ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٤ی جۆزه‌ردان، عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی له وته تلوێزیۆنیهكانیدا ئاماژه‌ی به كوژرانی جۆرج فلۆید، پیاوه ڕهشپێستهكهی كه له لایه‌ن پۆلیسی ئه‌مریكاوه كوژرا، كرد. ئه‌و سه‌باره‌ت به وته‌كانی سه‌رانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا وتی: “خه‌ڵك ده‌كوژن و زمانیشیان درێژه”. ئه‌م ڕسته‌یه كه ده‌رخه‌ری ئه‌وپه‌ڕی بێشه‌رمیی خامنه‌ییه، ڕێك وه‌سفی حاڵی خۆیه‌تی له گشت ده‌ورانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا و به تایبه‌ت له‌م مانگانه‌ی دواییدا، له جه‌ره‌یانی كوشتاری مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ و كوشتاری موسافرانی فڕۆكه ئۆكراینیه‌كه.
له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئه‌م وتانه‌ی خامنه‌یی بووه‌ته ناوه‌رۆكی كه‌مپه‌ینێكی به‌رین بۆ ڕسواكردنی خۆی و ڕژیمی ئیسلامیی ئێران. له‌م كه‌مپه‌ینه‌دا بۆ جارێكی دیكه به بۆنه‌ی وته‌ی فریوكارانه‌ی خامنه‌یی سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌كانی ئه‌م دوایانه‌ی ئه‌مریكا، په‌ره‌وه‌نده‌ی جه‌نایه‌تی بێ ئه‌ژماری كۆماری ئیسلامی، له ماوه‌ی ٤٢ ساڵی ڕابردوو، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا كراوه‌ته‌وه. واته جه‌نایاتێك كه خامنه‌یی خۆی له تاوانباره سه‌ره‌كیه‌كانیه‌تی. ڕێكخراوه جیهانیه‌كان داكۆكیكاری مافی مرۆڤ له‌وانه ڕێكخراوی لێبۆردنی نێونه‌ته‌وه‌ییش به‌م كه‌مپه‌ینه په‌یوه‌ست بوون.
قهتڵوعامهكانی ده‌یه‌ی ٦٠ له زیندانه‌كان، ئێعدامی به‌كۆمه‌ڵ له كوردستان، كوشتاری خه‌ڵكی ئاواییه‌كانی قاڕنا و قه‌ڵاتان و ئیندرقاش و كانی مام سه‌ید و قه‌تڵه زینجیرهییهكان، كوشتنی به‌هاییه‌كان، كوشتنی خه‌ڵك له جه‌ره‌یانی ئاخێزه جه‌ماوه‌ریه‌كانی ٣٠ی جۆزه‌ردانی ساڵی ٦٠، ٩ی جۆزه‌ردانی ٧١، پووشپه‌ڕی ٧٨، خهرمانانی٧٩، جۆزهردانی٨٥، كوشتاری خه‌ڵك له جه‌ره‌یانی ئاخێزی ساڵه‌كانی ٨٨ تا ٩٠، ناسراو به بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، كوشتاری به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، كوشتنی به‌رده‌وامی كۆڵبه‌ران، كوشتنی موسافرانی فڕۆكه ئۆكراینیه‌كه به په‌دافه‌ندی هه‌وایی سپای پاسداران، كوشتنی په‌ناخوازانی ئه‌فغانستانی، ئێعدامی به‌ندكراوانی سیاسی كه له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا هیچ كات كۆتایی نه‌بووه و گه‌لێك جه‌نایه‌تی دیكه، كه باس كردنیان به‌ڕاستی هه‌ڵدانه‌وه‌ی مێژووی به‌ژانی پڕ له ئاگر و خوێنی كۆمه‌ڵگای ئێرانه. هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌م مێژوویه له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا بووه‌ته یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كهمپهینهكان دژبه كۆماری ئیسلامی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا.
كوژرانی دڵته‌زێنی جۆرج فلۆیدی ٤٦ ساڵه، كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكای هه‌ژاند و هاوشێوه‌ی برووسكه‌یه‌ك ئاگری بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌زنی كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌شانده‌وه. له ماوه‌یه‌كی كورتدا ملیۆنان كه‌س له خه‌ڵكی عه‌داڵه‌تخواز له پتر له ١٤٠ شاری ئه‌مریكا هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان دژبه هه‌ڵاواردن و بێ عه‌داڵه‌تی و سیاسه‌تی ڕاسیستیی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا به‌رز كرده‌وه. ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیه به‌رینه به خێرایی سنووره‌كانی ئه‌مریكای تێپه‌ڕاند و ده‌یان شاری له ناوچه جۆراوجۆره‌كانی جیهان گرته‌وه. ته‌نیا ئاماژه به خۆپیشاندانی ڕۆژی شه‌ممه، كه له یه‌ك ڕۆژدا له چه‌ندین شاری گه‌وره‌ی جیهان به‌ڕێوه‌چوو، به‌رینایی ئه‌م مارشه مه‌زنه جیهانیهمان دژبه ڕه‌گه‌زپه‌رستی و هه‌ڵاواردن و بێ عه‌داڵه‌تی پێ نیشان ده‌دات.
ڕۆژی شه‌ممه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه به‌خاتری ڕێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا داسهپێندراون، هه‌زاران كه‌س له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئۆرووپا له ناڕه‌زایه‌تی به ڕه‌گه‌زپه‌رستی و توندوتیژیی پۆلیس دژبه ڕه‌شپێسته‌كان هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. له له‌نده‌ن هه‌زاران دانیشتووی ئه‌م شاره به خۆپیشاندان له به‌رامبه‌ر پاڕله‌مانی ئینگلیس، دژبه هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی له ئه‌مریكا و سیاسه‌تی ڕاسیستی له ئاست جیهاندا درووشمیان وته‌وه. خۆپیشاندانی هاوشێوه له باقیی شاره‌كانی دیكه‌ی ئینگلیسیش به‌ڕێوه‌چوو. هه‌زاران كه‌س له پاریس، پێته‌ختی فه‌ڕانسه، سه‌ره‌ڕای بڕیاری پۆلیس سه‌باره‌ت به ڕێگری كردن له به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندان، له ناڕه‌زایه‌تی به توندوتیژیی پۆلیسی ئه‌مریكا و فه‌ڕانسه له‌گه‌ڵ ڕه‌شپێسته‌كان، هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. ناڕازیان له ئاست توندوتیژیی پۆلیس دژبه ڕه‌شپێسته‌كان و باقیی كه‌مینه‌كانی دیكه له شاره‌كانی فه‌ڕانسه له‌وانه لیل و لیۆن، له ڕۆژی شه‌ممه دا ده‌ستیان دایه خۆپیشاندان. هه‌زار كه‌س له دانیشتووانی بێرلین، پێته‌ختی ئاڵمانیش ڕۆژی شه‌ممه له ناڕه‌زایه‌تی به كوژرانی جۆرج فلۆید خۆپیشاندانێكی به‌رینیان به‌ڕێوه‌برد. یه‌كێك له درووشمه‌كانی به‌شداربووانی خۆپیشاندانه‌كانی بێرلین ئه‌وه بوو: “به بێ عه‌داڵه‌ت، ئاشتیه‌ك له كار دا نییه”. خۆپیشاندانی هاوشێوه له شاره‌كانی كۆڵن و دۆرسلدۆرفیش به‌ڕێوه‌چوو. شاره‌كانی وڵاتی ئیتالیاش ناوه‌ندی شكۆداری ناڕه‌زایه‌تی دژبه ڕه‌گه‌زپه‌رستی و سیاسه‌تی ڕاسیستیی ده‌وڵه‌ته‌كان بوون.
هه‌زاران كه‌س ڕۆژی شه‌ممه له شاره جۆراوجۆره‌كانی ئۆسترالیا له‌وانه سیدنی له ناڕه‌زایه‌تی به ڕه‌گه‌زپه‌رستی ده‌ستیان دایه خۆپیشاندان. كانه‌دا و شاری تۆرێنتۆ شایه‌دی یه‌كێكی دیكه له ناڕه‌زایه‌تیه به‌رینه‌كانی ڕۆژانی ڕابردوو بوو. له سێئوول پێته‌ختی كۆره‌ی باشوور، ڕۆژی شه‌ممه خه‌ڵك بۆ دووهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام بۆ هاوپشتی له‌گه‌ڵ قوربانیانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. له پێته‌ختی توونێسیش ڕۆژی شه‌ممه نه‌یارانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی خوازیاری به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی “عه‌داڵه‌ت“ی پاش مه‌رگی جۆرج فلۆید بوون. به‌شداربووان هه‌روه‌ها له‌م خۆپیشاندانه‌دا به نیسبه‌ت كاره‌ساتی ڕه‌گه‌زپه‌رستی له وڵاته‌كه‌ی خۆشیاندا ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی.
وته دژه ئامریكاییهكانی خامنه‌یی و داروده‌سته‌كانی ده‌ورووبه‌ری، نه ته‌نیا نه‌یتوانی جێگایه‌ك بۆ ئه‌و و ڕژیمه‌كه‌ی له كه‌مپه‌ینی جیهانیی دیفاع له مافی پێشێلكراوی ڕه‌شپێسته‌كانی ئه‌مریكادا، بكاته‌وه، به‌ڵكوو بوو به سه‌مبۆلی بێشه‌رمیی خامنه‌یی و ڕسوایی زیاتری ڕژیمهكهشی. ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایه‌تیی به‌رینی خه‌ڵك له شاره گه‌وره‌كانی ئه‌مریكا دژبه ڕگه‌زپه‌رستی و ڕاسیسمی ڕیشه‌دار له سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته، هه‌ڵچوونی تووڕه‌یی جهماوهرێكه كه له هه‌ژاری و ههواڵاردن و بێ عه‌داڵه‌تی و ناكۆكیی چینایه‌تی وه‌گیان هاتوون، ئه‌گه‌ر پشتوانیی خه‌ڵك له شوێنه جۆراوجۆره‌كانی جیهان له‌م ناڕه‌زایه‌تیانه، سه‌مبۆلی هاوپشتیی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه شه‌رمه‌زاری ڕه‌گه‌زپه‌رستییان بۆ قه‌بووڵ ناكرێت، دژه ئامریكایی بوونی خامنه‌یی و ڕژیمه جه‌نایه‌تكاره‌كه‌ی هیچ جێگه و پێگه‌یه‌كی له‌م مارشه جیهانیه‌دا نییه. فرمێسكی درۆیین ڕشتنی خامنه‌یی بۆ كوژرانی جۆرج فلۆید، كه خۆی ده‌ستی به خوێنی ده‌یان هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی مافخوازی ئێران ڕه‌نگاندووه ، ته‌نیا ڕیاكاری و ڕسواییه و هیچ بایهخیهكی نییه.