ڕۆژی سێشەممە ٨ی مانگی خەزەڵوەر سەرۆکی دهزگای زانیاریی دانماڕک لە کۆنفڕانسێکی خەبەریدا پەردەی لەسەر گەڵاڵەیەکی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئەمجار لە دانماڕک لادا. ناوبراو لەم کۆنفرانسە خەبەریەدا ڕایگەیاند کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی تەرحێکیان بۆ تیرۆر کردنی حەبیب جەبر یەکێک لە ڕێبەرانی” بزوتنەوەی نەتەوەیی ئازادی بەخشی ئەلئەحواز” و دوو ئێرانی تری دانیشتوی دانماڕكیان بووە، بەڵام یەکێک لە کەسانی بەڕێوەبەری کە کەسێکی ئێرانی دانیشتوی نۆروێژە بەر لەوەی بتوانێ مەئموریەتەکە بەڕێوەبەرێت ڕۆژی ٢٩ی مانگی ڕەزبەر لە لایەن پۆلیسی سوئێدەوە گیراوە. لەم کۆنفرانسە خەبەریەدا ئەو بە توندی سەبارەت بە دووپات بوونەوەی ئەم جۆرە کردارانە هۆشداری دایە کۆماری ئیسلامیی و وتی:” وڵامی تەرح و گەڵاڵەکانی دەزگا ئیتلاعاتیەکانی ئێران دەدەینەوە.” بەشوێن ئەوەدا وەزارەتی کاروباری دەرەوەی دانماڕك باڵیۆزهكهی لە تاران بانگ کردووە و بالوێزی ئێرانیشی لە دانماڕك بۆ روون کردنەوەی زیاتری ئەو کردارە تیرۆریستیە بانگ کرد. هێشتا زانیاری زیاتر سەبارەت بەو تیرۆریستە بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام کاربەدەستانی نۆروێژ ڕایانگەیاندووه کە ئەو پێاوێکی ٣٩ ساڵانە کە بەم دواییانە لە ئێران گەڕاوەتەوە. ئەو لەبەینی ڕێدا بۆ ئەنجامدانی تیرۆر کردنی کەسی جێی مەبەست کە ماڵەکەی لە لایەن بەکریگیراوێکی دیکەی دانیشتوی دانماڕكەوە شناسایی کرابوو، لە لایەن پۆلیسی سوئێدەوە گیرا. پۆلیسی دانماڕك لەم پێوەندەدا ڕۆژی ٦ی مانگی ڕەزبەر عەمەلیاتێکی بەرینی بۆ گرتنی ئەو بەکرێگیراوە ئەنجامدابوو. بەشوێن ئەودا ڕۆژی چوارشەممە ٩ ی مانگی خەزەڵوەر سەرانی دەوڵەتانی ئیسکاندیناوی پێکهاتوو لە سوئێد، دانماڕك، نۆڕوێژ، فەنلاند و ئیسلەند لە ئۆسلۆ پێتەختی نۆروێژ جەلەسەیەکیان لە پێوەند لەگەڵ چالاکیە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە وڵاتانی ئیسکاندیناوی و باقی وڵاتانی ئۆرووپایی بەڕێوەبرد. لەم جەلەسەیەدا لە بەیانییەکی هاوبەشدا کرداری تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی لەدژی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەو وڵاتانە بە توندی مەحکووم کرد و ڕایانگەیاند کە:” کۆماری ئیسلامیی دەبێ بزانێت کە ئێـمە ئەنجامدانی ئەم جۆرە کردەوانە لە خاکی خۆماندا تەحەمول ناکەین و لەگەڵ هاوپەیمانان و دۆستانمان لە یەکێتی ئۆرووپادا بۆ وەگرتنی هەڵوێستێکی یەک دەست وتووێژ دەکەین و خوازیاری ڕەچاو کردنی گهمارۆی زیاتر لەدژی کۆماری ئیسلامی دەبین.” سەرۆک وەزیرانی دانماڕك، لە کۆنفرانسە خەبهریەکەی ئۆسلۆدا، وتی:” ئێران نەتەنیا لە دانماڕك هەوڵیداوە چالاکی تیرۆریستی ئەنجام بدات بەڵکوو لە گشت ئۆرووپادا دەستی داوەتە وەها چالاکییەک بۆیە دەبێ ئۆرووپا بەیەکەوە و یەک دەنگ لەدژی چالاکییە تیرۆریستیەکانی ئێران ناڕەزایەتیی دەرببڕن.” ئاماژەی سەرۆک وەزیری دانماڕك، بە تیرۆر کردنی ئەحمەد مەولا، یەکێکی تر لە ڕێبەرانی” بزوتنەوەی میللی ئازادی بەخشی ئەلئەحواز” بوو کە ڕۆژی ١٧ی مانگی خەزەڵوەری پارەکە لە شاری لاهەی هولەند لە لایەن کەسێکی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیەوە کوژرا.
ئاشکرا بوونی تەرحی ئەو تیرۆرە لە سەروبهندی دهست پێكردنی دەورەی دووهەمی سزا ئابوورییهكانی ئەمریکا لەدژی کۆماری ئیسلامیی، یەکێتیی ئۆرووپا کە خوازیاری پاراستنی بەرجامە دەخاتە مەوقعیەتێکی دژواتروە. لە وڵام بە داخوازی دەوڵەتانی ئیسکاندیناوی، یەکێتیی ئۆرووپا بە خێرایی ڕایگەیاند کە هەر هەڕەشەیەک لەدژی وڵاتانی ئەو یەکێتییە بە جیدی وەردەگرێت. ئەم گەڵاڵە تیرۆریستیە دووهەمین تەرح لە جۆری خۆیەتی دوای تەرحی تیرۆریستی ههوڵدان بۆ تەقاندنەوە له کۆبوونەوەی سازمانی موجاهیدین لە پاریس لە مانگی گەلاوێژی ڕابردودایە کە بە هاوکاری دەزگا ئەمنیەتیەکانی وڵاتانی یەکێتی ئۆرووپا ئاشکرا و پوچەڵ کراوەتەوە. لەم تەرحەدا ڕژیم بە خەیاڵی خۆی بۆ بەجێنەهێشتنی ئاسەواری جەنایەت، تۆڕێک لە بەکرێگیراوانی سیخوڕ و تیرۆریستی کە لە چەند وڵاتدا نیشتەجێن بەکارهێناوە.
کۆماری ئیسلامیی ٤٠ ساڵە بە پشت بەستن بە عەمەلیاتی تیرۆریستی لە نێوخۆ و لەدەرەوەی وڵات خەریکی لادانی ڕەخنەگران و نەیارانی سیاسی خۆیەتی تا بەڵکوو ماوەیەک زیاتر درێژە بە حاکمییەتی سەرتاپا جەنایەتی بدات. سەرانی ڕژیمی ئیسلامیی و فەرماندەکانی سپای پاسداران ساڵانێکە بە تیرۆر و لادانی فیزیکی هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی، نووسەران و ڕووناکبیرانی شۆڕشگێڕ لەنێوخۆ و دەرەوە و لە سیا چاڵەکانیدا دەیەوێ لە لایەکەوە جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بترسێنێ و فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا وەڕێ بخات و لە لایەکی دیکەوە لە دەوڵەتانی تر و بە تایبەت لە ئۆرووپا باج بستینێ. ئەوان هەرکاتێک کلکیان بەتەڵەوە بوو، دەوری خۆیان لە دەرکردنی فەرمان و ئیجرای کرداری تیرۆریستیدا وەدرۆ دەخەنەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستان و فەرماندەکانی سپای پاسداران لە ئاستی بەرزدا گەلێک جار بە ئاشکرایی ڕایانگەیاندوە کە نەیارانی ڕژیمی ئیسلامیی لە هەر شوێنێکی دنیادا بن دەکەنە ئامانجی تیرۆری خۆیان.
تا ئێستا ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە بەسەدان کەس لە هەڵسوراوانی سیاسی و ناوەندە مەدەنییەکانی لە وڵاتانی تردا تیرۆر کردووە و چەند جاریش سەران و بەرپرسانی ڕژیم لە بان ترین ئاستدا لە دادگای وڵاتانی ترتدا بە جەنایەتی تیرۆریستی مەحکووم کراون. تا ئەو جێگایەی کە ئێستا بەشێکیان لەژێر چاودێری دان و ناتوانن بەرەو وڵاتانی ئۆرووپایی و ئەمریکا سفەر بکەن. بەڵام سیاسەتی هەڵکردن و سازانی دەوڵەتانی ئۆرووپایی لەبەر خاتری بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی، زەمینەی هاندان و هارتر بوونی زیاتری کۆماری ئیسلامیی و باقی حکومەتە ئیسلامییەکانی هاوشانی لەوانە، عەرەبستانی سعودی و تورکییەی لە ئەنجامدانی کردادری تیرۆریستیدا فەراهەم کردووە. ئەم ڕژیمە ئیسلامیانە کە لە ئیدیعای ڕێبەریی کردنی دنیای ئیسلامدا بە یەکەوە لە ڕقابەتدان، هەرکامەیان تا ئێستا لە سەدان حاڵەتدا دەستیان داوەتە کرداری تیرۆریستی و ئینسان کوشتن. کوشتن و لەتوپەوت کردنی پەیکەری جەماڵ خاشقچی هەواڵنێریی ڕەخنەگری ڕژیمی سعودی لە لایەن کەسانی تیرۆریستی سەر بەم دەوڵەتەوە نمونەیەکە لە جەنایەتە تیرۆریستیەکانی ڕژیمی ئیسلامیی عەرەبستان کە لە ڕۆژی ٢ی ئۆکتۆبر لە کۆنسولگەری عەرەبستان لە ئیستانبۆل ڕوویدا. نمونەی هاوشێوە و حاشا هەڵنەگری تری وەها جەنایەتێک تیرۆر کرانی سێ ژنی چالاکی سیاسی کورد( سەکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سویلمز) لە ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس بوو کە لە لایەن تیرۆریستەکانی حکومەتی تورکییەوە ئەنجامدرا. تا ئێستا دەوڵەتانی ئۆرووپایی کە ئەم جەنایەتانەیان تێدا بەڕێوەچووە و ناوەند و ڕێكخراوهکانی بەناو داکۆکی کاری مافەکانی مرۆڤی ڕێكخراوی نهتهوه یهكگرتووهكانیش لەبەر خاتری قازانج و بەرژەوەندی خۆیان، نەتەنیا چاوپۆشیان لەم جەنایەتانە کردووە، بەڵکوو بە جۆرێک پاساویشیان بۆ هێناونەتەوە و لەبیریان کردوون و تەنانەت ههندێک جار لە شاردنەوە و تەبرەئە کردنی دهستووپێوهندهكانی ئەو جەنایەتانەدا هاوکاری ئەو جەنایەتەی دەوڵەتانی تیرۆریستی ئیسلامیشیان کردووە.
گاڵتەی ڕۆژگار لەوە دایە کە ڕێبەرانی ئەم سێ دەوڵەتە تیرۆریستە ئیسلامییە لە وەها حاڵەتێکدا لە ڕقابەت و حیساب لەیەک دەرکردندا، ژێستی دژایەتی و مەحکووم کردنی تیرۆری نەیاران لە لایەن ئەوی تروە بە خۆیانەوە دگرن و وەک داکۆکی کاری قوربانیان و پشتیوانی مافەکانی مرۆڤ دەردەکەون.