شه‌وی پێنجشه‌ممه ١٦ی گه‌لاوێژ، به‌دوای په‌سه‌ندكردنی گه‌ڵاڵه‌ی داگیركردنی ته‌واوی غه‌زه له‌لایه‌ن كابینه‌ی ئه‌منی ئیسڕائیل، هه‌زاران شارومه‌ندی ئیسڕائیلی دژ به ده‌وڵه‌تی نتانیاهوو خۆپێشاندانیان كرد.
نتانیاهوو شه‌وی ڕابردوو ڕایگه‌یاند: مه‌به‌ستیان له‌و پڕۆژه‌یه مانه‌وه له گه‌رتی غه‌زه نییه به‌ڵكوو كۆتایی هێنان به گرووپی حه‌ماسه. به‌ڵام خه‌ڵكی ئیسڕائیل متمانه‌یان به نتانیاهوو نییه و ده‌ڵێن: نتانیاهوو بۆ هه‌ڵهاتن له په‌روه‌نده قه‌زاییه‌كانی درێژه به شه‌ڕ ئه‌دات و به‌و شێوه‌یه گیانی بارمته‌كانی ده‌ستی حه‌ماس ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. شه‌وی پێنجشه‌ممه هه‌زاران شارومه‌ندی ئیسڕائیلی دژ به سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت ڕژانه سه‌ر شه‌قام و خوازیاری كۆتایی هێنان به شه‌ڕ و كۆمه‌ڵكوژی له غه‌زه بوون. جێگای ئاماژه‌یه كه پۆلیسی ئیسڕائیل هێرشی كردووه‌ته سه‌ر خۆپێشانده‌ران و چه‌ند كه‌سی ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه.