کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تووندترکردنەوەی گوشار بۆ سەر بەهاییەکان ڕق و بێزاری لە دژی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەکات

Bahaie

لەو ماوەیەی کە ئیسرائیل لە غەززە خەریکی جینۆساید کردنی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەیە، کۆماری ئیسلامی گوشارەکانی بۆ سەر بەهاییەکان زیاد کردووە. سازمانی ئیتلاعاتی ئوستانی تاران، ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەر لە بەیاننامەیەکدا، دەستگیرکردنی دە هاووڵاتی بەهایی لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز ڕاگەیاند. هەر لەو ڕۆژەدا و دوابەدوای گەڕان و پشکنینی بەربڵاوی ماڵی بەهاییەکان لە هەمەدان، ماڵی لانیکەم سێزدە کەسی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە پشکێنران. ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، مەئموورانی ڕژیم هێرش دەکەنەسەر ماڵی ٢٠ کەس لە بەهاییەکان لە شاری هەمەدان و دوای گەڕان و پشکنینی ئەو ماڵانە، لانیکەم هەشت کەسیان دەستبەسەر کرد. ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، دوو هاووڵاتی بەهایی لە شاری مەشهەد بە تۆمەتیپڕوپاگەندە و پەرەپێدانی باوەڕی بەهاییکە بەتەبلیغ لەدژی نیزامناو دەبرێت، سزای سێ ساڵ و هەشت مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی خەزەڵوەر، دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران سزای زیندانیکردن و جەریمەی نەغدی بەسەر ١٤ هاووڵاتی بەهاییدا سەپاند. ١٤ هاووڵاتی بەهایی لە تاران ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەر لەلایەن دەزگای قەزایییەوە لەسەریەک بە ٦٩ ساڵ و هەشت مانگ زیندان و سزای تکمیلی قورس مەحکووم کران. ٢٧ جووتیاری بەهایی لە نامەیەکدا سەبارەت بە دەستبەسەرداگیرانی موڵک و ماڵەکەیان لە گوندی ئیوێل سەر بە شارستانی چواردانگه لە نزیک شاری ساری، ناڕەزایەتییان دەربڕی. موڵک و ماڵی ئەوان لە مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٢٠١٩دا لەلایەن دادگاوە دەستی بەسەردا گیرا و درا بە ستادی جێبەجێکاری فەرمانی خومەینی. لەو ڕووەوە کە بەهایی ئایینێکی ناتوندوتیژە، ڕژیم ناتوانێت هەڵسووڕاوانی ئەو بوارە جگە لە تۆمەتی تەبلیغ و پڕوپاگەندە، بە هیچ شتێکی دیکە تۆمەتباریان بکات. بەڵام ئەم ڕژیمە ستەمکار و سەرەڕۆیە تا ئێستا هەر بەم تۆمەتە، کە لە زومرەی سەرەتاییترین مافی ئینسانی ئەم سەردەمەیە، ٢٢٠ بەهایی لە سێدارە داوە، ژمارەیەکی نادیاری تیرۆر کردووە، ژمارەیەکی زۆری خستۆتە زیندان و ماڵ و موڵکی هەموویانی لە بەرژەوەندی ستادی جێبەجێکاری فەرمانی خومەینی دا تاڵان کردووە.

ڕژیمی ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی رابردوودا بەردەام لەپێناو لەناوبردنی جەستەیی بەهاییەکان، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و سەروەت و سامانی ئەوان و هەروەها چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا بە سەپاندنی سزای قورس و بەردەوام بەسەریاندا و ڕازیکردنی دواکەوتووترین بەشی کۆمەڵگەی شیعەدا هەوڵی داوە. ئەم ڕژیمە لە لایەن خومەینی و خامنەیی و ئایەتوڵڵا پلە باڵا دەوڵەتییەکان و بە پشتبەستن بە یاسا، ئایین و بیروباوەڕی بەشێک لە خەڵکیان، بە چەواشە و قبوڵنەکراو لەقەڵەم داوە و ژن و پیاوی بەهایی، گەنج و پیر و تەنانەت مناڵەکانی ئەوانی زیندانی کردووە، گەنجانی بەهایی لە خوێندنی زانکۆ و دامەزراندن بێبەشکردووە و دەیان گرفت و نەهامەتی دیکەی بەسەر بەهاییەکاندا سەپاندووە. ئەوەی کە حکوومەتی ئیسلامی لە دژی دانیشتوانی بەهایی کردوویەتی و دەیکات، ڕێک سیاسەتی ئاڵمانی نازی و فاشیستەکانی تری سەدەی ڕابردووە کە لەدژی یەهوودییەکان و کرێکارە بیانی و سۆسیالیستەکان بەکاریان دەهێنا، یان هەمان سیاسەتی داعشە کە لە شنگال لەدژی کوردانی ئێزیدی بەڕێوەیان برد.

بەڵام گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵک و لەوانە بەهاییەکانیش ناتوانێت زۆر بەردەوام بێت. ڕژیمێکی کە شەرعییەتی خۆی لەدەستداوە، خاوەنی ئابوورییەکی داڕماوە و کێوێک جینایەت لەسەر شانی قورسایی دەکات، خاوەنی ژینگەیەکی وێران و دیپلۆماسییەکی دۆڕاوی ناوچەیی و جیهانییە و لە دۆخێکیشدا کە لەگەڵ جەماەرێک بەرەوڕووە کە ئاواتی مەرگی دەخوازن، ناتوانێت زۆر بەردەوامبێت. ئەوە له حاڵێکدایە که کرێکاران، خانه نشینان، مامۆستایان، ژنان، لاوان، دادخوازان، هەڵسووڕاوانی مافی نەتەوەیی، مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزان، لە درێژەی دەیان ساڵ خەباتی خۆیان و بەردەوامی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، خەریکن هەنگاو بە هەنگاو بەروگۆڕی دەبەن. جیایی دین لە دەوڵەت، نەبوونی ئایینی فەرمی، جیاکردنەوەی ئایین لە پەروەردە، ئازادی ئایین و لە هەمووی گرنگتر ئازادی بێ باوەڕی و نەبوونی هیچ چەشنە ئایینێک، بڕینی هەر جۆرە هاوکارییەکی دارایی و دەوڵەتی لە دامەزراوە و دام و دەزگا ئاینییەکان و هەروەها وەرگرتنی باج لە سەرچاوە دارایی و بازرگانییەکانی دامەزراوە ئاینییەکان، مەرجێکی سەرەکییە بۆ ڕێگریکردن لەو کارەساتانەی کە بەسەر دانیشتوانی بەهایی و کەمینە ئایینییەکانی دیکەدا دێت. ئەگەرچی زیاتر لە چوار دەیەیە ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە توندوتیژیترین شێوە پێشێل دەکرێت، بەڵام لەم نێوەندەدا بەهاییەکان تەنیا بە هۆی بیروباوەڕەکانیانەوە، بەدەست بێبەشی و نەهامەتی زیاترەوە دەناڵێنن و هەست و نیستیان بەردەوام لە مەترسیدا بووە. هەر ئەو سەرۆککۆمارەی ئێستا واتە ڕئێسی، بە پەروەندەسازی و تۆمەتی درۆ و بێبنەما سزای لەسێدارەدانی لەدژی دەیان بەهایی دەرکردووە. پێویستە لەمڕۆوە بە هەموو ئیمکاناتێکی کە لەبەردەستماندایە و بەبێ هیچ ئەمما و ئەگەرێک داکۆکی بکەین لە مافی ئینسانی هاووڵاتییانی بەهایی لەبەرامبەر ڕژیمی ئیسلامی ئێراندا. یەکێک لە شانازییەکانی خەڵکی خەباتکاری کوردستان بریتی بووە لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی هەموو ئایینەکان و لەوانە بوون و تەحەمولی بەهاییەکانیش. کوردستان ئێستاش تاکە شوێن یان لەو بەدەگمەن ناوچانەیە کە بەهاییەکان لەلایەن خەڵکەوە بە باوەشی ئاواڵەوە قبوڵ کراون و ئایین وەک بابەتێکی تایبەتی خەڵک چاوی لێکراوە. بەهاییەکان و پەیڕەوانی هەر ئایین و مەزهەب و بیر و باوەڕێک، دبێ بتوانن لە ئازادی و ئاسایشدا بژین و ژیان و ماڵیان لە هەر چەشنە دەستدرێژییەکی حکوومەتی یان توندوتیژیی تاقم و گروپە لات و چەقۆکێشە ئایینییەکان پارێزراو بێت. پێویستە هێرش و توندوتیژی لەدژی بەهاییەکان و چاندنی تۆوی ڕق و بێزاری لەدژی ئەوان دەستبەجێ کۆتایی پێبێت و بەهاییەکان بتوانن لە ئەمنییەت و ئازادیدا درێژە بە کار و ژیانی خۆیان بدەن.