حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان لە پەیوەندیەکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاکستان، بڵاوبوونەوەی کاریکاتۆرەکانی خامنەیی لە بڵاوکراوەی شارلی ئیبدوی بە “سوکایەتی بە پیرۆزیەکان” ناوبرد و وتی:” وڵاتانی ئیسلامی نابێ ئیزن بدەن وڵاتانی رۆژئاوایی سوکایەتی بە پیرۆزیەکان بخەنە دەستوری کارەوە. هەروەها ڕژیم سەفیری فەڕانسەی لە تاران بانگ کرد و سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەم کاریکاتۆرانە ناڕەزایەتی دەربڕی. هاوکات دەفتەری ڕۆژهەڵاتناسیی فەڕانسە لە تاران لە پێوەندی لەگەڵ ئەم کردارەدا داخرا.
کۆماری ئیسلامی کە شانازی بە چەکە جەنگیەکانی لەوانە پەهباد، موشەک و بەرەوپێشچوونەکانی لە بواری ئەتۆمیدا دەکات، بە هەبوونی یەک ملیۆن ئاخوند و ڕەنگە بەم ئەندازەیەش پاسدار، بەسیجی، پۆلیس، هێزی ئەمنیەتی و بەکرێگیراوانی لیباس شەخسی، ئێستا لەبەر بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک کاریکاتۆری خامنەیی وەحشەت کەوتۆتە گیانی.
حکومەتێک کە لەگەڵ ئازادی بەیاندا دوژمنایەتیەکی نەخۆشانەی هەیە، رۆژنامە و بڵاوکراوە مەجازی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی فلتێر کردوە و بەکارهێنەرانی زیندانی، ئەشکەنجە و تەنانەت ئێعدام دەکات، کاری گەیشتووەتە جێگایەک کە ئازادی بەیان و ئازادی ڕاگەیاندن لە ئوروپاش تەحەمول ناکات.
کاریکاتۆرەکانی شارلی ئیبدو بە جوانیەکی هونەرمەندانەوە جەنایەت، ڕیاکاری، ئیقتیداری درۆینە، دەمارگرژی و بەڕبەڕیەتی حاکمانی ئیسلامی کردۆتە نیشانە، ئەم کاریکاتۆرانە پیرۆزی درۆینە و پشتبەستو بە سەرهنێزەی ئاخوندەکان تێکدەشکێنێ. ئەم کاریکاتۆرانە دەورونەخشی ژنان لە تێکشکاندنی ئیقتیداری درۆینەی خامنەیی و نیزامی ئیسلامی نیشان ئەدات. دەریدەخات کە چلۆن ژنان و لاوان حاکمانی ئیسلامیان بە شێوەیەکی داماوانە خستۆتە وەحشەت و نیگەرانیەوە.
لەحاڵێکدا کە چوار مانگە دروشمی مردن بۆ دیكتاتۆڕ، ئێمە حکومەتی ئیسلامیمان ناوێ لە سەرجەم شارە گەورە و بچوکەکانی ئێراندا بە بانگی بەرز دەوترێتەوە، بنێرەکانی خامنەیی و خومەینی دەسوتێندرێن و وێنەکانی خومەینی و خامنەیی لە کلاسەکانی دەرس دادەگیڕین و دەخرێنە ژێر پێوە، کێشانەوەی کاریکاتۆری خامنەیی لەلایەن بڵاوکراوەیەکی تەنزپەردازەوە، ئەویش لە فەڕانسە بە سوکایەتی بە پیرۆزیە نەتەوەیی و ئیسلامیەکان لەقەڵەم ئەدرێت، بەرەورووی وەها کاردانەوەیەکی هیستریک دەبێتەوه، و ناوەندێکی فەرهەنگی دادەخرێت، سەفیری فەڕانسە لە تاران بانگ دەکرێت و هەڕەشەی تیرۆر و کاردانەوەی لێ دەکەن! کاردانەوەش نەک کێشانەوەی کاریکاتۆری یەکێک لە سەرانی حکومەتی و کلیسایی فەڕانسە، بەڵکو تیرۆرکردنی کاریکاتۆریستەکان و گرتنی دوو تابیعیەتیەکان لە ئێرانە.
ئاخەندەکان و دەزگای مەزهەب لە شۆڕشی مەشروتەوە تا بە ئەمرۆ لەگەڵ ئازادی، لەگەڵ بڵاوکراوەی تەنزپەرداز و گاڵتەئامێزدا کێشەیان هەبووە. حاکمانی ئیسلامی کە بە گشتی گۆڤار و نەشریە جیدی و سەربەخۆکانیان لە نێوخۆی ئێراندا داخستوە، ئێستا چەقۆ لە گۆڤاری شارلی ئیبدو دەسون. چەند ساڵ لەوەپێش چەند کاتیکاتۆریستی ئەم گۆڤارە لە لایەن دەمارگرژێکی بونیادگەرای ئیسلامیەوە، تیرۆرکران و ئێستا وەزیری دەروەی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ئاشکرا خوازیاری بەرگرتن بە ئازادی بەیانە لە فەڕانسە و هەڕەشەی کوشتن و تیرۆر لە کاریکاتۆریستەکان دەکات.
بێگومان حکومەتی کۆنەپەرست و دەژی ئازادی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ سانسۆڕ و بێ مافی بەسەر خەڵکی هاوچەرخی دنیادا بسەپێنێ. ئەوەی ڕوو ئەدات بە تەواوەتی پێچەوانەی خواستەکانی ڕژیمی ئیسلامی دەبێت. دیسان بڵاوکردنەوەی کاریکاتۆرەکان لە بڵاوکراوەکانی ناوچەکە و دنیادا بە شێوەیەکی ملیۆنی بەڕێوە دەچێت.
ئازادی بەیان و ڕاگەیاندنی ئازاد، بەردی بناغەی ئازادی کۆمەڵگایە و دوور نییە ئەو رۆژهی کە هونەرمەندان و کاریکاتۆریستەکانی نێو ئێرانیش ژیان لە کۆنەپەرستان بکەن بە کابووسێکی بێ کۆتایی. تێپەڕبووە ئەو قۆناغەی کە خومەینی جەنایەتکار فەتوای کوشتنی بۆ سەلمان ڕوشدی دەر دەکرد و حکومەتە ڕۆژئاواییەکان بە هۆکاری بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان بێدەنگیەکی زەلیل و زەبونانەیان هەڵدەبژارد. ئێستا رۆژنامەنووسان، نووسەران، هونەرمەندان، ڕووناکبیران و بەشی پێشکەوتوی کۆمەڵ لە بەرانبەر بەڕبەڕیەتی ئیسلامیدا خۆڕاگری دەکەن و حکومەتە ئوروپاییەکانیش ناچارن مل بۆ گوشاری گشتی خەڵکی ئێران و ئازادی خوازانی دنیا کەچ بکەن.