ و هەژاری و فەلاکەتە ئابووریەدا، لە بەرانبەر ئەو جنایات و سەرکوتگەری و بێ مافیە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەسەر چینی کرێکار و خەڵکی زۆر لێکراوی ئێرانیدا سەپاندووە، لە بەرانبەر داماوی و بێ ئاسۆیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژواییدا، سۆسیالیزم تەنیا ئاڵتر ناتیوێکە کە دەتوانێ ئاسۆی ڕزگاری بە ڕووی خەڵکی زۆرلێکراودا بکاتەوە. سەرچاوە زۆرە مادی و ئینسانییەکانی مەوجود لەم وڵاتەدا، پایە عەینیەکانی ڕێکخستنی ئاڵترناتیوی سۆسیالیستیان لە هەموو بارێکەوە بەدی هێناوە. ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی لە ناخی خەباتی چینی کرێکار و هاوڕێیەتی جەماوەری خەڵکی بێبەش و ستەم لێکراو و هێزە پێشڕەوەکان لەگەڵ ئەم چینەدا، هەنگاو بە هەنگاو دەروست دەبێت. پێبەپێی گەشەی خەباتی کرێکاران و ناڕەزایەتی جەماوەری، هەنگاوکان خێراتر و بڵند تر دەبن و ئەم حەرەکەتە خێرایی زیاتر بەخۆیەوە دەگرێت.

ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی لە مەسیری ڕێكخستن و بەرەوپێش چوونیدا، کۆماری ئیسلامی لە هەڵدێر نزیک دەکاتەوە و سەرئەنجام دەی ڕووخێنێ. ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی واتە تێکشکاندنی سەرجەم ئۆرگانەکانی سەرکوتی ئەم ڕژیمە و کۆتایی هێنان بە حەیاتی مشە خۆریی و پڕ لە هەزینەیان، واتە خاوێن کردنەوەی کۆمەڵگا لە بوونی دەزگای تەبلیغی جەهل و خورافە، واتە دامەزراندن و زەمانەت کردنی بەرین ترین ئازادیە سیاسییەکان لە کۆمەڵگادا، بەم سەرکەوتنە سەرتاییە کاری گەورەی دامەزراندنی بینای سۆسیالیزم دەست پێدەکات.

نەخشە و بەرنامە دەبێتە جێگرەوەی بێ سەرە و بەرەیی لە بەرهەم هێناندا. هەر کەسێک کە توانایی کار کردنی هەبێت دەبێ کار بکات. لەم کۆمەڵگایەدا هەموو جۆرە مشە خۆریەک و لەسەر دەست ڕەنجی کەسانی تر ژیانكردن لە نێو دەچێت. ئەگەر لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، سەرمایەداران لە ئاکامی ڕقابەتەکانیاندا بەر بە یەکانگیر بوونی تێکنولۆژی پێشکەوتوو دەگرن، لە کۆمەڵگای سۆسیالیستیدا تێکنۆلۆژی مۆدێڕن و پێشکەوتوو بەبێ هیچ جۆرە بەربەستێک و بەبێ ئەوەی کە لەژێر کاریگەری قازانج پەرستییەکانی سەرمایەداراندا بێت بەکار دەهێندرێت. کەوایە بەرهەمهێنان دەگاتە بانترین ئاستی گەشە کردنی. سەرجەم ئیمکاناتێک کە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا سەرفی خۆشگوزەرانی سەرمایەداران دەکرێت، دەخرێتە خزمەت خۆشبژێوی گشتی و بەرەو پێش بردنی بەرهەم هێنانەوە. لەگەڵ بەکار هێنانی داهێنان و تواناییەکانی جەماوەری ئازاد و حاکم بەسەر چارەنووسی خۆیدا، سەمەردەهی بەرهەمهێنان و گەشەی ئابووری بە خێراییەکی سەرسوڕ هێنەر مومکین دەبێت، مالیکیەتی تایبەت بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا هەڵدەوەشێتەوە، چارەسەری نیاز و پێداویستییەکانی خەڵک، دابین بوونی ژیانێکی پڕ لە ڕێفاه و شایانی ئینسان دەبێتە ئامانجی بەرهەمهێنان. سەرجەم خزمەتگوزارییەکان و بەرهەمی جێی پێداویستی کۆمەڵگا لە ئاستێکی زۆردا بەرهەم دێت و هەموو نیازە مادی و مەعنەوییەکانی ئینسانەکان دابین دەکات. مەترسی قەیرانە وێرانگەرە ئابوورییەکان بۆ هەتا هەتایە کۆتاییان دێت. ئینسانەکان لە ئیمکانات و ڕیفاه بەهرەمەند دەبن و تواناییە فەردی و تاکە کەسییەکانیان شکۆفا دەبن. لە وەها کۆمەڵگایەکدا، ئازاد و ڕێفاهی هەموو کەس دەبێتە مەرجی ئازادی و ڕیفاهی گشتی و خەبات بۆ مانەوەی فەردی کۆتایی دێت و ئینسانەکان پێ دەنێنە نێو بارودۆخی ڕاستە قینەی ئینسانییەوە. سەرجەم شێوازەکانی چەوساندنەوە، نایەکسانی و هەڵاواردنەکانی وەک ستەمکێشی ژن و ستەمگەری نەتەوایەتی هەڵدەپێچرێن، هەڵاواردنی جنسیەتی و تەنگ نەزەری نەتەوایەتی و نیژادی جێگای خۆی ئەدەن بە هاوپشتی ئینسانی.

بەڵام سۆسیالیزم وەک ئاڵترناتیوێکی ئامادە و لەبەر دەستدا بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیران و وێرانگەریە ئابووریە و تێکەوپێچانی هەموو ستەم و موسیبەتەکانی نیزامی سەرمایەداری لە گرەوی بە دەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکار دایە. دژواریەکانی بەدیلی سۆسیالیستی بۆ دەستەبەر کردنی ئەم بابەتە لەو کۆسپ و بەربەستانەدایە کە لەسەر ڕێگای سازمانیابی چینی کرێکار و هێنانە مەیدانی بزوتنەوەی کرێکاری وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی دایە. ڕێگایەکی کورت تر بوونی نییە، چینی کرێکاری ئێران بۆ دەستەبەر کردنی ئەم ئامانجە پێویستە و دەبێ لە شێوازی جەماوەری، چینایەتی و حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی خۆیدا کۆبێتەوە. چینی کرێکار بەبێ ڕێکخراو بوون لە حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی خۆیدا ناتوانێ باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ خۆی بخات، ڕێبەریی سیاسی کۆمەڵگا و بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی بۆخۆی مسۆگەر بکات. چینی کرێکار تەنیا بە دابین کردنی ڕێبەریی خۆی بەسەر باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕانەکان دایە کە دەتوانێ هەوڵی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی بۆ بە لاڕیدا بردنی خەباتی خەڵک و هەروەها دخاڵەتی زلهێزە سیاسیە ئیمپڕیالیستیەکان پوچەڵ بکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-