هه‌ر ڕۆژێك كه تێپه‌ڕ ده‌بێت خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی ئێران دژبه ڕژیمی ئیسلامی زیاتر په‌ره‌ده‌ستێنێ و قووڵتر ده‌بێته‌وه. ناڕه‌زایه‌تیی و خواسته‌كان، له ئاستێكی خۆجێیی و له پێداویستییه‌كی خێراوه ده‌ستپێده‌كه‌ن و ده‌ستبه‌جێ ده‌بنه خواستی سیاسی و سه‌ره‌كیتر. گۆڕینی ڕژیم، ڕووخاندنی حكوومه‌تی ئیسلامی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی وه‌لایه‌تی فه‌قیه، بووه‌ته خواستێكی گشتی له پانتایی جوگرافیایه‌كی به‌رینتردا.
ئه‌و فیلم و ڕاپۆرتانه‌ی كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه نیشانی ده‌ده‌ن كه ڕۆژی شه‌ممه ٢ی مانگی گه‌لاوێژ، هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌هه‌مین ڕۆژی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی خووزستان، له شاری ته‌ورێز خۆپیشاندانێك بۆ پشتیوانی له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خووزستان به‌ڕێوه‌چووه. خۆپیشانده‌ران درووشمی “یه‌كگرتوویی ئازه‌ربایجان – خووزستان“یان به‌رز كردووه‌ته‌وه.
له هه‌مان حاڵ‌دا ئه‌مڕۆ یازده‌هه‌مین ڕۆژی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی خووزستانه. ئه‌م خۆپیشاندانه له ناڕه‌زایه‌تی به توونێتی و كه‌م ئاوی له‌م ئۆستانه ده‌ستیپێكرد و درووشمه‌كانی به‌ره‌به‌ره گشت سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری ئێران و عه‌لی خامنه‌ییان كردووه‌ته ئامانج. خۆپیشاندانه‌كانی خووزستان له ئاستی جیهان و ئێران‌دا پشتیوانییه‌كی به‌رینی به‌ره‌و خۆی ڕاكێشاوه. بۆ نموونه كرێكارانی مانگرتووی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمی، كرێكارانی مانگرتووی حه‌فت ته‌په، گرووپه جۆراوجۆره‌كانی كرێكاران، خانه‌نشینكراوان، موعه‌لیمان، هونه‌رمه‌ندان و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ له خووزستان پشتیوانی‌یان كردووه. له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا چه‌ندین خۆپیشاندان له شاره‌كانی دیكه بۆ هاوپشتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خووزستان به‌ڕێوه‌چوو. ته‌ورێز یه‌كه‌مین كهڵان شاره كه به‌م ناڕه‌زایه‌تییانه په‌یوه‌ست بووه و هاوپشتیی خۆی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خووزستان ڕاگه‌یاندووه.
پتر له ٤٠ ساڵه، تاڵانكردن و دزی، گه‌نده‌ڵی و بێ كهفایهتیی سه‌رانی كۆماری ئیسلامی، باروودۆخه‌كه‌ی تا ڕاده‌یه‌ك فهلاكهتبار و له هێندێك حاڵه‌تدا چاره‌هه‌ڵنه‌گر كردووه كه ئیتر خواستی گۆڕینی ڕژیم بووه‌ته یه‌كێك له پێش مه‌رجه پێویسته‌كانی دابین كردنی ئاو و به‌رق، كار و مه‌سكه‌ن.
خه‌ڵكی خووزستان له نابووت بوونی مه‌زراكان، سه‌رچاوه‌كانی ئاو، نهخڵستانهكان، له بێكاری و هه‌ڵاواردنی زمانی و كلتووری دژبه خه‌ڵكی عه‌ره‌بی خووزستان وه‌گیان هاتوون. خووزستان له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك له نه‌وت و گازه و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه شایه‌دی به‌تاڵانچوونی سه‌رچاوه سرووشتییه‌كانیان بوون و نه‌ته‌نیا نه‌یانتوانیوه له‌و سه‌روه‌ته مه‌زن و ملیاردییه له‌پێناو باشتر كردنی باروودۆخی ژیانیان كه‌ڵك وه‌رگرن به‌ڵكوو به‌هۆی هه‌بوونی هه‌ر ئه‌م سه‌رچاوه سرووشتییانه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی قه‌ومی، دژه عه‌ره‌ب بوونی سیستماتیك، ویشك كردن و به شۆره‌كات كردنی به‌شێك له خووزستان به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه. تۆفانی خۆڵ، بێ ئاوی و بێ به‌رقی، بێكاری، نه‌بوونی كه‌ره‌سته‌ی ده‌رمانی، گرانی، به نابوودی كێشانی به‌شی كشت و كاڵ و پێكهێنانی كۆسپ له‌سه‌ر ڕێگای دامه‌زراندنی خه‌ڵكی عه‌ره‌ب له ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌شێك له ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆماری ئیسلامی بۆ خه‌ڵكی خووزستان بووه.
خه‌ڵكی خووزستان له گه‌رمای ٥٠ پله‌دا ئاوی خواردنه‌وه‌یان نییه و ته‌نانه‌ت ئاژه‌ڵ و گامێشه‌كانیان له ڕووباره ویشك بووه‌كان و له ئاوه سوێرهكاندا، له‌به‌ر بێ ئاوی دههانكێنن و ده‌سته ده‌سته له‌ناو ده‌چن.
سیاسه‌تی ڕژیمی ئیسلامی له به‌رامبه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه و له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ئێران و جیهان دووپات كردنه‌وه‌ی هه‌مان ههڵیتوپڵیت و درۆنانه‌وه، دوژمن تاشینی كلیشه‌یی، قه‌تعی ئینتێرنێت و ڕێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئازادی هه‌واڵه‌كان، ده‌ستبه‌سه‌ر و ئه‌شكه‌نجه كردنی ناڕازیان و ڕوانه كردنی هێزی سه‌ركوتگه‌ر و تۆپ و تانك بۆ ناوچه‌كه‌یه.
ئه‌مجاره‌یان به‌هۆی خۆڕاگریی خه‌ڵكی خووزستان و به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی عه‌ره‌بی ئه‌م ناوچه‌یه، به‌هۆی بوونی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هه‌روه‌ها به‌هۆی تووڕه‌یی و نه‌فره‌تی گشتیی خه‌ڵكی ئێران له حكوومه‌تی ئیسلامی، پشتیوانیی جه‌ماوه‌ریی له خووزستان له ئاستی ئێران و جیهاندا پانتاییه‌كی یه‌كجار به‌رینتری بووه.
به‌شداریی به‌رینی لاوانی تووڕه و پێ‌داگر كه حكوومه‌تی ئیسلامی هیوای داهاتوویانی نابووت كردووه، حزووری به‌رچاوی ژنان، فره‌چه‌شنیی زمانی، كلتووری و نه‌ته‌وه‌یی ناڕازیان، حزووری هونه‌رمه‌ندان، ڕووناكبیران، وه‌رزشكاران، ڕۆژنامه‌وانان و نووسه‌ران بۆ پشتیوانی له خه‌ڵكی خووزستان، سه‌ركوتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی بۆ ڕژیم دژوارتر كردووه.
سه‌ركه‌وتنی خه‌ڵكی خووزستان له گره‌وی سه‌رتاسه‌ری بوونه‌وه‌ی خه‌بات، زه‌مینگیر كردنی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم له سه‌رتاسه‌ری ئێران، و پێویستی به هاتنه مه‌یدان و یه‌كگرتوویی هه‌رچی زیاتری جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش و زه‌حمه‌تكێش، هاتنه مه‌یدانی زیاتری كرێكاران و سه‌رتاسه‌ری بوونه‌وه‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌یه. بێگومان ئاكامی ئه‌م قۆناغه له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خووزستان هه‌رچیه‌ك بێت، په‌یوه‌ندیی نێوان خه‌ڵك و حكوومه‌ت بۆ باروودۆخ و هاوسه‌نگیی هێزی پێش ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه ناگه‌ڕێته‌وه.
خه‌باتی خه‌ڵكی خووزستان بۆ جارێكی دیكه و به‌هێزێكی زیاتره‌وه سته‌م و هه‌ڵاواردنی زاڵ و سیستماتیكی دژبه كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان له ئێران هێناوه‌ته مه‌یدان و حاشالێكردن له‌م هه‌ڵاواردن و سته‌مه قورسه، نه بۆ حكوومه‌تی ئیسلامی و نه بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیست و توندئاژۆی ئێرانی مه‌یسه‌ره.
خه‌ڵكی كوردستان كه پتر له چوار ده‌یه‌یه له‌ژێر باری قورسی سته‌م و هه‌ڵاواردنی حكوومه‌تی ئیسلامی دان، به هه‌موو تواناوه له خه‌بات و خواستی ئینسانیی خه‌ڵكی خووزستان، له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵاواردن دژبه خه‌ڵكی عه‌ره‌ب له خووزستان و له خه‌باتی كرێكاری و جه‌ماوه‌ری دژبه ڕژیم و له‌پێناو وه‌دیهاتنی ئازادی و به‌رابه‌ری دیفاع ده‌كه‌ن. پێویسته به‌ره‌و هاوپشتیی خه‌باتكارانه‌ی پته‌وتری خه‌ڵكی هاوچاره‌نووسی كوردستان و خووزستان و ئازه‌ربایجان و باقیی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه و سته‌ملێكراو له سه‌رتاسه‌ری ئێران هه‌نگاو هه‌ڵبگیرێت.