ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٧ی ڕه‌شه‌ممه خانه‌نشینكراوانی ته‌ئمینی ئیجتماعی و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له لاوانی داكۆكیكاری كرێكاران، له‌سه‌ر بانگهێشتی سێ ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆی خانه‌نشینكراوان، له تاران و لانیكه‌م ٢٠ شاری دیكه ده‌ستیان دایه كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی. ئه‌وه ٨مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م هاوڵاتییانه بوو له ناڕه‌زایه‌تی به ئاستی له‌خواره‌وه‌ی حقوق و باروودۆخی ناله‌باری ژیانیان. خانه‌نشینكراوان هه‌روه‌ك كرێكاران خوازیاری چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌ست و موستهمهرییهكانن بۆ سه‌رووی ١٢ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار تمه‌ن. به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی هاوسانسازی و ده‌رمانی ته‌كمیلی، خواستێكی دیكه‌ی ناڕازییانه. ئه‌وان هه‌روه‌ها خوازیاری ئه‌وه‌ن كه له به‌ڕێوه‌بردنی سندووقه‌كانی خانه‌نشینیدا ڕۆڵیان هه‌بێت و نوێنه‌رانیان له بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خانه‌نشینكراوان به‌شداری بكه‌ن. ئه‌وان له كۆبوونه‌وه‌كانی خۆیاندا درووشمی وه‌ك “حاسڵی كاری ده‌وڵه‌ت، تاڵانی پاره‌ی میلله‌ت“، “هاوار له‌ده‌ست زوڵم و سته‌م“، “حقووقه‌كان ڕیاڵین، هه‌زینه‌كان دۆلارین“، “ئه‌و هه‌مووه بێعهداڵهتێ، هه‌رگیز نه‌یدیوه میلله‌تێ“، گرانی و ته‌وه‌رۆم به‌ڵای گیانی خه‌ڵكه”یان، وته‌وه.
له تاران، هێزه ئینتزامی و ئه‌منییه‌كان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هێرشیان كرده سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی شه‌قامی ئازادی، له ده‌ورووبه‌ری سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی و وه‌زاره‌تی كار. سه‌ركوتگه‌ران، وێڕای به‌كارهێنانی توندوتیژیی فیزیكی دژبه ژنان و پیاوانی خانه‌نشینكراو و لاوانی خه‌باتكاری به‌شداربووی كۆبوونه‌وه‌كه، ژماره‌یه‌كیان لێ ده‌ستبه‌سه‌ر كردن. هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كان له چه‌ندین شوێنی دیكه‌ش هێرشیان كرده سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كان كه له‌گه‌ڵ موقاومه‌تی به‌رینی ناڕازییان به‌ره‌وڕوو بۆوه. سه‌ركوتگه‌رانی ڕژیم، ژماره‌یه‌كیان له به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌ستبه‌سه‌ر كرد به‌ڵام ناڕازیان بوێرانه ژماره‌یه‌ك له‌و دهستبهسهركراوانهیان له چه‌نگ سه‌ركوتگه‌ران ده‌رهێناوه و سه‌ره‌نجام هێزه ئه‌منییه‌كان توانییان ٣ لاو و خانه‌نشینكراوێك به‌رن.
“س. ئێقباڵ” له بابه‌تێكدا له‌ژێرناوی “خواستی خانه‌نشینكراوانی ته‌ئمینی ئیجتماعی” نووسیی: “٢٠ سندووقی خانه‌نشینی له ئاستی ئێران‌دا خه‌ریكی چالاكین كه له‌ناویاندا سندووقی ته‌ئمینی ئیجتماعی بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه. نزیك به ١١ ملیۆن كه‌س له كرێكارانی ئێرانیش هه‌موو مانگێك حه‌قی بیمه به‌م سندووقه ده‌ده‌ن. له به‌رامبه‌ردا ئه‌م سندووقه پتر له ٢ ملیۆن كه‌س له خانه‌نشینكراوانی ئێران ده‌گرێته‌وه و به شێوه‌ی گشتی نزیك به ٦ ملیۆن كه‌س مانگانه حقووق وه‌رده‌رگرن. به واتایه‌كی دیكه، پتر له ٤٤ ملیۆن كه‌س له هاووڵاتییانی ئێران ده‌فته‌رچه‌ی بیمه‌ی ته‌ئمینی ئیجتماعییان له ئیختیار دایه. له ڕاستیدا، ئێستا و داهاتووی پتر له نیوه‌ی ئێرانییه‌كان به چاره‌نووسی سندووقی ته‌ئمینی ئیجتماعییه‌وه گرێ دراوه كه له زومره‌ی گه‌نده‌ڵترین ناوه‌نده‌كانی كۆماری ئیسلامییه“.
كه‌ڵه‌كه بوونی ئه‌م سه‌رمایه گه‌وره‌یه له‌ناو سندووقی ته‌ئمینی ئیجتماعیدا بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه به‌رده‌وام ئه‌م سندووقه وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ماڵی و سه‌نعه‌تیی ئێران بناسرێت. تا ئه‌و جێگایه كه شیركه‌ته‌كانی سه‌ربه سندووقی ته‌ئمینی ئیجتماعی له ئێستادا به‌شێوه‌ی گشتی له سه‌نعه‌تی سیمان، ده‌رمان، نه‌وت و پێترۆشیمیی ئێران‌دا پتر له ٣٠ له‌سه‌دیان سه‌هام هه‌یه. به‌ڵام هه‌رگیز به‌ڕوونی و به‌وردی، پشكنینی ماڵی له‌و سه‌دان شیركه‌ته‌ی كه له ده‌وری سندووقی ئهئمینی ئیجتماعی كۆبوونه‌ته‌وه، نه‌كراوه. هه‌ر بۆیه به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌تی، سندووقی ته‌ئمینی ئیجتماعییان كردووه‌ته ڕمبازگهیهك بۆ گه‌نده‌ڵیی مافیای خۆیان.
خواستی خانه‌نشینكراوان كه له ڕۆژی ١٧ی ڕه‌شه‌ممه بۆ ٨مین جار به ئامانجی وه‌دی هاتنیان له به‌رامبه‌ر ناوه‌نده‌كانی ته‌ئمینی ئیجتماعی ده‌ستیان دایه كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی، بریتین له:
- په‌رداختی قه‌رزه‌كانی ده‌وڵه‌ت به سندووقی ته‌ئمینی ئیجتماعی
- به‌كرده‌وه ده‌رهێنانی نیزامی هاوئاهه‌نگ و هاوسانسازیی حقووقی خانه‌نشینكراوانی سندووقی ته‌ئمینی ئیجتماعی له‌گه‌ڵ حقووقی خانه‌نشینكراوان كشوه‌ری و له‌شكری
- بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حقووقی ساڵانه‌ی خانه‌نشینكراوان به پێی ئاستی ته‌وه‌رۆم و هه‌زێنه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئاسایی
- ده‌رمانی بێبه‌رامبه‌ر و ئیسلاحی نیزامی بیمه‌یی خانه‌نشینكراوان به بێ پێویستی به بیمه‌ی ته‌كمیلی
- به‌ڕه‌سمی ناسینی سه‌ربه‌خۆیی كامڵی سندووقی ته‌ئمینی ئیجتماعی
- سپاردنی بهڕێوهبهرایهنیی سندووقی ته‌ئمینی ئیجتماعی به خاوه‌نانی سه‌ره‌كی، واته به كرێكاران
- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ٢ له‌سه‌د كه‌سریی پێوه‌ندیدار به مادده‌ی ٨٩
- به‌شداری كردنی خانه‌نشینكراوان و كرێكارانی ئێران له بڕیاره‌كانی پێوه‌ندیدار به سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی
- دامه‌زراندنی سیستمی چاوه‌دێری و كۆنتڕۆڵیی پێشكه‌وتوو له‌ناو پێكهاته‌ی ماڵیی سندووق به هاوكاریی خانه‌نشینكراوانی به‌توانای ئه‌م بواره
- ئازادیی ده‌ستبه‌جێی ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ڕۆژی ١٧ی ڕه‌شه‌ممه
خه‌باتی كرێكارانی خانه‌نشینكراو له لایه‌ن هێندێك له ڕێكخراوه كرێكارییه‌كانی وه‌ك سه‌ندیكای شیركه‌تی واحید و كرێكارانی قه‌راردادی كاتیی شیركه‌تی نه‌وت پشتیوانیی لێكراوه. ئه‌وان له به‌شێك له ڕاگهیاندنهكهیاندا نووسییان:
“ئێمه كرێكاران چیتر ملكه‌چی هه‌ژاری و كۆیله‌تی نابین و به هه‌موو تواناوه له به‌رامبه‌ر هه‌مووجۆره ده‌ستدرێژییه‌ك بۆسه‌ر ژیانمان ڕاده‌وه‌ستین“.
پێویسته خه‌باتی ڕێكخراوی ئه‌م دوایانه‌ی خانه‌نشینكراوان، له لایه‌ن گشت ژنان و پیاوانی كرێكاره‌وه پشتوانی لێبكرێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه هه‌ر هه‌موویان له قۆناغێك له ژیانیاندا ده‌كه‌ونه پێگه‌ی ئه‌م خه‌باتكاره مافخوازانه‌وه. ڕێگری له تاڵانكاریی ده‌وڵه‌ت دژبه كرێكاران، داسه‌پاندنی لانیكهمی حه‌قده‌ستی مانگانه‌ی سه‌رووی ١٢ ملیۆن تمه‌ن و وه‌دی هاتنی باقیی داخوازیی خانه‌نشینكراوان، خواستی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵكی ئێرانه”.
پێویسته له‌بیرمان نه‌چێته‌وه كه خه‌باتی ئێستای خانه‌نشینكراوان، له هه‌مان حاڵ‌دا كه له‌ڕێگه‌ی پشتیوانیی گشت كرێكاران و ڕێكخراوه‌كانیان به‌هێز ده‌بێت، ئاستی خه‌باتی كرێكارانیش ده‌باته قۆناغێكی دیكه‌وه. كه‌وابوو پێویسته به هه‌موو شێوه‌یه‌كی گونجاو و مه‌یسه‌ر، چالاكانه پشتیوانی‌یان لێبكرێ.