حه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی گه‌لاوێژ، ساڵڕۆژی یه‌كێك له خوێناوی‌ترین و جه‌نایه‌تكارانه‌ترین كرده‌وه‌كانی ڕژیمی ئیسلامی له ئێرانه. كوشتاری به‌ندكراوانی سیاسی له یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٦٧ی هه‌تاوی به كوشتنی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی سازمانی موجاهدینی خه‌لق ده‌ستپێكرد و له سه‌رتاسه‌ری ئه‌م مانگه‌دا درێژه‌ی بوو. كوشتاری كۆمۆنیسته‌كان له مانگی خه‌رماناندا ئه‌نجام درا. زۆرێك له قوربانیان، ده‌وره‌ی مهحكوومیهتهكهیان تێپه‌ڕاندبوو و چاوه‌ڕوانی ئازاد كران بوون. هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی زۆرێك له‌و به‌ندكراوانه ناڕوون بوو و له چاوه‌ڕوانیی به‌ناو “ته‌فهیمی ئیتهام“دا بوون. شەڕی وێرانگەری ئێران و عێڕاق به تەڵەفاتی ئینسانیی به‌رین و خەسارات و زیانی گەورەی ئابووری و ماڵییه‌وه کە ببوە هۆی وێران بوونی زۆربەی شار و ناوچە مەسکونیەکانی هەردوولا، بە شکستی کۆماری ئیسلامی کۆتایی هاتبوو. خومه‌ینی كه له سه‌ره‌تادا شه‌ڕی پێ نیعمه‌تی ئیلاهی بوو، به سه‌رشۆڕییه‌وه وه‌ك خۆی گوتی جامی ژه‌هری نۆشی و شكستی قه‌بووڵ كرد. کۆتایی شەڕ بۆ خەڵکی ئازار دیتووی ئێران، کرانەوەی دەربیجیەکی هیوا بوو کە لە لایەکەوە دەیانتوانی ژیانی ئاسایی و بە دوور لە کوشتار و بۆمبارانی رۆژانە دەست پێبكه‌نه‌وه و لە لایەکی دیکەشه‌وە دەیانتوانی داخوازییه ئینسانییهكانی خۆیان کە هەموو رۆژێک بە بیانووی شەڕەوە سەرکوت دەکرا، بێننه گۆرێ. شەوق و شادمانی لە دڵی خەڵکدا بەدی هاتبوو و شکست و داماویی ڕژیمی ئیسلامیان بە خاڵێکی جێگای هیوا بۆ بەرەو پێش چوونی خەبات و دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان لە داهاتودا دەزانی. سەرانی کۆماری ئیسلامی و لە سەروویانەوە خومەینی و ڕاوێژکارە سەرەکیەکانی، ڕەفسەنجانی و خامنەیی و باقی هاوبیرانیان ئاگاداری تەواوی ئەم واقعیەتانە بوون. ئەوان بە پێی پیلان و ئاگاهانە بڕیاریاندا کە شادی و خۆشحاڵی خەڵک به‌هۆی کۆتایی شەڕ بکەنە ماته‌م و پرسە بۆیان، بەڵام هۆکارێکیان بۆ وه‌ڕێ خستنی شەپۆلی کوشتاری خەڵکی کۆڵان و بازاڕ نەبوو. سەرانی کۆماری ئیسلامی کە بەقەولی خۆیان، حکوومەتەکەیان بەرهەمی “سەرکەوتنی خوێن بەسەر شمشێردا” بوو، به‌نیازبوون تۆڵەی شكست لەشەڕی عێراق، له خەڵکی ئێران بکەنەوە. ئەوان بۆ مانەوەیان پێویستیان بە ڕشتنی خوێنی زیاتر بوو و ئەمجارەش وەک ٣٠ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ شمشێری ژه‌هراویی خۆیان لە زیندانەکان و لەدژی به‌ندكراوانی سیاسی خستەکار. لە ڕەوانگەی حاکمانی ئێرانەوە گونجاوترین و بێ ده‌نگترین شوێن تەنیا زیندانەکان بوو کە بە هەزاران ئینسانی ناڕازی و تێکۆشەر و لە عەینی حاڵ‌دا بی دیفاع لە پشتی میلە ئاسنینەکانیەوە بەند کرابوون. خومەینی به پێكهێنانی کۆمیتەیەکی پێکهاتوو لە حسێنعەلی نیری( حاکمی شەرع)، موڕتەزا ئیشراقی(دادستان)، ئیبڕاهیم ڕەئیسی(جێگری دادستان) و مستەفا پوور محەممەدی (نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات له زیندانی ئێڤین)، وێڕای ده‌ركردنی فه‌توای مه‌زهه‌بی، فه‌رمانی كوشتنی هه‌زاران به‌ندكراوی سیاسیی ده‌ركرد. لەگەڵ دەرکردنی ئەم فەتوایە و مه‌ئمور کردنی ناوبراوان، جەنایەتکارانی پیشه‌یی وەک “لاجه‌وه‌ردی“، “داوەری“، “حه‌مید نوری” و دەیانی تر، زیندانەکانیان بۆ ڕێبەری ئیسلامی کردبە بەرەیەکی شەڕی یەک لایەنە و شکست لە جەبهەیان کردە “سەرکەوتن” لە زیندانەکاندا. داری ئێعدام‌یان دامەزراند و به‌ندكراوانی ئاڕمانخواز بە وتنی “نا” به جەلادان ئێعدام كران و مۆری سەرشۆڕییەکی مێژوییان بە نێوچاوانی بکوژانەوە نا. بە هەزاران زیندانی تێکۆشەر و خۆڕاگر دارەکانی ئێعدام‌یان ماچ کرد، بەڵام لە بەرامبەر جەنایەتکارانی ئیسلامی‌دا سەریان دانەنەواند. هەواڵی ئەم جەنایەتە لە ڕادیۆ و تەلەویزیۆن و چاپهمهنییهكانهوه بڵاو نەکرایەوە. خومەینی و شاگردەکانی پێیان وابوو کە قفڵێکی هەتاهەتایی ئیستبدادیان لە زاری کۆمەڵ داوە. پەیکەری قوربانیانی ئەم جەنایەتەیان بە دزیەوە لە خاوەرانی تاران، دارولڕەحمەی شیراز، باغی ڕەزوانی ئیسفەهان، حەساری دادگای ئینقلاب لە سنە و دەیان شوێنی تر شاردەوە. گوڕستانی ئەم ئازیزانەیان ناونا لەعنەت ئاوا تا بە خەیاڵی خاوی خۆیان خەڵک لێیان دوور بکەونەوە. به‌ڵام ئه‌م شوێنانه بە خێرایی بوونە ئارامگای ئازیزانی لەبیر نەکراو و بە دڵناییەوە لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا دەبنە ژوانگەی ئه‌ویندارانی ڕێگای ڕزگاریی مرۆڤایه‌تی.
زۆری نه‌خایاند کە هه‌واڵی ئه‌م جه‌نایه‌ته خۆفناكه لە ئێران و لە دەرەوەی ولات بڵاو بۆوە. خەڵکی ئێران کە ورده ورده خەریک بوو جەستەی ماندوویان لەژێر وێرانەکانی شەڕی ئێران و عێڕاق دەردەکێشا، زانیان کە چ کارەساتێک لەدژی ئازیزانیان بەڕێوەچووە. ژمارەیەکی کەم لە هاوخەباتانی قوربانیانی جەنایەتی هاوینی ٦٧ کە لەو کوشتارە بەکۆمەڵە بە سڵامەتی رزگاریان ببوو لە بیرەوەریەکانیاندا گۆشەگەلێکیان لە دڵڕەقیی جەنایەتکارانی زیندانوان و مەزڵومیەتی به‌ندكراوانی بێ دیفاع بۆ ڕای گشتی گێراوه‌ته‌وه. بەڵام هێشتا ئەمە هەموو ڕاستیەکە نییە. هێشتا بەشێکی زۆر لە ڕاستیەکانی ئەم جەنایەتە لە خەڵک شاراوەیە.
زۆربەی بڕیارده‌ران و ئه‌نجامده‌رانی ئەم جەنایەتە، لە دادستانی پێشووی گشتییهوە تا سەرۆکی دادگا و باقی ئەو جەنایەتکارانەی کە لە کارەساتی کوشتاری به‌ندكراوانی سیاسیی ساڵی ٦٧دا بەشێک لە باسكی به‌هێزی ئیمام بوون لە نەبەرد لەدژی زیندانیانی بێ‌دیفاع، چەند ساڵ دواتر جلی بەناو ڕێفۆرمخوازانی حکومەتییان لەبەر کرد و بۆ رزگار کردنی کەشتیی بەر تۆفان کەوتوی حکومەتی ئیسلامی كه‌وتنه خۆ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان كه‌شتییه شكاوه‌كه‌ی خۆشیان له قوڕ چه‌قی.
بێگومان سه‌ره‌نجام ئه‌و ڕۆژه دێت كه سه‌رانی جه‌نایه‌تكاری كۆماری ئیسلامی له دادگای عه‌دڵی خه‌ڵكی ئازار چێشتووی ئێران‌دا موحاكمه بكرێن و نهێنیی جه‌نایه‌ته بێ ئهژمارهكانیان زیاتر وه‌ده‌ر بكه‌وێت و سزای شایسته‌ی خۆیان وه‌ربگرن. گیان به‌ختكردووانی ساڵی ٦٧ و باقیی گیان به‌ختكردووانی ڕێگای ڕزگاریی مرۆڤایه‌تی هه‌رگیز له‌بیر ناكرێن. بێگومان جه‌ماوه‌ری وشیار و خه‌باتكاری ئێران، بڕیارده‌ران و ئه‌نجامده‌رانی پتر له ٣ ده‌یه كوشتاری ڕۆڵه‌كانیان “نه فه‌رامۆش ده‌كه‌ن و نه ده‌به‌خشن“.