هه‌موو ئامار و داتاكان پێمان ده‌ڵێن كه شه‌پۆلی سێهه‌می كۆرۆنا، گشت ئێرانی داگرتووه. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی بێهداشت ڕایگه‌یاند كه له یه‌كه‌م تا دووهه‌می مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا، ٦ هه‌زار و ١٣٤ حاڵه‌تی نوێی تووش بوون به كۆرۆنا شناسایی كراوه. به وته‌ی ئه‌و، بۆ سێهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام ئاماری مه‌رگی ئه‌م نه‌خۆشییه له‌سه‌رووی ٣٠٠ كه‌سه‌وه بووه و به‌مجۆره، تا ڕێكه‌وتی ٢ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ٣١ هه‌زار و ٩٨٥ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه و ٥٥٦ هه‌زار و ٨٠٢ كه‌سیش تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه بوون. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مانه ئاماری ڕه‌سمیی به‌رپرسانی ڕژیمن و هاوكات له زۆرێك له میدیاكانه‌وه، له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی پزیشكی، باس له‌وه ده‌كرێ كه ئاماری تووش بووان و قوربانییان، لانیكه‌م دوو تا سێ هێنده‌ی ئه‌م ڕێژه‌یه‌یه. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی بێهداشت هاوكات ڕایگه‌یاند كه له‌و جێگه‌وه كه له ٤٣ شاری ئێران باروودۆخی قه‌یراناوی ڕاگه‌یه‌ندراوه، له ڕۆژی دووشه‌ممه ٥ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ره‌وه، بۆ ماوه‌ی یه‌ك حه‌فته به‌ربه‌ستی توند داده‌سه‌پێندرێ. كه‌وابوو هه‌موو نیشانه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه شه‌پۆلی سێهه‌می كۆرۆنا یه‌كجار به‌رینتر له شه‌پۆله‌كانی یه‌كه‌م و دووهه‌م، كۆمه‌ڵگا ده‌خاته ژێر چنگی خۆیه‌وه.
له گشت ئه‌م ماوه‌یه‌دا، واته له مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ڕابردۆوه هه‌تا ئێستا، سه‌رانی ڕژیم به‌رده‌وام درۆیان ته‌حویلی خه‌ڵك داوه. له شه‌پۆلی یه‌كه‌مدا، كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم، به‌و په‌ڕی بێشه‌رمییه‌وه، هاتنه به‌ر كامێرا‌كان و بۆ نموونه خامنه‌یی ڕاگه‌یاند كه ئه‌وه ”شه‌ڕێكی بیۆلۆژیكی“ی دوژمنه و له‌م كاناڵه‌وه هه‌وڵییان دا تا ئادره‌سی هه‌ڵه بده‌ن، به‌ڵام له كاتێكه‌وه كه وێنه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان هاتنه ناو میدیاكانه‌وه و ئه‌م ویرووسه شاره پیرۆزهكانیانی ته‌نییه‌وه، چارهیهكییان بێجگه‌له په‌نا بردن به ئاماری درۆیین، بۆ نه‌مایه‌وه. ڕووحانی ئیدیعای كرد كه به‌شوێن “پاراستنی گیان و دابین كردنی نان“ه‌وه‌یه. به‌ڵام پاش تێپه‌ڕینی ٧ مانگ، سه‌لمێندرا كه له‌ژێر سێبه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌م ڕژیمه‌دا، نه گیان پارێزراوه و نه نانیش دابین كراوه. حه‌قیقه‌تی تاڵی هێرشی ئه‌م ویرووسه بۆسه‌ر گشت كۆمه‌ڵگا، ئه‌وانی ناچار كرد كه په‌نا بۆ درۆ و خۆهه‌ڵكێشان به‌رن و خۆیان بكه‌نه قاره‌مانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م ویرووسه و كۆماری ئیسلامی نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو له بواری كۆنتڕۆڵ كردنی كۆرۆنا، پێناسه بكه‌ن. به‌ڵام خه‌ڵك به‌چاوی خۆیان ڕیزه دوور و درێژه‌كانی نانیان بینی، به‌چاوی خۆیان دابه‌زینی ٥٠ له‌سه‌دیی نرخی پاره و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی له‌ناكاوی ته‌وه‌رۆم و قیمه‌تی كاڵا سه‌ره‌كییه‌كانیان بینی. هاوكات خه‌ڵك بینییان كه چلۆن سه‌رانی ڕژیم هیچ باكێكیان نه‌بوو له‌وه‌یكه ڕێوڕه‌سمی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئه‌ربه‌عین به‌ڕێوه‌به‌رن تا ماشێنی خورافه و كۆنهپهرستییهكهیان ڕانه‌وه‌ستێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌رێك له كرده‌وه‌ی ڕژیم بوو له‌ئاست قه‌یرانی كۆرۆنا. به‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی ئه‌و هه‌ژاری و فهلاكهتهیه كه له‌م بواره‌دا، به‌رۆكی ملیۆنان كه‌سی ناو كۆمه‌ڵگای گرت. لێره‌ش وه‌ك هه‌موو شوێنێكی جیهان، یه‌كه‌مین قوربانیان ئه‌وانه بوون كه به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام، له‌ژێر چه‌رخه‌كانی نه‌زمی تاڵانكهردا ورد ده‌بن. ملیۆنان كه‌س له جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش نه ته‌نیا نه‌یانتوانی هه‌زینه‌ی تێستی كۆرۆنا بده‌ن، به‌ڵكوو له ترسی ده‌ركران و بێكار بوون، چارهیهكییان بێجگه‌له حزوور له شوێنه نائه‌منه‌كان بۆ نه‌مایه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش ڕه‌ها كردنی ملیۆنان كه‌سی ناو كۆمه‌ڵگایه به‌حاڵی خۆی. بۆ ده‌وڵه‌تی ڕووحانی گرینگ ئه‌وه بوو كه چه‌رخی به‌رهه‌مهێنان نه‌خه‌وێ و سه‌رمایه‌داران زیانیان پێ نه‌گات. له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه، ئه‌رته‌شی بێكاران ئه‌وه‌نده زۆرن كه ده‌توانن ده‌ستبه‌جێ جێگای قوربانییان بگرنه‌وه.
ئه‌م ملیۆنان حه‌قده‌ست وه‌رگره، كه له باروودۆخی ئاساییشدا، چه‌ند قات له ژێر هێڵێ هه‌ژاریدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و له باروودۆخێكدا كه چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی دۆلار، حه‌قده‌ستی كرێكاری گه‌یاندووه‌ته ٨٠ دۆلار له مانگدا، به مانای ڕاسته‌قینه‌ی ووشه، بۆ خوارتر له هێڵی هه‌ژاریی تۆخ، داخزاون.
هاوكات ڕژیم له ترسی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر، سیاسه‌تی سهركوتهكهشی په‌ره پێداوه. لانیكه‌م له مانگی ڕه‌زبه‌ره‌وه به‌ره‌و ئه‌ملا، شه‌پۆلی ده‌ستبه‌سه‌ر كردن، ڕاگواستنی به‌ندكراوان بۆ نائه‌منترین زیندانه‌كان و ده‌ركردنی حوكمی دژه مرۆیی، له ئارا دایه. له ٥ی مانگی ڕه‌زبه‌ره‌وه، سێ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئێستا و پێشووی ناوه‌ندی نووسه‌رانی ئێران، ڕه‌زا خه‌ندان، بێكتاش ئابتین، و كه‌یوان باژه‌ن به تۆمه‌تی “كۆبوونه‌وه و ساخت و پاخت دژبه ئه‌منییه‌تی وڵات” زیندانی كراون. له ١٠ی ڕه‌زبه‌ردا، ئارمان ئیسماعیلی، چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تی و لێكۆڵه‌ری بواری مۆسیقا، ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ شوێنێكی نادیار ڕاگوێزرا. له ١٥ی ڕه‌زبه‌ردا، ٥ چالاكی كرێكاری و كۆمه‌ڵایه‌تی، شه‌بنه‌م ئاشوری، ئێلوار قۆلی وه‌ند، نێدا پێرخزریان، ئاره‌ش جه‌واهێری و ئه‌ندیشه سه‌دری له ماڵی خۆیان ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ شوێنێكی نادیار ڕاگوێزران. هاوكات په‌یمان فه‌رهه‌نگیان شاعیر و هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری به ٣٨ ساڵ زیندان مه‌حكووم كرا. ڕۆژی هه‌ینی ٢٥ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، حه‌نیف شادلو، چالاكی بواری كرێكاری له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. بۆ ئیسماعیل عه‌بدی ئه‌ندامی ناوه‌ندی پیشه‌یی موعه‌لیمان كه مانگه‌كانی كۆتایی زیندانییه‌كه‌ی تێپه‌ڕ ده‌كرد، حوكمی ١٠ ساڵ زیندانی دیكه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا. به‌و لیسته پێویسته ناوی كۆمه‌ڵێك چالاكی كرێكاری و مه‌ده‌نیی دیكه له‌وانه حه‌عفه‌ر عه‌زیم زاده، محه‌ممه‌د حه‌بیبی، سپیده قولیان، زه‌ینه‌ب جه‌لالیان، نه‌سرین ستوده زیاد بكه‌ین كه بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ و ساڵه به‌ند كراون. هاوكات، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو، یه‌كی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، حوكمی ٣٨ ده‌ستبه‌سه‌ركراوی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ له شاری بێهبه‌هان، كه ده‌بێته سه‌رجه‌م ١٠٩ ساڵ حه‌بسی ته‌عزیری، دوو هه‌زار و ٥٩٠ زه‌ربه شهللاق و سی ملیۆن و ٣٠٠ هه‌زار تمه‌ن سزای نه‌خدی، ڕاگه‌یه‌ندرا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م باروودۆخه فهلاكهتباره و قه‌یرانی ئابووری و سیاسیی زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێران و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ڕه‌شبگیری و سهركوتگهرییهك و به پێچه‌وانه‌ی ئاواته‌كانی ڕژیم، هه‌موو ڕۆژێ به ژماره‌ی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنه‌كان زیاد ده‌كات. جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، به‌ڕاستی له‌وه گه‌یشتوون كه ناتوانن و نابێ ببنه قوربانیانی خامۆشی ئه‌م هه‌ژاری و فه‌لاكه‌ت و سه‌ركوتگه‌ری و دیكتاتۆرییه. جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك چیتر نایانهه‌وێ بیبینن كه چلۆن له جه‌رگه‌ی كۆرۆنادا، ده‌بنه قوربانی . چیتر نایانهه‌وێ ته‌ماشاچیی ئه‌وه بن كه چلۆن چالاكانی بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی، ناڕازیانی ئاخێزی مانگی به‌فرانباری و خه‌زه‌ڵوه‌ر، ده‌كێشنه بێدادگاكان و ڕه‌وانه‌ی زیندانه‌كانیان ده‌كه‌ن. هه‌موو نیشانه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه پۆتانسیه‌لێكی ئاڵوگۆڕ خوڵقێنی مه‌زن له ناخی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه دایه و ته‌نیا به‌شێكی، له ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنه‌كاندا، به‌ئاسته‌م خۆی نیشان ده‌دات و چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێكه كه گشت كارخانه و شه‌قامه‌كان بته‌نێته‌وه. بێگومان، سه‌رده‌می پاش كۆرۆنا، سه‌رده‌می هاتنه مه‌یدانی ئه‌م پۆتانسیه‌له مه‌زنه ئاڵوگۆڕخوڵقێنه ده‌بێت.