به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، دوای تێکهەڵچوونێکی چەکداری کە لە بەخشی باینگانی پاوە هاتە ئاراوە، سپای پاسداران بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیەیان تۆپباران کرد.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕەزبەر لە بەرزاییەکانی چیای ماکوان سەر بە بەخشی باینگانی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزێکی ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی سپای پاسداران هاته ئاراوە. شایانی باسه، دوای ئەو تێکهەڵچوونە چەکدارەییە هێزەکانی سپای پاسداران بەرزاییەکانی چیای ماکوانیان بە چڕی تۆپباران کردووە. هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر زیانەکانی ئەو تێکهەڵچوونە بڵاونهكراوهتهوه و هیچكام له هێزهكانی ئۆپۆزسیۆنیش بەرپرسیارێتی ئەو شەڕەیان نەگرتووەتە ئەستۆ. ئهمه له كاتێكدایه كه لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا سپای پاسداران چەک و چۆڵی قورسی بۆ ناوچە سنوورییەکانی پاوە و سەلاسی باوەجانی گواستبووهوه.