ڕۆژی شه‌ممه ١٦ی مانگی خه‌رمانان، هه‌واڵی ده‌ركردنی حوكمی قورس له دژی كرێكارانی خه‌باتكاری به‌ندكراو و پشتیوانانیان له لایه‌ن بێدادگاكانی ڕژیمه‌وه، بڵاوكرایه‌وه. ئه‌گه‌رچی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی هێشتا هه‌واڵی ده‌ركردنی ئه‌م حوكمانهیان ئاشكرا نه‌كردووه به‌ڵام پارێزه‌ری سپیده قولیان، كه یه‌كێكه له دهستبههسهركراوان، ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه.
به پێی ڕاپۆرتی “كاناڵی تێلێگرامی سه‌ربه‌خۆی كرێكارانی هه‌فت ته‌په”، سپیده قولیان، هه‌ڵسووڕاوی سیاسی و هه‌واڵنێری مه‌حه‌لی، عه‌سه‌ل محه‌ممه‌دی، ساناز ئێلاهیاری، ئه‌میر ئه‌میرقولی و ئه‌میرحسێن محه‌ممه‌دی فه‌رد، له نووسه‌رانی نهشریهی “گام“، هه‌ركامیان به سه‌رجه‌م ١٨ ساڵ زیندان مه‌حكووم كراون. ئیسماعیل به‌خشی، كرێكار و نوێنه‌ری كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په به سه‌رجه‌م ١٤ ساڵ زیندان و محه‌ممه‌د خه‌نیفه‌ر، كرێكارێكی دیكه‌ی هه‌فت ته‌په به ٦ ساڵ زیندان مه‌حكووم كراوه. هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٣ی خه‌رمانان، بێدادگای دژه كرێكاریی ڕژیم له ئه‌هواز، ٤١ كه‌س له كرێكارانی گرووپی سه‌نعه‌تیی فوولادی به تۆمه‌تی به‌شداری له ناڕه‌زایه‌تیه كرێكارییه‌كانی ساڵی ڕابردوو بانگهێشتی دادگا كردووه. له كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی جیهانی كرێكاری ئه‌مساڵدا، ژماره‌یه‌ك له هه‌ڵسووڕاوانی مه‌ده‌نی و كرێكاری ده‌ستبه‌سه‌ر كران و بۆ چه‌ند كه‌سێكیان حوكمی زیندانی درێژماوه ده‌ركراوه. مه‌رزیه ئه‌میری هه‌واڵنێری ڕۆژنامه‌ی “شه‌رق“، كه یه‌كێكه له ڕۆژنامه یاسایی و ڕێگه‌پێدراوه‌كان له ئێران، له كاتی ئاماده كردنی هه‌واڵ له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كاندا، ده‌ستبه‌سه‌ر و به ١٠ ساڵ زیندان و ١٤٨ زه‌ربه شهللاق مه‌حكووم كرا. هه‌روه‌ها نه‌سرین جه‌وادی، هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری، هه‌ر له لایه‌ن ئه‌م بێدادگایهوه به ٧ ساڵ زیندان و ٧٤ زه‌ربه شهللاق مه‌حكووم كراوه.
به بڕێك بیركردنه‌وه له‌م حوكمانه ده‌رده‌كه‌وێ كه سه‌رانی كۆماری ئیسلامی كونترۆڵیان له‌ده‌ست داوه و تووشی ئاڵۆزی هاتوون. كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم ده‌ستیان داوه‌ته كرده‌وه‌یه‌ك كه ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی یاساكانی خۆشیاندا ناگونجێ. كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په و فوولاد هه‌موو قسه و كرده‌وه‌كانیان ڕاشكاو و عه‌مه‌لی بوو. به‌ڕێوبه‌رانی نهشریهی ئینتێرنێتی گام له چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێساكانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی ڕژیمدا، قه‌ڵه‌میان گرته ده‌ست و نووسیان. ده‌ركردنی ١٨ ساڵ زیندان بۆ كچێكی لاوی ١٩ ساڵ ته‌مه‌ن كه ته‌نیا تاوانی دیفاعی بووێرانه له كرێكارانی مانگرتوو بووه و باروودۆخی خۆی و هاوسه‌نگه‌رانی له زیندانه‌كاندا ئاشكرا كردووه و هه‌روه‌ها سه‌پاندنی ١٤ ساڵ زیندان به‌سه‌ر كرێكارێكی بووێر كه ته‌نیا تاوانی نوێنه‌رایه‌تی كردنی هاوچینه‌كانی بووه بۆ وه‌رگرتنی مافه‌كانیان، ته‌نانه‌ت له یاسا دژه مرۆییه‌كانی ڕژیمی ئیسلامیشدا، ئه‌م حوكمانه له چاو تۆمه‌ته‌كانیان به “سه‌نگین” له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ته‌نزی ڕۆژگار ئه‌وه‌یه كه هاوكات له‌گه‌ڵ مه‌حكووم كردنی ئه‌م ئینسانه ماف خواز و شه‌ریفانه، “سه‌عید مۆرته‌زه‌وی” كه به تۆمه‌تی ئه‌شكه‌نجه، دزی و قه‌تڵ به‌ناو زیندانی كرابوو، به شێوه‌ی ڕه‌سمی و وێڕای تهبلیغاتێكی زۆر له زیندان ئازاد كرا. ئه‌مه له حاڵێك دایه كه سه‌رۆكی ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به زمانێكی فریوكارانهوه ڕایگه‌یاند كه: ” پێویسته ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران ببیسترێ“.
وێڕای هه‌موو ئه‌م سه‌رلێشێواوی و پارادۆكسه كه له ئیدعا و كرده‌وه‌ی سه‌رانی ڕژیم دایه، ئامانجیان له ده‌ركردنی ئه‌م حوكمانه، نه‌ك ترساندنی به‌ندكراوان به‌ڵكوو گه‌یاندنی په‌یامێكه بۆ كۆمه‌ڵگای ئێران و بۆ ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌كان. په‌یامێكی سیاسیه بۆ كرێكاران و بۆ خه‌ڵكێك كه خه‌باتی ئه‌مڕۆیان و ده‌نگی پێی شۆڕشی داهاتوویان، ترسی خستووه‌ته ناو دڵی سه‌رانی ڕژیمه‌وه. ئه‌م دژه كرده‌وه‌یه‌ی كۆماری ئیسلامی، بێ ئه‌وه‌ی سه‌رانی ڕژیم لێی ئاگادار بن هه‌ڵگری په‌یامێكی سیاسیی گرنگتریشه. زمزمهی تێپه‌ڕبوونی بزووتنه‌وه‌ی چینی كرێكار “له بزووتنه‌وه‌یه‌ك له‌ناوخۆیدا به‌ره‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ك بۆ خۆی“، ته‌نانه‌ت به گوێی سه‌رانی ڕژیمی ئیسلامیش گه‌یشتووه. به باوه‌ڕی ڕژیم، كه زۆریش له ڕاستی نزیكه، بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری به قۆناخێكی مه‌ترسیدار گه‌یشتووه. په‌ره‌سه‌ندنی وشیاری له ناو چینی كرێكاری ئێران‌دا، ترس و دڵه‌ڕاوكێی خستووه‌ته ناو ڕیزه‌كانی ڕژیمی ئیسلامییه‌وه. ئه‌وه نه‌ك هه‌ر ئیدعایهك به‌ڵكوو واقعیه‌تێكه كه چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر “ڕه‌ئیسی” سه‌رۆكی ده‌زگای قه‌زایی دانی پێدا و وتی: “ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاری نابێت سیاسی بكرێته‌وه.” هه‌روه‌ها ئیدعای كرد كه “ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران ڕه‌وایه به‌ڵام پێویسته وشیار بین كه ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه سیاسی نه‌بێته‌وه”. سیاسی بوونی خه‌باتی كرێكاران كه “ڕه‌ئیسی” به درووست نێگهرانێتی، به مانای ئاگاداربوونی كرێكارانه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان وه‌ك چینێكی به‌رهه‌مهێنه‌ری كۆمه‌ڵگا، سیاسی بوونی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران به مانای سه‌راسه‌ری بوونیان و به واتای په‌یوه‌ند خواردنیان به بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه، هه‌روه‌ها به مانای وێكخستنی چینی كرێكار و ئاڵووگۆڕ و شۆڕشه. كۆماری ئیسلامی به درووست، مه‌ترسیی ڕاسته‌قینه له ڕه‌وتی سه‌رتاسه‌ری وه‌ك مانگرتنی شۆفیر كامیۆنه‌كان، مانگرتنی سه‌راسه‌ری به‌شێك له كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن، خه‌باتی كرێكارانی فوولاد ئه‌هواز و نه‌یشكه‌ری هه‌فت ته‌په، مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری موعه‌لیمان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دیكه‌دا ده‌بینێت. ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری به شێوه‌ی عه‌ینی و هه‌نگاو به هه‌نگاو سیاسی تر ده‌بێته‌وه.
بێ گومان سه‌رجه‌م ئه‌و په‌روه‌ندانه‌ی كه بۆ مه‌حكووم كردنی هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریی به‌ندكراو وه‌سه‌ریه‌ك خراون، ساخته و ناڕاستن. كرێكارانی خه‌باتكار به شێوه‌ی عه‌له‌نی و ئاشكرا و ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی یاسا بهرتهسكهكانی ڕژیمیشدا چالاكیان كردووه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش “ڕه‌ئیسی و سه‌رانی دیكه‌ی ڕژیم نیگه‌رانن، نیگه‌رانی ئه‌و ڕاستیه كه خه‌باتی چینی كرێكار له ئێران خه‌رێكی تێپه‌ڕبوون له سنووره سینفیهكانه و ئه‌وه‌ش به مانای ئاڵووگۆڕێكه كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له ئێران له هه‌ڵدێر نزیك ده‌كاته‌وه. ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته نه‌ك هه‌ر ده‌رئه‌نجامێكی مێژوویی و یان بیرۆكه‌یه‌ك، به‌ڵكوو ڕاستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه به‌ره‌و پێش ده‌روات. بێ گومان، ئه‌ركی قووڵكردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته له‌سه‌ر به‌ستێنێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕاسته‌قینه، كه‌وتووه‌ته به‌رده‌م ئێمه.