بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، رۆژی چوارشەممە ٨ی مانگی رێبەندان ٥ زیندانی بە تاوانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر بۆ ئیجرای حوکمی ئێعدامەکانیان گواسترانهتهوه بۆ ژووری تاکەکەسی. بە پێی راپۆرتی ئەم هەواڵنێرییە و لە زمان وێبسایتی رەسمی دادگوستەری گشتی ئوستانی هەمەدانەوە، رۆژی دووشەممە ٦ی رێبەندانیش ٣ زیندانی لە هەمەدان له سێداره دران کە پێناسەکانیان رانەگەیەندراوە. حوکمی ئێعدامی تەنیا پاشماوەی بهڕێوهبهرانی رووداوی گوڵپایهگان لە ئوستانی ئیسفەهان، کە بوو بە هۆی کوژرانی ٣ کەس لە هێزە ئینتیزامیەکان بەیانی رۆژی چوارشەممە لە شوێنی رووداوەکە بەکردەوە دەرهات. بە پێی راپۆرتی سازمانی مافی مرۆڤی ئێران، لە ژانویەی ٢٠١٥ تا ئێستا واتە لە ماوهی کەمتر لە مانگێکدا لانیکەم ٧٠ کەس لە ئێران ئێعدام کراون. ٢٥ حاڵەت لەم ئێعدامانە لە لایەن سەرچاوە رەسمیەکانی ئێرانەوە راگەیەندراوە.
گومانی تێدا نییە کە رژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی ترساندنی کۆمەڵگا هەر جار نا جارێک ژمارەیەک لە زیندانیەکان ئیعدام دەکات. ئەگەرچی لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی رابردوودا لە ئاکامی خەباتی ئازادیخوازانەدا، زۆرێک لە دەوڵەتەکان ناچار کراون حوکمی سزای ئێعدام هەڵبوەشێنەوە و یان ئیجرا کردنی بە کردەوە هەڵپەسێرن، بەم حاڵەشەوە ئێرانی ژێر دهسهڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سەرووی ئەو وڵاتانەوەیە کە حوکمی ئیعدام تێیاندا بەکردەوە دەردێت. هەر ئێستا بە هەزاران زیندانی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە چاوەڕوانی ئیجرای حوکمی ئێعدامدا بەسەردەبەن. دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی حەسەن رۆحانی تەنیا لە ماوەی ئەم یەک ساڵەی دواییدا هەواڵی ئێعدامی زیاتر لە ٩٠٠ کەسی زیندانی لە زیندانەکاندا راگهیاندووه یان لە بەرچاوی خەڵک بە دارهویان ههڵواهسیوون و ئێعدامی کردۆون. ئاماری راستەقینەی ئێعدامەکان گەلێک زیاترە لە رەقەمی راگەیەندراو. لە ئێراندا زۆربەی ئێعدامەکان بەشێوەی شاراوە ئیجرا دەکرێن.
کەوایە پێویستی خەبات بۆ هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام لە بارودۆخێ ئێستادا کە رژیم به ئاشكرا به مهبهستی سیاسی دیاریكراو شهپۆلی ئیعدامی خستۆتهڕێ و پەرەی پێیدهدا، چهند قات زیاتر بۆتهوه. روون و ئاشکرایە کە ئێعدامی زیندانیانی سیاسی ئامرازێکە بۆ مانەوەی رژیم و پاراستنی موناسهباتی زاڵمانەی مەوجود و بەرەوڕوو بوونەوەی ئاشکرا لەگەڵ ناڕەزایەتی خەڵک. بەڵام رژیم ئێعدامی زیندانیانی ئاسایی بە پاساوی فریوکارانەی بردنەسەری زەریبی ئەمنیەتی کۆمەڵگە و ئیجرای دادپەروەری بەڕێوە دەبات.
ئەم پاساوە عەوام فریوانەیە لە حالێکدایە کە کۆماری ئیسلامی خۆی ئەمنیەتی ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتەی زەوت کردووە. ئهوه لە حاڵێکدایە کە ئاستی پەیڕەوکردنی توندوتیژی و کوشتاری ئینسانەکان لە لایەن رژیمی ئیسلامیەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ رێژەی توندوتیژی و جهنایەتی کەسەکاندا شیاوی بەراورد کردن نییە. ئاستی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە کاناڵە مافیاییەکانی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ قەبارەی فەعالیەتی قاچاخچی تاکە کەسیدا قابیلی بەراورد کردن نییە. کۆماری ئیسلامی قوربانیانی نیزامێکی کۆمەڵایەتی زاڵمانە کە خۆی بەسەر ژیانی ئینسانەکانی دا سەپاندووە، ئێعدام دەکات تا بەرپرسیاریەتی خۆی لە دروست کردنی بەستێن و بارودۆخێکی کە ئەمجۆرە جهنایەتانەی بە بەردەوامی تێدا بەرهەم دێتەوە، پەردەپۆش بکات.
بەڵام ئیدیعای ئیجرای دادپەروەری لە رێگای سزای ئیعدامەوە لەمەش بێ بنەماترە. ئەگەر قەرار لەسەر ئیجرای دادپەوەری بێت تاوانباری یەکەم خودی رژیمی کۆماری ئیسلامیە کە هەزاران ئینسانی به بۆنهی بیروباوەڕیان و به تاوانی خەبات كردنیان بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیان لەم کۆمەڵگایەدا کوشتووە و ماشێنی جهنایەت و کوشتاری بۆ ساتێکیش راناوەستێ. ئامانج لەم ئێعدامانە نەک ئیجرای دادپەروەری بەڵکوو ناچار کردنی خەڵکە بە ملکەچ کردن لەبەرانبەر قودرەتی دەوڵەتدا.
ئەو پاساوانەی لەم بوارەدا بۆ سزای ئێعدام دهی هێنهوه بێجگە لە کۆمەڵێک درۆی ئاشکرا هیچی تر نین، لەبەر ئەوەی یەکەم ئینسانەکان زاتەن بە گزهکار، قاتڵ، قاچاغچی و جەنایەتکار لەدایک نابن بەڵکوو ئەوە بارودۆخی مادی ژیانی کۆمەڵایەتیە کە ئەوان بەرەو خراپەکاری و گزه پاڵ پێوە دەنێت و دەوڵەتەکان و چینی دەسەڵاتدار، بەرپرسانی راستەوخۆی داسەپاندنی ئەم بارودۆخە مادییەن بەسەر ژیانی زۆربەی خەڵکدا. کەسانێک شیاوی مجازاتن کە ئەو زەمینە کۆمەڵایەتیانەیان پێكهێناوه كه بۆنەتە هۆی سەرهەڵدانی جورم و تاوان. ئەزمونی گشت کۆمەڵگە و ئامار و زانیاری جێی بڕوا و شیاوی پشت پێبەستن دەریدەخەن کە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا ئەمنیەتی خەڵک لە رێگای ئێعدامەوە دابین نەبووە بەڵکوو بە پێچەوانە نەفسی ئێعدام هەستی تۆڵە سەندنەوە و رەوانشناسی توندوتیژی بەهێز دەکات.
هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام بە واتای ئەوەیە کە گیانی ئینسانەکان خاوەن بایەخ و ئەرزشە و بە هەڵوەشاندنەوەی موجازاتی ئێعدام دواتر گیانی ژمارەیەکی زۆر کەس دەپارێزرێت، لە حاڵێکدا کە ئیجرای ئەم سزایە نەتەنیا هیچ دەور و نەخشێکی لە دابەزاندنی جورم و جەنایەتدا نییە بەڵکوو کاتێک دەوڵەتەکان بەشێوەی یاسایی لەژێر ناوی سزای ئێعدامدا دەست دەدەنە کوشتنی ئینسانەکان، لە راستیدا بە دابەزاندنی نرخی پاراستنی گیانی ئینسانەکان رێگا بۆ دووپات بوونەوەی لە کۆمەڵگەدا خۆش دەکەن.
ئەزمونی خەباتی چەندین ساڵی رابردوو نیشانی داوە کە پاشەکشە کردن بە کۆماری ئیسلامی بە وەڕێخستنی ناڕەزایەتی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی ئیمکانپەزیرە. لە هێندێک قۆناغدا گوشاری ناڕەزایەتی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی رژیمی ناچار کردووە ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بووە، ئیجرای هێندێک لە حوکمی ئێعدامەکان رابگرێت. داسەپاندنی پاشەکشە لەم بوارەدا بەستراوەتەوە بە رێژەی بەسیج کردنی هێزی جەماوەرییەوە.