ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٤ی ڕه‌زبه‌ر، كۆمه‌ڵێك له دژبه‌رانی شه‌ڕ له شاره‌كانی نیۆیۆركی ئه‌مریكا و به‌ڕلین له ئاڵمان دژبه ده‌وڵه‌تی ڕاستگه‌رای ئیسڕائیل خۆپێشاندانیان كرد و خوازیاری ئاكربه‌ست له لوبنان و غه‌زه بوون.
به‌پێی ئه‌و وێنانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه، دژبه‌رانی شه‌ڕ چوونه‌ته نێو بازاڕی بوورسی نیۆیۆرك و كار و چالاكییه‌كانی ئه‌و بازاڕه‌یان ڕاگرتووه. خۆپێشانده‌ران خوازیاری كۆتایی هێنان به ناردنی چه‌ك و چۆڵ بۆ ئیسڕائیل و ڕاگرتنی شه‌ڕ له لوبنان و غه‌زه بوون. هه‌روه‌ها له شاری به‌ڕلینی ئاڵمان، دژبه‌رانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پۆلیس به شه‌ڕ هاتن و نزیكه‌ی ٤٠ خۆپێشانده‌ر له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.