تۆفانی خوێی شکڵ گرتو لە بەستێنی وشک بووی دەریاچەی ورمێ، ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای گرتەوە. ئەگەرچی وەها رووداوێک چاوەڕوان نەکراو نەبوو وە چاوەڕوان دەکرێت کە لەم جۆرە تۆفانانە بەرە بەرە ببێتە ڕاستیەکی تاڵی ژیانی خەڵک لەم دوو ئوستانەدا و تەنانەت ئوستانەکانی دراوسێشیان، بەڵام ئەم تۆفانە هەواڵێکی کارەساتباری لە حاڵی روودانی لە مانگ و ساڵەکانی داهاتودا، بە بێ ڕەحمی هەرچی زیاترەوە گەیاندە بەرگوێی خەڵکی ئێران. رۆژنامەی عەسەری ئێران لە یادداشتێکدا لەم بارەیەوە نووسیەتی:
” تۆفانەکەی دوێنی لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا تەنیا نوکی ئەو کێوە سەهۆڵەیە کە لە مانگ و ساڵەکانی داهاتودا ئهتوانێت کارەساتێکی ژینگەیی گەلێک ماڵوێرانکەرتر لە رووداوی چڕنوبیل لە دەورانی یەکێتی سۆڤیەتی بۆ دانیشتوانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ بەشوێنەوە بێت. درێژەی تۆفانەکانی خوێ دەبێتە هۆی وێران بوونی بەسەدان هەزار هێکتار لە مزراکانی حەوزەی گۆلی ورمێ لە سێ ئوستاندا. لەگەڵ ئەوەشدا گەلێک نەخوشی دژواری کۆئەندامی هەناسەدان، هەموو جۆرە سەرەتانێک و نەزۆکی سەرچاوە گرتو لە تۆفانەکانی خوێ، دەتوانێ نەوەیەک لە خەڵکی دانیشتوی ئەو ناوچەیە بکات بە گەروی مەرگدا. بە میلیارد تۆن خوێی گەڵەکە بوو لە بەستێنی دەریاچەی ورمێ بێننەبەر زەینی خۆتان کە هەر ئان و سات بە هەڵکردنی بایەکی کەم دەتوانن خۆڵەمێشی مەرگ و وێرانی بەقەدەر چەندین بۆمبی هێدروژێنی تا ناوچەی زەنجان و قەزوێن بڵاو بکەنەوە.”
وێنە ماهوارەییەکان پیشانی ئەدەن کە نزیک بە ٩٠ لەسەدی دەریاچەی ورمێ وشک بووە و بەستێنەکەی بۆتە شۆرەکاتێک بە چەندین میلیارد تۆن خوێوە. بەڵام ئەم دیمەنگا مەترسیدارە لە بەرانبەر ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیەدا، تا چ ئاستێک پەیوەستە بە یاسا چارهەڵنەگرەکانەوە و تا چەند شوێن پێی سیاسەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێدا دەبیندرێت؟ لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا و بە خێراتر وشک بوونی دەریاچەی ورمێ، گەلێک توێژینەوەی کارناسانە چ لە نێوخۆی ئێران و چ لە لایەن ناوەندە ئاکادیمیەکان و زانکۆکانەوە لە ئاستی دنیادا لەم بارەیەوە بەڕێوەچووە. ئاڕاستەی گشتی هەموو ئەم توێژینەوانە نیشانی ئەدەن کە هۆکاری سەرەکی لە سەر هەڵدانی ئەم کارەساتە ژینگەییەدا، سەهلئەنگاری و نەزانی کاری و گەندەڵی نیهادینە بووە لە سیستەمی ئیداری کۆماری ئیسلامی دایه. بەپێی ئەو توێژینەوانەی ئەنجام دراون لەم بوارەدا، ئەو هۆکارانەی خوارەوە دەورێکی یەکلا کەرەوەیان هەبووە لە خێراتر وشک بوونی دەریاچەی ورمێ.
یەکەم، سەهلئەنگاری و بێ هەستی بەرپرسان. ڕەوتی وشک بوونی دەریاچەی ورمێ لە ٣٠ ساڵ لەوە پێشەوە دەرکەتبوو. گەلێک لە کارناسان لەم بارەیەوە هۆشدارییان دابوو. بەڵام سەرانی ڕژیم کە بیریان لە هیچ شتێک بێجگە لە مانەوەی خۆیان نەدەکردەوە، ئەم هۆشدارانەیان لەبەرچاو نەگرت، تا کار گەیشتە جێگایەک کە نزیک بە ٩٠ لەسەدی دەریاچەکە وشک بوو وە بەرز بوونەوەی چڕی خوێی زیاتر ئەو گیاندارانەی لە دەریاچەی ورمێدا دەژیان، لەنێو برد.
دووهەم، گرتنە پێشی سیاسەتی پەرەدان بە زەویە گشت و کاڵیەکان بە ئامانجی زیاد کردنی بەرهەم، بەبێ لەبەرچاو گرتنی واقعیەتە زەوی ناسییەکان و ئاو و هەوای ناوچەکە. لە حاڵێکدا سەرچاوە ماڵی و داراییەکانی ئێرانیان سەرفی پرۆژەکانی نیزامی و دەخاڵەت لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەییەدا دەکرد، دەیانویست بە پەرەدان بە کشتوکاڵ بەهەر نرخێک بووە ئەو هەزینانە قەرەبوو بکەنەوە. بە ئیجرای ئەم جۆرە سیاسەتە کورت بینانە، ئاستی زەوی داچیندراو لەم ناوچەیەدا لە ١٥٠ هەزار هێکتارەوە بگەیەننە ٤٥٠ هەزار هێکتار. لە حاڵێکدا ڕاندمانی کەڵک وەرگرتن لەم زەویانە بەهۆی لەخوارە بوونی ئاستی تێکنولۆژی و شارەزایی، کەمتر لە ٣٥ لەسەدە. وەک نمونە لە وڵاتی هولەند بۆ بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ تەماتە ٤ لیتر ئاو مەسرەف دەکرێت و لە ئێران زیاتر لە ٥٠ لیتر!
سێهەم، سەد سازییە کارناسی نەکراوەکان، کە دەبنە هۆی ئەوەی لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵدا تەنانەت یەک تکەس لە ئاوی رووبارەکان نەگەنە دەریاچەکە. لەسەر ئەو رووبارانەی کە دەگەنە دەریاچەی ورمێ ٤٠ سەد دروست کراوە.
چوارەم، گەندەڵی ئیداری، بە پێی ئەو ئامارانەی بڵاو کراونەتەوە لە لایەن خودی سەرچاوەکانی ڕژیمەوە لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دا وێڕای ئەو چاڵاوانەی کە بە شێوەی ئیجازە پێدراو دروست کراون، ٣٠ هەزار چاڵاوی تریش بە شێوەی ئیجازە پێنەدراو لە ڕێگای ڕشوە دان و ڕانت خۆری سەرمایەداران و هیترەوە هەڵکەندراون. ئەم چاڵاوانە لە ڕاستیدا شیرەی گیانی دەریاچەکەیان کێشاوە و ئەو کانیانەی کە لە ماوەی هەزاران ساڵدا، بەشێک لە ژیان و حەیاتی ئەویان پێک هێناوە، وەشک دەکەن.
پێنجەم، دروست کردنی گەورە ڕێگای ١٥ کیلۆمیتری لەسەر دەریاچەی ورمێ، بە دەریچەیەکی ٥٠٠ میتریەوە کە ئاوەکانی هەردوو لای جادە تێکەڵ دەکاتەوە، بارودۆخی دەریاچەکەی قەیراناوی تر کردوە. بۆ دروست کردنی ئەم گەورە ڕێگایە کە لە دەورەی شەڕی ئێران و عێڕاقدا و ئەساسەن بە ئامانجی نیزامی دروست کرا، کەڵکیان لە کەرەسەکانی کێوێکی نزیک لە دەریاچەکە وەرگرت کە ئەویش بە نۆبەی خۆی قەیرانەکەی زیاتر کرد.
بەپێی وتەی کارناسانی ژینگەیی لە ئوروپا و لە ئەمریکای باکور لە بەرانبەر ئەو هۆکارانەی باسیان کراوە، هۆکاری وشکە ساڵی و کەمبوونی باران، کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بۆ پردە پۆش کردنی بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر وشک بوونی ئەم دەریاچەیەدا لە ئەستۆیانە، گەورە دەکرێتەوە، کە نەخش ودەورێکی بە تەواوەتی لاوەکی تری هەبووە. لەگەڵ گشت ئەمانەدا، ئایا ڕزگار کردنی دەریاچەی ورمێ و لە ئاکامدا مەترسیەک کە ژیانی زیاتر لە ٦ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئەم ناوچەیەی خستۆتە ژێر هەڕەشەوە، ئیمکانی هەیە. کارناسان دەڵێن نە تەنیا بەرگرتن لە وشک بوونی ئەم دەریاچەیە، بەڵکو ژیاندنەوەی سەرلەنوێی شوێنە وشک بووەکانیشی ئیمکان پەزیرە. لەم بارەیەوە پرۆژەی جۆراو جۆر بوونیان هەیە. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە ئەوەندە بەسە کە کۆماری ئیسلامی تەرح و گەڵاڵە دژی خەڵکییە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی کە ئەساسەن لە خزمەت مانەوەی خۆی و سەرکوتی خەڵکدان، بنێتە لاوە و هەزینە زۆر و زەوەندەکانی ئەم پرۆژانە تەرخان بکات بۆ پرۆژەکانی ڕزگار کردنی دەریاچەی ورمێ. گرفتەکە لێرەدایە. واقعیەت ئەوەیە، بەڵایەک کە ئەم ڕژیمە بەسەر ژینگەی ئینسانەکانی هێناوە، کەمتر نییە لە بەڵایەک کە بەسەر سەرجەم خەڵکی ئێرانی لە گشت بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیدا هێناوە. لەم روەوە بەهەر ڕادەیەک بە تەمەنی ئەم ڕژیمەوە زیاد بێت. بەرینایی و ئاستی ئەم موسیبەتانەش زیاتر دەبن.