کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حاشیە نشینی ئاوەڵدوانەی نیزامی سەرمایەدارییە

رۆژی چوارشەممە ١٥ ی مانگی گوڵان، کۆبونەوەیەکی زانکۆیی لەژێر نێوی ” هەمایشی نێونەتەوەیی شوێنە نیشتەجێ بوونە هەژار نشینەکانی شاری” لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە دەستی بە کارەکانی کردوە. میوانەکان لەسەرتاسەری ئێران و ژمارەیەکیشیان لە زانکۆکانی ئوروپا و وڵاتانی ناوچەکەوە تێیدا بەشدارن. ئەم کۆبونەوەیە بە هاوکاری نێوان زانکۆی کوردستان، ئوستانداری ئەم ئوستانە و ژمارەیەک لە ناوەندە سەرتاسەری و نێو نەتەوەییەکان لەوانە ” سازمانی نیشتەجێ بوونی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان” ( هیبتات) و یۆنسکۆ بەڕێوە دەچێت. لە جەریانی ئەم کۆبونەوە دوو رۆژە زانکۆییەدا، وێڕای بەڕێوەچونی کۆمەڵێک پانێڵی تەخەسوسی، سوخەنڕانانیش سەبارەت بە حاشیە نشینی و شوێنە نیشتەجێ بوونە هەژار نشینەکانی شاری قسە دەکەن. لە سوخەنڕانە سەرەکیەکانی ئەم کۆبونەوەیە ژمارەیەک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەوانە سیامەک موقەدەم نمایەندەی بەرنامەی نیشتەجێ کردنی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئێران و فەردین ئەخلاقیان سەرۆکی زانکۆی کوردستان و ” محەممەد ڕەزا واعز مەهدەوی” جێگری گەشە پێدانی کاروباری ئاموزشی و فەرهەنگی سازمانی مودیریەت و بەرنامە ڕێژی وڵاتن.704

سیامەک موقەدەم حاشیە نشینی بە ئاکامی دیاردەی ڕانت خۆری دەزانێ و محەممەد ڕەزا واعز مەهدەوی دەیبەستێتەوە بە کرداری خراپی بەرپرسانەوە. لە وردبونەوەیەک لە ناوەرۆکی سوخەنڕانی ئەم بەناو کارناسانە و ناوەرۆکی ئەو وتارانەی کە بۆ ئەم هەمایشە نێردراون، چەند ڕاستیەکی ئاشکرایان پێوە دیارە. ئەوان لە هەڵسەنگاندنی ڕیشە و سەرچاوەکانی پەرەسەندنی حاشێە نشینیدا ئادرەسی هەڵە ئەدەن و بە جێگای دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەی ئەم گرفتە کۆمەڵایەتیە ڕێگا چارەی رووکەش و ساویلکانە پێشکەش ئەکەن. تەنیا خاڵێکی ئەرێنی سوخەنڕانانی ئەم هەمایشە ئەوەیە کە دیاردەی حاشیە نشینی و شوێنە نیشتەجێ بوونە هەژار نشینەکانی شارییان وەک ڕاستیەک لە چوارچێوەی سیستمی جێی پشتیوانی خۆیاندا بە ڕەسمیەت دەناسن.
بەڵام ئەم هەمایشە لە شارێک بەڕیوەدەچێت کە خۆی خاوەنی گەورە ترین گەرەکی حاشیە نشینیە لە ئێراندا بە بەراورد بە دانیشتوان و جەمعیەتەکەی. ” نایسر” یەکێک لە گەڕەکە حاشیەییەکانی شاری سنەیە کە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن و لە سەرەتایی ترین ئیمکاناتی شاری لەوانە قوتابخانە، دەرمانگا، بەرق، ئاوەرۆی سەرداپۆشراو و فەزای سەوز بێبەشە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە، گەشە و پەرەسەندنی حاشیە نشینی لە ئوستانە کورد نشینەکانی رۆژئاوای ئێران، بە بەراورد بە باقی ئوستانەکانی دیکەی وڵات خێراترە. حاشیەی شارە گەورە و چکۆلەکانی ناوچە کورد نشینەکانی ئێران بە تایبەت شارە سنوریەکان بوونەتە شوێنی نیشتەجێ بوون و ناوەندی کۆبونەوەی هەژارترین توێژی دێهاتەکان و ئەو لاوە بێکارانەی کە بەشوێنکاردا سەر لەهەموو دەرگایەک دەنێن. ئەگەر بێکاری ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگەرە و لە کوردستان لە حاڵی پەرەسەندن دایە، ئەگەر کۆڵبەری لە سنوری ناوچە کورد نشینەکانی ئێران بۆتە دیاردەیەکی لە حاڵی گەشەدا و ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵە هەژار نشینەکان و لاوانی بێکار بەشوێن نانەوە روویان کردوەتە ئەم کارە مەرگ هێنەره‌، سروشتیە کە حاشیەی شارەکانی نزیک سنور ببێتە جێی نیشتەجێ بوونی ئەم جۆرە ئینسانانە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە تێڕوانینێكی گشتیدا ئەوە لە بنەڕەتدا بێکاری و هەژارییە کە حاشیە نشینی بەرهەم هێناوە و بەرهەمی دێنێ. گرانی مەسکەن هۆکارێکی گەورەی کۆچی توێژی کەم داهاتەكانه‌ لە ناوەندی شارەکانەوە بۆ ناوچە حاشیەییەکان.
حاشیە نشینی نەک سەرچاوە گرتوو لە کرداری خراپی بەرپرسان و ڕانت خۆی، بەو جۆرەی کە سوخەنڕانەکانی ئەم کۆبونەوەیە دەڵێن، بەڵکو، دیاردەیەکە بە پانتایی دنیای سەرمایەداری و ئاوەڵدوانەی ئەم نیزامەیە. لەگەڵ گەشە کردنی سەرمایەداری، شارەکان و حاشیەی ناوەند و شارەکە سەنعەتی و کارخانەکان، دەروبەری چاڵە نەوت و پاڵاوگەکان، بەندەرەکان و شوێنی گواستنەوەی کالا و باقی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، بوونەتە ناوندێک بۆ ژیانی هێزی کاری بەشوێن کارەوە. لەگەڵ گەشە کردنی سەرمایەداریدا و قەیرانە دەورەییەکانی بێکاری و هەژاری زیاتر پەرەی سەند کە حاشیە نشینی سروشتی ترین ئاسەوارەکانی بوو. لەمرۆدا لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ئوروپایی شاهیدی گەشە کردنی کارگ ئاسای حاشیە نشینین. ئەو ناوچانەی کە هەژار ترین بەشی چینی کرێکاری کۆچبەر تێیدا دەژین. پێوەند دانی پەرەگرتنی حاشیە نشینی بە رانت خۆریەوە، ڕوانینێکی روکەش ساویکانەیە. لە زۆرێک لە وڵاتانی دەوڵەمەندی سەرمایەداری بە تایبەت وڵاتانی باکوری ئوروپا دیاردەی ڕانت خۆری بە جۆرێک کە لە ئێراندا وەک هۆکاری پەرەسەندنی حاشیە نشینی باس دەکرێت بوونی نییە، بەڵام حاشیە نشینی و گەڕەکی هەژار نشینی بێ ئیمکاناتی سەرەتایی شاری بە خێرایی لە حاڵی گەشە کردن دایە. لەم وڵاتانەدا و لە حاڵێکدا کە دروستكردن و فرۆشتنی به‌ربڵاوی، شارەداری و دەوڵەکان بەردەوام و بەخێرایی خەریکی دروست کردنی مەسکەنن بەڵام هاوشان لەگەڵیدا شاهیدی پەرەگرتنی حاشیەنشینین. کارتێلە گەورەکانی سەرمایەداری مەسکەن بۆ توێژی هەژار دروست ناکەن، مەسکەن بۆ دابین کردنی سەرپەنا بۆ خەڵکی هەژار نییە. مەسکەن بەپێی نیازی بازاڕی سەرمایەداری و بانکەکان دروست دەکرێت. گەلێک لە لاوانی خوێندەار بەهۆی گران بوونی ئەم ماڵانە دەرەقەتی کرینی نایەن و ئەو شەرت و مەرجانەش کە وامدەرەکان دایدەنێن لە توانای ئەواندا نییە، کەوایە یان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا دەژین و یان بەرەو ژیانی حاشیە نشینی مل دەنێن. لەم وڵاتانەدا وەک ئێران ئەوە دەوڵەتەکان، بانکەکان، دامەزراوە ماڵیەکان، بساز و بفرۆشە بەکۆمەڵەکان و دەڵاڵانی مەسکەن و بە کورتی سەرمایەدارانن کە لە ساخت و سازە بە کۆمەڵەکان قازانج دەکەن، نەک خەڵکی نیازمەندی مەسکەن. لە ئێران و کوردستان بارودۆخەکە لەوەش خراپترە. سەرجەم سیاسەتەکانی نیشته‌جێبوونی کۆماری ئیسلامی چ مەسکەنی مێهر و چ مەسکەنی کۆمەڵایەتی لەوێوە کە لەسەر بنەمای قازانج پەرستی دامەزراوە، لە ڕاونگەی دابین کردنی مەسکەنەوە بۆ نیازمەندان توشی شکست هاتووە. ئەم کۆبونەوەیەش لە دۆزینەوەی ڕیشە و هۆکارەکانی ئەم بابەتە لە باشترین حاڵەتدا بێجگە لە نمایشێکی فۆرماڵ و زانکۆیی هیچی تر نابێت. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە مەسکەنی گونجاوی خاوەن ئیستانداردی سەرەتایی ژیان، بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە چوارچێوەی ئەم نیزامەدا لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و قازانج په‌ره‌ستی سه‌رمایه‌ دابین دەبێت، ئەم ڕسالەتە لە ئەستۆی نیزامی سۆسیالیستی سبەی رۆژە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-