کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خانەنشینانی وشیار فریو نادرێن

bf01a0c1e2624b084efa0ad7a2038e9e

هەندێک لە میدیاکان و لەوان وەزیری کاریش،  ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوە، هەراوهوریایەکی زۆریان وەڕێخست و ئیدیعایان کرد کە گوایە هەواڵێکی خۆشیان بۆ خانەنشینانی سندوقی لەشکری پێیە. هەواڵە خۆشەکەش ئەوە بوو کە کابینەی پزیشکیان ئەمڕۆ ئەو ٢٠ لەسەدە زیادبووەی کە بەڵێن درابوو، دەخاتە سەر حیسابەکەیان. یەکێک لە بەناو کارناسە خۆفریودەرەکان، زیادبوونی ٢٠ لەسەدی بە ڕێژەیەکی بەرچاو ناو بردووە و وتوویەتی کە لانیکەمی حەقدەستی ئەو خانەنشینانە، دەگاتە یازدە میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن لە مانگدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنانەت هەندێک بەرپرسی دەوڵەتی، دانیان بەوەدا ناوە کە هێڵی هەژاریی بۆ خێزانێکی ٤ کەسی نزیکەی ٣٦ میلیۆن تمەنە. ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان ئەم ژمارەیەیان بە ٦٠ میلیۆن تمەن لە مانگدا خەمڵاندووە.

ژمارەیەک لە خانەنشینانی سندوقی لەشکری ڕۆژەکانی یەکشەممەی هەموو هەفتەیەک، لەگەڵ خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە دروشمیتەنیا لەسەر شەقامەکان بەدەست دێت مافمەکانمانلە کۆبوونەوە ناڕەزایەتی و ڕێپێوانەکاندا بەشداریان کردووە و فریوکارییەکانی بەرپرسانیان، بە دروشمی خەباتکارانە بە گاڵتە گرتووە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی سیاسیهەواڵیی پەیام، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە تاران، شووش، ڕەشت، ئەهواز و کرماشان، لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان، سەرلەنوێ لە بەردەم ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی شارەکانی خۆیان کۆبوونەوە.

خانەنشینان، هەروەک کۆبوونەوەکانی پێشوو، خوازیاری جێبەجێکردنی دروستی مادەکانی ٩٦ و ١١١ی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی، باشترکردنی حەقدەست و بارودۆخی ژیانیان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەرامبەر و دانەوەی قەرزی دەوڵەت بە ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بوون. داواکارییەکانی تریان بریتی بوون لە زیادکردنی حەقدەستەکان بەپێی تێچووی ژیان و بەپێی پێوەرە یاساییەکان و هەروەها هاوتاکردنی تەواوی حەقدەستەکان.

تەنیا خانەنشینانی لەشکری، کیشوەری و دەستەبەری کۆمەڵایەتی نین کە بە شێوەیەکی بەردەوام لە یەکێک لە ڕۆژەکانی هەفتەدا داواکارییە بژێوی و سیاسییەکانی خۆیان، بە گوێی هەمووان دەگەیەنن. بەپێی هەواڵی پەیام، ژمارەیەک لە خانەنشینانی فولادیش ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوە، لە ناڕەزایەتی بە وەڵام نەدانەوە بە داواکارییەکانیان لە تاران، ئیسفەهان و مازەندەران دەستیان دایە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان. ئەم خانەنشینانە بە هەڵگرتنی پلاکارد، خوازیاری هاوتاکردنی حەقدەستەکانیان بەپێی کۆنووسی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بوون. لابردنی سەقفی مووچە، پێدانی زیادکردنی ٦٥ لەسەدی ساڵەکانی ١٣٩٩ و ١٤٠٠ و هەروەها دەرمانی بەخۆڕایی، لە زومرەی داواکارییەکانی دیکەی خانەنشینانی فولادن کە دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون، هێشتا جێبەجێ نەکراوە. خانەنشینانی پیشەسازی فولاد ڕایانگەیاند: بەهۆی ئەو کێشانەی کە بۆ بیمەی تەکمیلی پێش هاتووە، ئەوان ناچارن، بۆخۆیان تێچووی زیادە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان بدەن و سەرەڕای ئەوەش، دیسانیش خزمەتگوزارییەکی تەندروستی گونجاو وەرناگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیقتیساد، ئاماری خانەنشینان لە ئێران تا کۆتایی ساڵی ١٤٠٠ گەیشتووەتە ٦ میلیۆن و ٣٨٨ هەزار کەس. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زۆرترین ژمارەی خانەنشینان لە ئێران، سەر بە ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتین. ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە ئێستادا ١٥ میلیۆن و ١٣٠ هەزار و ١٥ کەس بیمەکراوی سەرەکی هەیە. لەم پێوەندییەدا ٣ میلیۆن و ٥٨٨ هەزار و ٣٧٤ کەس مووچەخۆر لە سیستەمی ئەم ڕێکخراوەدا تۆمار کراون. بە واتایەکی تر تا ساڵی ١٤٠٠ زۆرترین خانەنشینەکان، بریتی بوون لە کرێکارانی ڕەنج دیتووی بوارە جۆراوجۆرەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و خزمەتگوزاری. نزیکەی ٦٥ لەسەدی ئەم ژن و پیاوانە لانیکەمی حەقدەستیان پێدەدرێت و زۆربەی نزیک بە تەواویان، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی ئەم خانەنشینانە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە شارە جۆراوجۆرەکان، هەرچی زیاتر لە یەک نزیکبوونەتەوە و رێکخراوەکانی خۆیان پێکهێناوە. لە نێوان ڕێکخراوەکانی خانەنشیناندا دەتوانین ئاماژە بەشۆڕای خانەنشینان،یەکێتی سەراسەری خانەنشینانی ئێران،گرووپی یەکێتی خانەنشینان،ئەنجوومەنی خانەنشینانی بەشی پێوەندییەکانو چەندین ڕێکخراوی دیکە بکەین. هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی ئەوان هەوڵیان داوە، پەیوەندی لەگەڵ یەکتر پتەوتر بکەن و ڕێکخراوێکی سەرتاسەری ئێرانی پێک بێنن. “گرووپی یەکێتی خانەنشینانجۆزەردانی ١٤٠٢ لە بەیاننامەیەکدا ئەو چەند خاڵەی خوارەوەی وەبیرهێنانەوەیە:

هەر ئێستا ڕێکخراوی جۆراوجۆر لە بەشە جیاوازەکانی خانەنشینان پێکهاتوون و بە شێوەی جیا لە یەکتر چالاکی دەکەن. ئەم چالاکییە تاک و تەرانە، کاریگەری و ڕەنگدانەوەیەکی ئەوتۆیان نییە. کاتی ئەوە هاتووە کە کۆتایی بەم پەرشوبڵاوییە بهێنرێت. خانەنشینانی وشیار و پێشڕەو و باقی  هەڵسووڕاوانی تر، دەتوانن و دەبێت لە هەوڵی دروستکردنی ڕێکخراوێکی یەکگرتووی سەرتاسەریدا بن کە بەرژەوەندی گشتی خانەنشینان نوێنەرایەتی بکات و لەپێناو دەستەبەرکردنی دا خەبات تێبکۆشێت. ڕێکخراوێکی ئەوتۆ دەتوانێت ئەو ناڕەزایەتییە زۆر و بەڵام پەرشوبڵاوانەی ئێستا بەیەکەوە گرێبدات و بەرپرسان، دامەزراوەکان و تەنانەت دەوڵەتیش بەشێوەیەکی گشتی بخاتە ژێر گوشار و ناچاریان بکات داواکارییەکانی خانەنشینان قبوڵ بکەن.

  

هەڵسووڕان و پێشڕەوانی خانەنشینان کە خۆیان بەبزووتنەوەی خانەنشینانناوی دەبەن، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هەوڵیانداوە بە ناسینی هەرچی زیاتری پێشڕەوانی تر لە شارە جۆراوجۆرەکان، بەرەو پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سەرتاسەری لەو چەشنە هەنگاو بنێن. ئەوان هاوکات هەوڵیان داوە لەگەڵ هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر و بەتایبەت بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ژنان پەیوەندییەکی چڕوپڕ دروست بکەن. ئەوان هەروەها خۆیان لە چوارچێوەی داواکارییە بژێوییەکاندا سنووردار نەکردووە، بەڵکوو دروشم و داواکارییە سیاسییەکانی خۆیان دژ بە ئۆرگانە سەرەکییە دەوڵەتییەکان و دژ بە گەندەڵی جێگری ڕژێمیش هێناوەتە گۆڕێ. ژنان و پیاوانی پێشڕەوی خانەنشین، بە ئاشکرا پشتیوانییان لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیکردووە، قارەمانەکانیان ستایش کردووە و هەوڵی دڕندانەی بەرپرسان و مەئموورانی سەرکوتگەریان بە توندی مەحکووم کردووە و خوازیاری کۆتاییهاتنیان بوون. خانەنشینانی خەباتکار لە نێوان داواکارییە سیاسییەکانی خۆیاندا، بە شێوەیەکی بەردەوام خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام و حوکمی ئێعدامی وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی و هەروەها ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بوون.