وه‌زاره‌تی كۆچبه‌رانی یونان ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٤ی خاكه‌لێوه ڕایگه‌یاند كه به‌دوای ئه‌وه‌یكه تێستی ویرووسی كۆرۆنای ٢٠ په‌ناخواز ئه‌رێنی بووه، یه‌كێك له كه‌مپه‌كانی په‌ناخوازانی قه‌ره‌نتینه كردووه.
كاربه‌ده‌ستانی یونان ده‌ڵێن، به‌دوای ئه‌وه‌یكه تێستی كۆرۆنای ژنێكی په‌ناخواز كه بۆ زایمان له نه‌خۆشخانه‌ی ئاتێن به‌سته‌ری كرابوو ئه‌رێنی ڕاگه‌یه‌ندرا، تێستی كۆرۆنا له ٦٣ كه‌سی دیكه له‌م كه‌مپه هه‌ڵگیراوه كه له‌م ژماره‌یه ٢٠ كه‌س له په‌ناخوازان به‌م ویرووسه گیرۆده بوون. یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبون به كۆرۆنا له یونان كه له كۆتایی مانگی فێورییه تۆمار كرا هه‌تا ئێستا، هه‌زار و ٤١٥ كه‌س به‌م ویرووسه گیرۆده بوون كه له‌م ژماره‌یه، ٥٠ كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداوه. وه‌زاره‌تی كۆچبه‌رانی یونان جه‌ختی كردووه‌ته‌وه كه هه‌ر جۆره هاتووچۆیه‌ك له كه‌مپی ریتسووتا له ٧٥ كیلومیتری باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری ئاتێن قه‌ده‌غه ڕاگه‌یه‌ندراوه. ئه‌م بڕیاره بۆ ماوه‌ی ١٤ ڕۆژ له‌م كه‌مپه به‌كرده‌وه ده‌رهاتووه و خراوه‌ته ژێر چاودێری پۆلیسی ئه‌م وڵاته‌وه. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، زیاتر له ٤٠ هه‌زار په‌ناخواز له كه‌مپه‌كانی یونان ده‌ژین كه ته‌نانه‌ت به‌ر له بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، كارناسان و به‌رپرسانی نێوده‌وڵه‌تی بارودۆخی ئه‌م كه‌مپانه‌یان قه‌یراناوی ڕاگه‌یاندبوو.