کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خامنەیی و سپا سه‌رقاڵی مودیریەتی فازی دووهەمی سازش لەگەڵ ئامریکان

 رۆژنامەی محافزەکاری “وال ستریت ژۆرناڵ” رۆژی جومعه‌ ٢٤ی مانگی رێبەندانی ساڵی ٩٣ لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە رێبەری کۆماری ئیسلامی، وڵامێکی نهێنی بە نامەکەی سەرۆک کۆماری ئامریکا داوەتەوە. بەدوای دزە پێکردنی ئاگاهانەی ئەم ماجەرایە، راوێژکاری نوێنەری وەلی فەقیە لە سپای پاسداراندا لە وتووێژ لەگەڵ كاناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئەلعالەم رایگەیاند کە، باراک ئۆباما نامە گۆڕینەوەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و بە تایبەت خامنەییدا هەبووە. بە وتەی ناوبراو ئەم مکاتباتە “موحتەرەمانە، مەعقول و مەنتیقیە”. یەکەم نامەی ئۆباما بۆ خامنەیی چەند هەفتە پێش هەڵبژاردنی مانگی جۆزه‌ردانی ساڵی ٨٨ نووسرا. لەو کاتەشدا نامەکەی ئۆباما تا رادەیەک گۆڕینی راوێژ و ئاڵووگۆڕ لە مەشی دیپلۆماتیکی کاربەدەستانی ئێرانی بەشوێنەوە بوو. ئەم ئاڵوگۆڕی راوێژە بە تێپەڕ بوونی کات روونتر بۆوە. ئەم ئاڵووگۆڕه لە راستیدا دەرخەری ئاڵوگۆڕ لە پێگەی کۆماری ئیسلامی چ لە نێوخۆدا بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ خەڵک و چ لە پێگەی ناوچەیی رژیمدا بووە. لە نامەکەی مانگی جۆزه‌ردانی ساڵی ٨٨ وە تا دوایین نامەیەک کە بۆ خامنەیی نووسراوە، گوشاری راستەقینەی ته‌حریمه‌ ئابوورییەکان، رژیمی ئیسلامی چەندین قات لاوازتر کردووە. ئەم لاوازیەش، ئاڵووگۆڕ لە سیاس373ەتی رژیمی لە بەرانبەر پێوەندی لەگەڵ رۆژئاوا و مەسەلەی هەستەییدا بەشوێنەوە بووە.

 

لەڕاستیدا هاتنەسەرکاری حەسەن رۆحانی یەکێک لە کاردانەوەکانی ئەم ئاڵوگۆڕانه‌ بووە. لەو کاته‌دا خامنەیی لەسەر سیاسەتی نەرمی نواندنی قارەمانانە” دەرخەری پاشه‌کشه‌ی بەناو ئابڕومەندانە لە پێوەند لەگەڵ دەوڵەتی ئامریکا جەختی ده‌كرده‌وه‌. “نەرمشی قارەمانانە” بەیانی فۆرمۆلە کراوی خەت و مەشی نوێی رژیم لە وتووێژە هەستەییەکاندا بوو. بەشوێن ئەم پێوەندیەدا کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئامریکا و دەوڵەتانی رۆژئاواییدا بەکردەوە چووە نێو فازێکی ترەوە. ئەم پاشه‌کشێیه‌ سیاسیە بوو کە هەموو باڵەکانی نێو رژیم سەبارەت به‌ پێویست به‌ کۆک بوون و لەفازییە جاروبارەکان ئاڵوگۆڕێکی تێدا بەدی نەهێنا.

سەرانی کۆماری ئیسلامی لەمرۆدا بەم ئاکامە گەیشتوون کە دەبێ بڕوا بە راستیەکانی پێگەی لاوازی خۆیان بێنن. بارودۆخی نەخۆش و شپرزەی ئابووری و قەیرانی قووڵی سیاسی، خامنەیی و سپای پاسدارانی بەو ئاکامە گەیاندووە کە خۆیان راستەوخۆ فازی دووهەمی “نەرمشی قارەمانە” واتە سەر نەوی کردنی زیاتر لە بەرانبەر داواکارییەکانی ئامریکادا مودیریەت بکەن.

بە لەبەرچاوگرتنی لەبەردەمدا بوونی دوو شانۆگەری هەڵبژاردن لە ئێران، شانۆگەری مه‌جلیسی شورای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگانی رێبەریی، بەهێز کردنی ئەم پێگەیە بۆ خامنەیی و سپای پاسداران، گرنگیەکی تایبه‌تی هه‌یه‌. لەم روەوەیە کە نامە گۆڕینەوەی نوێ دەتوانێ بە جۆرێک لە خزمەت ئەم ئامانجەشدا بێت. شایەت بە سه‌رنجدان بەم رویکه‌ردەیە کە ژمارەیەک پێیان خۆشە وڵامدانەوە بە نامەکەی ئۆباما بە “هەنگاوێکی قارەمانانە” لە لایەن خامنەییەوە بزانن و بە “نەرمشی قارەمانانەی دوهەم” لەقەڵەمی بدەن. تا بەمجۆرە لە لایەکەوە هەنگاوێک بەرەوپێش لە راستای بەهێز کردنی پێگەی باڵەکەیاندا هه‌ڵبگرێت و لە لایەکی ترەوە وڵام بە نیازە واقعیەکانی خۆیان واتە تێپەڕ بوون لە مەوقعیەتی نابەسامانی ئێستا لە پێوەند لەگەڵ رۆژئاوادا بدەنەوە.

ئاشکرایە کە باڵە حکومەتیەکان بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابووری و بەرەنگار بوونەوەی ئاخێزی خەڵک بە تەسلیم بوون لە بەرانبەر ئامریکا و رۆژئاوادا، وەک تەنیا رێگاچارەیەک شک دەبەن و پەنایان بۆهێناوە. ئەوان نیازی حکومەتی ئیسلامی بە درێژەی حاکمیەتی خۆی لە رێگای ئەم سازشەوەیان هەست پێکردوە و پیلان گێڕییەکانیان لەبەرانبەر یەکتردا ئاڵوگۆڕێک لەم راستیەدا پێکناهێنێت. بەڵام لە هەمانحاڵدا خۆیان ئاگاداری گرفتەکانی بەرەوپێش بردنی ئەم سیاسەتە هەن و دەزانن کە ئەم کارە بە ئاسانی مومکین نییە. لەبەر ئەوەی لە لایەکەوە پاشه‌کشێی رژیم، لایەنی بەرانبەری ناچار بە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر دەکات و کارەکە بۆ کۆماری ئیسلامی دژوارتر دەکات و لە لایەکی دیكه‌وه‌ ئەم رژیمە لە درێژەی دەورانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا بەرەنگاربوونەوەی ئامریکا و رۆژئاوای کردۆتە مه‌سەلەیەکی هۆویەتی بۆخۆی، تەسلیم بوون لەبەرانبەر رۆژئاوا و لە هەمانحاڵدا پشت کردن لەم هۆویەتەش. لەم روەوە خامنەیی و سپای پاسداران لەگەڵ ئەوەدا کە نایانەوێ ئیمتیازی ئەم سازشە بچێتە گیرفای رەقیبەکانیانەوە، لە هەمانحالێشدا بە یارمەتی رۆحانی و که‌سانی وەک ئەو هەوڵ ئەدەن تا ئەو جێگایەی مومکین بێت ژەهری ئەم سازشە بپاڵێون. واتە لە ئاکامەکانی بەهرەمەند بن بەبێ ئەوەیکە بەرپرسیاریەتی راستەخۆی بگرنە ئەستۆ.

راستیەکەی ئەوەیە کە مەترسی لێکهەڵوەشانی ئابووری و خرۆشانی قینی خەڵک بۆ هەموو باڵەکانی رژیم جیدی تر لەوەیە کە دەرفەتی سازش لەگەڵ رۆژئاوا لەدەست بدەن. لە بارودۆخی ئێستادا سەرجەم باڵەکانی ناوخۆی رژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەو ناکۆکیانەی بەیەکەوە هەیانە، بۆ دەرچوون لەم بونبەستە ئابووریە و دوورخستنەوەی مەترسی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی، ملیان داوەتە سیاسەتی سازش لەگەڵ ئامریکا. سپای پاسداران کە هەموو ئەم پرۆژەیە بەڕێوەدەبات، هەم مەیدان بە نەیارانی ئەم سیاسەتە ئەدات خۆ نیشان بدەن و هەم چرا سەوزی سازشی بۆ هەیئەتی وتووێژکار لەگەڵ رۆژئاوا هەڵکردووە. لەخۆڕا نییە ئەگەر ناوەرۆکی نامە گۆڕینەوەی نێوان ئۆباما و خامنەیی لە لایەن بەهێزترین ناوەندی سیاسی و ئابوورییەوە لە ئێران واتە سپای پاسداران، “موحتەرەمانە، مەعقول و مەنتیقی” ناو دەبرێت

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-