کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حەقدەستی دواکەوتوو، پرسێکی ئابووری و قەیرانێکی مرۆیی

حقوقکارگران

لە کاتێکدا هەڵاوسان، گرانی و بێکاری، کەم ئاوی و پچڕانی بەردەوامی کارەبا، ژیانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی ئێرانی تووشی تەنگوچەڵەمەی جددی کردووە، چینی کرێکار و موچەخۆرانی کەمداهات و خانەنشینان نەک هەر لەگەڵ حەقدەستی ژێر هێڵی هەژاریی دەست بە پەنجە نەرم دەکەن، بەڵکوو لەگەڵ کێشەی دواکەوتنی پێدانی ئەو حەقدەستە کەمانەش بەرەوڕوون. ئەم کێشەیە کە بەحەقدەستی دواکەوتووناودەبرێت، بە مانای دواکەوتنی درێژخایەن و تەنانەت هەندێکجار چەند مانگەی حەقدەستەکانە. ئەم پرسە ئیتر ڕووداوێکی بە هەڵکەوت و لێرەولەوێ نییە، بەڵکوو بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو لە کەرتە جۆراوجۆرە پیشەسازی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی ملیۆنان کرێکار و خانەنشینکراوی لەگەڵ ئاستەنگی گەورە بەرەوڕوو کردووەتەوە. ئەمانەی خوارەوە تەنیا چەند نموونەیەکن لە هەواڵەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، کە گۆشەیەک لەو نەهامەتیانە نیشان دەدەن کە ڕێژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران ئەمڕۆ لە ئێران بەسەر کرێکاران و مووچەخۆرانی کەمداهاتیدا سەپاندووە:

کرێکارانی کارگەی کیش چوب لە سەرەتای ئەمساڵەوە حەقدەست و پارەی بیمەیان وەرنەگرتووە. کرێکارانی کۆمپانیای داروگەری تاران لەگەڵ کێشەی ٤ مانگ وەدواکەوتنی حەقدەست و ٧ مانگ نەدرانی پارەی بیمە بەرەوڕوون و ناڕازییان ڕووبەڕوویدەرکردنبوونەتەوە.

کرێکارانی سەمپژێن لە شاری چابەهار بەهۆی دواکەوتنی ١٠ مانگی حەقدەستەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی. کرێکارە شیرکەتییەکانی ئێرانشار بە سێ مانگ جارێک ئەویش بەشێوەی نیوە و ناتەواو حەقدەستەکانیان وەردەگرن و هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکیان لەگەڵهەڕەشەی دەرکردن و دوورخستنەوەبەرەوڕوو دەبنەوە.

کرێکارانی شارەداریی سنە جگە لە دواکەوتنی حەقدەستەکانیان، توانای بەکارهێنانی یارمەتییەکانی بیمەی تەندروستیشیان لەدەستداوە، چونکە ئیدارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە هۆی قەرزی شارەوانییەوە، خۆی لە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی بیمەی تەندروستییان دەبوێرێت.

ماوەی نزیکەی سێ مانگە حەوت سەد کرێکاری کۆمپانیای ڕاهیران لە پرۆژەی شەمەندەفەری چابەهارزاهدان حەقدەستیان وەرنەگرتووە و حەقدەستی کرێکارانی شارەوانی سی سەخت ١٧ مانگە نەدراوە.

ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران ئاماژە بە دواکەوتنی حەقدەستی لانیکەم ٥٩٢ مانگ بۆ ١٨ هەزار و ١٢١ کرێکار و ٤٨٨ مانگ نەبوونی بیمە بۆ ٥٢٥ هەزار و ٥٩٢ کرێکار لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا دەکەن. ئەم قەیرانە بەڕادەیەکی زۆر بەربینگی خانەنشینانیشی گرتووە. پێدانی مووچەی وەدواکەوتووی خانەنشینانی کرێکاریی، لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە لە دۆخێکی نادیاردایە. مووچەیەکی خانەنشینی کە تەنانەتیەک لەسەر پێنجی هێڵی هەژاریش نییە، ئەوەندە کەمە کەتەنانەت پێداویستییەکانی هەفتەیەک دابین ناکات“. چاوەڕوانی درێژخایەن بۆ وەرگرتنی ٣ بۆ ٦ ملیۆن تمەن حەقدەستی دواکەوتوو، تەنها گۆشەیەکە لە مەینەتی و ئازارەکانی ژیانی ئەم خەڵکە زەحمەتکێشە. وەدواکەوتنی ئەو حەقدەستانە کە تەنانەت ئەگەریش لە کاتی خۆیدا بدرێت، ژیانێکی مەمرە و مەژی پێ دابین ناکرێت، ژیانی کرێکاران و خانەنشینانی کرێکاریی کردووە بە دۆزەخ. ئەگەر بێتوانایی لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و خانووبەرە و جلوبەرگ بەردەوام سفرەی هەژارانە بچووکتر دەکاتەوە، بەڵام ئەمە هێشتا هەموو ڕەهەندەکانی کارەساتەکە نیشان نادات. بێبەشبوون لە بیمەی تەندروستی بەهۆی نەدرانی پارەی بیمەی خاوەنکار، دەستڕاگەیشتن بە دەوا و دەرمانی کردووە بە کابوس.

لە ئاوا هەلومەرجێکدا، هەر وەک لە داروگەری تاران شاهیدی بووین، دەربڕینی ناڕەزایەتیش لەپێناو وەدواکەوتنی حەقدەستەکان، دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی کارەکانیان. هەڕەشەی دەرکردن و ڕاگواستن، هەروەک لە ئێرانشار ڕاپۆرتەکەی بڵاو بۆتەوە، ئامرازێکە بۆ بێدەنگکردنی قوربانیان. لە بەرامبەر ئەم دەریای مەینەتیانەدا، دەوڵەت نەک هەر هیچ وەڵامێکی نییە، بەڵکوو بۆ کەمکردنەوەی کێشە ئابوورییەکانی خۆی بە ئەنقەست هێرشی کردووەتە سەر سفرەی هەژارانەی کرێکاران و خانەنشینان. بە زیادکردنی باجی ناڕاستەوخۆ، بەشێک لە کورتهێنانی بودجەی خۆی لە گیرفانی مووچەخۆرانی پێنج هێندە لە خوار هێڵی هەژارییەوە، دابین دەکات. یان بە بیانووی چارەسەرکردنی کێشەی نانەواکان، پەنای بردۆتە بەر بەرزکردنەوەی نرخی نان بە ڕێژەی زیاتر لە ٥٠ سەد. ئەگەر قبووڵ بکەین کە نان خۆراکی سەرەکی خەڵکی زەحمەتکێشە، ئەوکات زیاتر لە ڕەهەندە ترسناکەکانی ئەو کارەساتە تێدەگەین. سەرباری ئەم دۆخە دژوارە، نەبوونی ئاو و پچڕانی بەردەوامی کارەباش لە گەرمەی هاویندا، ژیانی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا کردووە بە دۆزەخ. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەسعوود پشزیکیان سەرۆککۆمار، ڕوو بە کامێراکان وتی: ئێمە ئێستا لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی وەک ئاو، کارەبا، گاز، بودجە و هەڵاوسان لەگەڵ گرفت بەرەوڕووین. واتە هیچ بەشێک نییە کە کێشەمان نەبێت، ئەمانە ئیتر بژاردە نین، ناچارین. بەڵام پێویستە ئەو پرسیارە ئاراستەی سەرۆکی دەوڵەت بکرێت کە ڕۆڵی کرێکاران و خانەنشینان چییە لە ڕەخساندنی ئەو هەلومەرجە ناچارییەدا؟ ئەوان لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدان و بۆچی دەبێت لە گیرفانی خۆیان پارەی ئەو ناچاریانە بدەن؟

واقیعییەت ئەوەیە کە قەیرانی دواکەوتنی حەقدەست لە ئێران تەنیا پرسێکی ئابووری نییە، بەڵکوو قەیرانێکی مرۆییشە. نەدانی حەقدەست و مووچەی خانەنشینی لە کاتی خۆیدا لە ئێران کارەساتێکی مرۆییە کە کەرامەت و تەندروستی و ژیانی ملیۆنان ئینسان و لەناوچوونی جەستەیی و دەروونی ئەوانی کردۆتە ئامانج. ئەم دۆخە زۆربەی هەرەزۆری ئەم خەڵکەی لە گێژاوی قەرزداربوون بە فرۆشگاکان، دراوسێکان و دامەزراوە قەرزییە نافەرمییەکاندا گرفتار کردووە. پێنەدانی حەقدەستەکان لە کاتی خۆیدا، نەک هەر کاریگەری لەسەر بژێوی کرێکاران هەیە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و بێکاری و پچڕانی شیرازەی بنەماڵەکانبەڵام هاوکات پێویستە بوترێ کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و خانەنشینان لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا بێدەنگ نەبوون. ژمارەی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی وەک مانگرتن، ڕێپێوانی ناڕەزایەتی، گردبوونەوە و هتد کە هەموویان نیشانەی توڕەیی و بێزاریی کرێکارانن دژ بەم دۆخەی ئێستا، ڕەوتێکی بەردەوام ڕوو لە پەرەسەندنە و پەنگخواردنەوەی ئەم تووڕەیی و بێزارییە، کۆمەڵگەی ئێرانی لە ئەگەری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی نزیک کردووەتەوە.