کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حەسەن رۆحانی دیسانیش وەعدە و بەڵێنی بێ بنەما

هەواڵنێریەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی رۆژی دوو شەممە ٢١ ی مانگی سەرماوەز باسیان لە کردنەوەی فازەکانی ١٥ و ١٦ ی پاسی جنوبی، هەڵکەوتو لە عەسەلویە،لە لایەن حەسەن رۆحانیەوە کرد. لەم نێوانەدا سایتی ” ٨ ی دەی” ئەم هەواڵەی وەک :” پاتەکی سپای پاسداران بە گەمارۆکانی ئامریکا” لێکدایەوە، لەبەر ئەوەی دروست کردنیان لە ئەستۆی قەرارگای سازەندەگی سپای پاسداران بووە. ئەوەش بڵێین کە ئەم دوو فازە رۆژی چوار شەممە نۆی گەلاوێژی ساڵی ٩٢ لە لایەن ئەحمەدی نیژادیشەوە ئیفتیتاح کرابوو. ڕاگەیەنەرەکان لەو کاتەشدا کرانەوەی درۆینەی ئەو فازانەیان بە هێمای خەت شکێنی لە بواری سازەندەگیدا ناوبرد.رۆحانی لە کاتی کردنەوەی دوبارەی ئەم فازانەدا بە دانی وەعدەی درۆینە پەیڕەوی لە هاوقەتارەکەی، ئەحمەدی نیژاد، کرد. ئەو وەعدەی دا کە ئیشەللا لە ساڵی داهاتودا ڕەحمەت و بەرەکەتی ئاسمانی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دەبارێت. ئەو وتی کە ساڵی داهاتو ساڵی ڕەونەقی ئابووری دەبێت و دەوڵەت لە بواری وزە، ئاو، ڕێگا، گواستنەوە و گەیاندن، پێوەندی لەگەڵ دنیا، ترانزیت، زانست و فەنئاوەری، پیشەسازی و مەعدەندا گەلێک دەستکەوتی بەرچاو بەدەست دێنێ. هەروەها وتی کە لە ساڵی ١٣٩٦ دا هەموو فازەکانی پارسی جنوبی کۆتاییان دێت و دەوڵەت ساڵانە ١٠٠ ملیارد دۆلار داهاتی دەبێت. رۆحانی لە هەیکەلی کارناسێکی ئابووریشدا دەرکەوت و بە پێچەوانەی ئەوان پێش بینی کرد کە ساڵی داهاتوو نەوت گران دەبێت. ئەو وتی کە بە ئاکام گەیشتنی فازەکانی ١٥ و ١٦ بەرهەمی زەحمەتەکانی سپا و هیممەتی لاوان بووە. ئەگەری هەیە ئاماژە کردن بە لاوان کرێکارانیش بووبێت. بەڵام رۆحانی نەیوت له‌و ناوچانه‌ کرێکاران لە چ بارودۆخێکدا و بە کام حەقدەست و ئیمکاناتەوە کار دەکەن.629
پارسی جنوبی و عەسەلویە لەقەبی بەهەشتی سەرمایەداران و دۆزەخی کرێکارانی پێدراوە. لە ئێستادا سەرمایەداران وەک کۆمەڵێک شیرکەتی بەهێزی نێوخۆیی لە وانە قەرارگای خاتەم ئەنبیای، سەربە سپا، دا خەریکن کاردەکەن. بەپێی ڕاپۆرتی ” ئیقتیساد ئانلاین” لە فازە جۆراو جۆرەکانی ئەم ناوچەیەدا ٨٠ هەزار کەس کاردەکەن کە ٦٠ هەزار نەفەریان کرێکارن. فەزای زاڵ بەسەر شوێنەکانی کاریدا لەم ناوچەیە، ڕاست لە پادگانێکی نیزامی دەچێت. عەسەلویە وەک ناوچەیەکی ئازاد ڕاگەیەندراوە و لە هیچ قانونێک و لەوانە قانونی هەشت ساعات کار لە رۆژدا پەیڕەوی ناکات. کاری رۆژانە لەسەر کاغەز ٧ کاتژمێرە، بەڵام خاوەنکاران بە کردەوە بە ٣ کاتژمێر ئیزافەکاری ئیجباری ١٠ کاتژمێر کار لە کرێکاران دەکێشن. رۆژەکانی پشو ش ئیزافەکاری بەحیساب دێن، بەڵام بۆ ئەم ئیزافە کاریانە هیچ حەقدەستێک نادەن. بەشێکی زۆر لە کرێکاران لە ساڵی ٩٣ دا مانگانە ٣٠٠ تا ٣٥٠ هەزار تمەن حەقدەستیان وەردەگرت کە زۆربەی لەکاتی خۆیدا نەدراون. ئەو شیرکەتانەی کە بە دەست سپاوەن لە ” کرێکارانی وەزیفە”، بە هەمان حقوقی سەربازی و بەسیجی کەڵک وەدەگرن. یەکێک لە فەرماندەکانی سپا بەناوی ئەحمەد مەلەکوتی رۆژی ١٣ ی مانگی گەلاوێژی ٩١ وتی کە یەک هەزار و ٢٠٠ بەسیجی لە مەجتەمەعی گازیی عەسەلویەدا کار دەکەن. ئەم بەسیجیانە ئەگەری هەیە بۆ جاسوسی و تەفرەقە خستنە نێو کرێکارانەوە خزێنرابێتنە ئەوێوە. ئەو خابگایانەی کە بۆ پشودانی کرێکاران دروست کراون، کۆمەڵێک ژوری چکۆلەن کە تەختی ٣ تەبەقەیان تێدا داندراوە بەبێ تەلەویزیۆن و ئیمکاناتی بێ‌داشتی کە ١٠ تا ١٥ کەسیان تێدا جێدەکەنەوە. رووداوی کار گەلێک روو دەدەن. ئەگەرچی بۆ ئەو کرێکارانەی دادەمزرێن، کلاسی ئیمنی کار دادەندرێت، بەڵام بە کردەوە، ئیمکاناتێک لەم بوارەدا بوونی نییە و خاوەنکاران هیچ تەعەهودێکیان لەبەرانبەر ئەواندا نییە و ئەگەریش کرێکارێک لەکاتی کار کردندا توشی رووداوێک ببێت، بە خەتابار دەناسرێت.
وێڕای ئەم رووداوانەی کار، نەخۆشی شوغڵیش گەلێک بەربڵاوە. بڵاو بوونەوەی میعاناتی گازی لە فەزای عەسەلویەدا و پێگەی جوغڕافیایی تایبەتی ناوچەکە بارودۆخی هەناسەدانی هەم بۆ کرێکاران هەم بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دژوار کردوە. بەهۆی پالاوتنی خراپی نەوت و لاوازی لە تێکنولۆژیدا لە پاڵاوگەکان، ئەم میعاناتە دەسوتێندرێت و لە ڕێگای دوکەڵ کێشەکانەوە بە هەوادا بڵاو دەبێتەوە. سەرەڕای ئەم بارودۆخە لە ڕاپۆرتیی بازرەسەکاندا هیچ ئاماژەیەک بە مەسەلەی ئالودەگی نەکراوە و ناکرێت. بەهۆی ئالودەگی هەواوە زۆربەی کرێکارەکانی عەسەلویە بارودۆخێکی جەستەیی باشیان نییە. بەهۆی ئەم ئالودەگیەوە کار کردن بەبێ بەستنی ماسک نامومکینە؛ لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنکاران ئامادەنین ماسک بە کرێکارەکان بدەن.
رۆحانی فازەکانی ١٥ و ١٦ ی لە بارودۆخێکدا کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لەنێو خۆدا لەژێر زەبری خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری و کرێکاریدا، لە ناوچەکەدا لەژێر گوشاری عەرەبستان و هاوپەیمانەکانیدا و لە ئامریکا لەژێر هێرشی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆنگرە دایە. ئەو روو بەم نەیارانە بە هەمان سەرشکستەگی و ئینفیعالەوە قسەی کرد کە لەم رۆژانەدا بەسەر زمانی باقی کاربەدەستانی دەوڵەتیی ڕژیمەوەیە. ئەو وتی:” هاوسێکان و دنیا بزانن کە ئەم میللەتە گەورە و بەغیرەتە و دەتوانێ لەهەموو پردە سەختەکانی زەمانە بپەڕێتەوە و کەشتی ئەم وڵاتە بگەیەنێتە کەنارێکی ئەمن.” ئەو روو بە خەڵک بەڵام بە دانی وەعدەی درۆینە سەبارەت بە شکۆفانەوەی ئابووری و دەستەبەر کردنی ئەو داهاتانەی کە هێشتا بەدەست نەهاتوون حاتەم بەخشی کرد. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەواڵنێری حکومەتی مێهر رۆژی دوو شەممە ١٤ ی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٤ نووسی:” ڕکود رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر دەبێت و سێبەری بەسەر کەسب و کاردا زیاتر دەکشێت. گەورە و چکۆلەش ناناسێت؛ کەسب و کاری چکۆلە هەڵبەت زوتر لەتمە دەخۆن و هێندیکیشیان تا ئێستا ڕێگای مایەپوچ بوونیان گرتوەتە پێش و یان گەیشتونەتە ئاستی قەیران.” ئەم هەواڵنێریە لە درێژەدا نووسیویەتی:” ئێستا ئیتر، کارو کاسبی لە دوکان و پاساژەکانەوە، گواستراوەتەوە بۆ سەر شەقامەکان.” هەواڵنێری مێهر لە زمان عەلی فەزڵی، سەرۆکی ژووری ئەسنافی ئێرانەوە نووسی:” تەنانەت زێڕ فرۆشەکانیش بەهۆی ڕکودەوە ڕویانکردوەتە فرۆشتنی میوە و تەرەبار.
بەڵام لەسەر ناوەرۆکی ئەم هەژاری و فەلاکەتە بێ وێنەیە کرێکاران بێ وچان خەریکی خەباتی سینفی خۆیانن. لەم یەکساڵەی دواییدا رۆژ نەبووە کە شاهیدی چەند ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری نەبوبێتین. لە یەکساڵی دواییدا ژمارەی مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و ژمارەی کرێکارانی بەشدار لەم خەباتەدا، بە بەراورد بە ساڵی پێشو زیاد بوونێکی بەرچاوی هەبووە و ئەم خەباتەی ئێستای کرێکاران لەم مانگ و حەفتانەی دواییدا نیشانی ئەدات کە ئەم ڕەوتە درێژەی هەیە و بزوتنەوەی کرێکاری زیندو ترین بزوتنەوەی حازر و ئامادەی ئێستایە لە مەیداندا. هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری پێویستە بەبێ سرنجدانە وەعدە و بەڵێنە درۆینەکانی رۆحانی سەبارەت بە گەشەی ئابووری و باشتر بوونی بارودۆخی هەژارانی کۆمەڵگە، بە پەرەدان بە بزوتنەوەی میالباتی کرێکاران بوارێکی گونجاوتر بۆ سازمانیابی چینایەتیان فەراهەم بکەن.