له ماوه‌ی زیاتر له چوار ده‌یه خه‌بات و موقاومه‌ت له كوردستان، گه‌لێك سوننه‌تی پێشڕه‌وی به‌نرخ له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا سه‌قامگیر بووه. یه‌كێك له‌م سوننه‌تانه، به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی جیهانیی كرێكاره له زۆرێك شاره‌كانی كوردستان. له‌م ڕێوڕه‌سمانه‌دا كرێكاران به‌رده‌وام خواست و داخوازیی خۆیان له ڕێگه‌ی ده‌ركردنی بڕیارنامهكانهوه ڕاگه‌یاندووه و دژبه بێ مافی و چه‌وسانه‌وه و سته‌می داسه‌پاو له لایه‌ن خاوهنكاران و سه‌رمایه‌داران ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه و له‌سه‌ر پێكهێنانی ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆی كرێكاری و پێویستیی ڕێكخراوبوونی كرێكاران پێداگرییان كردووه. ڕژیمی ئیسلامی له ماوه‌ی سێ ساڵ پاش ڕووخانی ڕژیمی شا، به‌ره‌به‌ره شۆڕشی ئێرانی له بواره جۆراوجۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ره‌و شكست برد. بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، بزووتنه‌وه‌ی ژنان، بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری و بزووتنه‌وه‌ی كوردستان كه له بهچۆك داهێنانی ڕژیمی شادا ڕۆڵی سه‌ره‌كییان بوو، یه‌ك به‌دوای یه‌كدا كه‌وتنه به‌ر هێرشی وه‌حشیانه و ڕێكخراوی ڕژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو. ته‌نیا له به‌ره‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردستاندا موقاومه‌ت درێژه‌ی بوو. بۆ سه‌ركوت كردنی ئه‌م موقاومه‌ته، كۆماری ئیسلامی كه‌ش و هه‌وای كوردستانی به توندی میلیتاریزه كرد. دواتریش كه شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێران و عێراق به‌ره‌و كوردستان كێشرا، فه‌زای جه‌نگی دیسان توندتر بۆوه به‌ڵام له‌م كه‌ش و ههوایهشدا كرێكارانی كوردستان له به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمه‌كانی ڕۆژی جیهانیی كرێكار خافڵ نه‌بوون.
ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی له كوردستان له ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاوی واته له یه‌كه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی ڕووخانی ڕژیمی شا له باروودۆخێكدا به‌ڕێوه‌چوو كه له كوردستان شنه‌ی ئازادی هاتبوو. كۆمه‌ڵه و ڕێكخراوه سیاسییه چه‌په‌كان له كوردستان، ڕێوڕه‌سمی شكۆداریان له زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستان ڕێكخست. له‌م ڕێوڕه‌سمانه‌دا ده‌یان هه‌زار كه‌س به‌شدار بوون… .
لێره‌دا ده‌توانین ئاماژه به چه‌ند نموونه بكه‌ن. یه‌كێك له‌م نموونانه كه له كه‌ش و هه‌وایه‌كی ته‌واوه‌ن نیزامی و جه‌نگی، له ئاستێكی چكۆله به‌ڵام خه‌باتكارانه و سهرهنجڕاكێشدا به‌ڕێوه‌چوو، چالاكیی كرێكارانی پێشڕه‌وی مه‌هاباد له ساڵی ١٣٦٢ له‌وپه‌ڕی سه‌ركوت و زه‌بروزه‌نگ و شه‌ڕدا بوو. له‌و ساڵه‌دا، ژماره‌یه‌ك له كرێكارانی پێشڕه‌وی مه‌هاباد، بڕیاریان دا كه ساڵڕۆژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی به هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه ده‌توانن ڕێزی لێ‌بگرن.
ئه‌گه‌رچی فه‌زای جه‌نگی ڕێگه‌ی پێنه‌ده‌دان تا ڕێوڕه‌سمی گه‌وره به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵام ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته سه‌ره‌تاییه له‌و ساڵانه‌دا كه كۆمه‌ڵگا له‌ژێر گوشار و سه‌ركوت و زه‌بروزه‌نگدا بوو، ڕۆڵێكی یه‌كجار جیدیی له زیندوو ڕاگرتنی سوننه‌تی كرێكاری‌دا هه‌بوو كه بێگومان هه‌رگیز له‌بیرناچێته‌وه.
نموونه‌یه‌كی دیكه له ڕێوڕه‌سمی شكۆداری ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی، به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ڕۆژه له ساڵی ١٣٦٦ له شاری سنه بوو. له‌و ساڵه‌دا ئه‌گه‌رچی كۆماری ئیسلامی ده‌مێك بوو خۆی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه كرێكارییه‌كان ئاماده كردبوو و له ڕێگه‌ی هێزی سه‌ركوتگه‌ر و وه‌ڕێخستنی ته‌بلیغاتی جه‌نگی، كۆنتڕۆڵی شه‌قامه‌كان، گه‌مارۆدانی گه‌ڕه‌كه كرێكارییه‌كان و پشكنینی به‌رینی خه‌ڵك هاتبووه مه‌یدان و ڕایگه‌یاندبوو كه هیچ ڕێوڕه‌سمێكی سه‌ربه‌خۆ نابێ به‌ڕێوه‌بچێ، به‌ڵام ڕۆژی به‌رله ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی، كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی سنه ده‌ست به‌كار بوون و بانگهێشتهكانی پێوه‌ندیدار به به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئه‌م ڕۆژه‌یان له گه‌ڕه‌كه كرێكارییه‌كاندا بڵاو كرده‌وه و سه‌ره‌نجام چه‌ندین ڕێوڕهسمییان له “پاساژی عێزه‌تی، كارخانه‌ی پووشاك، كارخانه‌ی شاهۆ” و له‌ناو كرێكارانی “قه‌ناد” و بنه‌ماڵه كرێكارییه‌كاندا به‌ڕێوه‌برد. له ڕێوڕه‌سمی پاساژی عێزه‌تی كه پتر له ٢ هه‌زار كرێكار تێیدا به‌شدار بوون، له حاڵێكدا كه درووشمه‌كانی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی پاساژهكهی وه‌له‌رزه خستبوو، بڕیارنامه‌ی ١٧ ماده‌یی كرێكارانی سنه له لایه‌ن به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه ته‌ئید كرا.
بڕیارنامه‌ی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ساڵی ١٣٦٦ی كرێكارانی سنه، وێڕای هێنانه‌گۆڕی خواستی به‌ڕه‌سمی ناسینی ڕۆژی كرێكار و ته‌عتیلیی كار له‌م ڕۆژه‌دا، خوازیاری مافی ڕێكخراوبوون و مانگرتن، ٤٠ سه‌عات كاری حه‌فتانه، حه‌قده‌ستی گونجاو له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆم، قه‌ده‌غه كردنی كاری منداڵانی ژێر ته‌مه‌نی ١٨ ساڵ، بایه‌خدانی تایبه‌ت به ژنانی كرێكار و چه‌ند خواستی دیكه بوو.
نموونه‌یه‌كی دیكه له‌و ڕێوڕه‌سمه شكۆدار و ڕه‌زمه‌ندانه‌ی كه له مێژووی خه‌باتی كرێكارانی ئێران‌دا تۆمار كراوه، به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ساڵی ١٣٦٨ی شاری سنه‌یه. له‌م ڕۆژه‌دا كرێكاران له ساڵۆنی وه‌رزشیی ته‌ختیی سنه كۆبوونه‌وه‌كی گه‌وره‌یان به‌ڕێوه‌برد. ڕێوڕه‌سمه‌كه به سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ ده‌ستپێكرد و به وتاربێژیی پڕگڕوتینی كرێكاری كۆمۆنیستی گیان به‌ختكردوو “جه‌ماڵ چراغ وه‌یسی” درێژه‌ی بوو.
كرێكاری گیان به‌ختكردوو “جه‌ماڵ چراغ وه‌یسی” له وتاره پڕناوه‌رۆك و خهباتكارانهكهیدا، سه‌ره‌ڕای شیكردنه‌وه‌ی باروودۆخی فه‌لاكه‌تباری ژیانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان، له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی یه‌كگرتوویی و هاوپشتیی و پێویستیی پێكهێنانی ڕێكخراوی كرێكاری و هه‌روه‌ها پته‌و كردنی ڕیزی خه‌باتكارانه دژبه نیزامی سه‌رمایه‌داری و باروودۆخی نابه‌رابه‌ری كۆمه‌ڵگا ته‌ئكیدی كرد. دیمه‌نه شكۆدارهكانی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ساڵی ١٣٦٨ی هه‌تاوی له سنه، هیچكات له‌بیرناچنه‌وه.
ئه‌م ڕێوڕه‌سمه شكۆداره و ڕێوڕه‌سمه‌كانی ساڵی دواتر له شاره‌كانی كوردستان، به‌جۆرێك ڕێكخراو و داهێنه‌رانه به‌ڕێوه‌ده‌چوون كه له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕ بوونی هه‌موو ساڵێك سوننه‌تی تازه به سوننه‌ته‌كانی ڕابردوو زیاد ده‌بوون. ڕێوڕه‌سمی شكۆداری ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی له شاری سه‌قز، ئه‌زموونێكی به‌بایه‌خی هه‌ڵسووڕاوانی كرێكارییه له كوردستان. ڕێوڕه‌سمی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی له شاری سه‌قز له ساڵی ١٣٨٣، لهباردووخێكدا به‌ڕێوه‌چوو كه بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندبوو. له‌م كاته‌وه به‌ره‌و ئه‌ملا سه‌ره‌ڕای توندتر بوونه‌وه‌ی گوشاره‌كانی پۆلیس و به‌پێچه‌وانه‌ی تۆقاندن و ده‌ستبه‌سه‌ركردن و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ی كرێكارانی پێشڕه‌و و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری، كرێكاران له خۆده‌رخستنی چینایه‌تیی خۆیاندا، متمانه‌به‌خۆیی زیاتریان په‌یدا كرد.
كرێكاران له‌م قۆناغه‌وه به‌ره‌و ئه‌ملا، هه‌موو ساڵێ به گڕوتینی زیاتره‌وه بهرهوپێری ڕۆژی خۆیانه‌وه چوون، له ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی عه‌له‌نیی ڕێوڕه‌سمی سه‌ربه‌خۆی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی، به شكڵ و شێوازی جۆراوجۆر، له مافی كۆبوونه‌وه و به‌ڕێوه‌ردنی ڕێوڕه‌سمی سه‌ربه‌خۆی ڕۆژی جیهانیی كرێكار دیفاعیان كردووه، ئاڵای خه‌باتی سه‌ره‌به‌خۆی كرێكارییان هه‌ڵكردووه، داخوازیی ئابووری و سیاسیی خۆیان هێناوه‌ته گۆڕێ، له‌سه‌ر خواستی چینایه‌تیی خۆیان پێداگریان كردووه و به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه تا سوننه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی سه‌ربه‌خۆ و عه‌له‌نی له‌ناو شاره‌كاندا سه‌قامگیرتر بكه‌ن.