کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خۆ هەڵکێشان و لاف لێدانەکانی خامنەیی

خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی رۆژی شەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە وتی گومانی چارەسەر بوونی کێشە و گرفتەکانی وڵات لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا “خەتایەکی روون”ە. ئەو وەبیری هێنایەوە کە ” پێشتر ئه‌وه‌ی وتوە کە لەسەر قسە و ئیمزای ئامریکاییەکان حیساب ناکرێ. کەوایە وتووێژ لەگەڵ ئامریکا هیچ سودیکی نییە.” خامنەیی بە پەیڕەوی کردن لە ئەسڵی “تەقیە” لە مەزهەبی شیعەدا، بە ئاشکرایی درۆ دەکات. ئەو خۆی لەهەر کەسیکی تر باشتر دەزانێت کە بەبێ هەڵکردنی چرای سەوز لە لایەن ئەوەوە هیچ چەشنە وتووێژێک بە ئیمزای پێنج لایەنەی تەوافوقنامەی بەرجام و لەوانە ئامریکا بە ئاکام نەدەگەیشت. ئەو خۆی باشتر لە هەموان دەزانیت کە گەلێک جار سەرانی ورد و درشت و تیمەکانی وتووێژکاری ڕژیم وتویانە کە خامنەیی بەردەوام لە جەریانی وتوویژەکاندا بووە و بەردەوام ڕێنمایی پێویستی کردون. ئەو باشتر لە هەموان دەزانێت کە وتووێژی پێوەندیدار بە بەرجام ڕێك لە دەورەی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نیژادی، ئازیزی ئەودا، بەشێوەی شاراوە لە عەممان دەستی پیکرد و دواتر هەنگاو بە هەنگاو ئاشکرا بوو. ئێستا کە لایەنەکانی بەرجام و بە تایبەت ئامریکا لە کۆماری ئیسلامی دەخوازن کە بەشە نەنووسراوەکانی وتووێژێک کە هیچ شتێک نییە بێجگە لە کۆتایی هێنان بە سەرکێشیەکانی کۆماری ئیسلامی و دخاڵەتەکانی لە ناوچەکەدا و هاو ئاڕاستەیی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئامریکا، هاوار و بانگی خامنەیی و باقی سەرانی ڕژیمی بەرز کردۆتەوە.

خامنەیی و دەوڵەتی روحانی کە هیوایان بە ده‌وڵه‌تانی ئوروپایی، روسیە و چین بەستبوو وە لە گومانی ئەوەدا کە لە ناکۆکیەکانی موجود لە نێوان ئەوان و 173ئامریکادا ڕەنگە دەربیجەیەک بۆ درباز بوون لە بازنەی ئه‌و گەمارۆیانەی دەوری ڕژیمیان داوه‌ بدۆزێتە، بە کارمەندانی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت کە “وتووێژ لەگەڵ ئوروپاییەکان تیکنەدرێت بەڵام نابێ چاوەڕوانی بەستەی ئوروپاییەکان بن بەڵکوو دەبێ گەلێک کاری پێویست لەنێو خۆدا ئەنجام بدەن”. خامنەیی هیوای بە سێ ده‌وڵه‌تی ئوروپایی بوو کە ڕەنگە بتوانن ڕێگا چارەیەکی “ئابڕو مەندانە” بۆ پاراستنی بەرجام بدۆزنەوە. بەڵام له‌ ڕاستیدا ئوروپاییەکان خۆیان لەگەڵ کێشە و گرفت و ناکۆکی گەورە تر هەم لە نێوخۆ و هەم لە پێوه‌ندیه‌كانیان لەگەڵ ئامریکادا بەرەو ڕوون. ئوروپاییەکان تەنانەت توانایی ئەوەیان نییە بەر بە تەعرەفە گومرکیەکانی ڕاگەیەندراو لە لایەن ئامریکاوە بگرن، چ بگات بەوەی کە بتوانن گەمارۆکانی ئامریکا لەدژی ئێران پشت گوێ بخەن.

خامنەیی ئەوەندە نەزان نییە کە تێنه‌گات رۆژ لەگەڵ رۆژ ئاڵقەی گەمارۆکان بەدەوری ڕژیمدا بەرتەسک تر دەبێتەوە. ئەگەر ئەو خۆی نەیبیستوە بەڵام بێ گومان کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی پێیان ووتوە کە ترامپ لە جەلەسەی کۆتایی حەفتەی ڕابردوی پەیمانی ناتۆدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری ئینگلستان و دواتر لە چاوپێکەوتن لەگەڵ پووتین بە ئاشکرا دەستی دایە سوکایەتی کردن بە ڕێبەرانی سەرەکی یەکیتی ئوروپا. ئەو هاوکات لەگەڵ چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ پووتین کە بەرەو ڕووی کاردانەوەی توندی یەکیتی ئوروپا و تەنانەت هێندێک لە که‌سایەتیەکانی خاوەن نفوزی حیزبی کۆماری خوازی ئامریکا بۆوە، دەوڵەتی ئاڵمانی توانبار کرد کە لەبەر خاتری وابەستەبونی بە وزەوە بۆتە کۆیلەی ڕوسیە. لە بەرانبەردا میرکێل سەدری ئەعزەمی ئاڵمان لە وتوویژێکی مەتبوعاتیدا رۆژی هەینی بە وتنی ئەوەیکە “یەکێتی ئوروپا ئیتر ناتوانێ پشت بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا ببەستێ بۆ سەقامگیر کردنی نەزم لە دنیادا پێویستە کە کاروباری پێوەندیدار بەم یەکێتیە لەدەست خۆیدا بێت” وڵامی تۆهمەتەکانی ترامپی دایەوە. ترامپ لەگەڵکو لە رۆژەکانی رابردودا ئاگاداری جەریمە زۆرەکانی یەکیتی ئوروپا لەدژی کۆمپانیای”گوگڵ” بوو، جارێکی تر ڕایگەیاند کە ئەو گەلیک جار وتویەتی کە ئوروپا خەیانەت بە ئامریکا دەکات.

زەریف وەزیری دەرەوەی ڕژیمیش بە پەیڕەوی کردن لە ڕێبەرەکەی لە وتوویژ لەگەل شەبەکەی خەبەری یۆرۆنیوز وتی کە ئێران لە حەوزە جۆراو جۆرەکاندا لەوانە بانکداری، سەرمایەگوزاری، وەزە و گواستنەوە و گەیاندن خوازیاری تەعەهودی کرداری- سیاسییە لە یەکێتی ئوروپا و تەعەهودی زارەکی پێ کافی نییە. زەریف بێ گومان دەزانێت کە ئوروپا لە بارودۆخێکدا نییە کە ئەو جۆرە به‌ڵێنیانه‌ بدات. ئەوان گەلێک جار رایانگەیاندوە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بۆ پاراستنی بەرجام مل بە کۆمەڵیک ناوەرۆکی تەکمیلی بدات و ئەمانەش ئەو ناوەرۆکانەن کە ئامریکا بە بیانویانەوە لە بەرجام کشایەوە. لەگەڵ ئەوانەدا دەزانین لەگەڵ ئەوەی کە دەورەی یەکەمی تەحریمەکانی ئامریکا لە رۆژی ١٥ی مانگی گەلاوێژەوە دەست پیدەکات بەڵام لە ئێستاوە بازیگەرانی گەورە، ئەو چوار لایه‌نه‌ی کە زەریف خوازیاری به‌ڵێنی کرداری- سیاسی ئه‌وانه‌ یان قەراردادەکانیان لەگەل کۆماری ئیسلامی هەڵوەشاندۆتەوە یان رایانگەیاندوە کە قەرارداد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نابەستن. لەم ماوەیەدا وتووێژی وەزیرانی خەزانەداری وڵاتانی ئوروپایی، چین، ژاپۆن و کورەی باشور بۆ بەرگرتن لە تەحریمەکان و یان دانی دەرفەت بۆ ئامادەیی به‌ڕێوه‌چوونی تەحریمەکان، ولامێکی ئەرێنیان لە ئامریکاوە دەست نەکەوتوە. رۆژی هەینی ٢٨ی مانگی پوشپەڕ جێگری وەزیری خەزانەداری ئامریکا چوو بۆ تورکیە تا لەگەڵ دەولەتی تورکیە سەبارەت بە تەحریمەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی قسە بکات. تورکیە زۆرتری پێداویستیە نەوتیەکانی، لە ئێران دابین دەکات. جێگری وەزیری خەزانە داری ئامریکا وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیەی بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە تورکیە لە نیوان ئامریکا و ئێراندا دەبێ یەکێکیان هەڵبژێرێت. لە عەینی حاڵدا خامنەیی راوێژ کارەکەی واتە عەلی ئەکبەر ویلایەتی نارد بۆ مۆسکۆ و پکەن تا بەشکوو بتوانێ لە تەوافوق لەگەل ئەم دوو وڵاتە بەر بە زیانەکانی تەحریمەکانی ئامریکا بگرێت. بەڵام ئەوانیش لەگەل ئەوەدا کە خوازیاری پاراستنی بەرجامن، ئامادە نین به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان لەم بوارەدا بخەنە مەترسیەوە. چین بە ئاشکرا بۆ دابین کردنی وزەی خۆی بەرەو عەرەبستان و ئیمارات چووە. چین کە گه‌ورە ترین هاوردە کاری بەرهەمە پیتروشیمیەکانی ئێران بووە، ئێستا نیازەکانی لە عەرەبستان دابین دەکات و تەوافوقاتی درێژ ماوەی بۆ هاوردە کردنی نەوت لەگەل عەرەبستان مۆر کردوە.

سەرەرای ئەوەی کە تەحریمەکانی ئامریکا هێشتا دەستیان پینەکردوە بەڵام تا ئێرەش کاریگەری وێرانگەری خۆی لەسەر ژیان و بەڕێچوونی خەڵک داناوە. کاربەدەستانی ڕژیم قسە لە تەوەڕومی ٢٢ لەسەدی دەکەن بەڵام ئەوەند بەسە چاوێک بەسەر نرخی پێداویستی گشتیدا بخشێنین تا ڕەقەمی راستەقینەی تەوەڕوم دەربکەوێت. ئیستا زۆربەی مەوادی زەروری وەک گۆشت، شیرەمەنی و هێلکە لە سەبەدی ژیانی بە ملیۆن ئێرانی دەرهاوێژراوە. کاتێک نوینەری بەناو کرێکاران و هەڵبژاردەی دەوڵەت لە شوڕای باڵای کار قسە لەوە دەکات کە ٨٠ لەسەدی کریکاران لەژیر هێڵی مەرگدان، کاتێک هەواڵنیریی ئیلنا دەنووسیت کە ئێران لەنیو ١٤٠ وڵاتدا پلەی ١٣٨ی لە حەوزەی ئیشتغاڵدا هەیە، کەوایە دیارە کە خۆهەڵکێشان و لاف لێدانی کاربەدەستانی ڕژیم سەبارەت بە ئابووری خۆراگرانە ئەوپەڕی بێشەرمیە. زەریف وەزیری دەرەوە دەڵێت کە کۆماری ئیسلامی” بارودۆخێکی دژوار تر” لە ئێستای تەجروبە کردوە و دەتوانێ بەسەر کێشە و گرفتەکاندا زاڵ بێت.

تەنانەت ئەگەر ئەم قسەیەی ئەو ڕاستیش بێت، هیچ هۆکارێک نییە کە خەڵک تاوانی ئاژاوه‌گیڕیه‌كانی رژیم، تاوانی خراپەکاریەکانی، ئیختیلاس و دزیەکانی بدەنه‌وه‌. خەڵک ئیتر تەحەمولی ئەم گشتە موسیبەتە کۆمەلایەتی، ئەم هەمووە هەژاریی و ستەمگەریەیان نییە. ئەمەیان هەموو رۆژێک لە ناڕەزایەتیی گشتی، لە خەباتی کرێکاری و لە دروشم و داواکاریەکانیاندا نیشانداوە و رۆژ لەگەڵ رۆژ مەیدانیان لە ڕژیم تەنگتر کردۆتەوە. لە ئاوا بارودۆخێکدا هەڵسوڕاوانی رادیکاڵ و سۆسیالیستی بزوتنەوە کۆمەلایەتیەکان دەتوانن بە کاری وشیاری دەرانە و هەوڵدان بۆ دروست کردنی تەشەکولە سەرتاسەریەکان، بە یەکەوە بەستنەوەی خەبات و لە کۆتاییدا وێنا کردنی ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە لە بەرانبه‌ر کۆمەڵگادا، سەنگەر بە سەنگەر هێرش لەدژی ڕژیم سازمان بدەن.