کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خراپی بارودۆخی یەمەن بە هۆی شەڕی نیابەتیەوە

چوار ساڵە کە خەڵکی یەمەن بەهۆی شەڕی نیابەتی نێوان دەوڵەتانی کۆنەپەرست و دژی بەشەری عەرەبستانی سعودی و کۆماری ئیسلامییەوە بەرەو رووی مەرگ و کوشتار و ماڵ وێرانی زیاتر بوونەتەوە. بۆمبارانی بەردەوامی عەرەبستان گەلێک لە شارەکانی یەمەنی شەڕ لێدراو و توشی قاتوقڕی هاتووی وێران کردوە. لە سێ ساڵی ڕابردودا بەهۆی ئەو شەڕە جەنایەتکارانەوە ١٠ هەزار کەس لە خەڵكی یەمەن کوژراون و زیاتر لە ٥٣ هەزار کەسیش بریندار بوون. نەخۆشینەکانی واگیرداری وەک ” وەبا” گیانی زیاتر لە یەک ملیۆن ئینسانی خستۆتە بەر ‌هەڕەشەی مەرگ. خەڵکی یەمەن کە پێشتریش لەباری ئابووریەوە لە بارودۆخێکی خراپدا بوون، لەگەڵ بەرپا بوونی شەڕ بارودۆخی بەڕێچوونیان گەلێک خراپتر و فەلاکەتبارتر بووە تا جێگایەک کە دەیان هەزار منداڵ بەهۆی برسیەتیەوە بەرەو رووی مردن بوونەتەوە.

بەشوێن هێرشە موشەکیەکانی حەوتوی ڕابردووی حوسیەکانەوە بۆسەر چەند شارێکی عەرەبستان، گەلێک لە دەوڵەتانی ئوروپایی، غەیرە ئوروپایی، ئەمریکا، یەکێتی ئوروپا، دەبیر کوللی سازمانی ملەل کە تا ئێستا لە بەرانبەر جەنایەتە جەنگیەکان لە یەمەن بێدەنگ بوون، بەخاتری بەرژەوەندییە مادی و ئابووریەکان لە پێوەند لەگەڵ عەرەبستان، بەخێرایی کاردانەوەیان نیشاندا. ئیوارەی رۆژی چوارشەممە ٨ مانگی خاکەلێوە جەلەسەی شوڕای ئەمنیەتی سازمانی ملەلیان بەڕێوەبرد و هێرشی موشەکی حوسیەکانیان بۆسەر عەرەبستان مەحکوم کرد. ئەوان ناڕاستەوخۆ هۆشداریان دایە کۆماری ئیسلامی کە قەتعنامەی ٢٢١٦ ی سازمانی ملەلی بە چەکدار کردنی حوسیەکان پێشێل کردوە. لەم پێوەندیەدا رۆژی پێنجشەممە ٩ ی مانگی خاکەلێوە وەزیری دەرەوەی فەرانسە ڕاستەخۆ لە کۆماری ئیسلامی وەک دەوڵەتێک ناوبرد کە حوسیەکان چەکدار دەکات. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی دانی موشەکی دوور هاوێژ بە حوسیەکان ڕەد دەکاتەوە، بەڵام چاودێرانی نیزامی و ژمارەیەک لە گوروپە توێژەرەوەکان و ئەنستیتۆ نێونەتەوەییەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە موشەکەکان و یان قەتعەکانی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دخرێتە ئیختیار حوسیەکانەوە. بەپێی ئیدیعای عەرەبستان حوسیەکان تا ئێستا ١٠٤ موشەکی دوور هاوێژیی ئێرانییان بەرەو ئەو وڵاتە هاویشتوە.

زل هێزە ئیمپڕیالیستیەکان بە بەرەکەتی بەرپا کردنی شەڕە ناوچەییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تا ئێستا توانیویانە بە سەدان میلیارد دۆلار لەبەرانبەر فرۆشتنی چەكدا بە دەوڵەتانی ناوچەکە بە تایبەت بە دەوڵەتانی کەنداو بخەنە گیرفانیانەوە. ئەم چەکانە کە بە هەزینەی خەڵکی ناوچەکە دەکڕدرێن، بۆ تەسویە حیسابی هێزە سەرمایەداریەکان لە کێشمەکێشی دابەش کردنی دەسەڵاتدا بەکار هاتوون و بوونەتە هۆی کوشتار و وێرانی و ئاوارە بوون لە سوریە، لیبی، عێڕاق، یەمەن و وڵاتانی تری ناوچەکەدا.

کۆماری ئیسلامی کە لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەکەدا پایەکی سەرەکی مەسەلەکەیە، خۆی دەخاڵەتگەری لە کێشە ناوچەییەکاندا لە وانە لە یەمەن تەئید دەکات. عەلی خامنەیی لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا بە ئاشکرا دانی نا بە دەخاڵەتەکانی ڕژیم لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا. سیاسەتی دەخاڵەتگەرانەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەکەدا بە ئامانجی درێژەی حاکمیەتەکەی و بە بردنی قەیرانە نێوخۆییەکانی بۆ نێو وڵاتانی ناوچەکە، بە سەرف کردنی سەدان میلیارد دۆلار بە کردەوە دەرهاتون. بەڵام ئاکامی دەستەبەر بوو لەم دخاڵەتگەریانە بۆ خەڵکی ئێران تا ئێستا بێجگە لە گوشار و داسەپاندنی تەحریمی نێونەتەوەیی هیچ شتێکی دیکە نەبووە. ئەم تەحریمانە کە بەداخەوە ڕاستەخۆ دوکەڵەکەی دەچێتە چاوی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشەوە، بەشبەحاڵی خۆی لە توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری، هەژاری، بێکاری و نابەسامانی زیاتری کۆمەڵایەتیدا لە ئێران کاریگەرییەکی زۆری هەبووە.

لە نەزەر ئەمریکا و دەوڵەتە هاوپەیمانە ئوروپاییەکانیەوە دخاڵەتە شەڕئەنگێزانە و تەوسعە تەڵەبانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، پێشێل کردنی چەند بەشێکی نەنووسراو لە قەراردادی بەرجامە کە کۆماری ئیسلامی سەربارەت بەوانە تەعەهودی دابوو. چ بەم دەلیلە و چ بە هۆی دەستەبەر کردنی ڕەزامەندی و تەماع وەبەرنانی ئەمریکا لە لایەن عەرەبستان و ئیسرایلەوە، ئەمریکا هەڕەشەی هاتنەدەر لە بەرجام و سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی تەحریمەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی دەکات. ئەمەش دەوڵەتانی فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیای بۆ ڕازی کردن و پەشیمان کردنەوەی ئەمریکا، وادار بە هەوڵدان و داسەپاندنی تەحریمی زیاتر لەدژی کۆماری ئیسلامی کردوە. حەوتە نامەی ئیشپیگل چاپی ئاڵمان پێشتر ئاشکرای کردبوو کە:” پێشنیاری تەرحی تەحریمی زیاتر لە دژی ڕژیم، بە هۆی بەرنامەی تەوسعە تەڵەبانەی موشەکی دوور هاوێژ و دخاڵەت کردن لە شەڕی سوریە و یەمەندا هاتۆتە گۆڕێ.” لە وەها بارودۆخێکدا هاویشتنی ٧ موشەکی بالستیک لە لایەن حوسیەکانەوە بەرەو شارەکانی عەرەستان، نە تەنیا بواری بۆ داسەپاندنی ته‌حریمی زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامیدا زیاتر کردووە، بەڵکو ئەگەری بەرپابوونی شەڕی روو بە روو و راستەوخۆش لە نێوان کۆماری ئیسلامی و عەرەبستاندا فەراهەم دەکات. وەک ئەوەی عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی عەرەبستان رۆژی سێشەممە لە نیویورک لە کۆمەڵێک قسەی توند دا، لەسەر مافی دەوڵەتەکەی بۆ وڵامدانەوەی نیزامی بە کرداری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی جەختی کردەوە. بێگومان هۆشداری وەزیری دەرەوەی سعودی بە کۆماری ئیسلامی، لە پشتیوانی ئەمریکا بەهرەمەندە.

حوسیەکان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پشتیوانی دەکرێن، گوروپێکی ئیسلامگەرای شیعەی زەیدین کە نە تەنیا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەڵکو لەگەڵ باقی گوروپە توندڕەوە شیعەکان لەوانە حیزبوڵڵای لوبنانیش نزیکایەتیان هەیە. تا ئەو جێگایەی کە عەبدولمەلیک حوسی ڕێبەری بزوتنەوەی ئەنسار اللەی یەمەن چەند رۆژ لەوەپێش ڕایەگیاند:” لەهەر بەرەو روو بوونەیەکی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای هێزە حوسییەکان لەپاڵ حیزبوڵڵای لوبناندا لە دژی ئیسرائیل شەڕ دەکەن”. حوسیەکان کە لە ساڵی ٢٠١١ وە بەشێک لە یەمەنیان لەبەر دەست دایە، وەک کۆماری ئیسلامی و حەماس و باقی ڕەوتە ئیسلامیەکان، بنەمای سیستەمی حاکمیەتیان سەریعەتی ئیسلامە. لەم ماوەیەدا نیشانیان داوە کە نە گەڵاڵەیەکیان بۆ دروست کردنی ئاڵوگۆڕ و بەرەو پێش چوونی کۆمەڵگا هەیە و نە دابین کردنی هیچ ڕادیەک لە ئازادیە دیموکراتیکەکان و ڕیفاه و ئاسودەییان بۆ خەڵکی یەمەن لە بەرنامە و بیر کردنەوەدا هەیە. بەڵام گرفت لێرەدایە کە نە تەنیا حوسیەکان بەڵکو جەریاناتی تری مەوجود لە یەمه‌نیش لەوانە لە حکومەتی دەست نیشاندەی عەبد ڕبە مەنسورهادیەوە بیگرە تا جیایی خوازەکانی باشوری یەمەن کە لایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەکرێن ناتوانن کۆتایی بە شەڕ و بارودۆخێکی فەلاکەتبار بێنن کە بەسەر خەڵکیاندا سەپاندوە. نه‌ئه‌توانن ئه‌منییه‌ت بۆ خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و نه‌ئه‌توانن خەڵکی هەژار و ستەمدیتو لە شەڕی ئەو دەوڵەت و گوروپە خراپکارانە ڕزگار بکەن. بێگومان خەڵکی یەمەنیش وەک خەڵکی باقی وڵاتەکان تەنیا کاتێک دەتوانن لە چنگ هەژاری و فەلاکەت و نائەمنی ڕزگاریان بێت کە کرێکاران و جەماوەری ژنان و پیاوانی زەحمەتکێش یەکگرتو و لێبڕاو بۆ ڕزگار بوونیان بێنە مەیدان و خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-