رۆژی یەکشەممە ١٧ مانگی جۆزەردان رەحمان فەزلی وەزیری نێوخۆی دەوڵەتی رۆحانی ڕاپۆرتێکی دوور و درێژی لە پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لە ئێران پێشکەشی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی کردن. ئەم ڕاپۆرتە ئەگەرچی بە شێوەی ئاسایی ڕێژەی ڕاستەقینەی زیانه کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستی ئێراندا نیشان نادات، بەڵام ڕاگەیاندنی ڕەسمی و ئاشکرای لەم ئاستەشدا هەژێنەرە. ناوبراو وتی ” لە ئێراندا ١١ ملیۆن حاشیە نشین هەیە کە لە ٢٧٠٠ گەڕەک لە پەڕاوێزی شارە گەورەکاندا دەژین. ملیۆنێک و سێسەد هەزار بێکاری ناونووس کراو بونیان هەیە و لە هێندێک ناوچەی ئێراندا ٦٠ لەسەدی خەڵکی ئامادە بەکار بێکارن. ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس موعتادن؛ ئیعتیاد هۆکاری تەڵاق و جیابوونەوەکانە؛ ٣٦ لەسەدی هاوسەرگیریەکان بە جیابوونەوە کۆتاییان دێت و ساڵانە ٦٠٠ هەزار کەس دەکەونە زیندان.”بێجگە لەوەی کە لە هەموو ئەو بوارانەی کە وەزیری نێوخۆ ئاماژەی پێکردن ڕەقەمی ڕاستیەقینەی گەلێک هەژێنەر تر هەن و ناکۆکیەکان و ئەو نادادپەروەریانەش که لە کۆمەڵگادا بوونیان هەیە تەنیا بە خاڵەکانی جێی ئاماژەی ڕەحمان فەزڵی بەرتەسک نابێتەوە، پرسیار ئەوەیە چی روویداوە کە دەوڵەتی رۆحانی لە جەلەسەی ئاشکرای مەجلیسدا چەند گۆشەیەک لەو بەڵایانەی کە ئەم ڕژیمە بەسەر خەڵکی ئەم ولاتەیدا هێناوە، بەم شێوەیە و بێ پەروا ئاشکرا دەکات؟ بۆچی ئەم دەوڵەتە ناتوانێ لە کارنامەی چەند ساڵەیدا، لە هامانحاڵدا ئامارێک لە پێشکەوتن لە بواری کەم بوونەوەی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان پێشکەش بکات؟ وڵامەکەی دەبێ لە ئاخرین بەشی قسەکانی ئەم وەزیرەی دەوڵەتی رۆحانیدا بدۆزینەوە. ڕەحمان فەزڵی لە قسەکانیدا چەند جار جەختی کردەوە کە هەموو ئەم ڕاستیانەی بە ئاگاداری خامنەییش گەیاندوە و لەم بوارەدا داوای ئەوەی لێکردوە کە بڵێ دەبێ چی بکرێت. وەزیری نیوخۆ بە ئاشکرایی هەوڵی ئەدا تا خامنەیی لە بەرپرسیاریەتی ئەم نابەسانیانەی لە کۆمەڵگادا بوونیان هەیە بەشداری بدات.
بەڵام لەم نێوانەدا خامنەییش بێکار دانەنیشت و بەخێرایی تۆپەکەی هاویشتەوە مەیدانی دەوڵەت. بەم ئامانجە لە هەمان رۆژدا نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی بانگ کرد بۆ ماڵەکەی و لەم بوارانەدا قسەی کرد. ئەو هۆشداری دا کە ” دوژمن لە هەوڵ دایە” تا ئەو کەلێنانەی کە لە کۆمەڵگادا بوونیان هەیە بکاتە بومەلەرزە. ئەو داوای لە نوێنەرانی مەجلیس کرد کە بەر بە هاتنەدی ئەم ” تەرحەی دوژمن” بگرن. ئەو وتی کە دوژمن بە کەڵک وەرگتن لە پیلانی موشکلاتی ئابووری وەک ڕکود و بێکاری لە هەوڵی زەربە دان لە حکومەتی ئیسلامی دایە. ئەو ئاماژەی بە بێکاری بە تایبەت بێکاری لاوان کرد و ئەوی بە مایەی شەرمەزاری بۆ نیزامی ئیسلامی دانا. ئەو روو بە کاربەدەستانی دەوڵەتی جەختی کردەوە کە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە گەورە کۆمەڵایەتیە دەبێ ئێقداماتی جیدی ئەنجام بدرێت و سەرئەنجام لە وڵامێکی ناڕاستەوخۆدا بە وەزیری نێوخۆ وتی” تەنیا قسە کردن هیچ دادێک نادات.”
خامنەیی دواتر مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بانگهێشت کرد بۆ گرتنە پێشی هەڵوێستی ” روون و لێبڕاوانە” لە بەرانبەر نەیارانی ڕژیمی ئیسلامیدا و وتی کە نابێ لە بەرانبەر دوژمندا لە گۆڕەپانی سیاسیدا سیاسەتی ئینفعالی بگرنە پێش. ئەو داوای لە نوێنەرانی مەجلیس کرد کە لە بەرانبەر هەڵوێستی دوژمنانەی ئامریکادا کاردانەوەیان هەبێت و لە بەرانبەر سیاسەتەکانیدا ڕابوەستن.
تەنیا چەند رۆژ دوای ئەوەیکە هەردوو لایەن لە ساڵیادی مەرگی خومەینیدا سوێندیان خوارد کە گۆیا هاوئاهەنگن و کێشەیەک لە نێوانیاندا نییە، ئەم جۆرە قسانە دەکرێت. فەزای زاڵ بەسەر قسەی هەردوولایاندا دەرخەری دوو ڕاستی ئاشکرایە. یەکەم ئەوەی کە هەردوو باڵەکە حکومت بە توندی نیگەرانی کاردانەوەی خەڵکن لە بەرانبەر بارودۆخێکی داسەپاودا کە ئەم ڕژیمە بەسەر ژیانی زۆربەی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندوە. ئەمە ترسی هاوبەشی ئەوانە. دووهەم ئەوەی کە هەردوو باڵەکە هەوڵئەدەن ئەویتر بکەنە سپەری بەڵای خۆیان. لە لایەکەوە خامنەیی و هاوڕێکانی دەڵێن کە تەوافوقی هەستەیی هیچ دەستکەوتێکی نەبووە و لە لایەکی دیکەشەوە رۆحانی و هاوکارەکانی لە دەوڵەتدا لە وڵامدا ئەڵێن”: بەفەرمون ئەمەش کێشە و گرفتەکانی وڵات، ئێوە ئەگەر دەتوانن ڕێگاچارەی باشتر پێشکەش بکەن.” لە ڕاستیدا قسەی هەردوو باڵەکە دەخەری یەک ڕاستییە و ئەویش ئەوەیکە نە لە ڕێگای تەوافوقی هەستەیی رۆحانیەوە لەگەڵ ئامریکا، نانێک هاتە سەر سفەری خەڵک و نە دروشمی دژی ئامریکایی خامنەییش ئیتر کەس لەم وڵاتەدا فریو ئەدات.
تەجروبە نیشانی خەڵکی ئێرانی داوە کە باڵەکانی ڕژیم هەر ناکۆکیەکیان هەبێت، لە یەک شتدا هابەشن و ئەویش ڕزگار کردنی ڕژیمی ئیسلامیە لە قەیرانێکی قوڵ کە تێیدا پەلەقاژەیەتی. هەرکامە و ڕێگا چارەی خۆی بە کارسازتر دەزانێ. بەڵام ئامانجی خەڵک ڕزگار بوونە لە دەست ئەم ڕژیمە. لەم روەوە ئاشکرایە کە شەڕ و کێشەکانی نێوخۆی بنەماڵەی ڕژیم ناتوانێ پشتیوانێک بێت بۆ دابین بوونی ویست و داواکاریەکانی خەڵک. دەبێ ئەم ڕژیمە بە گشت باڵ و دەستە بەندیەکانیەوە فڕێبدرێنە زبڵدانی مێژوەوە.