کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گرفتی ئەمنییەتی حکومەتی ئیسلامی

لە چەند رۆژی ڕابردوودا کاربەدەستانی ئەمنییەتی و قەزایی حکومەت بە هەڕەشەی بەردەوام و دانی هۆشداری جیدی و ئەنجامدانی کۆمەڵێک کردار نیگەرانی حاکمیەتیان سەبارەت بە سەرهەڵدانی ئاخێزێکی گشتی لە ئێران نیشان دا. بە بیانوی ئەوەڵی مانگی مەیەوە دەست دەکەن بە گرتن و توند کردنەوەی گۆشار بۆسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری و چالاکانی سیاسی. بە بیانوی نزیک بوونەوە لە شانۆگەری هەڵبژاردنیش دەستیان داوەتە گرتنی رۆژنامە نووسان و هەڵسوڕاوانی مەدەنی و به‌ڕێوه‌به‌ری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە فەزای مەجازیدا و هێندێک لە شەبەکە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە تێلێگرامیان فیلتێر کردووە. دەستگا ئەمنیەتی و سەرکوتگەرەکانی سەر بە سپای پاسداران و قوەی قەزاییە ئەم کارەیان سەبەخۆ و تەنانەت بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات و باقی کاربەدەستان و ناوەندە سەرکوتگەرەکانی دەوڵەت ئەنجام داوە. کاربەدەستانی سپای پاسداران و قوەی قەزاییەی ڕژیم نیگەرانی خۆیان لە خراپتر بوونی بارودۆخی ئەمنیەتی لە ئێران دەربڕێوە.

رۆژی شەممە دووی مانگی گوڵان محەممەد جەعفەر مونتەزری دادستانی گشتی ئێران ڕایگەیاند کە بە تەئیدی قوەی قەزاییە شەبەکەی پەیام گەیاندنی تێلێگرام داخراوە. ئەو لە روون کردنەوەی ئەم کردارەدا وتی ” هەموو دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنییەتی و ئینتیزامییەکان بۆچونیان وایە کە سیستمی پێوەندی گرتنی دەنگی تێلێگرام بۆ ئێران مەترسی ئەمنییەتی هەیە. ئەوەیکە لە ئێستادا بۆ ئێمە گرینگه‌ ئه‌منییه‌تیی وڵاته‌.” ئەو دانی به‌وه‌دانا کە هەموو حەفتەیەک ٢٠ هەزار کاناڵی تێلێگرامی فیلتێر دەکەن.

موحسن ئیژەیی جێگری یەکەمی قوەی قەزاییەش رۆژی چوار شەممەی ڕابردوو لە کۆبونەوەیەکدا بە بیانوی پێشگیری لە خەسارە کۆمەڵایەتیەکان و جەرایمی هەڵبژاردن ئیعتیرافی کرد کە خەڵک لە بایه‌خه‌ ئیسلامیەکان دوور کەوتونەتەوە و ئەوەش بۆ ڕژیم گەلێک مەسەلەی ئەمنیەتی بەشوێنەوە بووە. ئەو ووتی كه‌ ئه‌م كارانه‌ ڕێكخراون و وه‌ك هه‌میشه‌ گرێیدایەوە بە سرویسە خاریجیەکانەوە. ئەو بۆ ئیسباتی ئەم ئیدیعایەی وتی ” سەرەڕای ئەوەیکە مودیری کاناڵە تێلێگرامیەکانمان گرتووە بەڵام چەند کاتژمێر دواتر ئەم کاناڵانە سەریان هەڵداوەتەوە.”104

هەر لەم پێوەندیەدا حسێن نەجات جێگری سەرۆکی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕایگەیاند کە تۆڕە تێلێگرامیەکانیان فیلتێر کردووە و بە هۆی دژی ئەمنییەتی بوون لەگەڵ سیستمی پێوەندی دەنگی تێلێگرام دژایەتیان کردووە و ئەوەشیان بە ئاگاداری رۆحانی گەیاندوە.

بەڵام نیگەرانی کاربەدەستانی حاکمیەت نەک لەبەر دواهاتەکانی شانۆی هەڵبژاردن و نەک لەترسی شەڕ و کێشەی نێوان باڵەکانی ڕژیم و بابەتی لەم چەشنەیە، بەڵکوو سەرچاوەی ئەم نیگەرانیانە بارودۆخی خراپی ئابووری ڕژیمە کە رۆژ بە رۆژ قەیراناوی تر دەبێت. بۆڵە بۆڵی خامنەیی بەسەر رۆحانیدا لە پێوەند لەگەڵ بەرەوپێشەوە نەچوونی ” ئابووری موقاومەتی” و تەزەکوردان پێی به‌ هۆی ئاماری درۆینە لە پێوەند لەگەڵ بارودۆخی ئابوری، لەبەر ئەوەیە، ئەو دەزانێ نیزامە ئیسلامیەکەی بەرەوڕووی چ مەترسیەک بۆتەوە. وتەی باقی کاربەدەستانی دەوڵەت لە دەربڕینی بارودۆخی شپرزەی ئابووری وڵات هۆكاری واقعی وەحشەتێکە کە سەرتاپای ڕژیمی داگرتوە. ئەوەیکە هەموو دەزگا ئەمنیەتیبەکان سیستمی پێوەندی دەنگی تێلێگرام بۆ نیزام بە مەترسی ئەمنییەتی دەزانن و پەنا دەبەنە بەر فیلتیرینگی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، لەخۆڕا نییە. ئیسحاق جهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار هۆکاری سەرەکی ئەم نیگەرانیانە ئاشکرا دەکات. ئەو ئەڵێ: ” دەوڵەت توانایی ماڵی چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی وڵاتی نییە و ناکرێ گیروگرفته‌كانی نیزامی بانکی لە جەلەساتی عەلەنیدا باس بکرێن، ئه‌گه‌ر وا بكه‌ین رووداوەکانی دواتری لە کۆنترۆڵدا نامێنن.” ئەوان دەزانن کە زیاد بوونی ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک لاو بە ژمارەی بێکارانی وڵات لە حاڵیکدا بودجەیەک بۆ دابین کرانی هەلی کار لە ئارادا نییە، کێشەیەک نییە کە بە هاسانی چارەسەر بكرێت و فەرمایشاتی ڕێبەر بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە ڕێگای ” ئابووری موقاومەتی بومی سەرچاوە گرتو لە فەرهەنگی ئیسلامی و ئینقلابیەوە” پوچ و بێ ناوەرۆکە. گەندەڵی و دزی و ئیختلاسی نجومی لەم ” ئابووریە بومیەدا” چۆته‌ ناخی فەرهەنگی ئیسلامی”وه‌.

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەو بارەیەوە وەک مەترسی ئەمنیەتی بە حێساب دێن چونكه‌ ئامرازێکن بۆ ئاشکرا کردن و بڵاو کردنەوەی خێرای ڕاستیەکانی نێو کۆمەڵگه‌. دەنا دوژمنی سەرەکی نیزام و مەترسی جیدی بۆیان هەمان ئاخیزی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بێکار و برسی و توڕەن کە بە هۆی حاکمیەتی ئەم ڕژیمە دژی ئینسانیەوە ژیانیان ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ دژوارتر ده‌بێ.

بەڵام هەوڵی کاربەدەستانی ڕژیمی جەهل و خورافەی ئیسلامی بۆ بەرگرتن لە بڵاو بوونەوەی هەواڵ و زانیاری لە بارودۆخێکدا کە دنیا بەهۆی بەرەو پێش چوونی زانست و شۆڕشی زانیاریه‌وه‌ بۆتە گوندێکی بچوک و هەموو جۆرە زانیاریەک بە خێراترین کات دەگاتە هەموو جێگایەکی دنیا، بێ سەمەرە. لە بارودۆخی خەفەقان و دیكتاتۆری کۆماری ئیسلامیدا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە خێرایی پەرە دەستێنن و دەور و نەخشێکی گرنگیان لە زانیاری گەیاندن و دروست کردنی پێوەندی نێوان کاربەراندا هەیە. بەم هۆیەوەیە کە لە لایەن خەڵکەوە بەشێوەیەکی بەرین پێشوازی دەکرێن و کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. تۆڕەکانی وەک تێلێگرام لە لایەن ٤٠ میلیۆن کەسەوە بەکاردێن. کرێکارانی لاو و خوێندەوار لە ئێران کە ڕژیمی ئیسلامی ئەوانی لە بەهەرەمەند بوون لە ژیانێکی شایستەی ئینسان بێبەش کردوە، ئامادەن په‌نا بۆ سه‌خت ترین و مه‌ترسیدارترین كار و له‌وانه‌ کۆڵبەری برن تا ژیانێكی مه‌مره‌ و مه‌ژی بۆ خۆیان دابین بکەن، ئه‌وانه‌ دوژمنی سەرەکی ئەم ڕژیمەن. ئەوان تا ئێستاش بە ئیبتیکاراتی زانستی خۆیان، ڕژیمیان لە بەرەوپێش بردنی ئامانج و سیاسەتی فیلتیرینگ و سانسۆڕیدا ناکام هێشتۆتەوە. هەروەک ئەوەی موحسن ئیژەیی دانی پێدا ده‌نێ لەگەڵ ئەوەدا کە مودیرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەگیرێن بەڵام دوای ماوەیەکی کەم سەرلەنوێ تۆڕەکان سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌.

بێ گومان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئامرازێکی کاریگەر و باشن بۆ هەڵسوراوانی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ڕاستای زانیاری گەیاندن و هاوئاهەنگی لە بەرەوپێش بردنی خەباتی رۆژانەیاندا.