کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

جەنایەتێک کە شیاوی بەخشین نییە، کارەساتێک کە لەبیر ناکرێت

images 41

مانگی گەلاوێژ بە بیرەوەری و یادی هەزاران تێکۆشەری شۆڕشگێڕ و کەسانی ئاڕمانگەرا و ڕەنج و ئازاری گیان تاوێنی بنەماڵەکانیان دەست پیدەکات. جاوید ڕەحمان، گوزارشگەری تایبەتی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کارباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بەم بۆنەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە. ئەو کوشتاری لاوانی کچ و کوڕی لە دەیەی ٦٠ دا و لەوانە کوشتاری بەکۆمەڵی ساڵی ٦٧ ی بە نەسڵ کوژی و جەنایەت دژبە مرۆڤایەتی ناوبردوە.

لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧، خێڵی جەنایەتکارانی ورد و درشتی زاڵ بەسەر چارەنووسی خەڵکدا، و لە سەرویانەوە ئاخوندێکی خورافە پەرستی بێ ڕەحم بە ناوی خومەینی هەزاران لاوی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر و دیلی لەبەر دەست جەنایەتکارانیدا لە زیندانەکان بە شاراوەیی ئێعدام کرد و پەیکەرەکانیانی بەرەو گۆڕستانە بێ ناو و نیشانەکان برد و لە بێدەنگی تەواوی خەبەریدا ئەسپەردەی کردن. گومان لەوەدا نییە کە دووربینی سیخورەکانی هێزە ئیمپڕیالیستیەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و جاسوسە زەمینیەکانیان ئاگاداری ڕووداوەکە بوون؛ بەڵام بەرژەوەندی کەسیف و نامرۆڤانەیان لەو سەردەمەدا ئیجازەی نەدا هەواڵەکەی بگاتە دەرەوە. ئەوان تەنیا کاتێک زاریان کردەوە و یان جەنایەتکارێکی وەک نوورییان دادگایی کرد کە هەمان بەرژەوەندی ئەوەی دەویست؛ و تازە ئەوەش کاتێک بوو کە بنەماڵەی بوێری دادخوازان بە تواناییەکی بەرینەوە زانیاریی زۆریان گەیاندبووە دنیا. شیاوی وەبیر هێنانەوەیە کە ئیمپڕیالیستەکان و پەشیمان و شەرمەزارەکانی ئەو جەنایەتە تا ئێستاش یادێکیان لە ئاڕمانی بەرز و مرۆڤانەی ١١٠٠ زیندانی کومونیست کە لە ساڵی ١٣٦٧ دا قارەمانانە و پێداگر لەسەر هەڵوێستە ئینسانی و شۆڕشگێڕانەکانیان چوونە پایدار نەکردە و ناشیکەن.

ئێعدام کرانی ڕۆڵە شۆڕشگێڕ و بوێرە زیندانی کراوەکان بابەتێکی لەپێشدا پلان بۆ داڕێژراو بوو. ئەو زانیارییە کەمەی کە لە ڕێگای بیرەوەری زیندانی سیاسی ڕزگار بوو لە چنگی مەرگ و تەنانەت کاربەدەستانی خودی ڕژیم و هەروەها ڕاگەیەنەرەکانی ئەو سەردەمەوە لەبەردەست دان، شاهیدی ئەوەن کە کەسانێکی وەک ئەحمەد خومەینی، ڕەفسەنجانی و خامنەیی و دارودەستەکانیان لە هەر سێ دەسەڵات دا و سپای پاسدارانلە ساڵانیک لەوە پێشەوە سەبارەت بەم جەنایەتە بیریان کردبۆوە و گەڵاڵەیان بۆ دانابوون. عەمەلیاتی بەناوفوروغی جاویدانی سازمانی موجاهیدینی خەڵک، دەرفەتی دا تا داوا لە خومەینی چاودێر بەسەر مەرگدا بکەن بە دەرکردنی دەستوری ئێعدام کردنی شۆڕشگێڕان و تێکۆشەرانی زیندانی پەروەندەی جەنایەتەکانیان و ئیسلامە سیاسیەکەیان کامڵ بکەن. ئەوان کە لە شەڕدا دژبە عێڕاق دۆڕاندبوویان و بە هەزاران کەس لە لاوان و ڕۆڵەکانی خەڵکیان لەشەڕدا بەکوشت دابوو وە نزیک بە هەزار میلیارد دۆلار زیانیان بە وڵات گەیاندبوو ترسیان لە ئاخێزی جەماوەری ناڕازی هەبوو کە درگای زیندانەکان بشکێنن و بە هەزاران زیندانی سیاسی خاوەن هەڵوێست و ڕێبەر لە داهاتودا ڕزگار بکەن.

دەزانین کە ناسینەوەی کەسانی خاوەن هەڵوێست و دیاریکردنی چارەنووسی زیندانیانی سیاسی لە لایەن خومەینیەوە بە کوموسیۆنێکی سێ کەسی سپێردرا کە خودی بکوژانی سەرەکی و دەسەڵاتدار بە باشیان زانی یەکێکیان، واتە رەئیسی جەللاد، لە ئاسمان بتەقێننەوە. ئەو سێ کەسە، کە هەیئەتی مەرگیان پێ ئەوترا، زیندانیەکانیان تەنیا لەبەر بیروبۆچونیان دەکوشت. لەم دادگایانەی پشکینی بیروباوەڕی حکومەتی ئیسلامیدا دەیان پرسی:” موسڵمانی؟ باوەڕت بە خودا هەیە؟ باوەڕت بە بەهەشت و جەهەندەم هەیە؟ نوێژ دەکەی؟و شتی لەم بابەتە. ئەو زیندانیانەی کە وڵامەکانیاندا بە هەیئەتی مەرگ جێگای قەبوڵ نەبوو، بە خێرایی دەبران بۆ ژوورێکی دیکە تا لەوێوە بەرەو شوێنی ئێعدام ڕەوانە بکرێن.

لەمڕۆدا قەیرانە گەورەکان، سیاسەتی شکست خواردو وە خەباتی نەپساوەی کرێکارانی تێکۆشەر، ژنانی نافەرمان و بوێر، خانەنشینانی خەباتکار، دادخوازانی ماف خواز و باقی ئازادی خوازان و تێکۆشەرانی دژی سەرمایەداری، خامنەیی و باقی بکوژانی ڕۆڵە بوێرەکانی خەڵکیان لە ساڵی ٦٧ دا، ناچار کردوە تا مودەعیەکی درۆینەی دەرفەت مێحەوەر و ڕیفۆڕم خواز بێننە سەرکار. ئەو وە کەسانی دەوروبەری دەڵێن کە یەکێک لە ئامانجەکانیان ئاشت کردنەوەی خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتە. هەڵبەت مەبەستیان لە خەڵک خاوەنانی سەرمایەی پڕۆ ڕۆژئاوایی و زیاتر لە کەرتی تایبەت دایە. دەنا ئەوان بە شێوەیەکی شەرمنانەش بوایە خۆیان لە نەسڵ کوژی دەیەی ٦٠ و بە تایبەت کوشتاری بە کۆمەڵی ساڵی ٦٧ بە دوور دەگرت و یادێکیان لە هەزاران دایکی دادخواز و بوێر دەکرد، کە دەهۆڵی ڕێسوا بوونی ڕژیمی ئیسلامی جەنایەتکاریان لە ئێران و دەروەی ئێران لێداوە. هەڵبەت کەسێک لە پزیشکیان و دارودەستەکەی، کە هەمویان بە شێوەیەک لە شێوەکان لە جەنایەتەکانی دارودەستەی خومەینیدا بەشدار بوون، نابێ چاوەڕوانی وەها دانپێدانانێکی هەبێت.

تۆڵەی ئەو گیانە ئەویندارانەی، بنەماڵەکانیان و دۆستانیان دەبێ زیاتر لە هەموان لە سیستمێکی سود مێحوەر بستێندرێتەوە کە پێویستی بە وڵاتانی دواکەوتو ڕاگیراوی وەک ئێران بە وەسیلەی مەزهەب، ڕۆحانی و جەنایەتی هاوشیوەی کوشتاری بە کۆمەڵی ساڵی ٦٧ هەیە. دەستەبەر بوونی ئەم بابەتەش کاتێک مومکینە کە چینی کرێکار و شارۆمەندانی ئازادی خواز و وشیار خۆیان ڕێکبخەن و ئەم ڕژیمی دواکەوتویی و جەنایەتە بە ڕیفۆڕم خواز و بناژۆخوازیەوە بڕوخێنێ و لە جێگای ئەو دەسەڵاتێک دابمەزرێنێ کە تێیدا زیندانی سیاسی ئەفسانە بێت.