کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تەمەنی ڕژیمی ئیسلامی بەحوکمی بارودۆخی عەینی و بە حوکمی مێژوو کۆتایی دێت

 

ئەمساڵ بە لوتفی تەوافوقی هەستەیی تەحریمە ئابووریە کەمەر شکێنەکان لابراون. ئیتر بەڕاستی هیچ بیانویەک بوونی نییە کە کاربەدەستانی ئێران بتوانن سەبارەت بە ویست و داواکاریەکانی جه‌ماوه‌ی خه‌ڵكی ئێران کە باری قورسی گەمارۆکانیان لە دەورەی به‌دواداچوون ماجەراجویانەی ئەتۆمیدا بەسەر شانەوە بوو، لەمرۆدا و دوای لاچوونی تەحریمەکان کەمتەرخەم بن و بێ تەوەجوهی نیشان بدەن. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا وادیارە کە ئەم ڕژیمە، لاچوونی تەحریمەکان لە ژیان و بەڕێچونی خەڵکدا مانا ناکاتەوە. لەوەش واوەتر، بە بانگەواز کردن بۆ ” خۆڕاگری لە مەیدانی ئابووریدا ” و تەرحی بەرجامی دوو”، هەریەک لە باڵەکانی نێو خكومه‌ت، هەرکامە و بە شێوەی خۆی، لە هەوڵی پەرەدان بە بێبەشیەکانیشدان. تەحەمول کردنی کەم وکورتیەکان و سەبر و چاوەڕوان مانەوە بەشی خەڵکه‌ و قازانج و سود کەڵەکە کردن و تاڵان کردنی بەرهەمی ڕەنج و کاریش بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌. دەکرێ نمونەی بەرچاوی ئەم ئاڕاستە گرتنەی ڕژیم لە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ٩٥ دا بە ڕێژەی چوار بەرابەر لەخوار هێڵی هەژاریدا واتە ٤ بەرابەر نزم تر لە ئیستانداردەکانی ژیانی بنەماڵەیەک لە ئێران بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا ببینی. لە حاڵێکدا هیچ کاربەدەست و بەڕێوەبەرێکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە نییە تەنانەت پلەیەک نزم تر لە ئیستانداردەکانی ژیان بۆ خۆی قەبوڵ بکات.686

ئەم ئاڕاستە گرتنەی باڵەکانی ڕژیم تەنانەت لە ناونانی ساڵی ١٣٩٥ یشدا بە باشی دەبیندرێت. خامنەیی ئەمساڵی بە ساڵی ” ئابوری مقاومەتی، ئێقدام و كرده‌وه‌” ناولێناوە و دەوڵەتی رۆحانیش بە ساڵی” تەعامول و تێکەڵ بوون لەگەڵ بازاڕی جیهانی” یان ” بەرجامی دوو” ی ناساندوە. دیارە کە ڕاگەیاندنی ” ئابووری مقاومەتی” لە لایەن خامنەییەوە تەنیا بە مقاومەت لە ئابووریدا سنودار نابێتەوە، بەڵکو کاردانەوەی لە توند بوونەوەی سیاسەتی سەرکوتیشدا دەبینین. هەربەو جۆرەی کە ” تەعامول” و تێکەڵ بوون لەگەڵ بازاڕی جیهانی سەرمایە یان هەمان بەرجام دووش کرانەوەیەک لە ژیانی خەڵکدا بەدی ناهێنێت، لە لایەکەوە بانگ لە خەڵک دەکات تا دیسانیش کەمەربەندەکانیان بۆ بەرەپێش بردنی ” ئابووری مقاومەتی” توندتر بکەنەوە، لەبەر ئەوەی گۆیا ” دوژمن لە بیری نفوز” دایە و دەیەوێ بە ” بەرجامی ٢ و ٣ و زیاتر” ڕژیمی ” ئیسلامی” بێ ناوەرۆک بکات. بەم مەبەستە و بۆ ئەوەیکە بازاڕی ” خۆڕاگری” لەسەر بناغەی پێكهێنانی قەیران گەرم ڕابگرێت چەند موشەکێک دەتەقینێ، لایەنەکەی تر دەڵێ کاتی موشەک هاویشتن نییە و دەبێ وتووێژ بکەین، وەعدە ئەدات بۆ شکۆفانەوەی ئابووری، واتە گەردشی سەرمایە و کەڵەکە کردنی قازانج لە ئێران، دەبێ سیاسەتی ” تەعامول” بگرینە پێش. تەرجومەی ڕاستەقینەی لە ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا ئەوە دەبێت کە پێویستە بە نرخێکی هەرزان کار بکەن، سەبریان هەبێت و بێدەنگ بن تا سەرمایە نەسڵەمێتەوە و هەست بە ئارامی و ئەمنیەتی بکات. گۆیا دوای ئەوەیە کە ئاسایش و ڕێفاه بەرهەمدێت. بەڵام کێ هەیە کە نەزانێ ئەم جۆرە وەعدانە پوچ و بێ ناورەۆکن. لەکوێی دنیا سەرمایە بەبێ داسەپاندنی هەژاری و بێبەشی بەسەر گشت ئەوانەدا کە شتێکیان بێجگە لە هێزی کارەکەیان بە دەستەوە نییە، توانیویەتی بکەوێتەگەڕ و سود و قازانج بەرهەمبێنێ، تا لە ئێران و لەم شپرزە بازاڕیەی سیاسەت و ئابووریدا بتوانێ، لە داهاتویەکی نادیاردا وابکات؟ هەموو ئەوەی لە هەر شوێنێکی دنیادا بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەکانیاندا سەپاوە، هیچ شتێک نەبووە بێجگە لە بەرهەمی خەبات و خۆڕاگری کرێکاران و خەڵکی بێبەش و بەرهەمی پاشەکشەی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان.

هەردوو باڵەکەی ڕژیمی ئیسلامیدا دەیانەوێ بە هەزینەی خەڵک دەوام و مانەوەی ڕژیم بپارێزن. بەرهەمی زاڵ بوونی مۆدێلی ئابووری هەرکامەیان شتێک نییە بێجگە لە دوور ڕاگرتنی خەڵک لە دەخاڵەت کردن لە چارەنووسی خۆیاندا. یەکێک بە دروستكردنی قەیران و دروست کردنی دوژمن و ئەویتر بە وەعدە و به‌ڵێنی بێ ناوەرۆک و لە چاوەروانیدا هێشتنەوەی خەڵک.

نیگەرانی لە خەباتی بناغە هەڵتەکێنی خەڵکە کە ئەوانی بەرەو گرتنەپێشی ئیستراتیژی جیاواز پاڵپێوەناوە. نیگەرانی خامنەیی لە بواری بێ ناوەرۆک بوونی ڕژیمی ئیسلامیدا واقعیە. بە واتایەکی تر ناوبراو ناوه‌ندی سەرەکی ” مەترسیەکەی” ناسیوە. کافیە چاوێک بەسەر کۆمەڵگادا بخشێننین و بێزاری روو لە پەرەسەندن لە حاکمیەتی ئیسلامی ببینین، چاوێک بەسەر ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاران، ژنان و لاواندا بگێڕی تا قوڵایی ئەم نیگەرانیە هەست پێبکەی.

خامنەیی و بانده‌كه‌ی هاوكاری، رۆژێک ” فیتنە” و رۆژێکی تر” نفوز” دەکەنە بیانو تا نه‌یارانی حکومەتی خۆیان یەک لە دوای یەک لە مەیدان بکەنە دەرەوە، تا سیاسەت و ئابووری یان هەمان سود وسەرمایە لە کۆمەڵگادا لە کۆنترۆڵی خۆیان و سپا و بونیادە گەورە ئابووریەکانی سەربەخۆیاندا بێت. رۆحانی و هاوكاره‌ بەناو میانە ڕەوەکانیشی وەعدەی سەر خرمان بە کرێکاران و خەڵکی بێبەش ئەدەن، تا درگاکانی چەوساندنەوەی چینی کرێکاری ئێڕان بە رووی سەرمایەی رۆژئاواشدا بکەنەوە و لەم ڕێگایەوە بەندەکانی پێوەندی نیزامی سەرمایەداری ئێران لەگەڵ سەرمایەی جیهانی سەرلەنوێ قایم و پتەو بکەنەوە.

بەم جۆرە، ساڵی ٩٥ بۆ کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران، دەبێ ساڵی خۆڕاگری بێت لە بەرانبەر هەردووی ئەم ئیستراتیژیە دژی خەڵکیەدا. گومانی تێدا نییە لە ناوەرۆکی ئەم خەباتەدا دەکرێ ویست و داواکاریەکان بەسەر هەردوو باڵی ئەم ڕژیمەدا بسەپیندرێت، دەکرێ هێرش کردنیان بۆ سەر بوارە جۆراو جۆرەکانی ژیانی خەڵک بەرتەسک بکرێتەوە، دەکرێ هەنگاوی زیاتر بۆ ڕزگار بوون لە چنگ ئەم ڕژیمە و موسیبەتەکانی، هەڵبێندرێتەوە. تەمەنی باڵەکانی ڕژیم چ ئەم و چ ئەویان، چ بەیەکەوە یەکگرتووبن و لەدژی خەڵک پیلانگێڕی بکەن و چ ناکۆکیەکانیان توندتر بێتەوە و تەنانەت بکەونە گیانی یەکتریش، بەهەر شێوەیەک بێت، کۆتایی دێت، ئەمە حوکمی مێژووە، درەنگ و زووی هەیە، بەڵام بابەتێکی حەتمیە.