شەوی شەممە ٩ ی مانگی ڕێبەندان ژمارەیەکی تر لە کۆڵبەران بە گەروی مەگدا چوون. بەڵام ئەم جارە ڕنوو بوو بە بەڵای گیانی ١٦ کەس و بەداخەوە تا ئێستا ٥ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکیشیان بریندار بوون. ئەم رووداوە دڵتهزێنه لە ” قەرەدان” ی نزیک ئاوایی بێورانی سەربە شاری سەردەشت روویدا. شوناسی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە بریتین لە عەلی محەممەد نێژاد ١٨ ساڵە، شێرزاد عەبداللهی خەڵکی سەردەشت، هیوا ئیبڕاهیمی نیا ٢٢ ساڵان خەڵکی بانە و محەممەد هەمزە زادە ٢١ ساڵ تەمن خەڵکی مهاباد.
ئەم کۆڵبەرانە وەک هەزاران ژن و پیاوی هاوچارەنووسیان ناچار بوون بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان روو بکەنە ئەم کارە پڕ مەترسییە. ئەوان ناچار بوون بۆ خۆشاردنەوە لە چاوی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامیی شەوانە بە ناوچەی گەلێک سارد و کوێستانی و پڕ لە بەفر و سەهۆڵی مەرزیدا بە کۆڵەبارێکی قورسەوە تێپەڕن و کالاکانیان بگەیەننە ئەودیوی سنوور تا لە بەرانبەر ئەم کۆڵبەریەدا هەقدەستێکی کەم لە خاون بارەکان وەربگرن. بهڵام ئەم پارەیەش بە مەرجێک وەردەگرن کە بتوانن بارەکەیان لە دەست بەسەردا گیران و باجگیرانی سەرسنووری بەکرێگیراوی ڕژیم ڕزگار بکەن و بە سڵامەتی بیگەیەننە جێی مەبەست. دەنا نەک هەر کرێیەک وەرناگرن بەڵکو دەبێ نرخی کالاکانیش بدەن. کۆڵبەرەکان هێزێکی کاری هەرزانن کە کالاکان لە خاڵێکی سنوورەوە دەگوازنەوە بۆ خاڵێکی تر و حەقدەستێکی کەم وەردەگرن. بەڵام بەشی زۆری قازانجی ئەم کارە بەو دەڵاڵانە دەگات کە لەو دیوی سنوورەوە بەبێ تەحەمول کردنی هیچ مەترسی و ڕەنج و زەحمەتێک چاوەڕیی گەیشتنی کالاکانن.
جەنایەتی هێزەکانی ڕژیمی ئیسلامی وەک هۆکاری سەرەکی کوشتاری کۆڵبەران لە پاڵ باقی هۆکارەکانی وەک بارودۆخی دژواری كهشوههوار، مین گوزاریەکانی ڕژیم لەسەر سنوورەکان و قورسی کۆڵەبارەکە بە تایبەت بۆ منداڵانی کۆڵبەر و کەسانی بەساڵاچوو، ساڵانە گیانی سەدان کەس لەوان دەستێنێ. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوهكانی مافی مرۆڤ ساڵانە سەدان کەس لە کۆڵبەرەکان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان و یان کوشتنیان بە ڕاودوونانیان لە بەرزایی کێوەکانەوە و یان بەهۆی تەقینەوەی مینە چێندراوهکانی ڕژیم لە ناوچە سنووریەکاندا دەکوژرێن و یان بریندار و کەم ئەندان دەبن. ئهمه لهحاڵێكدایه كه مانگی پێشو لە نزیک ئاوایی “دەرەوەرانی” مەریوان، ٥ کەس لە کۆڵبەرانی زەحمەتکێش بە تەقەی هێزەکانی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی کوژران و بریندار بوون.
سپای پاسداران ئەم ” برادەرە قاچاقچیانەی ئەحمەدی نێژاد” کە بەشێکی گەورە لە معامەلاتی ئابووریی و قاچاقی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانیشدا کۆنترۆڵ دەکەن، کۆڵبەرانی زۆرلێکراو بە قاچاقچی و تێکدەری ئابووریی دەناسێنن. ئەوان بەم پاساوە به تهقهكردن و ئەزیەت و ئازار و باج وەرگرتن لە کۆڵبەرەکان دەیانههوێ ئەم بەشە لە معامەلاتی مەرزیش بخەنە قۆرغ و پاوانی خۆیانەوە. بەم جۆرە ڕژیمی ئیسلامی بە جێگای ئەوەی هەلی کار بڕەخسێنێ و کار و نان بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکات، هەوڵ ئەدات بە میلیتاریزە کردنی کوردستان و کاناڵ دروست کردن لەسەر سنوورەکان و زیاد کردنی پۆستەکانی ئیست و بازرەسی مەرزی و تاڵان کردنی کەلوپەلی کۆڵبەرەکان کێشە و گرفتیان بۆ دروست بکات. کەسانی سەربە ڕژیم بە تەقە کردن روو بە کۆڵبەرەکان زۆر ترین زیانیان پێگەیاندون.
جێگهی ئاماژەپێدانه زۆربهی کۆڵبەرەکان ئەو ئینسانە شەریفانەن کە خەڵکی کوردستان بە باشی ئەوان دەناسن. لاوانێکی خوێندەوارن کە وەک سەدان هەزار لاوی دیكه لەژێر سێبهری دهسهڵاتی پڕ لە شەرمەزاری ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەدا، بە لەشکری بێکارانەوە پەیوەست بوون و بۆ دابین کردنی هەزینەی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان هیچ ڕێگایەک جگە لە روو کردنە کاری سەختی وەک کۆڵبەری شک نابەن. کوردستان لە زومڕەی ئەو ناوچانەی ئێرانە کە سەرەڕای بوونی سەرچاوەی زۆر و بارودۆخی ئاو و هەوایی گونجاو، بەهۆی سیاسەتە شۆوینیستیەکان و پەیڕەو کرانی ستەمی نەتەوایەتی لە لایەن ڕژیمەوە کەمترین سەرمایە گوزاری تێدا کراوە و خاوەنی کەمترین ئیمکاناتی ئیشتغاڵ زاییە. کاریگەری تەحریمەکان، قەیران و گرفتە ئابوورییەکانی ڕژیم نرخی بێکاری لە کوردستانی زیاتر کردوە و شانسی دۆزینەوەی کاری بۆ خەڵک کەم کردۆتەوە و بۆتە هۆی هەژاری زیاتر. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی کوردستان بە پیر و گەنج و منداڵ و ژن و پیاو روو بکەنە کاری دژوار و مەترسیداری وەک کۆڵبەری لەسەر سنوورەکان و پاروە نانێک بۆ خۆیان و بنەماڵەکەیان دابین بکەن.
لە بەرانبەر ئەم جەنایەتەدا تا ئێستا ڕژیم نە وهڵامی شکایەتی بنەماڵەی کۆڵبەرانی گیان بەخت کردووی بە تەقەی هێزە سەرکوتگەر و جەنایەتکارەکانی ڕژیمی داوەتەوە و نە سەرنجی داوەتە ناڕەزایەتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ. هەڵبەت خەڵکی کوردستان بە شناختێک کە لە ماهیەتی دژی ئینسانی ڕژیمیان هەیە، چاوەڕوانییەکیان نییە کە ڕژیم کۆتایی بەم جەنایەتانە بێنێ. تا ئێستا خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە ناوچە سنووریەکان زۆرجار جەنایەتەکانی ڕژیمیان لەدژی کۆڵبەران مەحکووم کردوە و لهڕێی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لهئاست ئهم جانایەتە تووڕهیی و نەفرەتی خۆیان لە کرداری وەحشیانەی ڕژیم لەدژی کۆڵبەرەکان دەربڕیوە. ئەم ناڕەزایەتیانە هەرچەند باش و پێویستن بەڵام کافی نین.
تا کاتێک کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی درێژە بە حاکمیەتی جەنایەتکارانەی خۆی دەدات، هیچ دیمەنگایەک بۆ چارەسەر بوونی کێشەکانی ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بوونی نییە. کۆڵبەری و کاری دژوار و تاقەت پروکێنی هاوشێوەی درێژەی دەبێت و پەرە دەستێنێ. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕژیمی سەرمایەدارانە. ئەم ڕژیمە سەروەت و سامانی خەڵکی نەک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و چارەسەر کردنی کێشە و گرفتە ئابوورییەکان و دابین کردنی باودۆخی ژیانێکی ئینسانی مەسرەف ناکات، بەڵکو ئەو بۆ بەهێز کردنی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی بۆ درێژەی حاکمیەتی دژی خەڵکی خۆی دەکات. ئیمکاناتی ئابووریی وڵات یان دەکرێتە خەرجی سیاسەتە شەڕخوازانە و دەخاڵەتگەرییەکان لە ناوچەکەدا، یان بە ئێختیلاس و دزی نجومی و لە لایەن کاربەدەستان و کەسانی سەربە ڕژیمەوە دەچێتە گیرفانیانەوە.
ناڕەزایەتی بەردەوام و هەمیشەیی جەماوەری خەڵک لەدژی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە وەک سەبەبکاری هەژاری و فەلاکەتی کۆمەڵگا و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی ئەم ناڕەزایەتیانە لە لایەن پێشڕەوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لە پێشیانەوە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاریی بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە تەنیا ڕێگای ڕزگار بوونی خەڵکی ئێڕان و کوردستانە لە بارودۆخێکی فەلاکەت بار کە کۆماری ئیسلامی بەسەریدا سەپاندوون.