شۆعبەی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی تاران، حوکمی ٦ ساڵ زیندانی ” ئیسماعیل عەبدی” دەبیری کانونی سێنفیی موعەلیمانی ئێرانی تەئید کردووه. دادگای پێشووتریش لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٤دا ئیسماعیل عەبدی بە تۆمهتی بێ بنەمای ” کۆبونەوە و پیلانگێڕیی لەدژی ئەمنییەتی نەتەوەیی”، بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کردبوو. ئیسماعیل عەبدی مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ لە ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی موعەلیمانی ئێران لەدژی بارودۆخی خراپی بەڕێچوون و بێ سهروبهریی ئاموزش و پەروەرش دەورێکی سازماندەر و چالاكانهی گێڕا. عەبدی دوای ئەم ناڕەزایەتییانە و کاتێک کە بهنیازبوو وەک نوێنەری شورای هاوئاهەنگیی تەشەکولە سێنفییەکانی موعەلیمانی سەرتاسەری ئێران بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی جیهانیی موعەلیمان و بۆ وهرگرتنی ڤیزای كانادا بچێته وڵاتی ئەرمەنستان، بەری پێگیرا و نەیانهێشت بچێتە دەرەوەی ئێران. دواتر ڕۆژی ٦ ی مانگی پووشپەڕ لە لایەن موعاونی قەزایی دادستانیی كۆماری ئیسلامییهوه گیرا و ڕاپێچی زیندانی ئێوین كرا. ئیسماعیل عەبدی دوای دهستبهسهركران، ماوهی ١١ مانگ زیندانی تهحهمۆل كرد. ئەو له ڕێگهی مانگرتن لە خواردنهوه کە دەنگدانەوەیەکی زۆریشی هەبوو وە بەدوای پشتیوانیی بەرینی مۆعەلیمانی ئێران و پشتگیریی ڕێکخراوەکانی مۆعەلیمان و یەکێتییە کرێکارییەکان لە ئاستی نێونەتەوەیی، بەشێوەی کاتیی لە زیندان ئازاد کرا.تەئیدکرانی حوکمی ٦ ساڵ زیندان بۆ ئیسماعیل عەبدی لە لایەن دادگای پێداچوونەوه، لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی دواییدا موعەلیمانی ئێران لە ڕێگهی بەڕێوەبردنی کۆبونەوەی ناڕەزایەتییەوە، داواکارییەکانیان بە گوێی کاربەدەستانی ڕژیمدا داوه.ئیسماعیل عەبدی بێجگە لە دیفاعی شێلگیرانە لەم ویست و داواکارییانەی موعەلیمان، هیچ تاوانێکی ئهنجام نهداوه. تەئیدی ٦ ساڵ حوکمی زیندان بۆ ئیسماعیل عەبدی، ئهوه دهسهلمێنێت کە ڕژیمی ئیسلامیی دیفاع لە مافی موعەلیمان بە تاوان ههژمار دهكات و هەروا بە شگردی بەدواداچوون و گرتن و زیندانیکردن، بەرەنگاری خەباتی ڕەوای موعەلیمان دەبێتەوە. بەڵام خەباتی مافخوازانەی مۆعەلیمان لە ماوەی ئهم ٢ ساڵهی ڕابردوودا، لە حاڵیکدا کە هەقدەست و هقوقی مانگانەی ٣ بۆ ٤ جار لەژێر هێڵی هەژاریی، ژیان و بەڕێچوونیانی تووشی گەلێک ئاستهنگ کردووە و هەڵسوڕاوانیان بەردەوام لەژێر گوشار و بەدواداچوونی دەزگا ئیتلاعاتیی و ئەمنییەتییەکانی ڕژیمدا بوون، دەریدەخات کە مۆعەلیمانی ئێران لەژێر ئهم زەخت و گوشارانهدا دەست لەم خەباته ڕەوایه بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان هەڵناگرن.
گوشار و سەرکوت و گرتن و زیندانیکردن و دەرکردنی حوکمی زیندان بۆ هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی موعەلیمان و چالاکانی کرێکاریی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا دیاردەیەکی تازە نییە و بە درێژایی تەمەنی ئەم ڕژیمەش ههر هەبووە. بەڵام توندبوونەوەی ئەمجۆرە گوشارانە لەم بارودۆخه سیاسییهی ئێستادا، لە بنەڕەتهوه هێرشێکی پێشگیرانەیە کە هۆکاری ڕوونتری هەیە. یەکێک لەم هۆکارانە پەیڕەوکردنی ئەمجۆرە گوشارانەیە کە دەوڵەتی ڕوحانی بەپێچەوانەی ئەو وەعده و بهڵێنانهی كه دهیدا، دوای تەوافوقی هەستەیی، نهك ههر نەیتوانی گۆڕانكارییهكی هەرچەند كهمیش بهئاراستهی باشترکردنی بەڕێچوونی ژیانی موعەلیمان، کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگه بهدی بهێنێ، بەڵکوو بارودۆخەکە خراپ و خراپتریش بووە. له وهها ههلومهرجێكدا ڕژیم نیگەرانە لهوهیكه نەکا کرێکاران و خەڵکێک کە به ئیستلاح چەقۆی گوشار و سهركوت گەیشتووهتە سەر ئێسقانیان، نەفرەت و بێزاریی درێژەكێشانی ئەم بارودۆخە، بکەنە بهستێن و بوارێك بۆ پەرەدان بە خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان. ههر لەم پێوەندەدا سەرانی ڕژیم زۆر بە باشیی ئاگاداری دەور و نەقشی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و موعەلیمانی تێکۆشەر و پێشڕەون لەم قۆناغهی ئێستادا. ڕژیم لهڕێگهی درێژەدان بەم گوشارانەی و لهولاشهوه به تەئیدی حوکمی ٦ ساڵ زیندان بۆ ئیسماعیلی عەبدی، دەیهەوێ به خهیاڵی خاوی خۆی، تێكڕای هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی موعەلیمان، چاوترسێن بکات. بۆ ئهوهی به خهیاڵی خۆی كوردگوتهنی ” پەل نهبزێون” و نهکەونە بیری پەرەدان بە خەباتییان، ئهویش لهم بارودۆخهی ئێستهدا. فاكتهرێكی دیكهی توندکردنەوەی ئهم سەرکوتانه، ئاگاداربوونی سەرانی ڕژیمە لەم ڕاستییەی کە، بهدوای ئیجرای تهواو و كهماڵی بەرجامیش، نەك ههر قەیرانی ئابووریی چارەسەر نابێت، بەڵکوو له ڕهوتی درێژەی ئەم قەیرانە، بێکاریی بەرینتر و نرخی پێداویستییەکانیش زیاتر ههڵدهكشێته سهرێ و کەسریی بودجەی دەوڵەتیش لهو لاوه، ئاسۆ و دیمەنگاكان بۆ باشتربوونی ژیانی کرێکاران، موعەلیمان و توێژی هەژاری کۆمەڵگه، هێندهی دیكه لێڵ و تاریک دهكات. ئەم ڕاستییە ئابوورییانە لە حاڵێکدا کە پێشتر بهردهوام وەعدە و بەڵێنی باشتربوونی بارودۆخی ژیان و بەڕێچوونیان بە کرێکاران و هەژارانی کۆمەڵگا دهدا، دوای عهمهلیاتی بوونهوهی بەرجامیش، بە شێوەیەکی چارههەڵنەگر، پەرەگرتنی ناڕەزایەتیی و بزووتنەوەی موتالباتیی بەشوێنەوە بووە. درێژەی گوشارخستنەسەر هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی موعەلیمان لە بنەماوه، هێرشێکی پێشگیرانەیە به مهبهستی بەرەنگابوونەوەی مەترسیی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی موعەلیمان و کرێکاران لەم بارودۆخهی ئێستادا.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە زەخت و گوشارەکان لە لەیەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆسەر سیما ناسراوەکانی خەبات و تێکۆشان وەک ئیسماعیل عەبدی و گوێنهدان به گوشارە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکان بۆ ئازاد کردنیان، سیاسەتێکی ئانقهست و ئاگاهانەیە کە لە لایهن مهقامه ههره باڵاكانی ڕژیمهوه بڕیاری لەسهر دراوە. گوشارهێنان بۆ سەر ئەم ئینسانە تێکۆشەرانە، پەیامی دەوڵەت و سەرمایەدارانی زاڵ بەسەر ئێرانه بۆ گشت ڕێبەرانی کرێکاریی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی موعەلیمان. بەم پێیه، هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نابێ گومانێکیان لهوه هەبێت كه دەوڵەتی ڕوحانی و ئیسلاحخوازانی حکومەتیش، بە ئەندازەی باڵی سپای پاسداران و ئۆسولگەراکانی سەربە بەیتی ڕههبەریی، دەستیان هەیە لە پلاندانان بۆ گوشارخستنە سەریان. هەردوو باڵەکەی ڕژیم بە باشیی دەزانن کە لە ناخی قەیرانی ئابووریی و درێژەی کێشمەکێش و شەڕی باڵە حکومەتییەکاندا، چ مەترسییەک و لە لایەن کامه بەشی کۆمەڵگهوە، هەڕەشە لە چینی سەرمایەدار و ڕژیمی پشتیوانیان دەکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە پێی تەجرهبەیهكی مێژوویی كه ههیهتی، بهوه گهیشتووه کە لە وەها بارودۆخێکدا هەر هەنگاوێک پاشەکشەکردن لە بەرانبەر خەباتی مافخوازانەی موعەلیمان و کرێکاران، به مانای پێداگرتنی ئهوانه لەسەر دەستەبەربوونی ویست و داواکارییەکانیان و ئهوان شێلگیر و جەسورتر دەکات. ههر بۆیهشه ئهوان بهرامبهر به خەبات و تێکۆشانیان، بە توندیی خۆڕاگریی دەکهن و سیما ناسراوەکانی خەباتیان لێ ڕاپێچی زیندان دهكهن.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمجۆرە زەخت و گوشارانە، هیچ ڕێگهیەکمان لهبهر نییه، بێجگەلە پەرەدان بە خەبات بۆ ئازادیی موعەلیمان و کرێکارانی بەندکراو و ههروهها ئازادیی تێكڕای زیندانییانی سیاسیی نهبێ. هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بە تەجرهبەش بووه، بۆیان دەرکەوتووە کە هەر جۆرە بێدەنگ بوون و بێ حەڕەکەتییەک لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا، سەرانی ڕژیم بۆ گوشارهێنان بێ شهرمتر دەکات. دەبێ بەردەم دهرگای زیندانەکان، بکرێنە شوێنی دەربڕینی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی بهندكراوان، موعەلیمانی مافخواز و هەر ئینسانێكی ئازادیخواز بۆ ئازادبوونی ئەم ئازیزانە. لە دەرەوەی وڵاتیش ئەحزاب و سازمانە چەپ و کۆمۆنیستەکان و ناوەندەکانی پشتیوانی بزووتنەوەی کرێکاریی و ئینسانە تێکۆشەر و ئازادیخوازەکان نابێ هیچ دەرفەتێک بۆ بەرپاکردنی کارزاری سیاسیی و تەبلیغیی بۆ پشتیوانیی لە ئیسماعیل عەبدی و کرێکارانی بەندکراو و زیندانییانی سیاسیی و لهقاودانی جەنایەتەکانی ڕژیم لە دەست بدەن. پێویستە لهڕێگهی پەرەدان بە خەباتیان بۆ ئازادكرانی هەڵسووڕاوانی بەندکراو، چ لە ناوخۆ و چ لە ئاستی نێونەتەوەییدا، هەزینەی سیاسیی ئەم کردارە سەرکوتگەرانەیە بۆ ڕژیمی ئیسلامی قورس و قورستر بکرێتهوه.