حەسەن ڕەحمانپەناە، ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ قەندیل پرێس دەڵێت: “لە ئەگەری ڕوودانی دووبارەی شەڕ، من لاموایە حیزبەکانی کوردستان و “ناوەندی دیالوگ”یش ئەگەر تا ئەوکات بمێنێ، هاوهەڵوێست نابن و بەسەر چەند بەرەدا دابەش دەبن. هەندێک لایەن دەچنە بەرەی شەڕ دژ بە کۆماری ئیسلامی، هەندێک لایەن هەوڵدەدەن ئاشکرا یان ژێربەژێر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕێککەون و هەلومەرجێکی وەک “ڕۆژئاوا” لە سورییە بێنە ئارا و کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئارام کەنەوە، هەندێ لایەنیش کە من وابیر دەکەمەوە و لاموایە “کۆمەڵەی کۆمۆنیست” پێویستە وا چالاکی و خەبات بکات، لە گەڵ جەماوەری کوردستان و بە تایبەت ڕێکخراوە سەربەخۆ جەماوەریەکان و کۆمەڵگای مەدەنی دەست بە سازدانی بەرەی سێهەم دەکەین و لە هەوڵدان بە پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی لە هەر گوند، شارۆچکە و شارێک و بۆشایی دەسەڵات لە ڕێگای هێزی جەماوەری خەڵک پڕ دەکەینەوە.”
قەندیل پرێس: لە ڕۆژانی ڕابردوودا فایلێکی دەنگی بەڕێز ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
حەسەن ڕەحمانپەناە: دژە کردەوەی نیگاتیڤ دەرحەق بەو فایلە دەنگییەی هاوسەرۆکی ئێستای “پژاک” لە ناوخۆی وڵات، لە دەرەوەی وڵات و لە نێو چالاکانی سیاسی و ڕێکخراوە سیاسیەکانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان و سەدان تێکۆشەری سیاسی کە بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان بە ڕەنج و زەحمەتی ئەوان تائێرە هاتووە، چ بە دانی ڕاگەیاندن و نووسینی بابەت، چ قسەوباس لە ژوورەکان و میدیاکان، کە دژایەتی خۆیان لە گەڵ ئەو فایلە دەنگییە دەربری، لە ئەسڵدا بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەرێتەوە.
یەکەم: پەلاماری ناڕەوا و بە زمانی ناشیرین و دوژمنکارانە قسە کردن لە سەر ڕێکخراوە سیاسیەکانی وەک کومەلە و دێموکرات کە سەرەڕایی هەر گلەیی و ڕەخنەیەک دەوری چارەنووس سازیان لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان لە درێژەی تەمەنیان هەبوو.
دووهەم: چەواشەکردنی مێژوو. واتە مێژوویەکی زیندووو کە خولقێنەرانی ئەو میژوییە بەشی زۆریان بە خۆشیەوە لە ژیاندا ماوەن، بە تایبەت دەرحەق بە کۆمەڵە و مێژووەکەی. ئەو فایلە کۆن بێت یان تازە، بە مەبەست لە لایەن نەیارەکانی “پژاک” بڵاو کرابێتەوە یان خۆیان بڵاویانکردبێتەو(خۆیان دەڵێن کە پێشتر بڵاویانکردوەتەوە)، بەشێکە لە بە ناو مێژوو وتنی هاوچەرخ لە فێرگەی “پژاک” و ئەو کەسەیش ئەو قسانەی کردووە ئێستا هاوسەرۆکی ئەو ڕێکخراوەیە. بەناو مێژوویەک کە بەو چەشنە باس دەکرێت، دەیان و سەدان جار لە زمانی ناوەندە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە هێزەکانی نەیاری بیسرابوو.
ئەوەی کە زۆرتر لایەنە سیاسیەکان و تێکۆشەرانی ئەو مێژوویەی بە حیزبی و تاکە کەس و خەڵکی مافخوازی توورە کرد، ڕاگەیاندنی رەسمی “پژاک” چەند ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییە بوو. ئەوان بە جێی داوای لێبوردن و ڕەخنە لە خۆگرتن و هێورکردنەوەی زروفەکە، کەوتنە پاساو هێنانەوە و پەلامار بردن بۆ سەر ڕەخنەگران. ئەوە لە کاتێکدابوو کە ئەوان لە هاوکاری ٧ قوڵی بە ناوی “ناوەندی دیالۆگ” بەشدارن، کە دوو لایەنی ئەو ناوەندە کە هێرشی نارەوایان کراوەتە سەر، لەو ناوەندە چالاک و لە حاڵی هاوکاریدان. بێگۆمان ئەو بێڕێزی و وتنەوەی بەناو مێژوو بە دڵخواز و بە بێ بەڵگە و دووکۆمێنت، سێبەری خستووەتە سەر ئەو هاوکاریانەیش.
هەموو کەس دەزانێت تەنیا قازانجی ئەو فایلە دەنگیە، لە هەلومەرجی ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنی کوردستان و ئێران بە تایبەت و ناوچەکە بەگشتی، دەچێتە گیرفانی کۆماری ئیسلامی و ئەو لایەنە ئەمنیانەی کە قازانج لە ناکۆکی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات دەبن .
کۆماری ئیسلامی و ژوورە فکری و پیلان داڕێژەرەکانیان، بە تایبەت لە سەردەمی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”وە تا ئێستا لە کەمیندا بوون تا نەهێڵن هاوکاری و کۆدەنگی حیزبە دژبەرەکانی سەر نگرێت و هێزەکان بەیەکدا بدەن کە بە ئاسانی بۆیان نەدەچووە سەر. لاموایە کەس لاری لە رەخنەی سیاسی، فکری و بەرنامەیی نییە بەڵام ئەو فایلە دەنگییە لە چوارچێوەی ڕەخنەی سیاسی ناگونجێ، هەر بۆیەش ئەو دژە کردەوە بەرینەی لێکەوتەوە. ئێستایش درەنگ نەبووە، پژاک و هاوسەرۆکەکەی ئەگەر بیانهەوێت، دەتوانن ئەو هەڵە گەورە ڕاست کەنەوە. هیوادارم ئەو کەشوهەوا ناهموارەی پاش ئەو فایلە دەنگییە هاتە ئاراوە، کار نەکاتە سەر لایەنە سیاسیەکان، چون هەلومەرجەکە زۆر حەساس و تایبەتە و لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە هوشیاری سیاسی و هاوکاری کرداری هەیە.
قەندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن ماوەیەکە حەوت حیزبی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوە پلاتفۆرمێک بە ناوی ناوەندی دیالۆگ پێکەوە گفتۆگۆیان هەیە، پێشتریش ناوەندی هاوکاری هەبوو بەڵام شکستی خوارد، ئەمجارەیش وادیارە ناکۆکی هەیەو داهاتووی ئەم هەوڵەیشە ڕوون نییە، بە گشتیی هۆکاری ئەوەیکە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ناتوانن پێکەوە هاوکاری بەردەوامیان هەبێت چییە؟
حەسەن ڕەحمانپەناە: ناکۆکی و جیاوازی بیرکردنەوە، سیاست، بەرنامە و ستراتێژ و مافی رەخنەگرتن زۆر ئاساییە و لایەنانەیش بە لە بەرچاو گرتن و ڕەسمیەت ناسینی ئەو تایبەتمەندیانە بڕیاری هاوکاری هاوبەشیان پێکەوە داوە. حیزبەکانی دواتر بەشدار لە ناوەندی “دیالوگ”، لە سەروبەندی شۆڕشی “ژینا” بە دەرک کردن بە پێویستی وڵام دانەوە بە هاوڕیزی خەڵکی کوردستان بۆ یەک دەنگی و بەرەوپێشچوونی شۆڕشەکیان، ئەوانی زیاتر ناچار بە هەست بە بەرپرسایەتی و کۆدەنگی کرد، ئەگەرچی کێشەوگرفتەکانیش کەم نەبوون.
بانگەوازی هاوبەشی چەندین مانگرتنی گشتی و وڵامی ئەرێنی خەڵکی کوردستان بەو بانگەوازانە، ئەوانی زیاتر بۆ هاوکاری هاندا.
ئەو هاوکاریانە، پاش بۆنبەستی عەمەلی “ناوەندی هاوکاری” کە ئێمە وەک “کۆمەڵەی کۆمۆنیست” لە ئەوەڵیشەوە بەشداری ئەو ناوەندە نەبووین بەڵام بۆ مانگرتنەکان پێکەوە بڕیارمان دەدا. هەروەها چەند لایەنی دیکەیش یان هەر لەو ناوەندە نەبوون یان لەو ناوەندە هاتنە دەر بەڵام سەرکەوتنی مانگرتنەکان و چەند کاری هاوبەشی دوو ساڵی ڕابردوو،”ناوەندی دیالوگ”ی لێ بەرهەم هات.
ناکۆکیەکانی نێو “ناوەندی دیالۆگ”، ناکۆکی وەک قوبووڵ نەکردنی یەکتر، بیروڕا و ستراتێژی جیاواز، جیابوونەوەکان، دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی ئێران بە تایبەت بەرەی ناسیونالیزمی ئێرانی کە تا سەر ئێسقان لە فاشیزم و ڕەگەزپەرەستی ڕۆچوون و دژی مافی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان و گەڵانی ستملێکراوەن(چ شاپەرەستەکان و چ بەشێک لە کۆماریخوازەکان)، کێشمەکێشەکانی نێو بەشەکانی دیکەی کوردستان و جەمسەرگیری بەشیک لەو ڕێکخراوانە بەو کێشە و ناکۆکیانە بە تایبەت باشووری کوردستان و قەندیل، بە رەسمیت نەناسینی ئەسلی ئازادی چالاکی سیاسی بێ شەرت و مەرج لە نێو بزوتنەوەی شۆشگێرانەی کوردستان، هەوڵدانی دوژمن بۆ تێکدانی هاوکاری نێوان لایەنەکان و تێکۆشەرانی ناوخۆی وڵات و نەبوونی گاردی پێویست لە بەرانبەریدا، تاکتیک گەلێک کە زەرەری لە قازانجی بۆ خەباتی خەڵکی کوردستان لە ئێستا و دواڕۆژیش زیاترە، وەک سیاستی ئینتیزار و چاوەڕوانیی کە “هێزی دەرەکەی مەگەر شتێکمان بۆ بکات”، یان چاوەڕێ ڕاگرتنی خەڵک لە ئەگەری شەڕی کۆماری ئیسلامی و هێزی دەرەکی، یان “هێزی پێشمەرگە دێت و رزگاریان دەکات” و کوشتنی باوەر بە هێزی جەماوەری خەڵک، لە هۆکارە سەرکیەکانی هاوکاری نەکردنی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتە. یان وەک دوا نموونە، بڵاو بوونەوەی فایلی دەنگی هاوسەرۆکی “پژاک” لە سەر مێژووی تێکۆشانی حیزبەکانی دیکە کە خۆی بە موخالفیان دەزانێت و مێژووی ساختە دەرخواردی ڕیزەکانی خۆیان و کۆمەڵگا دەدات، پەیوەندیەکان ئاڵۆزتر دەکات و بە قازانجی دوژمن دەشکێتەوە.
قەندیل پرێس: ڕاوبۆچوونێک هەیە کە ئێستا کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە ڕێبەریی دەکرێت و حیزبەکان ڕۆڵی پێشەنگایەتی جارانیان نەماوە، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
حەسەن ڕەحمانپەناە: من لاموایە ئەم بۆچوونە هەڵەیە. ئەم بۆچوونە لە سەربناغەی بەربەرەکانێ حیزب و رێکخراوە مەدەنیەکان دامەزراوە. تەسەوەری ئەم بۆچوونە لە سەر ئەساسی حیزبی چەکداری بە ستراتێژی کاری نیزامییە. ئەو بۆچوونە تەنیا چاوی لە چالاکی ئەو حیزبانەیە کە پێشمەرگەیان هەیە و لەو ڕێگایەوە دەیهەوێت کۆمەڵگا ڕزگار بکەن. هەروەها، کۆمەڵگای مەدەنی بە پشتی جبهەی خەباتی چەکداری دەزانن و نموونەکانیشی کەم نین، وەها فکرەیەک حیزب و رێکخراوەی مەدەنی بە دژە یەک دەبینێت. بەڵام بۆ حیزب و ڕێکخراوەگەلێک کە لە دڵی خەباتی جەماوەری و ڕێکخستنی شوێنی کار و ژیانی کرێکار و زەحمەتکێش هەڵقوڵاوەن، وەک (کۆمەڵە) و لایەنە چەپ و سۆسیالیستەکان، بابەتەکە پێچەوانەیە. بەومانا کە خەباتی چەکداری دەبێت لە خزمەت بە گەشە و بەرەوپێشچوونی خەباتی مەدەنی و جەماوەری بێت نەک پێچەوانەکەی. حیزب لە زەرورەتی ڕێکخستنی جەماوەر بۆ ئەنجامی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ڕێگا خۆشکردن بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی بونیاد دەنرێت. بەڵام حیزب و ڕێکخراوی سیاسی بە بێ بوونی کۆمەڵگای مەدنی بەهێز، بە بێ بوونی رێکخراوەگەلی خەڵکی و جەماوەری لە نێو کۆمەلگا، لاسەنگ و کار و چالاکیەکانی ناڕواتە پێشەوە. فەرهەنگی زاڵی ئیستبدادی سیاسی و دیکتاتۆری لە وڵاتانی وەک ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هژموون و عەقڵیەتی دەسەڵاتدارانی بۆ سەر ئۆپۆزسیونەکان، جێگاوشوێنی زۆر لە چەمگ و ڕێکخراوەکانی چ حیزبی و چ جەماوەری شێواندووە. بۆ نموونە دەزگای ئەمنی و دیکتاتۆریەکان یان مەجال بە ڕێکخراوە مەدەنی و جەماوەریەکان نادەن، یان هەر زوو بەرەو توندوتێژی و کاری چەکداری پاڵیان پێوە دەنێن. لە وەها هەلومەرجێکدا بە جێی ناسینی ئەو سیاسەتەی دوژمن و پووچەڵکردنی، بەشێک لە حیزبەکان، بە تایبەت لە سونەتی خەباتی چەکداری و ناسیونالیستی هەر زوو دەکەونە داوەکە و خەباتی مەدەنی کەم بایەخ یان ئیدانەدەکەن. لە حاڵێکدا نابێ وابێت، بەڵکوو دەبێت ئەو پیلانەی دوژمن ئیفشا و لە قاو بدرێت. حیزب و کۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتی دیکتاتۆری لێدەراو نەک هەر دژی یەک نین بەڵکوو پێویستە و دەبێ لفەودووانەی یەکتر لە سیاست، خەباتی هاوبەش و ڕێکخستن دژ بە ئیستبدادی سیاسی بن. بەڵام شێوەی کار، شکڵی خۆڕێکخستن، زمانی سیاست پێکردن و کەڵک وەرگرتن یان کەڵک وەرنەگرتنیان لە چالاکی یاسایی و عەلەنی دەتوانێت جیاواز بێت، بەڵام دەبێ لە خزمەت بە یەک ئامانج، وشیارکردنی کومەڵگا و ڕێکخستن بۆ شۆرشی کۆمەڵایەتی بێت. لە ڕاستیدا ئەوەی کە حیزب بە هؤی قاچاغ بوونی بۆی ناکرێت، پێویستە کۆمەڵگای مەدەنی بیکات و بۆشایی سیاسی پڕ کاتەوە.
تەنانەت لە سەردەمی بەسەرئەنجام گەیشتنی شۆڕشیشدا ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنی تەواو نابێت، بەڵکوو دەگۆڕێت بۆ هەلومەرجی تازە و حیزبیش یان دەچێتە دەسەڵات یان وەک ئۆپۆزۆسیون دەمێنێتەوە کە دیسان لەگەڵ کۆمەڵگای مەدنی هاوکار دەبن. ڕێکخراوی مەدەنی و حیزبی شۆڕشگێر و باوەرمەند بە شۆرشی کۆمەڵایەتی، نەتەنیا دژ بە یەک نین، بەڵکوو ئەم دیووئەودیوی دراوێکن لە چالاکی و تێکۆشان بۆ شۆڕشی جەماوەری. ئەزموونی “کۆمەڵە” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاش ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و پێک هێنانی ڕێکخراوە جەماوەریەکانی وەک ” یەکیەتی ژنان، جەمعیەتەکان، یەکیەتی جووتیاران، شووراکان، بنکەکانی شاری سنە و زۆر ڕێکخراوی جەماوەری و مەدەنی دیکە، هەر ئەوەمان پێدەڵێت. کۆمەڵە لە ڕێگای تێکۆشان لە نێو ئەو نیهاد و ڕێکخراوانە بوو بە جەماوەری و سیاستی بردە ناخی کۆمەڵگا. سیاسەت بە بێ بوونی فرە حیزبی و دەسەڵات بەبێ بوونی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە دیمۆکراتیکەکان، بەرەو دیکتاتۆری تاکە کەسی یان تاکەحیزبی دەڕوات کە نموونە مێژوویەکانی زۆرن و کارەسات دەقەومێت.
قەندیل پرێس: زۆرێک لە شرۆڤەکاران لەسەر ئەو باوڕەن کە خۆلێکی دیکەی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕوودەدات، بە ڕای بەڕێزتان ئەم شەڕە ڕوودەدات؟ لە ئەگەری ڕوودانیدا ئایا دەرفەتێک بۆ هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات دەرخسێت کە بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن؟
حەسەن ڕەحمانپەناە: ئەگەر چاو لە فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی شەڕی ١٢ ڕۆژە بکەین، هیچ کام لە دوولایەنی ئەو شەڕە بە ئامانجەکانی خۆیان نەگەیشتوون و لە نێوان دوو لایەنی شەڕەکەیش هیچ ئاگربەست و بەڵێننامەیەک بۆ کۆتایی شەڕ واژۆ نەکراوە. بۆیە بە باوەڕی من ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لە داهاتوودا یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکانە.
کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا گورزی گورچکبڕی وێکەوت بەڵام لە پاش کۆتایی شەڕەوە تا ئێستایشی لەگەڵ بێت، هەم خۆی بە براوەی شەڕ دەزانێت و هەمیش هەوڵی داوە کەلێنەکانی لە بواری زیانی ئینسانی، مادی و نیزامی پڕکاتەوە. بەردەوام هەڕەشە دەکات و درووشمە کۆنەکانی وەک “پاککردنەوەی ئیسڕائیل لە سەرگۆی زەوی” دەڵێتەوە. بەڵام یەکێک لە گرینگترین چەکەکانی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ نیارە ناوچەیەکانی، بە تایبەت ئیسرائیل، هێزە “پرۆکسیەکانی” لە ناوچەکە، وەک حزباللەی لوبنان، دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سورییە، حەماس لە غەزە و فەلەستین، حەشدی شەعبی عێراق و حوسیەکانی یەمەن بوون بەڵام پاش پەلاماری “حەماس” بۆ سەر ئیسڕائیل لە ٧ی ئوکتۆبری ٢٠٢٣و هێرشی پێچەوانەی ئیسڕائیل بۆ سەر حەماس، سورییە، لوبنان و حوسیەکانی یەمەن و باڵادەستی ئیسڕائیل لە بواری هێزی هوایی و چەک و جبەخانەی پێشکەوتوو و شکست پێهێنانی ئەو گروپە نیابەتیانەی کۆماری ئیسلامی، ئیسرائیل تا ڕادەیەکی زۆر خۆی لە شەڕی گروپە نیابەتیەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕزگار کرد و شاخ و باڵی سپای پاسدارانی تێک شکاند. دواجاریش بە پەلاماری هەوایی و شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی زەربەیەکی کاریگەریشی بە وتەی خۆیان لە “سەری ئەژدیها” وەشاند. بەڵام ئەو چاوەڕوانییەی کە لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی شەڕ و ڕاپەڕینی جەماوەری بووی، بۆی بەدەست نەهات. شایانی ئاماژەیە کە ئەو سەرکەوتنانەی ئیسرائیل بە بێ هاوکاری بێدرێغی “ترامپ” و دەوڵەتی دستەڕاستی ناوبراو بە دەست نەدەهات. ئەگەرچی ئەمریکا لەو شەڕ و هاوکاری ئیسڕائیلە، ئامانجی نیزامی و ماڵی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە گەڕانەوەی پڕزۆر کە لای وابوو لە ماوەی دەسەڵاتی “جۆبایدن” لە کۆشکی سپی لاواز بووە هەبوو، و بەشێکی ڕووی لە رقیبە جیهانیەکانی وەک چین و ڕووسیە بوو.
بەردەوامی فەزای شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، پڕکردنەوەی خاڵە لاوازەکانی شەڕی١٢ڕۆژە، هەوڵی ئاشکرای کۆماری ئیسلامی بۆ رێکخستنەوەی گروپە نیابەتیەکانی لە ناوچەکە و پرچەک کردنی دووبارەیان، هەوڵدان بۆ کارشکێنی لە دانووسانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، دەخاڵەتی ئاشکرا لە شەڕی سوودان و هەوڵدان بۆ ناردنی چەک و کەرەستەی نیزامی لەو وڵاتەوە بۆ حەماس، جیهادی ئیسلامی و حیزباللەی لوبنان، بەشێک لە خۆ ئامادەکردنی دووبارەی کۆماری ئیسلامی بۆ شەرێکی دیکەیە، کە من لاموایە ئەم جارە شکستی گەورە دەخوات. لەلایەن ئیسرائیل وە، کرینی چەکوچۆڵی بەرگەری و هێرش بەری نوێی باشتر لە جاران لە ئەمریکا و هەندێ وڵاتی ڕؤژئاوایی دەلالەت لە گەرێکی دیکەی شەڕ لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتە قاتڵ و جینایەتکارە دەکات.
بە نیسبەتی بەشی دووهەمی پرسیارەکەتان ” ئایا دەرفەتێک بۆ هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات دەرخسێت کە بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن؟ من لاموایە پێش وڵام بەو پرسیارە دەبێ بزانین هەڵوێستمان لە سەر ئەگەری ڕوودانی ئەو شەڕە چییە؟ ئەزموونی هەموو شەڕەکان، لەوانە شەڕی ئێران و عێراق، عێراق و کویت، دواتر عێراق و ئەمریکا و ئەزموونی شەڕی ١٢ ڕۆژەیش پێمان دەڵێن کە قوربانی سەرەکی شەڕ خەڵکی بێ تاوان و بەجێ مانی وڵاتێکی وێرانە.
بۆیە بە بێ دوودڵی و ڕاڕایی دەبێت شەڕ مەحکووم و شەرمەزار کەین و نەبین بە دەستەجیلەی ئاگری شەڕێک کە لە سەر بەرژەوەندی شەڕخوازانە. زۆرجار دەوترێت لە ئەگەری شەڕ، خەڵکی ناڕازی ڕادەپەڕن و دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەرووخێنن. ئەڵبەتە نموونەگەلی تاریخی وامان هەیە. بۆ نموونە شۆڕشی کرێکاری ئوکتۆبری ١٩١٧ی ڕوسیە لە دڵێ شەڕی یەکەمی جیهانی ڕوویدا بەڵام ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشە لە سەر دەستی دەسەڵاتێکی لاوازی وەک “تیزار”ی روسیە، ئەرتەشێکی ماندوو و برسی و شکستخواردوو و شەکەت لە شەڕی بەرەو چوار ساڵەی عالەمی یەکەم، لە بەرانبەریشدا حیزبێکی بە پلان و نەخشەی وەک حیزبی “بلشویک” و ڕابەرێکی کاریزما و بلیمەتی وەک “لنین” روویدا. کۆماری ئیسلامی ئێستا ئەگەرچی زۆر لاواز بووە بەڵام هێشتا بەراورد لەگەڵ ئوکتۆبری ١٩١٧ی ڕوسیە ناکرێت و حیزبی ئوپوزوسیون و کارلێهاتووی وەک حیزبی “بلشویک” یشمان نییە. ئەزموونی شەڕی ١٢ ڕۆژەیش نیشانی دا، خەڵک لە ژێر ڕایەڵەی موشەک و تەقینەوەی بۆمبی سەدان کیلۆیی ئاگر و بارووتی فڕۆکەی شەڕکەری اف ١٦ و اف ٣٥ لە فکری نان، خۆ و بنەماڵە ڕزگارکردن و ئەمنیەت دەبن تا هاتنەسەر شەقام و شۆڕش و ڕووخاندنی دەسەڵات.
لە ئەگەری ڕوودانی دووبارەی شەڕ، من لاموایە حیزبەکانی کوردستان و “ناوەندی دیالوگ”یش ئەگەر تا ئەوکات بمێنێ، هاوهەڵوێست نابن و بەسەر چەند بەرەدا دابەش دەبن. هەندێک لایەن دەچنە بەرەی شەڕ دژ بە کۆماری ئیسلامی، هەندێک لایەن هەوڵدەدەن ئاشکرا یان ژێربەژێر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕێککەون و هەلومەرجێکی وەک “ڕۆژئاوا” لە سورییە بێنە ئارا و کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئارام کەنەوە، هەندێ لایەنیش کە من وابیر دەکەمەوە و لاموایە “کۆمەڵەی کۆمۆنیست” پێویستە وا چالاکی و خەبات بکات، لە گەڵ جەماوەری کوردستان و بە تایبەت ڕێکخراوە سەربەخۆ جەماوەریەکان و کۆمەڵگای مەدەنی دەست بە سازدانی بەرەی سێهەم دەکەین و لە هەوڵدان بە پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی لە هەر گوند، شارۆچکە و شارێک و بۆشایی دەسەڵات لە ڕێگای هێزی جەماوەری خەڵک پڕ دەکەینەوە . هەوڵ بۆ دەسەڵاتی شوورایی و جەماوەری دەدەین و ناهێڵن کوردستان بەرەوە ئاقاری شەڕی نەخوازراو، ماڵوێرانی و کارەسات بڕوات. نان، ئەمنیەت، ئازادی و پاراستنی ژیان و سەروماڵی جەماوەری خەڵک ڕێکدەخەین و بە کردەوە ئەوانە دەکەین. پاڵپشتی خەڵکی ئێران بۆ لە گۆڕنانی کۆماری ئیسلامی دەبێن و هەوڵی ئێرانێکی ئازاد، هەمە ڕەنگ، دیمۆکراتیک بە بەڕسمیەت ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ هەموو گەلان و خەڵکی کوردستان دەدەین و ئازادی، بەرابەی، مافی یەکسانی ژن و پیاو، جیایی دین لە دەوڵەت، ئازادی بیروباوەڕ و هەڵسوورانی ئازادی سیاسی و مەدەنی بە مافە سەرەتایەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران دەزانین کە بە خەباتی هاوبەش دەتوانین هەموو ئەو داخوازانە کە هەنگاوی یەکەممان بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێمۆکراتیک دەبێت، مسۆگەر بکەین.
