به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ئاکامی تێکههڵچوونێکی قورس لە بەرزاییەکانی کۆساڵان لە ناوچەی سەوڵاوا چەند ئەندامێكی حیزبێكی نهیاری ڕژیم گیانیان لە دەستداوە و کەسێکیشیان به دیل گیراوە.
بە پێی ئهم ڕاپۆرته، رۆژی یەکشەممە لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و یهكێك له حیزبهكانی ئۆپۆزسیۆن تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە بەرزاییەکانی شارۆچکەی سەوڵاوا هاته ئاراوە و لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدا، لانیکەم سێ كهس له ئەندامانی ئەو حیزبە گیانیان لە دەست داوە و ئەندامێکی دیکەی ئەو حیزبە بە سەختی بریندار و دواتر لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بە دیل گیراوە و بۆ شوێنێکی نادیار بەڕێ کراوە. شایانی باسه، سپای پاسداران پاش ئەو تێکهەڵچوونە، بەرزاییەکانی کۆساڵانی تۆپباران کردووە. هاوكات راپۆرتەکانیش باس لەوە ئەکەن کە سپای پاسداران رۆژی دووشەممەش بەرزاییەکانی نزیک شاری مەریوانی تۆپباران کردووە. ئهمه لهكاتێكدایه كه هەتا کاتی بڵاوكردنهوهی ئەم هەواڵە، هیچكام له حیزبهكانی ئۆپۆزسیۆن بەرپرسایەتیی ئەو تێکهەڵچوونهیان نهگرتووهته ئهستۆ.