کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خاشەبڕ کردنی نەخوێندەواری گرێدەراوە بە ڕیشە کێش بوونی ڕژیمی ئیسلامیەوه

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری حکومەتی ئیسنا دوێنێ عەلی باقر زادە سەرۆکی سازمانی نێهزەتی سەوادئاموزی ئێران چووە بۆلای ئایەتوڵا ئەعرافی مودیری حەوزە عیلمیەکانی ئێران لە شاری قوم تا بە هاورێیەتی ئەو و بە یارمەتی حەوزە بەناو عیلمیەکان چارەسەرێک بۆ خەبات لەدژی نەخوێندەواری بدۆزنەوە. بە وتەی ئەم هەواڵنێرییە قەرارە ئەم دوو ناوەندە بە هاوکاری یەکتر شاخسی خوێنەدەوار بوون لە ئێراندا بگۆڕن. باقر زادە بە هەواڵنێری ئیسنای وتووە کە ١٢،٥ لەسەدی جەمعیەتی ئێران نەخوێنەوارن. کە بەم جۆرە ڕەقەمێکی نزیک بە ٩ ملیۆن کەس دەبێت. بەڵام هەر لەم رۆژەدا و بە پێی ڕاپۆرتی هەر ئەم هەواڵنێریە محەممەد بتحایی، وەزیری ئاموزش و پەروەرش، باسی لە کەم بوونەوەی نەخوێندەواری بۆ ١٠ لەسەد کردوە. ئەوەش نیشانەیەکی دیکەیە لەوەیکە ناکرێ باوەڕ بە هیچ ئامارێک لە لایەن بەرپرسانی ڕژیمەوە بکرێت.

هەڵبەت خودی باقر زادەش ناڕاستەخۆ ئیعتیڕافی کردوە کە ئەم ئامارە تەنیا کەسانێک دەگرێتەوە کە وەک نەخوێندەوار تۆمار کراون. بێ گومان ئەم ئامارە لانیکەم منداڵانی بانتر لە ٦ ساڵ کە ناچنە قوتابخانە لەخۆی ناگرێت. زانیاریەک لە ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو نەخوێندەوارانەی کە لە ئامار گیریەکاندا خۆیان بە خوێندەوار تۆمار کردوە لەبەر دەستدا نییە. لەگەڵ ئەوەش لە ڕێژەی نەخوێندەوارانی ڕاستەقینە لە دێهاتە دوورە دەستەکان و تەنانەت لە پەراوێزی شارەکانیش زانیارییەکی ڕاست لەبەر دەستدا نییە. بێجگە لەوە لە کۆماری ئیسلامیدا سەبارەت بە خوێندەوار یان نەخوێندەوار بوون پێناسەی جیاواز هەیە و ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی نا دەقیق بوونی ئامارەکان. ئاماری نەخوێندەواری لەنێو ژنان و پیاواندا جیاوازە. ناوەندی ئاماری ئێران ژمارەی نەخوێندەوارانی ژنی نزیک بە دوو هێندەی پیاوانی بێ سەواد ڕاگەیاندوە. بەڵام هەر کە سەرۆکی نێهزەتی سەواد ئاموزی ئێران بۆ خەبات لەدژی نەخوێندەواری دەستەوداوێنی حەوزە بەناو عیلمیەکان دەبێت خۆی ئاشکرا ترین نیشانەی داماوی سیستمی سەواد ئاموزی و وەرشکست بوونی ناوەندێکە کە بەم مەبەستە ڕێکخراوە.219

لە کۆماری ئیسلامیدا سەرەڕای بە هەدەر چوونی ساڵانە بڕێکی زۆر پارە بە ناوی بودجەی ئاموزش و خوێندەوار کردن، ئاماری نەخوێندەوارەکان بە بەراورد لەگەڵ زیاد بوونی جەمعیەت لە باشترین حاڵەتدا وەک خۆی ماوەتەوە. بەپێی ئاماری ڕەسمی لە مەودای نیوان ساڵەکانی ١٣٩٠ تا ١٣٩٥، تەنیا دوو دەهەمی لەسەد لە ژمارەی نەخوێندەواران لە ئێران کەم بۆتەوە. ئەوەش ئاشکرایە کە ڕێژەی نەخوێندەواری لە نێو کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا گەلێک لە ژمارەی نەخوێندەوارەکان لەنێو چین و توێژەکانی دیکەدا زیاترە. ئەمڕۆ و لە دەیەی دووهەمی سەدەی ٢١دا و لە بارودۆخێکدا کە تەنانەت هەبوونی توانایی خوێندنەوە و نووسین پێوانەی تەواو نین بۆ خوێندەوار بوون، کاربەدەستانی ڕژیم خۆیان ئیعتیراف بە بوونی ٩ ملیۆن نەخوێندەوار دەکەن. ئەمە نیشانەی کارنامەی تاوانبارانەی کۆماری ئیسلامییە لە بواری خەبات لەگەڵ نەخوێندەواریدا.

بەپێی تاریفی ناوەندی ئاماری ئێران کەسێک کە بتوانێ مەتنێکی ئاسایی بە زمانی فارسی بنوسێت یان بخوێنێتەوە وەک کەسێکی خوێندەوار حیساب دەکرێت و هاوتای پلەی خوێندەوارێکی دەورەی سەرەتاییە. بەڵام لەسەر بنەمای پێوانە ئەمڕۆییەکان خوێندەوار کەسێکە کە بتوانێ لە سەوادەکەی بۆ بەرز کردنەوەی ئاگاهی و شارەزاییەکانی و باشتر کردنی ژیان و پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی کەڵک وەربگرێت. بە بوونی کامپیوتێر و ئنترنێت بە بەشێک لە کار و ژیان، پێویستە ژنان و پیاوان لانیکەم توانایی بەکار هێنانی ئەم جۆرە ئامرازانە و خوێندنەوەی مودێڕنیان هەبێت، تا وەک خوێندەوارێک حیسابیان بۆ بکرێت. ئەگەر کەسێک لەم تواناییە بێبەش بێت کەمتر دەتوانێ ئاستی زانست و زانیاریەکانی بەرز بکاتەوە. کۆماری ئیسلامی بە توند کردنەوەی هەژاری و برسیەتی لە کۆمەڵگادا و بە شیوەی ئاموزشدانی دواکەوتوانە، منداڵانی خەڵک و بە تایبەت منداڵی بنەماڵە کرێکاریەکان لە کەڵک وەرگرتن لە ئیمکاناتی پێشکەتوو بێبەش کردووە. بێجگە لە نەخوێندەوار بوونی بە تەواوەتی بەملیۆن ئنسان کە ئەساسەن بەسەر توێژی خوارەوەی کۆمەڵگادا سەپێندراوە، کۆماری ئیسلامی لەباری چۆنایەتیشەوە ئاموزشی بەرەو دواوە بردۆتەوە. دەستەوداوێن بوونی حەوزەی عیلمیە نەتەنیا بە واتای خەبات لەگەڵ نەخوێندەواری نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پەرەدان بە کۆنەپەرستی و دروست کردنی بەربەستێک لەسەر ڕێگای بەرەو پێش چوون و پێشڕەفتی ئینسانەکاندا.

کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەیکە وای پیشان ئەدات کە گۆیا گرنگی بە چارەسەری گرفتی نەخوێندەواری ئەدات، بەڵام لەوێوە کە زۆرترین بەشی بودجەی ساڵانە سەرفی چالاکیە نیزامی و ئەمنیەتیەکان دەکرێت و بازاڕی گەندەڵی و تاڵانچێتی ماڵی و ئیداری گەرمە، هیچ یەک لەو تەرح و گەڵاڵانەی کە تا ئێستا بەکار هاتون سەرئەنجامێکی سەرکەوتوانەیان نەبووە. ئەم ڕژیمە بەو ڕادەیەی کە گرنگی بە ئیدارە و بەڕێوەبردنی ڕێکوپێکی کلاسەکانی قورئان و ئاموزشی مەداحی و سەر و سامان دان بە حەوزەکانی بەناو عیلمیە و ئەو کلاسانەی کە بێ واسیتە خورافە و کۆنەپەرستی ڕەواج پێ ئەدەن ئەدات، بەو ڕادەیە ئیدارە کردنی مونەزەمی کلاسەکانی سەواد ئاموزی بە مامۆستای بێ گرفت و بێ دڵەڕاوکێوە بەلاوە گرنگ نییە.

دەبێ نەخوێندەوارەکان لە دنیای پڕ لە ئاڵوگۆڕی ئەمرۆدا بە واتای ڕاستەقینەی وشە و بە پێی ستانداردە جیهانیەکان خوێندەوار بکرێن. بەڵام لە ئێرانی ئەمرۆدا ڕژیمێک حاکمە کە نایەوێ و ناتوانێ لەم بوارەدا هەنگاوێکی بنەڕەتی هەڵبگرێت و ئەو پرۆژانەش کە لەم بوارەدا هەیەتی بوونەتە بڵقی سەرئاو. لەم ڕوەوە دەستەبەر بوونی ئەم داخوازیە سەرەتاییانەش گرێدراون بە ڕزگار بوونی خەڵکی ئێران لە چنگ ئەم ڕژیمە.