کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حەوت ملیۆن تەمەن، لانیکەمی حەقدەستی ڕاستەقینەیە بۆ ئەمرۆ

46

مانگەکانی کۆتایی هەموو ساڵێک کێشمە کێشێکی چینایەتی لەسەر دیاری کرانی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە نێوان هەوڵسوڕاوەکانی تەشەکول و ناوەندە کرێکارایەکان لە لایەک و خاوەنکاران و ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵ باسەکانی پێوەندیدار بە دیاری کرانی لانیکەمی حەقدەستەکان لە بارودۆخێکدا دەبێتە دڵەڕاوکێی کرێکاران کە بارودۆخی ئابووری ڕژیم بەهۆی توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری و ساختاری ڕژیم و پەرەسەندنی گەندەڵی و دزی نیهادینە لە سەرتاپای ڕژیمدا، مەترسی بێکاری و هەژاری و برسیەتی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی دوو هێندە کردوە. دەرێژەی سیاسەتە زێدەخوزانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا و کاریگەری تەحریمەکانی ئەمریکاش بۆتە سەربار و ئاستی ئەم نیگەرانیانەی زیاتر کردوە. لەبەر ئەوەی دوکەڵی ئەم جۆرە بارودۆخە بەر لە هەموان چۆتە چاوی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی هەژاری کۆمەڵگاوە و ژیان و بەڕێچوونیانی خستۆتە بەردەم مەترسی جیدیەوە. بەدرێژایی ئەمساڵ داڕمانی ئەرزشی ڕیاڵ لە بەرانبەر باقی ئەرزەکانی تردا، پەرەسەندنی بێکاری و زیادتر بوونی تەوەڕوم و گرانی سات بە ساتی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک، توانایی کڕینیانی دوو هێندە دابەزاندوە. تا ئەو جێگایەی کە ئێستا گەلێک لە مادە خۆراکیەکانی لەسەر سفرەیان لابردوە.

ئەوەی کە دەوڵەت لەبەرانبەر ئەم بارودۆخەدا تا ئیستا ئەنجامی داوە پێشکەش کردنی لایەحەی بوودجه‌یه‌ بۆ ساڵی ١٣٩٨ کە بەپێی ئەو زیاد بوونێکی ٢٠ لەسەدی بە لانیکەمی حەقدەستەکان لەبەرچاو گیراوە. واتای کرداریی ئەوه‌ بریتیە لە زیاد بوونێکی ٣٤٠ هەزار تەمەنی لە مانگدا بە حەقدەستەکانی ئێستای مانگانەی کرێکارانەوە. کە بە نرخی ئەمرۆ بەرابەری قیمەتی ٣ کیلۆ گۆشتە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی بەرئاوردی سندوقی نێونەتەوەیی پوڵ مامناوەندی هەزینەی ژیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی لە ئێران لە ساڵی ٩٨، حەوت ملیۆن تەمەن دەبێت. لەمساڵدا قیمەتی هێندێک لە کالاکانی جێی پێداویستی ژیانی خەڵک تا ٢٠٠ لەسەد بەرز بۆتەوە. هەڵبەت لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نابێ چاوەڕوانیەکی دیکەت هەبێت. لەم نێوانەدا بەناو” شوڕای باڵای کار” دەست پوختی دەوڵەتی تەدبیر و ئیمیدیش بە پەیڕەوی لە داخوازیەکانی دەوڵەت و سەرمایەداران، شەرمێونانە ڕایگەیاند کە هەزینەی سەبەدی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی ٣،٣ کەسی بۆ ئەمساڵ ٣ ملیۆن و ٧٦٠ هەزار تمەن دەبێت. ئەندامانی” کومیەتی سێ لایەنەی حەقدەست”ی ئەم شوڕا دژی کرێکاریەی پێکهاتوو لە نوێنەرانی خاوەنکاران، نوێنەرانی ڕێكخراوه‌ کرێکاریە دەست سازەکانی ڕژیم، بەبێ ئامادە بوون و دخاڵەتی نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکاران دەستیان کردوە بە تەبلیغ و بڵاو کردنەوەی ئەم جۆرە ڕەقەمە جەعلیانە لە پێوەند لەگەڵ لانیکەمی حەقدەست. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستان و بەرپرسانی دز و گەندەڵی ڕژیم و سەدان هەزار ئاخوندی مشەخۆر بە وەرگرتنی حقوقی نجومی و بەهرەمەند بوون لە ڕانتە حکومەتیەکان لە گیرفانی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیتو، بوونەتە خاوەنی بە میلیارد دۆلار و ژیانێکی ئەعیانی و پڕ لە ڕیفاه.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە ناوەند و ڕێكخراوه‌ کرێکاریەکان لەم کێشە چینایەتیەدا لە هەوڵدان تا لانیکەمی حەقدەست بەگەیەننە ئاستێک کە بتوانن هەزینەی ژیانێکی ئاسایی بنەماڵەیەکی کرێکاری دابین بکەن. لە نمونەی ئەو چالاکیانە، هەنگاوی هاوبەشی ١٠ تەشەکول و ناوەندی کرێکاری لە ده‌ركردنی دوو به‌یانییه‌ بە ڕێکەوتی یەکەم و نۆیەمی مانگی بەفرانبارە. لەم ڕاگەیاندنانەدا سەندیکاکان، ڕێكخراوه‌ سەربەخۆ کرێکارییەکان و خانەنشینان خوازیاری خەباتێکی یەکگرتوانە و ڕێکخراوی ئابووری- سیاسی لە ڕاستای دابین بوونی ٧ ملیۆن تەمەن وەک لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٣٩٨ بوون. واژۆکارانی ئەم بەیانیانە بریتی بوون لە: سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانی تاران و دەوروبەر، سەندیکای شیرکەتی گشت و سەنعەتی نەیشەکەری حەوت تەپە، کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێكخراوه‌ کرێکاریەکان، گوروپی یەکێتی خانەنشینان، سەندیکای کرێکارانی پرۆژەی پارسی جنوبی، سەندیکای کرێکارانی پیتروشیمیەکانی ناوچەی ماەشەهر و بەندەری خومەینی، چالاکانی کرێکاری شوش و ئەندیمشک، هەڵسوراوانی کرێکاری جنوب و کۆمەڵێک لە کرێکارانی مێحوەری تاران- کەرەج، لەم بەیانیانەی تەشەکول کرێکاریەکاندا بە ئاماژە بە گرانی و بێکاری بەرین و ژیان بەسەر بردن لەژێر هێڵێ هەژاری زۆربەی کۆمەڵ، بەرئاوردی دوو ملیۆن و ٤٨٠ هەزار تمەن لە لایەن” شوڕای باڵای کار”ەوە وەک سەبەدی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی کرێکاری و زیاد کرانی ٢٠ لەسەدی حەق دەستی کرێکاران لە ساڵی ٩٨ دا ناڕەزایەتی پیشاندراوە. لە بەشێک لەو بەیانیەدا هاتوە:” بەدوای بێکاری و گرانی هەوسار پساودا، دێوەزمەی هەژاری سێبەری شومی خۆی خستۆتە سەر ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان. لەوەها بارودۆخێکدا کرێکاران لەسەر بنەمای یاساکانی دژی کرێکاری لە ئاستێک لە موزد بەهرەمەندن کە ٥ بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاری دایە و بە زەحمەت دەتوانن هەزینەی یەک حەفتەی بنەماڵەکەیان دابین بکەن.” ئەم بیانیە حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی بە هۆکار و سەبەبکاری سەرەکی ئەو قەیرانانە زانیوە کە کۆمەڵگای ئێرانیان گەیاندۆتە بارودۆخی تەقینەوە و بوونەتەی هۆکاری تاریك بوونی ژیانی جەماوەری خەڵکی ئێران. بەیانیەی هاوبەشی ڕێكخراوه‌ کرێکاریەکان، بە ئاماژە کردن بە کرداری ئیستبدادی حاکم کە هەموو دەنگێکی ئازادی خوازانە و ناڕەزایەتی روو بەو سیستمە زاڵمانەیەی داوەتەبەر هێرش، بە دروستی نەتیجە گیری دەکات کە لە وەها ببارودۆخێکدا خەباتی ئابووری و کۆمەڵایەتی کرێکاران دەبێ تێکەڵ بە خەباتی سیاسی لەدژی حاکمیەتی ئیسلامی بکرێت. کرێکاران وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر خەباتی رۆژانە بۆ زیاد کرانی حەقدەست و باقی داخوازییە ڕیفاهیەکان، ڕایدەگەیەنن کە ئازادی و ڕیفاهی کرێکاران بە مەسیری خەباتی سیاسی چینی کرێکار بۆ گۆڕینی بنچینەی کۆمەڵدا دەڕوات و ئەمە تەنیا ڕێگا چارەی دەرچوون لە قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگایە.

لەوێوە کە پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری لەم بەیانیانەدا ڕایانگەیاندوە، هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک لە باشتر کردنی بارودۆخی بەڕێچوونی کرێکاران و زیاد بوونی حەقدەستەکانیشدا لە گرەوی تێکچوونی هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە کۆمەڵگادایە. ئەویش کاتێک ئیمکانی هەیە کە کرێکاران لە ڕێكخراوه‌ سینفی- سیاسی و چینایەتیە سەرتاسەریە کانیاندا خۆیان ڕێکخستبێت و خەباتی خۆیان بەرەو پێش بەرن. لەبەر ئەوەی توانایی و بەهێزی کرێکاران لە ڕێکخراوبوونیان دایە. پێویستە سەرجەم کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زه‌حمه‌تكێش، ڕێكخراو و هێزە سیاسیەکان و ئینسانە ئازادی خوازەکان لە پێوەند لەگەڵ دەستەبەر بوونی داخوازی لانیکەمی حەقدەستی ٧ ملیۆن تەمەن پشتیوانی و پشتگیری بکەن.