کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حیسابی دارودەستەکانی خانەی کارگەر لە حیسابی چینی کرێکار جیایە

لە کاتێکی شێوە ماتەمینیدا کە سەرانی خانەی کارگەر لە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزاڕەتی کار، ژووری بازرگانی و بەیتی خامنەیی ڕیاکارانە ناویان ناوە ” حەفتەی کارگەر”، کۆمەڵێک شانۆی فەرمایشی و دیدار لەگەڵ سەرانی ڕژیم، بەناوی کرێکارەوە بەڕێوەدەبرێت. لەو شانۆگەریانە، ڕاخستنی سفرەی خواردن بۆ ژمارەیەک لە کەسانی سەر بە خانەی کارگەر لە نزیک موسەللای خومەینی، ملاقاتی ژمارەیەک لە ئەندامانی هەیئەت مودیرەی خانە کەرگەریەکان و تەعاونیەکانی سەر بەوان لەگەڵ خامنەیی و بەڕێوەچونی کۆمەڵێک کۆبونەوەی فۆرماڵ و بازدیدی نمایشی لە هێندێک لە شوێنە کرێکاریەکان لە لایەن سەرانی حکومەتیەوە، لە وانە وەزیری کار بووە.لە سێهەمین رۆژی ئەم شانۆگەریەدا، مەڕاسمێکی دەوڵەتی لەژێر ناوی ” کارەگەر، خانەنشین و هیوا بە داهاتوو تەئمینی کۆمەڵایەتی” لە یەکێک لە ساڵۆنە ڕازاوە دەوڵەتیەکاندا و دوور لە شوێنی کار و ژیانی کرێکاران بەبێ ئامادە بوونی ئەوان بەڕێوەچوو. لە جەریانی ئەم شانۆگەریەدا کە تێیدا وەزیرانی کار، پیشەسازی، مودیری سازمانی تەئمینی کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک لە سەرانی رێکخراوە دژی کرێکاریەکانی کۆماری ئیسلامی ئامادەی ببوون. یەکێک لە سوخەنڕانانی ئەم تەشریفاتە دەوڵەتیە ” ئەولیا عەلی بەیگی” بوو کە، لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی ” سیاسەتە کوللیەکانی رێکخراوە کرێکاریەکان، ( مەبەست لێیان خانەی کارگەر و شوڕا ئیسلامیەکانە) ئیتاعەت لە ڕێبەریی، خزمەت بە کۆمەڵگەی کرێکاری و پشتیوانی لە دەوڵەتە.” ئەم ماوەیە رۆژی یەکەمی بە میساق و بەیعەت لەگەڵ ئەندیشە گەنیو و دژی کرێکاریەکانی خومەینی دەست پێبکات، بە بەڕێوەچوونی وەها کۆبونەوە گەلێک و ئەم جۆرە سوخەنڕانیانە دەرێژەی پێبدرێت و تێیدا ژمارەیەک بەناوی کرێکار بچنە دیداری خامنەیی دوژمنی ژمارە یەکی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران، و کۆتاییەکەشی ئامادە بوونیان لە نوێژی هەینی رۆژی ١٠ ی گوڵان بێت، چاوەڕوانیەک بێجگە لە بیستنی ئەم وڕێنانەی لێناکرێت.701
” عەلی بەیگی” و هاوقەتارانی کەسانێکن کە، لە مانگی ڕەشەمەی پارەوە بۆ هێرش کردنەسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران پای سەنەدی حەقدەستێکیان بۆ ئەمساڵی کرێکاران ئیمزا کردوە کە ڕێژەکەی بە پێی حێساباتی خۆشیان ٤ جار لەخوار هێڵی هەژاریەوەیە. سەرانی دەوڵەت و خانەی دژی کارگەر لە حاڵێکدا ئەم قسانە دەکەن و بە دانی وەعدەی سەرمایە گوزاری خاریجی وەک ڕێگای دەرچوونی نیزام لە قەیران و ڕزگار بوون لە ڕکود باس دەکەن کە، لە چەند کیلۆمیتر واوەتر و لە سالۆنێکی ڕازاوەتردا ژمارەیەکی تر لە سەرمایەدارانی شێوە دەوڵەتی سەربە سپای پاسداران و ژووری بازرگانی کۆبوونەتەوە و یەکیک لە سوخەنڕانەکانیان بڵقی وەعدەکانی دەوڵەتی رۆحانی سەبارەت بە سەرمایەگوزاری دەرەکی دەتەقینێ.
لە جەریانی بەڕێوەچوونی کۆبونەوەیەکی تردا لەژێر ناوی ” بیست و شەشەمین سوبحانەی کاریی بازاڕی سەرمایە” یەکێک لە سوخەنراکەنەکانی بەناوی ” غوڵامحسێن دەوانی” حیسابڕەسی باوەڕ پێکراوی بۆرس کە سەبارەت بە ئابووری مقاومەتی قسەی دەکرد، لە بەشێک لە قسەکانیدا بە ڕاشکاوی دەڵێت” وەک کەسێکی ئاگادار دەبێ بڵێم، دوای بەرجام هیچ کەسێک بۆ سەرمایەگوزاری رووی نەکردوەتە ئێران و ئەگەریش هاتبێتن بۆ مەشوەرەت بووە. ئاکامی ئەم مەشوەرەت و ڕاگۆڕینەوانەش گەیشتن بە گرفتێکی گەورە بەناوی ئەمنیەتی ئابووری و گەڕانەوەی سەرمایە بووە. ئەمنیەتێک کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە لە حەوزەی سەرمایەگوزاریدا لە ئێران بوونی نییە”.

” غوڵامحسێن دەوانی” یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی زانیاری لە نێو مافیای ئابووری سپای پاسداران و بۆرسی تاران دایە کە لە کۆنترۆڵی بێ ئەملا و ئەولای سپادایە. بەم ئیعتیبارەوە زانیاریەکانی لە هەموو سەرچاوەیەکی تر لەم بارەیەوە ڕاست ترە. کەوایە هەراوهوریای تیمی لیبڕاڵی حەسەن رۆحانی سەبارەت بە تەمایلی سەرمایەگوزاری خاریجی لە ئێران بەم بەڵگانەوە و بەو گومانانەی سەرانی ئیرباس لە جەریانی معامەلەیەکی کەڵان لەگەڵ ئیران ئاماژەیان پێکرد و ئەو کۆسپانەی کە دەوڵەتی ئامریکا بۆ سەرمایە گوزاری دەرەکی لە ئێران تا ئێستا دروستی کردوە و دەیکات، لەسەر جێی خۆیەتی.

لە ئاوا بارودۆخێکدا هەوڵی سەرانی خانەی کارگەر بۆ کرێنی دەرفەت بۆ دەوڵەتی رۆحانی بێجگە لە هەوڵدان بۆ مل کەچکردنی چینی کرێکار بۆ تەحەمول کردنی ئەم بارودۆخەی ئێستا هیچی تر نییە. بەڵام مەقعیەتی ئەو رێکخراوە زەردە کرێکاریە دەوڵەتیانەی کە هەمویان سەهمیان لە تەعاونی و شیرکەتەکانی سەر بە سازمانی تەئمینی کۆمەڵایەتیدا هەیە، نا سەقامگیر تر لەوەیە کە بتوانن بەناوی کرێکارەوە قسە بەکەن. تەنانەت ژمارەی ئەندامانی خانەی کارگەر کەمترە لە ژمارەی ئەو کارمەندانەی کە لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا لە لایەن دامەزراوەکانی سەر بەم مافیا گەورە سەرمایە داریەوە لە ئێران دامەزراون. لەم روەوە ئەمرۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەکرێ بڵێین کە حیسابی دارودەستەکانی سەر بە خانەی کارگەر و شوڕا ئیسلامیەکانی کار لە کرێکاران جیایە. کرێکارانی ئێران لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردودا ڕێگای خۆیان بە خەبات بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیان لە ڕێگای خانەیکارگەریەکان و تەشکیلاتە زەردەکانی وەک ئەو جیا کردۆتەوە.

دروست کردنی رێکخراوی سەربەخۆی جەماوەریی کرێکاری، دەرێژەی ناڕەزایەتی و سەرتاسەری کرنەوەیان، پەیوەست بوونی کرێکارانی پێشڕەو بە حیزبی سیاسی جێی بڕوایان، ڕێگایەکە کە بەرەی ئەمرۆی کرێکارانی پێشڕەو هەیانە و ڕزگار بوونی سەرجەم کۆمەڵگای ئێران لە چنگاڵی کۆنەپەرستی ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداری و موسیبەتە بێ ئەژمارەکانی لەم ڕێگایەوە دابین ئەبێت. ئەرزش مەسرەفی ئەم جۆرە شانۆگەریانە لە باشترین حاڵەتدا بۆ تەسویە حیسابی باڵەکان و داپۆشینی لاوازی و بێ توانایی سەرجەم حاکمیەتە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-