ئاخوند حەمید نیکزاد، ڕاوێژکاری وەزیری ئاموزش و پەروەرش و دەبیری ستادی هاوکاری حەوزە عیلمیەکان و وەزاڕەتی ئاموزش وپەوەرش، باسی لە گەڵاڵەی ئاشنایەتی مامۆستایان لەگەڵ شێوازەکانی دەرس وتنەوە لە حەوزەکانی عیلمیە کردوە!
ئاخوند نیکزاد وتویەتی کە لەسەر بنەمای ئەم گەڵاڵەیە، موعەلیمان و بە تایبەت” موعەلیمانی تازەکار” دەتوانن لە شێوازەکانی دەرس و توێژینەوەی حەوزە عیلمیەکان بەهرەمەند بن. ئەو لە درێژەدا وتی کە لەم گەڵاڵەیەدا، مامۆستایان كەڵک لە مودەڕیسانی حەوزەدینیەکان وەردەگرن.
حکومەتی ئیسلامی و حاکمانی گەندەڵ و کۆنەپەرست توانایی دەرکی قەیرانە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، ژینگەیی و فەرهەنگیەکانی ئێستای نێو کۆمەڵگایان نییە. ئەو قەیرانانەی کە خۆیان بەدیهێنەرین و لە قوڵ و بەرینترکردنەوەیدا دەورێکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەیان تێیدا هەبووە و هەیە.
لەمڕۆدا بوونی قەیرانی جۆراوجۆری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی لە کۆمەڵگاکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتانی سەرمایەداری دا بە کردەوە بۆتە بەشێک لە مەوجودیەتیان. بەڵام هەیئەت حاکمەکانیان بۆ چارەسەر و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان دەچنە زانکۆ، ناوەندەکانی توێژینەوە، ناوەندە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، نەزەرسەنجی و ڕاوێژ کردن لەگەڵ خەڵک تا بەر بە گەشە و قوڵتربوونەوەی قەیرانەکان بگرن و لەقەیرانێکەوە بۆ قەیرانێکی تر کۆنتڕۆڵی دەکەن و لەڕاستیدا بە شێوەیەک مودیریەتی بکەن.
بەڵام شێوازەکان لە کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەیەکی دیکەیە. کۆماری ئیسلامی لە هەنگاوی یەکەمدا بوونی قەیرانەکان ڕەد دەکاتەوە. ئەو کەس و بەشانەی کە باس لە قەیران دەکەن بە کەسانی سەربە دەوڵەتانی دەرەوە دەناسێنن و دواتر ئەوان دەستبەسەر، ئەشکەنجە، هێندێک جار ئێعدام و یان ناچار دەکرێن بەرەو هەندەران کۆچبکەن.
حکومەتی ئیسلامی ڕەنگە یەکێک لە دواکەوتوترین دەسەڵاتەکانە لە دنیادا کە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی مەوجود لە کۆمەڵدا لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوە ڕێکاری دواکەوتوانە، نامەڕبوت و ملهوڕانە دەگرێتە بەر. ئەم ڕژیمە بە جێگای چارەسەری مەسەلەکە حاشای لێدەکات و هەوڵی شاندنەوەی دەدات.
خەڵک لە حکومەتی مەزهەبی ناڕازین، خوازیاری جیایی دین لە دەوڵەتن و دڵگرانن لە دخاڵەت و گەندەڵی ڕۆحانیەکان. خوێندکاران، قوتابیان و فەرهەنگیان لەدژی حکومەت ناڕەزایەتی پیشان ئەدەن، بەڵام سەرانی حکومەت ڕێگا چارەی پێشنیارکراویان ناردن و حوزور و دخاڵەتی زیاتری ئاخوندەکان و حەوزە مەزهەبیەکانە لە ئاموزش و پەرەوەرشدا.
محەممەد عەلی تەسخیری سەرۆکی گروپی ئیسلامی فەرهەنگستانی عولومی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکێک لە ڕاوێژکارانی خامنەیی لەبواری ژینگەدا وتویەتی:” ئەمڕۆ بەشەر بۆی دەرکەوتوە کە قەیرانی ژینگەیی تەنیا بە دین و باوەڕی دینی دەکرێت چارەسەر بکرێت و ئەویش ئەدیانی ئیلاهیە!”.
لە قۆناغی لوتکەی قەیرانی کوڕۆنادا سپای پاسداران لەبەردەم فەرماندە پلە بەرزەکانی ئەم سپایەدا پەردەی لەسەر دەزگایەکی سەیر و سەمەرە لادا کە گۆیا لەمەودای سەد میتریەوە ویروسی کوڕۆنا دەناسێتەوە و گۆمەڵێک شێوازی دیکەی نەفامانە کە گیانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەستاند. سەبارەت بە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیش نمونەی لەم جۆرە زۆرن.
ئەم حکومەتە گەندەڵ و جەنایەتکارە هیچ پەیوەندیەکی بە دنیای ئەمرۆوە نییە و تەنیا بە زەخت و زۆر و جەنایەت لەسەر کورسی دەسەڵات ماوەتەوە. بزوتنەوەی “ژن. ژیان. ئازادی” لە چوار مانگی ڕابردودا نیشانیدا کە بۆچی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران خوازیاری ڕوخانی کۆماری ئیسلامی و چارەسەری جیدی و بەکردەوەی قەیرانەکانی مەوجود لە کۆمەڵدان.