کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حەقدەستی یەکسان، لەبەرامبەر کاری یەکساندا

d14943ab 8feb 4557 b2d9 074d11d1

بەپێی ساڵنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٨ی سێپتامبر ڕۆژی جیهانی حەقدەستی یەکسانە بۆ کاری یەکسان. لە سیستەمی سەرمایەداریدا ژن و پیاوی کرێکار، دەکەونە بەر هەڵاواردن، بەڵام ژنان گەلێک زیاتر دەکەونە بەر ئەو هەڵاواردنە. بەپێی نەریتی بۆرژوازی، پێویستە ژنان و پیاوان لە بەرامبەر کاری یەکساندا حەقدەستی یەکسان وەربگرن. مەبەست لە حەقدەستی یەکسان بۆ کاری یەکسان، ئەوەیە کە دەبێ ژنان و پیاوان لە بەرامبەر کارێکی کە ڕەنگە لە زۆر ڕووەوە جیاواز بێت، بەڵام بەهای یەکسانی هەبێت، حەقدەستی یەکسان وەربگرن. ژنان لە ئاستی جیهان و لە پیشە فەرمییەکاندا، بە شێوەیەکی مامناوەند ٨٤%ی حەقدەستی پیاوان وەردەگرن. ئەم جیاوازییە زیاتر بۆ ژنانی کۆچبەر و ژنانی ڕەنگین پێست و ئەو ژنانەی کە بە تەنیا سەرپەرشتی بنەماڵەیان لە ئەستۆیە، گەلێک بەرچاوترە. چاوخشاندنێک بەسەر دۆخی کار و ژیانی کرێکاران لە جیهاندا، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە هەر وڵاتێک کە خەبات و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران بەربڵاوتر بووە، هەر بەو ڕادەیەش نایەکسانی لە حەقدەستەکاندا، کەمتر بەرچاو دەکەوێت.

لە ئێران جگە لە ژن بوون، نەژاد، نەتەوە و ئایینیش کاریگەرییان لەسەر بڕی حەقدەست و دەستڕاگەیشتنیان بە دەرفەتەکان هەیە. هەرچەندە ئێران هێزی کاری لێهاتووی زۆرە، بەڵام بەهۆی هەبوونی حکوومەتێکی سەرمایەداریی ئایینی، کە زاڵە بەسەر ئابووری ئێراندا و لە خزمەت چینێکی سەرمایەداری گەندڵ و نیزامی و مافیایی دایە، هەرزانترین هێزی کرێکاری لە جیهاندا هەیە. لە جیهاندا تەنیا کرێکارانی سودان لە کرێکارانی ئێران حەقدەستی کەمتر وەردەگرن و لە ناویاندا حەقدەستی ژنان لە پیاوانیش کەمترە. ئەوەش بە سەرکوتکردن و ڕێگەنەدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆکان لە دەوڵەت، بە کردەوە دەرهاتووە. بەپێی دوایین ئامارەکان، بەهاری ئەمساڵ، لە پیشە فەرمییەکاندا، لە کۆی ٢٦ ملیۆن هێزی چالاکی وڵات، زیاتر لە ٨٠%یان پیاو و باقییەکەیان ژن بوون. هەروەها ڕێژەی بێکاریی ژنان بەرز بووەتەوە. بە شێوەیەک کە ڕێژەی بەشداریی پیاوان گەیشتووەتە نزیکەی پێنج هێندەی ژنان. دۆخی بێکاریی ژنان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کەلێنێکی قووڵی جێندەری، لە بازاڕی کاردا زاڵە. ئەگەرچی خوێندەواری و پەروەردەی ژنان لە کۆمەڵگادا و هەروەها ژمارەی خاوەن بڕوانامەش زیادی کردووە، بەڵام لەبری ئەوەی کە ژنانی گەنج بانگێشتی بازاڕی کار بکرێن، بەداخەوە کچان و ژنانی تەمەنی کارکردن، لەلایەن خاوەنکارانەوە پشتگوێ دەخرێن. هەڵبەت لەم ئامارانە دا کرێکارانی نافەرمی حساب ناکرێن و دەوڵەت و خاوەنکاران بەپێی پلان، ژنانیان ناچارکردووە کە ڕوو لە پیشە نافەرمیەکان یان بازاڕی کاری ڕەش بکەن. ئەم ژنە کرێکارانە کە زۆرتر لە ناو ماڵ و گارگەی بچووک و ژێز زەمینەکاندا کاردەکەن، لە هەر چەشنە پشتگیریی و مەزایایەکی یاسایی بێبەشن. حەقدەستەکانیان زۆر کەمترە لەو لانیکەمی حەقدەستەی لە یاسادا دیاریکراوە، کە ئەویش سێ بۆ چوار هێندە لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە. بەپێی یاسای ئیسلامی، پیاو دابینکاری بژێوی بنەماڵەیە، خاوەنکارانیش ژنان نەک وەک کرێکارێکی تەواو، بەڵکوو وەک یارمەتیدەری دارایی پیاوان، دادەنێن. لە نێو ژناندا، ژنانی کۆچبەر کە زۆرتر ئەفغانستانین، لە دۆخێکی گەلێک دژوارتردان و زیاتر ستەمیان لێدەکرێت. ژنان جگە لە حەقدەستی کەم، تەنانەت لە دەستڕاگەیشتنی یەکسان بە هەلی کار، تەندروستی و خوێندن، پەروەردەی سیاسی، وەرزش و گەشتوگوزاریش بێبەشن.

بەڵام لەژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی سەرمایەداریی ئایینیدا و بەهۆی بوونی سەرمایەدارییەکی نێوە دەوڵەتی و خاوەن سەرمایەی لەڕادەبەدەر چاوچنۆک لە کەرتی تایبەتدا، نەک هەر ژنان بەڵکوو زۆرێک لە کرێکارانی پیاویش، لەبەرامبەر کاری یەکساندا حەقدەستی یەکسان وەرناگرن. خاوەنکارانی دەوڵەتی، سپایی و یان کەرتی تایبەت، حەقدەست و یارمەتییەکی تاڕادەیەک گونجاو تەنیا بە توێژێکی کەم لە کرێکارانی فەرمی دەدەن. بەڵام باقی کرێکارەکان کە لەلایەن پەیمانکارە مشەخۆرەکانەوە دامەزراون، حەقدەستێکی زۆر کەمتریان پێدەدرێت لەبەرامبەر کاری هاوشێوەدا. خاوەنکاران بەم شێوەیە، هەم حەقدەستی کرێکاران دەدەزن و هەم کەلێن و دووبەرەکی لە نێوانیاندا دروست دەکەن. یەکسانکردنی حەقدەست و یارمەتییەکان لە بزووتنەوەی داواکاری تەوەری کرێکاراندا، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لەو حاڵەتانەدا کە کرێکارانی کەمتر شارەزا، کرێکارانی لێهاتوو یان شارەزاتر، بە فاکتەری لەخوارەوەبوونی حەقدەستەکانیان دەزانن، چالاکوانان، تێیاندەگەیەنن کە هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە، دەوڵەت وخاوەنکارە نەک هاوچینەکانیان. ئەوان بەم شێوەیە کۆمەک دەکەن بە یەکڕیزی چینایەتی هەرچی زیاتری کرێکاران. شیرکەتی نەوت و بەڵێندەرەکانی، لەو ڕووەوە کە حەقدەست و یارمەتییەکی تاڕادەیەک شایستە دەدەن بە توێژێکی دیاریکراو لە کرێکارانی فەرمی، بەتەواوی ڕسوا بوون. لە نێو داواکارییەکانی کرێکارانی مانگرتووی پەیمانیی و ئەرکانی سالس دا، یەکسانکردنی حەقدەست و یارمەتییەکان و هەروەها ١٤ ڕۆژ کار و ١٤ ڕۆژ پشوودان، لە سەرجەم پڕۆژەکانی نەوتدا، لە زومرەی بەرچاوتررین داواکارییەکانن. ئەم داواکارییانە لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا، لەلایەن ئەو بەشە لە پێشڕەوانی کرێکارانی فەرمییەوە کە خۆیان لەو یارمەتیانە بەهرەمەندن، پشتیوانییان لێکراوە. ئابووری نیۆلیبڕالی، بە نەدانی حەقدەست بە پێی ڕێساکانی ئابووریی بۆرژوازی، جیهانێکی گەلێک دژوار و نایەکسانی بۆ زۆرینەی کرێکاران خوڵقاندووە. لە وەها بارودۆخێکدا، سەپاندنی حەقدەستی یەکسان بۆ کاری یەکسان، هەنگاوێکە بۆ پێشەوە بۆ کرێکاران و بەتایبەتی ژنانی کرێکار. بەڵام بۆ کۆتاییهاتن بە هەر چەشنە هەڵاواردنێک لە حەدەستەکاندا، پێویستە خودی کاری کرێگرتە، هەڵبوەشێنرێتەوە.