کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تێکرار کردنەوەی ئەزمونێکی شکست خواردوو لە کوردستان

له‌م دواییانەدا جارێکی تر رەوتێک بەناوی “بەرەی یەکگرتووی کورد” دوای دەورەیەکی دورودرێژ لە رکود و لاوازی چالاکیەکانی، دەست پێکردۆتەوە. ئەم جەریانە مەعمولەن هەر جارە و بە هاتنە پێشی بابەتێکی گرنگی پێوەندیدار بە چارەنوسی کۆماری ئیسلامیەوە، سەر لە قاپوڕەکەی دەردێنێ و هەوڵ ئەدات بە هێنانەی گۆڕی مەسەلەیەک لە پێوەند لەگەڵ کوردستان، هاوئاهەنگیەک لەگەڵ سیاسەتەکانی باڵێکی دیاریکراو لە حاکمیەتی رژیمی كۆماری ئیسلامی بەدی بێنێ. ئەم بەناو بەرەیە ئەگەرچی تا ئێستا سەرەڕای راگەیاندنی تەعەهودی خۆی بۆ حاکمیەتی رژیمی کۆماری ئیسلامی، نەیتوانیوە ئیجازەی یاسایی بۆ هەڵسوڕانی ئازادانەی خۆی وەربگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە بارودۆخی ئێستادا بە پێویستیان زانیوە کە بە رێکخستنەوەی سەرلەنوێی خۆیان، چالاکیەکانیان دەست پێبکەنەوە. یەکەم کۆبونەوەیان بەم ئامانجە لە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا لە تاران بەڕێوەبرد483لەم کۆبونەوەیەدا دەبیری ئەم “بەرەیە”، بەردێکی قورسی هەڵگرت و لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری رەوتەیان بەناوی “رۆژی نوێ” رایگەیاند کە: “بەرەی یەکگرتوی کورد ئامادەیی پێویستی بۆ ناوبژیوانی کردنی ئەحزابی کوردی و دەوڵەت هەیە و هەردوو لایەن بۆ دان بەخۆدا گرتن و چارەسەری مەسەلەی کورد لە رێگای وتووێژەوە بانگهێشت دەکات.”ئەگەرچی راگەیاندنی ئاوا سیاسەتێک لەگەڵ زەرفیەت و پێگەی راستەقینەی ئەم رێکخراوە نایەتەوە، بەڵام بە سرنجدان بەوەیکە ئەم رەوتە لەگەڵ هەر شگرد و ئەما و ئەگەرێکدا کە لە راگەیاندنی سیاسەتەکانیدا دەریببڕێت، کەماکان زائێدە و دونبالەی رەوتی ئیسلاح خوازانی حکومەتیە لە ئێران، ورد بوونەوە لە قسەکانیان دەکرێ بێ فایدە نەبێت.نزیک بوونەوەی کاتی شانۆگەری هەڵبژاردنی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و هەوڵدان بۆ باڵادەست بوون تێیدا، بۆتە مەیدانی ئەم زۆرەوانیەی باڵەکان. ئیسلاح خوازانی نێوخۆی حکومەت کە خۆیان لە رۆحانی بە نزیک دەزانن، بە “کردنە قارەمانی رۆحانی” لە هەوڵی تاقیکردنەوەی شانسی خۆیاندان بۆ چوونی چالاکانە به‌ره‌و مەیدانی بەروڕوو بوونەوەی سیاسی لەوانە لە رێگای مەجلیسەوە. بەڵام ئەوان لە یەکەم هەنگاودا دەیانزانی کە بۆ دەستەبەر کردنی پێگەی بانتر لە معادلاتی سیاسیدا، دەبوو لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا قسەیەکیان بۆ وتن هەبێ. هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی جێگا پێیەک لە بزووتنەوەی کرێکاریدا و فەعالیەتی پێوەندیدار بە مەسەلەی مافی ژنان و بزوتنەوە خوێندکاریه‌كه‌یمان لەپێشتردا بینیوە.بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و کاریگەری دانان لەسەر ئەم بزوتنەوەیە و هەوڵدان بۆ نفوزی سیاست و ستراتیژی سیاسی خۆیان لەم بزوتنەوەیەشدا لە کۆنەوە لە بەرنامە و هەڵسوڕانی رەوتی ئیسلاح تەڵەبی حکومەتیدا له‌ ئارادا بووە. دەورەی سەرۆک کۆماری خاتەمی توانیان تا ئەو جێگایە بچنە پێشەوە کە ئەحزابی ناسیونالیستی کورد وەسوەسە بکەن کە بڕینی پلە و پایەکانی دەستەبەر کردنی ئیمتیازی حیزبی لە رێگای دانی چرا سەوز بە رەوتی ئیسلاح خوازەوە لە کوردستاندا ببینن. بەرهەمی ئەم هەوڵانە، فەراهەم کردنی زەمینە بۆ بەشداری چەند بەشێک لە خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی مەجلیسی ئیسلامیدا بوو. لە جەریانی رووداوەکانی ساڵی ٨٨ دا کە بەشوێن تەقەلوبی ئینتیخاباتیدا روویدا، هەوڵێک لە لایەن جەریاناتی ناسیۆنالیستی کوردەوە لە ئارادا بوو تا بزوتنەوەی کوردستان بکاتە زائیدە و دونبالەی بزوتنەوەی سەوز، بەڵام ئەم هەوڵانە لەبەر دوو هۆکار بە ئاکام نەگەیشتن. یەکەم ئەوەی کە سەرانی رەوتی ئیسلاح خوازی حکومەتی خۆیان لە سیما ناسراوەکانی سەرکوتگەری خەڵکی کوردستان بوون و بیرەوەری دەورانی دەسەڵاتداریان بە باشی لە زەینەکاندا مابوو. دووهەم، دەور و نەخشی کۆمەڵە وەک رەوتێکی چەپ و رادیکاڵ کە بە رۆشنگەریەکانی لە مەیداندا مانۆڕی ئەم جەریانەی بەرتەسک کردبۆوە.ئێستا لە سەردەمێکی تردا و لە بارودۆخێکی دیکەدا ئەم جەریانە دەستی داوەتەوە ئەزمون کردنەوەی تەجروبەیەکی سوتاو و لە هەوڵدایە ئەم جارە بە هێنانە گۆڕی مەسەلەی “نێوبژیوانی”، سه‌رنجێک بۆلای خۆی و سیاسەتەکانی رابکێشێ. بەڵام بۆچی لەم درگایەوە هاتونەتە نێو مەسەلەکەوە، تا مەوقعیەتێک بەدەست بێنن؟ وڵامەکەی دەبێ لە گۆڕان و ئاڵوگۆڕی پێوەندیدار بە مەسەلەی کوردەوە لە ناوچەکەدا و بەتایبەت هەڵبژاردنی ئەم دواییە لە کوردستانی تورکیە و سەرهەڵدانی جەریانی “حیزبی دیموکراتیکی گەل” لە تورکیە و چونی بۆ پاڕلمانی ئەو وڵاتەدا بدۆزینەوە. ئەوان شانسی خۆیان بە تەرح کردنی بابەتێکی ئاوا لە کوردستان تاقی دەکەنەوە تا بەڵکو بە تەرحی ئەگەری وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و بە بەهرەبەرداری کردن لە رۆحیەی ئاشتی خوازانە لە کوردستان، جێگا پێیەک لە کوردستان و لە شانۆگەری ئەو هەڵبژاردنەی لەپێشدایە بۆ خۆیان بدۆزنەوە.بە هۆکاری جۆراوجۆر ئەوەی کە لە تورکیە روویدا لە کوردستانی ئێران تێکرار نابێتەوە، بێجگە لەوە، “بەرەی یەکگرتوو” دەزانێ کە کۆماری ئیسلامی لە مەوقعیەتێکدا نییە کە دەست بکات بە وتووێژ لەگەڵ جەریاناتی ئوپوزسیۆنی کورد و هەروەها دەزانێ کە کۆماری ئیسلامی رژیمێک نییە کە قابیلی ئیسلاح بێت بۆ پێكهاتنی ئاڵگوڕ و ئیسلاحات لە بوارەکانی دابین بوونی فەزای سیاسی لە ئێران و کوردستان، بە پێچەوانەوە هەموو دیاردەکان سەلمێنەری ئەو راستیەن کە لەگەڵ بە ئاکام گەیشتنی موزاکراتی هەستەیی، کۆماری ئیسلامی بۆ قەرەبوو كردنه‌وه‌ی شکستەکانی لە مەیدانی نێونەتەوەییدا و تێکنەچونی هاوسەنگی هێز لەنێوخۆدا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر دەست ئەداتە توند کردنەوەی خەفەقان و سەرکوت. ئەوان بەباشی دەزانن کە نە مزاکراتێک و نە نێوبژیوانیەک بەکردەوە لە ئارادا نابێت، بەڵام نەفسی هێنانەگۆڕی مەسەلەکە دەکەنە ئامرازێک بۆ دۆزینەوەی جێگا پێیەک لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. ئەوان هەروەها هیوادارن لەم رێگایەوە ئەحزابی ناسیونالیستی ئوپوزسیۆنی کورد بەرەولای خۆیان رابکێشن و لەم رێگایەشەوە نرخی خۆیان بەرز بکەنەوە.ئەمجۆرە هەوڵانە هەر بەوجۆرەی کە لە رابردوشدا بینیومانە بێ مایە و شکست خواردون. چارەنوسی خەڵکی کوردستان بە چارەنوسی خەڵکەوە لە سەرتاسەری ئێراندا گرێدراوە. کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵەکانیەوە، بە سرنجدان لە ماهیەتی بێجگە لەوەی کە نایەوێ لە راستیدا ناتوانێ، ئازادی و ئاسایشی خەڵکی کوردستان قەبوڵ بکات و لە شوێنەکانی تری ئێران درێژە بە سیاسەتی ئیختیناق و سەرکوت بدات. لە ساڵەکانی ١٣٥٨ و ١٣٥٩ کە خەڵکی کوردستان خاوەنی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی بوو وە نەسیمی ئازادی لە کوردستانەوە بەرەو باقی شوێنەکانی تری ئێرانیش دەشنایەوە، راست بەو هۆیەوە بوونە ئامانجی هێرشی رژیمی ئیسلامی. بەراورد کردنی بارودۆخی کوردستانی ئێران لەگەڵ کوردستانی تورکیە، کە لەوێ درێژەی خەباتی خەڵکی تورکیە لە ماوەی ساڵانێکی دوور و درێژدا هاوسەنگیەکی هێزی بەسەر دەوڵەتی ئەم وڵاتەدا سەپاندوە، کە هەڵبژاردنێکی تا رادەیەک ئازادی پارلمانیی مسۆگەر بێت، فریوکاریەکی ئاشکرایە. رژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوت و ئیختیناق و داسەپاندنی بێ مافی بەسەر خەڵکدایه‌ كه‌ مانا دەکرێتەوە. بەم هۆیەوە “بەرەی یەکگرتوی کورد” لە خۆشبینانەترین ئەرزیابیدا، بەڕاستی ئاو لە هاوەندا کوتانە و هیچی له‌ده‌ست نایه‌ت. نە لەلای رژیم رێز و حورمەتێکی دەبێت و نە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ده‌توانێ جێگا پێیەک بدۆزێته‌وه‌.